هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئەم برادەرە، قسەی دڵی پارتیی دەکات، رۆحی پارتیی و مەغزی کوردایەتیی، هەر ئەم دیسکۆرسەی هەیە کە ئەم کادیرە پێشکەوتووەی پارتیی دەیکات. بە کەماڵی ئیسراحەت، تەخوینی گۆڕان، کۆمەڵ و هەموو ئەوانە دەکات کە لەگەڵ کامپی “نا” دان و دژ بەم سیناریۆی خۆسەپاندنەوەی ( ریفراندۆم) بارزانیی، دەوەستنەوە. بە کورتییەکەی دیسکۆرسی سیاسیی حیزبەکەی ئەم پیاوە، هەموو ئەو خەڵکەی دژی ئەم ریفراندۆمەن، بە ئێرانچییەتیی، بە عێراقچییەتیی، بە نەوشیروانچییەتی تاوانبار دەکات! لە کاتێکدا، هەموو مێژووی ئەم کوردایەتییە، عەمالەت بووە بۆ ئێران ( شاهەنشاهیی و ئیسلامیی )، بۆ عێراق لە شەستەکانەوە بۆ 31ی ئابی 1996، هەروەها بۆ تورکیا( لای کەم لەم دوو دەیەی رابردوودا ). لەبەرامبەر ئەم هەموو تەوهین و قسە بازاڕییانەی کوردایەتییدا، گۆڕان، قاچێکی لە کولتووری کوردایەتیی ئاڵاوە و قاچەکەی تریشی لە کوردەنامووسیی، چەقیوە.

گۆڕان دەبێ چیی بکات؟
1- ئەگەر سەرەنجام، وەکو ئەم سیاسییە، تەئویلی دەکات، گۆڕان، جڵەو بۆ مەغزی ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییەی بارزانیی و ئەم ناسیۆنالیزمە پرۆکسییە شل بکات و دوای هەڵای موهەڕیجەکانی ریفراندۆم بکەوێت، ئەوە گۆڕان، خودکوژیی دەکات. . گۆڕان، ئەمە بکات، ئینتیحاری سیاسیی دەکات و بە دەیان هەزار گەنجی چالاکوان و سیاسیی، لێی جودا دەبنەوە و لەئاستی شەعبییشدا، دەکەوێتە ژێر پێی کادیرەکانی کوردایەتیی پارتیی و یەکێتییەوە و جارێکی تر، بە رەقەمی سیاسیی، ئەژمارد ناکرێت.
2- ئەگەر، بەو میکانیزمانەی خۆیان کە داوای کاراکردنەوەی پارلمان دەکەن و پارلمانیان بۆ ئەم ریفراندۆمە کاراکردەوە و ریفراندۆمیان بە دڵی بارزانیی لە پارلمانەوە تێپەڕاند ( بە سەرۆکی پارلمانی ئێستایشەوە) و عوقدەی سەرۆکی داسەپێنراو و نا دەستوریی و ناشەرعیی(illegitimate )هەرێمیان، بۆ دوای ریفراندۆم، هەڵگرت، گۆڕان، ئینتیحارێکی شێنەیی دەکات.
3- لەبەر بێ روئیەیی و بێ روئیایی، لەبەر بێ گوتاریی و نەبوونی دیسکۆرسێکی سیاسی و فیکریی، بەهۆی پۆپۆلیزمی سیاسیی و خورافاتی نەژادییەوە، گۆڕان، نەتوانێت خۆی ساغبکاتەوە. لەبەرامبەریشدا، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم سەرگەردانییە، داوا لە رێکخستنەکانی، لایەنگرانی و خەڵک بکات، دەنگی ئاگایی یان ویژدانیی(conscience vote ) بدەن، واتە خەڵک ئازاد بکات، بەپێی ویستی خۆیان دەنگ بدەن و بە رەسمیی گۆڕان، قسەیەکی نەبێت، ئەمەشیان هەر ئینتیحاری سیاسیی و بگرە جڤاکیی و کۆمەڵایەتییشە.
4- ئەگەر ئەو بیانووە، نەژادیی، نەتەوەیی( قەومچەویی)، هەرزەکارانە، ناعەقڵانیی و ناسیاسییانەی ناو بەناو مێدیاکانی گۆڕان، دەیبزڕکێنن، بکات بە گوتارێکی رەسمیی و داوای ئەوە بکات، لەگەڵ ئەنجامی ریفراندۆمەکە، یەکسەر سەربەخۆیی( ئیستیقلال) رابگەیەنرێت! ئەوە گۆڕان، پاڵپشتیی هەڕاجخانە و مەهزەلەی ریفراندۆم دەکات! ئەمە، نیشانەی ئەوەیە، کوردایەتیی، تەڕایی تێدا نەهێشتوون و ناتوانن لەوەهمی ئەم نەتەوەییبوون و قەومچەوییەتەی پارتیی، دەرباز ببن و خاوەنی گوتارێکی نیشتمانیی و عەقڵانیی نیین. لێرەدا، دیسکۆرسی کوردەنامووسیی، بەسەریاندا زاڵ دەبێت و باجەکەیشی، زۆر زۆر قورس دەدەن.
5- هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن کە بارزانیی ئەم ریفراندۆمە، تەنیا وەکو پێوانی ترپەی دڵی حیزبەکانی کوردستان و هێزەکانی ناوچەکە، بەکار دەهێنێت، وەکو کارتی سیاسیی، بۆ پچڕانی بەشی زیاتر لە دەسەڵات و لە نەوت، بەکاردەهێنێت! سەرەنجام بە خشکەیی دەکشێتەوە و ئۆباڵی فەشەلەکەیش دەخاتە سەر ئەوانەی کە کوردایەتیی، تەخوینیان دەکات. وێرای ئەوانە، لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، بییرکردنەوە، لە بایکۆت، مەترسیی ئەوەی هەیە کە صندوقەکانی دەنگدان، بە تەزویرێکی زۆر و بەرنامە داڕێژراوەوە، پڕبکرێنەوە ( بەتایبەتیی ئەگەر گۆڕان و کۆمەڵ، چاودێریان نەبێت و بایکۆتیان کردبێت). ئەوکات بەرەی بەڵێ ( پارتیی و یەکێتیی) لە پاڵ بێدەنگیی و سەرکزیی یەکگرتوو، کۆمۆنیستەکان و ئیسلامییەکانەوە ..تاد، ئەوەندە تەزویر دەکەن کە رێژەکە دەبێت بخەنە سەروو ئەو ئەنجامەی لە ساڵی 2005 دا، راگەیەنرا. مێنتاڵیتیی سەرۆکی عەشیرەت، رێگە نادات لەو رێژەیە کەمتر بێت! ئەمەش جۆرێکە لە موستەحیل ( مەگەر سیحری کوردایەتیی بتوانێت)، هەر ئەم عوقدەیەش، دەبێتە یەکیک لەو فاکتەرانەی، رابەڕی رۆحیی کوردایەتیی، پەشیمان بێتەوە.
6- چارەسەری بنەبڕ ئەوەیە، تەواوی کەمپەینەکە بەو ئاراستەیەدا ببرێ کە فەشەل بەم ریفراندۆمە بهنێرێت( بەتایبەتیی لە سلێمانی و گەرمیان). بە عەصیانی مەدەنیی بێت، یان تەمەڕودی جەماوەریی بەریین بێت، یان بە فشاری سیاسیی و دیپلۆماسیی بێت. ئەگەر ئەوانە نەکران، گۆڕان و کۆمەڵ دەبێ بە جورئەتەوە ،بە شەهامەتەوە بچنە پشت کەمپەینی “نا” و تەواوی ‌هێزی خۆیان بەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی ئەم نیشتمانفرۆشیی و ئەم درۆ گەورانەی کوردایەتیی و ئەم تیجاڕەتە دەیان میلیارد دۆلارییەی بارزانیی، دڕ پێبدەن و پرۆژەی بەناو سەربەخۆیی پەک بخەن.
7- گۆڕان، بۆ ئەوەی ئەم خاڵانەی سەرەوە بکات، دەبێ خۆی ساغبکاتەوە، ئەگەر دەیەوێ لەبەرەی جەماوەری بەریین و ناڕازییدا بمێنێتەوە، دەبێ دەستبەرداری کوردەنامووسیی و کوردایەتیی ببێت و پۆپۆلیزمی سیاسیی بەلاوە بنێت. لای کەم دەمی نەتەوەیی و ئیسلامییە ئیخوانییەکانی خۆی،لەم چەند حەفتە و چەند مانگەدا، وەکو دیسپلینی حیزبیی دابخات. ئەم نەتەوەیی و ئیخوانییانە، بەهەزار و یەک لینک بە کوردایەتییەکەی پارتیی و بە دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەی پارتیی و بە پرۆژە تاڵانییەکەی پارتییەوە ( سەربەخۆیی ئابووریی) بەستراونەتەوە. ئەمانە، هەرچەند، خۆیان بەئەنتی بارزانیی، زاخاو بکەن، بەڵام لاوازترین ئەڵقەکانی ناو گۆڕانن و لەگەڵ پارتییدا، تەنیا یەک مووی باریک، نێوانیانە. لە کۆتاییدا، گۆڕان، دەبێ دەمی بکاتەوە، زمانی بهێنیتەوە گۆ و پڕ بە گەرووی جەماوەری ناڕازیی کوردستان، بەبەرچاوڕۆشنیی و بە جورئەتەوە، بڵێ “نا” بۆ ویلایەتە قوبرصییە تاڵانییەکەی بارزانیی.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە