هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بەهۆی حەماسی نەتەوەیی و ئیشتیهای هەرزەکارانە( سیاسیی بەتەمەن، بەڵام زۆر نا کامڵ)ی هەندێ مافیای سیاسیی کوردستانەوە، پرۆسێسی ریفراندۆم، بەتەواویی بە بنبەست گەیشتووە. ئەوانەی لە پشت سیناریۆ جەهەنمییەکانی ریفراندۆمەوە بوون، باش دەزانن کە شکستیان خوارد، ئیستا بییر لە نەخشە دۆزەخییەکانی تریان دەکەنەوە. ئەویش تێوەگلانی هێزەکانی پێشمەرگە ( بەتایبەتیی ئەوانەی سەر بە یەکێتیین) و خەڵکی کەرکوک و گەرمیانە لە شەڕێکی بەوەکالەتی طائیفیی، مەذهەبیی و نەتەوەییەوە.
کەرکوکییەکان، دەبێ ئاگایانە و عەقڵانیی مامەڵە لەگەڵ ئەم شەڕە نەخوازراوەدا بکەن. گەلی کوردستان، پێویست ناکات، شەڕی بەوەکالەت بۆ قوطبە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانی سوننە و شیعە بکات. لە هەموو مێژووی سیاسیی خەباتی گەلی کورددا، بەتایبەتیی لە صەد ساڵی رابردوودا، جگە لەهەندێ سەرۆک عەشیرەت و قەبیلەی سیاسیی، هیچ کاتێک بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان، طائیفیی، مەذهەبیی نەبووە. تەنانەت، لەئاستی گشتییدا، قەومچەوییش نەبووە.
پارتیی و یەکگرتووی ئیسلامیی، بەئاشکرا دەهۆڵی ئەم شەڕە قەومییە طائیفیی و نەژادییە دەکوتن. بە ئاشکرا گێچەڵ بە شیعەکان، بە ئێرانییەکان و بە حکومەتی عێراق دەکەن. ئەو پێشمەرگانەی لەسەنگەرەکاندا، چەکیان هەڵگرتووە، وێڕای ئەوەی زۆربەیان بەهۆی بێکاریی و هەژارییەوە، چەکیان هەڵگرتووە، دەبێ زۆر ئاگایانە مامەڵە بکەن و ویژدانی خۆیان و گەلی کوردستان ئاسوودە بکەن و بەکارنەهێرێن. هەندێ لە قیادییەکانی یەكێتیی، لە سیاسییەکانیان و لە عەسکەرییەکانیان، بە ئاشکرا و بە نهێنیی کەوتوونەتە ناو ئەم حیلفە طائیفییە سوننییە ( عەرەبییە –تورکییە)وە و پارتیی و بارزانیی، چۆنی بوێت، دەتوانێ بەکاریان بهێنێت.
حکومەتی عێراق، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبیی( هەرچەند دڕندەیش بن)، هێرش ناهێنن بۆسەر شاری کەرکوک، بەڵکو بە هاوکاریی ئەمێریکا، دەست بەسەر بیرەنەوتەکانی ژێر دەستی پارتییدا دەگرنەوە. پارتییش دەیەوێ ئەم شەڕە بۆ هەندێ هێزی ئیقلیمیی، بەوەکالەت بکات. پێویستە کەرکوکییەکان و ئەو پێشمەرگانەی داکۆکیی لە کەرکوک و ناوچە سنوورییەکان دەکەن، هەر چاوێکیان بکەن بە هەزار چاو و هەزاران دەرگەی نوێ لەسەر عەقڵ و ئاگایی خۆیان بکەنەوە. شەڕی نەتەوەیی و نەژادیی لەنێوان عەرەب و کورددا، لەنێوان تورکمان و کورددا، هەروەها شەڕی طائفیی لەنیوان کوردی سوننە لەلایەک و و عەرەبی شیعە و تورکمانی شیعەدا، کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و قەصابخانەی زۆر گەورە روودەدات.
کەرکوکییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، دەبێ خۆیان لە فاشیزمی نەتەوەیی و لە دروشمە قەومچەوییەکانی ئەم کوردایەتییە چەتەگەریی و مورتەزیقەییەی مافیاکانی نەوت، بەدوور بگرن. ئەم مافیایانەی پێترۆڵیۆمی کوردستان، هیچ جیاوازییەکانیان لەگەڵ صەدامدا نییە. بگرە لە باری ئابوورییەوە، صەدام هێشتا باشتر بوو، نەوتی کەرکوکی دەبرد بۆ حیزب و سوپاکەی، بەڵام بەشی خەڵکی کوردستانیشی لێدەدا( لای کەم لە موچەداندا)، بەڵام مافیاکانی کوردایەتیی، سەرجەم نەوت و غازی کوردستان، بۆ چەندیین ساڵە دەفرۆشن، موچەیش نادەن و پارەکەیش هەمووی لەلایەن موخابەراتی ئیقلیمیی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێ و وەکو بارمتە بەکار دەهێنرێت.
بۆ ئەوەی دەستی فاشیزمی تورکیی بە کەرکوک نەگات و بیانووی دەخالەتکردنی ئەردۆغان نەبێت، پێویستە بە توندیی لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەدا بوەستینەوە کە هەندێ حیزبی کوردیی( بە تایبەتیی پارتیی و یەکگرتوو) ، دەیانەوێ شەڕێکی بێئامانی نەژادیی و طائیفیی، لەدەوروبەری کەرکوکدا، بقەومێنن. یەکگرتوو، بەتەواویی مۆبەڵایزی ئەم شەحنە طائیفیی و مەذهەبییە دەکات و داکۆکیی لە فاشیزمی ئیخوانیی-سوننیی دەکات و دەیەوێت دەستی فاشیزمی شیعیی بگرێت و لەکەرکوکدا بەریەک بکەون. ئەم شەڕە نەگریسە، شەڕی گەلی کوردستان نییە، بەڵکو شەڕی تەوزیعکردنەوەی جێپێی دەسەڵاتە سیاسییەکان و جێکەوتکردنی ئەجێندای دەوڵەتە ئیقلیمییەکانە. لەم نێوەندەدا، زیانمەندی سەرەکیی کەرکوک و کەرکوکییەکان دەبن، مافیاکانی نەوتیش، ژمارەی میلیارد دۆلارەکانیان، زیاتر و زیاتر دەبێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت