هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

حیزبێکی گەورەی وەکو پارتیی، بەو هەموو تەمەنە درێژەیەوە، بەو هەموو جەبەروت و دەسەڵاتە ڕەهایەوە، بە داگیرکردنی هەولێرەوە( لە 31 ی ئابەوە)، بە میلیتاریزەکردنی هەولێر لە لایەن پاراستن و زێڕەڤانییەوە، بە سەرمایەی صەدان میلیارد دۆلاری دزراو لە ئێستا و لە ئاییندەی گەلی کوردستان، بە دەیان لەشکری رانتخۆری نوخبە هەزیل و موهەڕیجی کوردایەتییەوە، بە چەندیین حیزبی فاشیلی بزوتنەوەی ساقیطی کوردایەتییەوە، کەچیی لە قەرەباڵغتریین شەقامی هەولێردا، نەتوانن چەند هەزار کەسێک بۆ پلانی “بی و سی” ی ئەردۆغان، بۆ مەسخەرەی ریفراندۆمی تاڵانیی، چەتەگەریی، حیزبیی و بنەماڵەیی کۆبکەنەوە! بەڵام سەرۆکی ئەمانە، دێت بێ چاووڕووانە بە سلێمانییدا هەڵدەدات کە کەمپەینی نەخێری لەخۆ نەگرتووە!
ئەوە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەوانەی مەلعەبەکەی سلێمانیی، زۆر لە لایەنگرانی مەهزەلە و ئەضحوکەی کەرنەڤاڵەکەی ریفراندۆم – هەولێر، زیاتر بوون. هەولێر بەو حەشیمەتە زۆرەی دانیشتووانییەوە، بە فەرامۆشکردنی کەرنەڤاڵی ریفراندۆم، حەشریان بە ریفراندۆم کرد و بە خامۆشیی نا( نەخێر)ی خۆیان بە بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی دا. سلێمانییش وێڕای ئەوەی ئاستەنگی سیاسیی و تەنانەت ئەمنییشیان بۆ دروست کردبوو، ترسی تەقیینەوە و کاری تەخریبیان لە رای گشتییدا بڵاو کردبووەوە، کەچیی هێشتا خەڵکانی نەخێر، لە خەڵکانی بەڵێی سیناریۆی ریفراندۆم، زۆر زیاتر بوون.
ئەو پیرۆزباییەی لەلایەن سەرۆکی مەرجەعی کوردایەتییەوە بۆ سلێمانیی نێردرا، گوایە بەدەنگ کەمپەینی نەخێرەوە نەچوون، ئەوپەڕی سووکایەتیی و گاڵتەجاڕییە بە سلێمانیی دەکرێت. ئەو پەیامە، حیقد و غوبنی سیاسیی سەرۆکە لە شاری سلێمانیی و ئەم شارە، بووەتە دوومەڵێکی گەورە لەسەر دڵی ئەم مافیایانەی سیاسەتی کوردیی کە نیشتمانیان بە جۆرێک وێرانکردووە کە ئەستەمە چاکبکرێتەوە. ئەم حیقدە هەر بە پاڵپشتیی بنەماڵەکەی خۆی و حیزبەکەی خۆی، ناتوانێ بەسەر سلێمانییدا هەڵیبڕێژێت. تەواوی موئەسەسەی سیاسیی و فیکریی کوردایەتیی، تەواوی مەدرەسە و فەلسەفەی فاشیزمی کوردایەتیی، لەم قیین و غوبنە سیاسییەی دەرهەق بە سلێمانیی دەکرێت، بەشدارن.
ئەو پەیامەی سەرۆکی پارتیی، پەیامی هەموو ئەو یەکێتییە خۆهەڵکێش و پاڵەوانانەی شاخیشە کە ئێستا وەکو جوندی شەطرەنج، بەدەست بارزانییەوە، دەجوڵێندرێن. پەیامی هەموو ئەو گۆڕانانەیە کە لە قوڕوچڵپاوەکانی کوردایەتییدا، لەناو قەوزەکانی کوردایەتیی و خورافاتەکانی دەوڵەتی نەژادییدا، نەفس و ئیشتیهای خۆیان شاردووەتەوە. پەیامی هەمووو ئەو یەکگرتووانەیە کە دوای ئەجێندا جەهەنمییەکانی ئاکپارتی کەوتوون. گەنجێکی قەڵادزەیی( مەحمود عەبدوڵا) زۆر جوان تەعبیر لەم ئافات و خەراباتەی کوردایەتیی دەکات و دەڵێت: دەیان هێزی تری وەک گۆڕان دروست ببن، هەر لەدەوری کوردایەتیی دەخولێنەوە و دواجار قووت دەدرێن. ژیانەوەی ئەخلاق، ویژدان و نیشتیمانپەروەریی، لەدەرەوەی پرەنسیپەکانی کوردایەتیی، پێویستی بە هزرو خۆپەروەردەکردنە.تەنیا ئەوانەی لە دەرەوەی کوردایەتیین دەبن بەمەترسیی بۆسەر دەسەڵاتی یەکێتیی و پارتیی، ئەوانەی لەناو کوردایەتییدان، خزمەت بە ینک و پدک دەکەن و درێژە بەم دۆخە دەدەن.”
لە دیدی ئەو گەنجەوە کە لای من لە دیدی هەزاران پرۆفێسەر و مونەوەری ئەم ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی، عەقڵانییتر و واقیعییترە، پەیامەکەی بارزانیی بۆ سووکایەتییکردن بە سلێمانیی، بەدڵی هەموو قەومچەوییەکانی ناو گۆڕان، هەموو ئیخوانییەکانی ناو گۆڕان و بەشێکی زۆری قیادەی یەکێتیی و یەکگرتوویشە. کەواتە هەموو ئەوانەی لەناو بازنەی ئاشی نەزانی کوردایەتییدان، بیانەوێ یان نەیانەوێ، بە ئاگایی بێت یان بە نائاگایی، خزمەت بە ئەجێندا طائییفەکانی تورکیا و ئەجێندا نەژادییەکانی پارتیی و بیزنسە زەبەلاحەکانیان لە سێکتی نەوت و غازدا، دەکەن.
بەرەی نەخێر، وێڕای هەموو ناڕۆشنییەکانیان ( پێشتر بە درێژیی لەسەرم نووسییوە)، وێڕای هەموو کەموکوڕییەکانیان لەسەر ریفراندۆم، بەراورد بە گوتارە مەطاطیی و بۆڵەبۆڵەکەی گۆڕان و کۆمەڵ، زۆر شەفافترە. ناکرێ دوو حیزبی سیاسیی کە خۆیان بە نەیاری ئەم هەموو ناعەدالەتییە سیاسیی و ئابوورییە ئەژمارد دەکەن، خەریکی گوتاری بۆڵەبۆڵ، پاڕانەوە و نزاکردن بن. ناکرێ لە بێ گوتارییدا، خەریکی گوتاری لووت خوراندن و گوێ خوراندن بن. گۆڕان لە بێ گوتارییدا، بەهۆی ئەوەی لەباری فیکری سیاسییەوە ساغ نییە، هەر خەریکی خۆخوراندن و خۆهەڵکڕاندنە و بەردەوامیش منگەی بەڵێ و پرتەی نەخێر، لێرە و لەوێوە لێیدەردەچێت. کار بە شوێنێک گەیشتووە کە کۆتی کوردایەتیی وای لەهەندێ قیادییان کردووە، بگرە لە رقی سیاسیی و رقی حیزبییدا، پێیانخۆشبێت بەرەی نەخێر شکست بهێنێت، بۆ ئەوەی بەڕەی ژێرپێی خۆیان، رانەکێشرێت. سیاسەت لەم سەردەمەدا بەم گۆترەکارییە ناکرێ، بە گوتاری سیاسیی رۆشن، بە دیسکۆرسی شەفاف و پرۆژەی ستراتیژیی شەفافەوە دەکرێت.
لە کاتێکدا کامپی بەڵێ توانیویەتی بەهۆی پارەی زۆری رەیعی نەوتەوە، بەهۆی حەماسی نەژادیی و طائیفییەوە، بەهۆی دەغدەدانی عاطیفیی ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانەوە، کۆکتێلێک دروست بکات لە ڕاست و لە چەپ، لە فاشیی و لە قەومیی، لە ئیسلامیی و لە کۆمۆنیست، لە هار و لە مار، جێگەی هەموویانی تێدا ببێتەوە. تا ئەم ساتەش، گۆڕان ناتوانێ نە خۆی بۆ جۆرە “نا”یەک ساغ بکاتەوە، رادیکاڵتر و کایگەرتریش بێت لە بەرەی نەخێر، نە جورئەتیش دەکات( لە ترسی جەماوەرەکەی) بەهۆی حەماوەی قەومچەویی قیادییەکانیەوە، خۆی بۆ بەرەی بەڵێ ساغ بکاتەوە. ئەم سەرگەردانییە سیاسییەی گۆڕان، کەمەری شاری سلێمانیی، شکاندووە. شاری هەڵمەت و قوربانیی کردووە بەو شارەی کە بارزانیی، بە سووکایەتییەوە پیرۆزبایی لێبکات. کاتێ بارزانیی، سووکایەتیی بە سلێمانیی دەکات و حیقدی بەسەردا هەڵدەڕێژێت، هەموو نەتەوەییە نەژادپەرستەکانی ناو تەواوی حیزبەکانی تری کوردستان، لەم سووکایەتییکردنە بە سلێمانیی و لەم سووکایەتییکردنە بە چەمک و پرەنسیپی سەربەخۆیی کوردستان، بەشدارن.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە