هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

1- درۆیەکی زۆر گەورە بەناوی بزوتنەوەی سیاسیی کوردەوە، بەتایبەتی ئەو مۆدێلە ناسیۆنالیزمەی پێیدەگوترێ” کوردایەتیی” دەکرێ، گوایە هەمیشە خەباتی کوردایەتیی، بۆ گەڕانەوەی کەرکوک، بووە. شیعاراتە بەتاڵەکانی کوردستان یان نەمان، سنووری کوردستان، حەمریینە، کلیلی چارەسەری مەسەلەی کورد، فەقەط( بەزمانی تاڵەبانیی) کەرکوکە و هەر کەرکوکیش دەبێت، بەشێکی کەمی ئەو درۆیانەی کوردایەتیین کە ئاییندەی چەندین نەوەی کوردستانی وێرانکرد. وێڕای ئەوەی، دروشمی کەرکوک، دڵی کوردستان و قودسی کوردستانەو….تاد، بەشێکی بچووکی ترن لە بیدعە و خوزیعبەلاتەکانی کوردایەتیی، بەدرێژایی چەندین دەیە، شەقامی کوردییان، پێوەی مۆبەڵایز کردووە. کاتێ تاڵەبانیی دەستی لە پۆستی سەرۆک کۆماریی گییر بوو، ئەوەی زۆر ئازاری دەدا، باسکردنی کەرکوک بوو، چونکە حەماسەتەکانی پێشووی لەگەڵ پراگماتییەکەی پۆستی سەرۆک کۆمارییدا( عێراق)، بەریەک دەکەوتن. هەروەها بۆ بارزانییش بە دیوەکەی تردا، گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو رۆژە رەشە بوو کە پارتیی بۆ ماوەیەکی زۆر لێی دەترسا و هەمیشەش هەوڵیداوە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی ئێکسپایەر، بە پشتدا بخات، بۆ ئەوەی کەرکوک، بۆ سەر کوردستان نەگەڕێتەوە.
2- کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان( کوردایەتیی، بۆ ئیستیهلاکی لۆکاڵیی، پێیدەڵێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) لەم ریفراندۆمەی پارتییدا، زۆر بە زەقیی دیارە کە ئەم ریفراندۆمەی بارزانیی، ناتوانێت و بۆی نییە، جیۆگرافیای ئەو ناوچانە بگرێتەوە. لە ئەگەری هەر ریفراندۆمێکی تری وەهمیی، لە ئاییندەدا، ئەوە تەواوی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە، بە پێی دەستوری عێراق، بڕیار دەدەن کە ئایا بەشێک بن لە هەرێمی کوردستان، یان لە عێراقدا بمێننەوە. گومانی تێدا نییە کە کوردایەتیی و داعش، پێکەوە جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان کرد و هەرگیز زۆرینەی ئێزیدییەکان، ژانی کوردایەتییان لە دڵ دەرناچێ و حەزدەکەن لەگەڵ هەموو شتێکدا بن، بەس لەگەڵ دەسەڵاتی کوردایەتیی و دەستە خوشکەکەی( داعش) دا نەبن. بە دڵنیاییەوە ئەم ریفراندۆمە وەهمییەی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، دەخرێتە بازاڕەوە، هەرگیز رۆشنایی نابینێت، چونکە کوردایەتیی، خاک، خەڵک و نیشتمانی ناوێت، تەنیا تاڵانیی و چەتەگەریی بە نەوت و غازەوە، دەوێت.
3- بارزانیی و پارتیی، دەزانن کە ناتوانن پێشێلکاریی دژی دەستوری عێراق، لەناوچە جێناکۆکەکاندا بکەن، زۆر رێی تێدەچێ، سەرەنجام لە ژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکییدا، ئەم بڵقە بڵقی ریفراندۆمەشیان( لە هەرێمدا) نەمێنێت و خامۆش ببنەوە. لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە دەکەن، لە ئەگەری پەشیمانبوونەوە، یان لای کەم دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار، چەند دەستکەوت و ئیمتیازات لە حکومەتی عێراق، وەردەگرن؟ بەتایبەتیی کۆنترۆڵکردنی هەرچی زیاتری سێکتی نەوت و غازی کوردستان( بە کەرکوکیشەوە).
4- ئەوەی کە زۆر مەترسییدارە، ئەوەیە ئەم ریفراندۆمە تیجاڕییەی بارزانیی، کەرکوک، وەکو جیۆگرافیا و خاک، بۆ ئەبەد دەدۆڕێنێت. هەر بەوەی ئەم ریفراندۆمە ئیرتیجالییە حیزبییەی پارتیی، ناتوانێ، کەرکوک بگرێتەوە، دۆڕانێکی گەورەی کەرکوکە. ئەم ریفراندۆمە، بەو مانایە، تیجاڕییە کە ماڵی بارزانیی، باشترین بیزنسی دەیان میلیارد دۆلاریی، پێوە دەکەن. درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان و سەرمایەگوزاریی سیاسیی و ئابووریی، بۆ 70 – 80 ساڵی تر، پێوە دەکەن و دەبن بە فیرعەونی کوردستان و مەترسییەکی ستراتیژیی بۆ سەر پارچەکانی تری کوردستان و خەڵکی کوردستانی عێراق، بەتایبەتیی( ویلایەتە قوبرصییەکەی سەر بە تورکیا) دروست دەکەن. لە ئەگەری نەکردن و پەشیمانبوونەوەی کوردایەتییدا، ئەوە داوای دەستکەوتی ماددیی و پارەی زیاتر لە بەغداد، دەکەن.
5- عەبادیی و حکومەتی عێراق، مەمنونن بەوەی ئەم دوومەڵی جیابوونەوەیەیان لەکۆڵ بێتەوە( سێ شاری کوردستان)، بەڵام بارزانیی نە ئەهلی دەوڵەت دروستکردنە و نە جیۆگرافیای سیاسیی و هەلومەرجە سیاسیی، ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکانیش، رێگە دەدەن، ئەم سیاسەتە موراهیقانەیە، ئەم سیاسەتە نامەدروس و ئیرتیجالییە عەشایەرییە، لای کەم لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، سەربگرێ. لە ئەگەری دواخستنی ریفراندۆم بۆ کڕینەوەی سومعەی کوردایەتییەکەی بارزانیی، وێڕای ئەوەی بەهۆی جەبانیی و شەریکە دزیی یەکێتییەوە، کۆنترۆڵی تەواوی نەوتی کوردستانی کردووە، ئەوە نەوتی کەرکوکیش، وەکو موقایەضە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، لەبەرامبەر، خاک و جیۆگرافیای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکاندا، دەدرێ بە پارتیی و یەکێتیی و بۆ دەیان ساڵی تر، ئەم ئابوورییە چەتەگەرییە درێژ دەبێتەوە.
6- پارتیی و تورکیا حەز دەکەن، کەرکوک بۆ ئەبەد لە کوردستان داببڕێ. عێراق،ئێران و سعودییەش ئەمەیان پێخۆشە، ئەوان دەیانەوێ هەرێمەکەی بارزانیی، ویلایەتە پرۆکسییەکەی پارتیی، جگە لە میرنشنێکی شێخایەتیی وعەشایەریی، جاروبار بۆ ئەجێندای جیاوازی خۆیان بەکاری بهێنن، لەوە زیاتر پەل نەهاوێت. گومانی تێدا نییە کە پارتیی لەهەموو دەوڵەتانی ناوچەکە، زیاتر حەز دەکات، کەرکوک بۆ هەتاهەتایە لە کوردستان داببڕێت، بەڵام نەوتەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ، بەدەست کۆمپانیاکانی خۆیانەوە بێت.
7- بۆچی کەرکوک داببڕێت لە کوردستان بە قازانجی پارتییە؟ هۆکارەکەی لەڕووی مێژووییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، عومقێکی ستراتیژیی لەنێوان، ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوکدا هەیە. بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، پێشتریش بۆ چەندین چەرخ، ئەم ئاوێزانبوونە سیاسیی و کولتوورییە لە نێوان ناوچەکانی کەرکوک و سلێمانییدا هەبووە. دابڕانی کەرکوک لە کوردستان، پشتی هیچ شوێنێک، ئەوەندەی سلێمانیی ناشکێنێت( پێچەوانەکەیشی بۆ کەرکوک، راستە).
8- پارتیی، پێیخۆشە ئەم ریفراندۆمە وەهمیی و حیزبییەی خۆی، بە بێ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات. لێرەدا، ئەگەر سلێمانیی و گەرمیانیش، دەنگ بە “نا” بدەن، ئەوەندە ساختە و تەزویر لە بادینان و هەولێردا، دەکات کە زۆرینە بە دەست بهێنێت. ئەم ریفراندۆمە، وێڕای ئەوەی بیانوویەکی باشە بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی پارتیی و کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکان لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، بە سەرۆکی بەزۆر سەپێنراوی هەرێمیشەوە، وێڕای ئەوەی دوو کۆمپانیای مافیاگەریی ( پارتیی و یەكێتیی)، تەواوی سێکتی وزە، بۆ خۆیان و کوڕەکانیان و نەوەکانیان، کۆنترۆڵ دەکەن، بە رێککەوتنیش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، تا ماوەیەکی زۆر نەوتەکەی کەرکوک، دەدزن و دەیفرۆشن.
9- هەر حکومەتێکی عێراق لە ئاییندەدا، بەوە رازیی دەبێت کە خاک و جیۆگرافیای سیاسیی کەرکوک، بەشێک نەبێت لە کوردستان، بەڵام بەشێک لەنەوتەکەی کەرکوک بە باوە گەورەی کوردایەتیی( پارتیی ) و بە کوڕە زڕەکەی پارتیی( یەکێتیی)، بدرێ. لێرەدا بیدعەی ریفراندۆمەکەی پارتیی و بەیعەتدانەکەی یەکێتیی بە پارتیی، باشتر دەردەکەوێ کە ئەم دوو حیزبە و مافیاکانیان، دەیانەوێ بۆ دەیان ساڵی تر، نەوت و غازی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم، لەگەڵ نەوتەکەی کەرکوکدا کۆنترۆڵ بکەن. کەرکوک و کەرکوکییەکانیش،زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم گەمە موخابەراتییانەی پارتیی و ئەم پاشکۆییەی یەکێتیی بۆ پارتیی، دەبن.
10- بۆ ئەوەی کەرکوک، بۆ ئەبەد لە کوردستان بەگشتیی و لە سلێمانیی بەتایبەتیی دانەبڕێت، دەبێت خەڵکی کوردستان بە گشتیی و ناوچەی نیللیی و سەوز، بەتەواوی تواناوە، هەوڵی پووچەڵکردنەوەی بیدعەی ریفراندۆمەکەی پارتیی بدەن. دەبێت، بییر لە عەصیانێکی مەدەنیی بەریین بکرێتەوە، یەکێتیی بخاتە ژێر فشارێکەوە کە ئەم قوماری ریفراندۆمە نەکات. ئەم ریفراندۆمە بە تەنیا و تەنیا، بۆ زیاتر هەژمووندانە بە ماڵی بارزانیی و پارتیی، بۆ قۆرغکردنی دەسەڵاتەکان و ئابووریی کوردستان و کەرکوکە، بەرهەمەکەیشی هەمووی بۆ نەوەکانی خۆیان، دەبێت. خەڵکی کوردستانیش، بۆ دەیان ساڵی تر، برسیی و هەژار دەبن و ستەمکاریی و دیکتاتۆرییەتی ئەم دوو حیزبەش، بە رادەیەکی زۆر مەترسییدار، هەڵدەکشێ.
11- لە کاتێکدا، ئەوەی کەمێک عەقڵانیی بییر بکاتەوە، دەزانێ کارتی ئەم ریفراندۆمە نە بۆ دەوڵەتە، نە بۆ سەربەخۆییە و نە بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانییشە، بەڵکو بۆ هەیمەنەی سیاسیی و ئابووریی پارتیی و پرۆ پارتییەکانی ناو یەکێتیی و بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستانە. پێویستە بە جدیی بییر لەوە بکرێتەوە فەشەلی پێ بهێنرێت( نەک خۆیان، سەحب بکەنەوە) و لە ئاییندەی نزیک یان دووردا، بییر لە ریفراندۆمێک بکرێتەوە کە بە کەناڵە قانونیی، دەستوریی و پارلمانییەکاندا بڕوات، نەک بەم شێوەیە لەلایەن حیزبێک و بنەماڵەیەکەوە، کێشەی نەتەوەیەک بۆ ئەبەد بفڕێنرێت( Hijacked). هەروەها، ئەمە هەلێکی مێژوویی زۆر باشە کە خەڵکی ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک، هەڵەبجە و گەرمیان، واز لەم ریفراندۆمە ساختەیە بهێنن و بییر لەوە بکەنەوە، ببن بە هەرێمی ( کانتۆن)ی سەربەخۆ و لە ئێستادا، پێوەندییان لەگەڵ حکومەتی عێرااقدا هەبێت. بەهەرێمبوونی سلێمانیی و کەرکوک، هەولێریش، ئومێدێکی بۆ دەگەڕێتەوە کە لەژێر داگیرکاریی ٣١ی ئابدا، هەناسەیەکی ئازادانە بدات و بۆ نینۆککردن و سنووردارکردنی حیزبی شمولیی و دیکتاتۆریی کوردییش( پارتیی)، سەرەتایەکی باش دەبێت.
12- ئەم ریفراندۆمە شەخصیی و بنەماڵەیییەی بارزانیی، وێڕای ئەوەی هیچ بەهایەکی سیاسیی، قانونیی و دەستوریی نابێت، تەنیا موبایەعەیە بە ماڵی بارزانیی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییان بەسەر کوردستاندا، زیاتر بێت و لەگەڵ بەغداددا، مامەڵەی پێوە بکەن، بەڵام لە ئەگەری کردنیدا، زیانی هەرە گەورە، کەرکوک و سلێمانیی دەیکەن. سلێمانیی بە دابڕانی لە کەرکوک( یان بە پێچەوانەوە)، هەردووکیان، باشتر ئیحتیوا دەکرێن و ئابووریی چەتەگەرییش، بۆ دەیان ساڵی تر درێژەی دەبێت. بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لە ئاستی پارچەکانی تردا بە گشتیی و لە ئاستی کوردستانی عێراقدا بە تایبەتیی، کارەساتی گەورەی بەسەردا نەیات، کێشەی سیاسیی کورد، تیجاڕەتی پێوەنەکرێت، دەبێ ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک، پشتی یەکتر بگرن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، تا ئاستی عەصیانی مەدەنیی سەرتاسەریی، درێژە پێبدەن و دەستی یەکێتیی لەم شەراکەتە دزیی و شەراکەتە تاڵانییە، بکێشنەوە و لای کەم هەوڵ بدرێ مەلەفی نەوت و غاز، کەمێک بە شەفافییەوە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمە ئیشی گۆڕان، کۆمەڵ و هەموو ئەو ئازادییخواز، نووسەر و کەسایەتییانەیە کە دەنگی “نا” بەرامبەر بە ستراتیژی پارتیی و ئاکپارتیی( تورکیا) لەلایەک و ستراتیژی پارتیی و حیلفی سوننە( بەتایبەتیی سعودییە)، لەلایەکی ترەوە، بەرز و بەرزتر بکەنەوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە