هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

کاتێ پێشمەرگە دێریینەکانی کۆیە، بتوێن و باڵەکایەتیی دەبینیت و بە هەموو گەرووی خۆیان هاوار دەکەن و دەڵێن ئەم ریفراندۆمە، خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەیە و هەموو صندوقەکانی دەنگدان پڕ لە ضەرب دەکەین، کاتێ خانەنشینەکانی سلێمانیی، گەرمیان و شارەزوور، دەڵێن، بە ماڵ و منداڵیشمان دەڵێین دەنگ بە “نا” بدەن دژی ئەم تیجاڕەتی ریفراندۆمە کلاواتە، کاتێ جووتیارەکانی دەشتی هەولێر، ئێزیدییە قوربانییەکانی دەستی تەحالوفی ( کوردایەتیی و داعش) و چەمچەماڵییەکان، بە قەناعەتی تەواوە، دەڵێن؛ ئەم ریفراندۆمە بۆ ئەوەیە کە شەرعییەت و بەیعەت بۆ حیزبە دزەکانی کوردایەتیی تازە بکەینەوە، بۆ ئەوەی دزیی زیاتر و چەتەگەریی زیاتر بکەن و دواتریش کڵاو لەسەر هەموو گەلی کورد بکەن، لەگەڵ بەغداد و ئەنقەرە و کوێ و کوێدا، ساتوسەودای پێوە بکەن، ئیتر مرۆڤ ئەگەر حەرفێکیش لە سیاسەت و لە ئابووریی نەزانێ، بەرچاوڕۆشنیی، شەهامەت و ئازایەتییان لێوە فێر دەبێت.
هەر کوێیەکی کوردستانی عێراق دەگریت، بە زمانی خاکیی و شەعبیی خۆیان، نەفرەت لە تیجاڕەتی ریفراندۆم و لە حیزبە مافیاکانی ریفراندۆم دەکەن، کەچیی صەدان نووسەری عەملاق، نوخبەی عەظیم، جەبابیرەی رۆماننووس، ئەفڵاطۆنی فەیلەسوف، موحەلیلی سیاسیی زۆربڵێ، قاچاغچیی بواری فیکر و مەعریفە. دەیان پۆلێن و پاکێجی تر لە نووسەران و ناودارانی رانتخۆری کورد، لە سیاسییە بەتاڵ و حەتاڵەکانی کورد، لە ئەکادیمیستە قەشمەر و لەبرسامردووەکانی کورد، لە حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی( کوردایەتیی، ئیسلامیی و چەپەکان)، ئەگەر رەخنەیەکیشیان هەبێت، بە پرتەوبۆڵە و بە منگەمنگەوە دەری دەبڕن، بەڵام کەسیان جورئەت ناکەن، بە شەفافیی و بە جەرائەتەوە، بڵێن؛ نا بۆ ئەم ریفراندۆمە ئیستیحمارییە( کەرکردن) سیاسیی و ئابوورییە.
صەدام و رژێمە عروبییە فاشییەکەی، هەرچەند وەحشییانە و دیکتاتۆرانە مامەڵەیان لەگەڵ گەلانی عێراقدا دەکرد؟ بەڵام وەکو فاکتی سیاسیی و ئابووریی، یەک لەسەر دەی ئەم مافیایانەی کوردایەتیی و ئەم حوتانەی شیعە و ئەم میلیاردێرە عەمیلانەی سوننە، ئابووریی وڵاتی عێراقیان ( بە کوردستانیشەوە) تاڵان نەدەکرد. لای کەم، خەڵکی عێراقیان ئەوەندە رەذیل نەدەکرد و برسییان ناکردن و کەرامەتی مرۆیی ئینسانی عێراقییان( لەباری ئابوورییەوە) نەدەشکاند. وێڕای ئەوەی، ئەو سەردەمە، داهاتی ساڵانەی نەوتی عێراق، بەهۆی نزمیی نرخی نەوتەوە، چەند صەد ملیۆن دۆلارێک، یان چەند میلیارد دۆلارێک بووبێت، ئێستا بە دەیان ملیارد دۆلارە، بەڵام خەڵک برسییتر و بێئیرادەتر کراوە.
بیهێننە بەرچاوی خۆتان، ئەگەر صەدامی قەصاب و جەللاد، یەکێ لە کوڕەکانی، عودەی موجریم، یان قوصەی عەصابە و ماستەرمایندی تێرۆر، یاخود عەلی کیمیاویی ئامۆزای، لە مێدیاکاندا، بڵاوبووایەتەوە و بیانگوتایە دوو بیرە نەوت، دوو مەصفای نەوتی تایبەت بە خۆی هەیە، نەوت بە تورکیا یان بە سوریا و ئوردن دەفرۆشێت، ئایا ئەگەر وەکو رەد فیعلیش بووایە، چیی روویدەدا؟ چۆن سزای کوڕەکەی یان مەسئولە هەرە بەرزەکانی رژێمەکەی دەدا؟ دە فەرموون، یەکێ لە کوڕەکانی قارونەکانی کوردایەتیی، لە “گوێر” ریزی تانکەری ناوە بە کانە نەوتەکانی کوردایەتییەوە و داهات و قازانجەکەی بۆ تەنکەی باخەڵی خۆی دەڕوات و قارونە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیی، مەکتەبی ئەعلامیی و سیاسیی ریفڕاندۆمیش، نوطقیان لێوە نایەت! ئەم دزیی و چەتەگەرییەی نەوت، بۆ زۆربەی مەسئولە سیاسیی و عەسکەرییەکانی پارتیی و یەکێتیی، دروستە…
دەستخۆشیی لەو خەڵکە جەریئەی کوردستان دەکەم و نەفرەت لە بێ ئیرادەیی، بێفیکریی و بێ جورئەتیی نوخبە جۆراوجۆرە مەعاشخۆر و کڕدراوەکانی کورد دەکەم و هەزارجار لەگەڵ خەڵکی شەعبییدا، دەڵێم؛ نا، بۆ ئەم ریفراندۆمە، نا، بۆ ئەم چەتەگەرییە ونا، بۆ ئەم درۆ گەورانەی بەناوی سەربەخۆیی و ئازادییەوە، دەرخواردی گەلی کورد دەدرێن. نا، بۆ تیجاڕەتی ریفراندۆم، نا، بۆ تیجاڕەت بە کێشەی سیاسیی کوردەوە!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت