هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لەسەر شەڕەکەی دەوروبەری شەنگال.

ناکرێ بە دونیای شیعریی و هەواجسی ئەدەبیی، تەعبیر لەم شەڕە بکرێ. بۆ نموونە، شەڕی براکوژیی! کوردبەکورد بەکوشتدان و شەڕی خۆکوژیی، ئەمانە کۆمەڵێ دەربڕینی بێمانای ئەدەبی کوردایەتییە و لە دوورونزیکەوە، پلێتە قاییمەکانی ئەم پلان و پیلانە سیاسیی و عەسکەرییەی کوردایەتیی و موئەسەسەی موخابەراتیی تورکیا، نابڕێت و ناتوانێ ژێر پلێتەکە، ببینێت.
ئەم شەڕەی بە یەبەشە و یەپەگە و ئەو هێزە ئێزییدیانە دەفرۆشرێت کە نزیکن لە پەکەکەوە، شەڕی تورکیا و خەتی ئەردۆغانیزمە، دژ بە کێشەی سیاسیی کورد و دەستکەوتە سیاسیی و عەسکەرییەکانی گەلی کورد، لە کوردستانی سوریا دەکرێ. ئەمەش، بە مەئمورییەتی کوردایەتیی و بە زەعامەتی قائیدی عوظما و مەرجەعی عولیای کوردایەتیی، بەڕێوە دەچێت. شەڕی پرۆکسییەکانی حیلفی طائیفیی( تورکیا، قەطەر و سعودییە)یە دژ بە لایەنێک کە شەڕی داعش دەکات و سنووری بۆ ئەجێنداکانی ئەوان داناوە. میکانیزمی ئەم شەڕەش بە پێشمەرگەکانی کوردایەتیی، لە ژێر ئاڵای هەرێمی کوردستاندا، لەژێر ناوی پاراستنی دەوڵەتی کوردیی و پاراستنی نەوتی کوردستان و…تاد دەکرێت؟
بێئەخلاقیی سیاسیی ( political immorality )، ئەم شەڕە ، هەر پارتیی و بارزانیی، هەر پرۆکسییەکانی ئەردۆغان و تورکیا، لێی بەرپرس نیین، بەڵکو هەموو ئەمانەی خوارەوە، بەشدارن و لێی بەرپرسن:
1- تۆ کە دەوڵەتی کوردیی، یان دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانت، لە سەبەتەکەی ئەردۆغانەوە دەبینی، تەنانەت ئەگەر بچووکترین وەهمت، بە دەوڵەت دروستکردن، هەبووبێت، لەم شەڕەدا، بەشداریت. هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە درۆ گەورەکانی کوردایەتیی هەبوو، لە چەشنی دەوڵەتی کوردیی، سەربەخۆیی ئابووریی، جیابوونەوە لە عێراق و لەدایکبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردستان لەسەر رووی زەمیندا، بێ سێ و دوو، بەشدارن.
2- هەموو ئەوانەی دەیانقیڕاند و دەیانگوت، سایکس پیکۆ تەواو، عێراق تەواو، دەوڵەتێکی خەلافەتی ئیسلامیی، دراوسێ تازەکەمان دەبێت، دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە، یان باوەڕیان وابوو، تورکیا، کوردستانی سەربەخۆی پەژراندووە و تەنیا راگەیاندنی ماوە، باوەڕیان وابوو، لەرێگەی وزەی کوردستان و تاڵانکردنی نەوتی کوردستانەوە، تورکیا پاداشتمان دەداتەوە و دەوڵەتمان بۆ دروست دەکات، لەم شەڕە و شەڕەکانی ئاییندەی کوردایەتییدا، بەشدارن.
3- هەموو ئەوانەی باوەڕیان وابوو کە مالیکیی و عەبادیی، موچەی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و دزیی و تاڵانییەکانی مافیاکانی کوردایەتییان، نادیدە دەگرت، هەموو ئەوانەی بە ئاگایی بووبێت یان بەنەزانیی، خۆشخەیاڵ و موتەوەهیم بوون بە خۆماڵییکردنی نەوت و هەناردەکردنی یەک میلیۆن بەرمیل نەوت، ئەوانەی بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە پێویستییمان بە بەغداد نامێنێت و دزەکانی کوردایەتیی، مەعاشی هەموو خەڵکی کوردستان دەدەن، لەم شەڕەدا بەشدارن.
4- هەموو ئەو رێکپۆش، رانتخۆر و ژۆرناڵیستانەی، هەموو ئەو نوخبە نەوتناس و تورکیاناسە جۆراوجۆرانەی لە میدیاکانی فاشیزمی کوردایەتییەوە ( رووداو، کوردستان 24، زاگرۆس…تاد)ەوە، بەرنامەیان لەسەر دەوڵەتی کوردیی و ئاییندەی سیاسیی کوردستان، دەکرد، ئەو ئەکادیمیستە ئەحمەقانەی لە سەنتەری توێژینەوە و ئینستیتیوتی چەتە ئەفەندییەکانی “مێری” یەوە MERI ، باسی سەربەخۆیی و هەناردەکردنی نەوت و غازی کوردستانیان، لە رێگەی تورکیاوە دەکرد، لەم شەڕەی کوردایەتییدا، بەشدارن.
5- هەموو ئەوانەی، راسیزم و فاشیزمیان بڵاو دەکردەوە، جوێنیان بە ئاوارە عەرەبەکانی سلێمانیی و هەولێر دەدا و تەحقیریان دەکردن، بە ئەنقەست و بە عەمدەن، شەڕی طائیفییان لەگەڵ شیعەدا دەمەزەرد دەکردەوە، هەمیشە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی تورکیا، ئێرانییەکانیان بە ئەهریمەن دەکرد و سیاسەتی فیفتی فیفتییان باڵانس دەکرد، ئەوانەی بەشێوازی جۆراوجۆر، ئاویان بە ئاشەکانی کوردایەتییدا دەکرد، پێشوەخت لە کەمپەینەکانی ئەم شەڕەدا، بەشدارن. فەرموون چۆن پێشمەرگەکانی کوردایەتیی و مورتەزیقە عەرەبە سوننەکان، لە ژێر فەرمانی ئەفسەرەکانی میتی تورکیادا، شەڕ.. دژی نەیارەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن؟ لە کاتێکدا هەزاران رۆشنبیری دەرەجەداری کورد، حەماقەتی نەژادیی خۆیان بە هەندێ عەرەبی ئاوارە دەڕشت، کەچیی رائیدەکانی کوردایەتیی لەگەڵ مافیاکانی عەرەبی سوننە و ئەو عەرەبە بەعثییانەی تاوانبارن بەرامبەر بە گەلی کورد، حیلفی هاوبەشیان، دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد، پێکەوە ناوە!
6- هەموو ئەو ئەکادیمیستە هەزیل و نوخبە بەیعەتچییانە بەشدارن کە دڵیان بە بۆرییەکانی والییەکەی تورکیا خۆش بوو، زوو زوو دەیانقیڕاند و دەیانگوت: بۆڕیی نەوتی کوردستان، مەتەقێننەوە، چونکە ئەوە موڵکی گەلی کوردە( بەراویتەی حەماقەتی سیاسییش، بەو دەرەجە غەڵیظە، بەس لە پاسۆک و کاژیکەکانی کوردایەتیی، بەردەبێتەوە).
7- ئەوانەی لۆبییان بۆ دەوڵەتی “پرۆکسی”ی کوردیی دەکرد، لۆبییان بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بە خاکی تورکیادا دەکرد، سێمینار و فۆرەمیان Forum بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی دەکرد، حەماسی نەژادییان رەپ دەبوو، هەروەها ئەوانەی مەلەفی نەوتی کوردستانیان دابووە دەست، دزە ئەمین و دزە دەستپاکەکانی کوردایەتییەوە، هەموو ئەو حیزب و سیاسییانەی، مەیدانەکەیان بۆ قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی و حیزبی رەسەنی کوردایەتیی، چۆڵکرد، هەموو ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی حەرفێکی سیاسییان بۆ گوتن نییە و هێشتا کوردەنامووسیی و کوردایەتیی دەکەن، هەموویان بەشدارن.
8- تۆ ئەگەر تا ئەم ساتەش باوەڕت بە حەماقەتە سیاسییەکانی کوردایەتیی هەبێت، بێئەملاوئەولا، تۆ پێشمەرگەی ئەصیڵی کوردایەتییت و بەشداریت لەم شەڕەدا. ئەم شەڕە لووتکەی بێئەخلاقیی سیاسیی پرۆژەی ساقیط و پرۆژەی فاشیلی کوردایەتییە. ئەگەر بە ئەندازەی زیخێک، وەهمی کوردایەتیی لە بیرکردنەوەتدا هەبێت، تۆ پێشمەرگەی کوردایەتییت و لەم بێمۆڕاڵییە سیاسییەدا، پشتوپەنای پرۆژەکانی ئەردۆغان و فاشیزمی تورکییت( راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ) .
9- بۆ ئەوەی ئەم شەڕە نەبێت و درێژە نەکێشت، دەبێ لە پرۆژە جەهەنمییەکانی “پارتی”ی دادوکۆمەڵایەتیی تورکیا بدەیت، دەبێت لە پرۆژە وەهمییەکانی ئەردۆغان وخورافیاتی ئیخوانییەکان و فاشیزمی تورکیی بدەیت. تۆ دەستت بە تورکیا ناگات، بەڵام خۆ باش دەزانیت، تورکیا ئەم شەڕە لەرێگەی مورتەزیقەکانی خۆیەوە ( پێشمەرگەکانی کوردایەتیی لە هەرێم و لە سوریا) دەکات، کەواتە دەبێت شەڕ لەگەڵ فاشیزم و چەتەگەریی کوردایەتییدا بکەیت. بۆ ئەوەی تەجاوزی سیاسیی و فیکریی کوردایەتیی بکەیت، دەبێ لەباری فیکریی و کولتووریی و سیاسییەوە، ئەم سەرەطانی کوردایەتییە، ئەم ئایدزی کوردایەتییە، ئەم هەیچ ئای ڤییەی HIV ی کوردایەتیی، بە لوقاحی ئەنتی کوردایەتیی، لە رانی خۆت، لە سمتی خۆت و عاقیبەتیش لە عەقڵی خۆت بدەیت ( بکوتیت).
10- سەرەنجام، ئەم شەڕە، بەرهەمی ئەو خورافاتە نەژادییانە بوو کە تۆی کورد، دڵت بەوە خۆش بوو، ئاڵایەکی نەژادیی( ئاڵای هەرێم) لە مەطاری ئەتاتورک هەڵکراوە و سەرەتای دەوڵەتی کوردییە. دڵت بەوە خۆش بوو، ملیاردێرە شۆڕشگێڕەکانی شاخ، دەوڵەتێکی مورتەزیقەت، بۆ دروست دەکەن! دڵت بەوە خۆش بوو، نەوت و غازی کوردستان، هەمووی دەکرێ بە قوڕگی مەجهودە حەربییەکانی کەمپەینە عەسکەرییەکانی تورکیادا، بۆ خاپوورکردنی کوردستانی تورکیا، گوایە موستەعمەرەیەکی نەتەوەییت، لەبەرامبەردا بۆ دروست دەکرێ! ئێ هەموو ئەوانە، باجەکەی ئەوە دەبێ، تۆ وەکو مورتەزیقە، وەکو بەکرێگیراوی سوارەی ئەردۆغانیی، وەکو پێشمەرگەی کوردایەتیی، دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد بەکاربهێنرێیت.
ئەگەر هەر خاڵێک لەم دە خاڵەی سەرەوە، لە تۆدا هەبێت، ئەوە تۆ قارەمانێکی کوردایەتییت و هەر ئێستا شەڕی دەستەویەخە دەکەیت بۆ پاراستنی دەوڵەتە کوردییەکەت، دژی تێکدەران و بەکرێگیراوەکانی سوریا ، ئێران و عێراق ( بە قەولی مەرجەعی کوردایەتیی و مونەوەرە رانتخۆرە جەبابیرەکانی کوردایەتیی)، خەباتی نەتەوەیی دەکەیت!
ئەگەر من خاڵی ترم بیرچووە، فەرموو تۆ، زیادی بکە و ئەم حەماقەتە سیاسیی و کولتوورییانەی کوردایەتیی، زیاتر فەضح بکە:

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت