هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

کۆمەڵێ ئایدیۆلۆژیست و ئانارشیست( فەوضەویی) بەتایبەتیی لەو چەپ و کۆمۆنیستانەی لە بەیاننامە و شیعاراتە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان زیاتر، شتێکی تر ناخوێننەوە و تێگەیشتنی سیاسییان بۆ دونیا و بۆ ژیان، زۆر بێ سەلیقەیی و بێ فیکریی پێوە دیارە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لەمەرگی نەوشیروان موصطەفادا، هەموو کار و چالاکییەکان بووە بە جوێندان، سووکایەتیی و تەوهینکردن بە گۆڕ و لاشەی مردووی ئەم پیاوە. لە کاتێکدا نەیارەکانی ئەم پیاوە، لە ئیسلامییەکان، لە شیوعییەکان و تەنانەت لە پارتییەکانیش، ئەوەندە بێ چاو و روو نیین، بێن لە تەعزێ و پرسەدا، ئیهانە بە مردوو بکەن، ئەگەر بیشیکەن لەم کاتەدا، ئەوە لە رێگەی سایت و پەیجی سێبەرەوە، دەیکەن. لە کاتێکدا، هەندێ کەس بەناوی کۆمۆنیستبوون و چەپبوونەوە ( خۆشبەختانە ژمارەیان زۆر کەمە) کەوتوونەتە تەحقیرکردن نەک هەر بە نەوشیروان، بەڵکو بە هەموو ئەو جەماوەرە میلیۆنییەی کوردستان کە هەست دەکەن، پشتیان شکاوە. پشتشکان و ناسۆرییەک، چەند بۆ نەوشیروانە، هەزاران جار زیاتر بۆ بێکەسیی خۆیانە کە کۆمەڵێ حیزبی چەتە و مافیا، ئیدارەی سامانی نیشتمانیی و گوزەرانی خەڵکیان قۆرغ کردووە.
یەکێکم لەو نووسەرانەی رەخنەی زۆر توند و رەقم لە گۆڕان و لە سیاسەتەکانی نەوشیروان گرتووە، بەڵام لەم کاتی پرسەیەدا، ئەوپەڕی بێمۆڕاڵیی و نائینسانییە، بەو زمانە ئایدیۆلۆژییە، بەناوی رەخنەی رادیکاڵەوە( بە تێرمی بەڵشەفیکەکان و ستالینیستەکان) هەندێ کەس، کەوتوونەتە ناو ئەم گەمە موخابەراتیی و شەخصییەی هەندێ لە رائیدەکانی فاشیزمی کوردایەتییەوە کە ئەوان خۆیان لە روویان نایەت بیکەن، ئەم تایپە سەیرەی ئەم کۆمۆنیستانە، لەگەڵ هەندێ کەسی تردا بە بیانووی ئەوەی سەربەخۆ و رادیکاڵن، ئەم خۆشخزمەتییەیان بۆ دەکەن. ئەم جوێندان و تەوهینە شەخصییانە، ئەوەندەی تر ئیعتیباری شەخصیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی ئەم کەسانە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟ کەسێ، یان حیزبێ بیەوێ رەخنە بگرێ، دەبێ حەوصەڵەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئەوەندە گەورە بێت، چاوەڕێ بکات دوو هەفتە بەسەر پرسەکەدا بڕوات، ئەوسا بکەوێتە رەخنەگرتن لە خۆی لە کتێبەکانی، لە نووسین و یاداشتەکانی، یان لە مێژووی سیاسیی و بەرنامە سیاسییەکانی ئەو پیاوە. ئەمە تەقدیسکردنی مردوو نییە، بەڵکو ئەم تەوقیتی تەوهینکردنە، ئەوپەڕی حەماقەتی سیاسییە.
مرۆڤ، ئەوەندە مۆڕاڵی مرۆیی، ویقاری شەخصیی، ستراکتۆری سیاسیی و فیکریی لاواز بێت و بەو زمانە بازاڕییە و بەو شیعاراتە ئایدیۆلۆژییانە، سووکایەتیی بە مردوویەک بکات، بەهۆی حیقدی ئایدیۆلۆژیی و غوبنی سیاسیی و ئێرەییەوە، ئاو بە ئاشی دەسگا جاسووسییەکانی ئەم حیزبی کوردایەتیی و ئەو حیزبی کوردایەتییدا بکەیت، شایانی ئەوە نییە لای من فڕێند بێت. هەرکەسێک سووکایەتیی کردبێ و ئەوەندەی کاتم هەبووبێت و بەرچاوم کەوتبن، ئەوانەی لایکیشیان کردبێ لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەنفڕیندم کردوون. هەرکەسیش بەم پۆستە قەڵس دەبێت، با من ئەنفڕێند بکات. ئەم ئیهانەکردن و سووکایەتییانە، هەمووی بە قازانجی ملیاردێرەکانی کوردایەتییە و بگرە لە رێگەی سایتە سێبەرەکانیانەوە، مۆبەڵایزی ئەم کەمپەینەش دەکەن. سووکایەتییکردن بە ئینسان و بە مردوو، پێچەوانەوەی تێڕوانینەکانی مارکسە بۆ ئینسان، لای مارکس، مرۆڤ بەهایەکی بەرزی هەیە. هەموو ژیانی خۆیشی بۆ گۆڕینی ژیانی مرۆڤ تەرخان کرد. ئەم جۆرە کۆمۆینیستانە، لەمارکسیزمیش حاڵیی نەبوونە.
سەرنج: کۆمۆنیستە کوردەکان( بەهەموو ڤێرژنە جیاوازەکانیانەوە) چەند کەمیش بن، هەندێ کەسی عەقڵانیی، ژییر و وردەکاریان تێدایە، کەواتە مەبەستم لەهەموویان نییە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە