هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

1- لە بەیاننامەیەکی سیاسیی زۆر گرینگ و چارەنووسسازدا کە چارەنووسی لای کەم، پێنج میلیۆن ئینسانی پێوە بەندە، جیۆگرافیایەکی سیاسیی گەورەی لە کوردستانی عێراقدا، پێوە بەندە، نەتوانن جیاوازیی نێوان{ چارەنووس( مەصیر و قەدەر) کە موفرەداتی سروشتیی، کۆمەڵایەتیی و کولتووریین، لەگەڵ چارەی خۆنووس= چارەنووسا خۆ، کە زیاتر سیاسییە ( حەقی تەقریری مەصیر= self determination = حق التقریر المصیر= حق تعیین سرنوشت= çarenûsa xwe)} بکەن، بەڕاستیی نەک هەر مەهزەلەیە، بەڵکو سکانداڵێکی سیاسیی، فیکریی، مەعریفیی و کولتوورییشە. باشە هەر هیچ نەبووایە بۆ دەقە فڕانسییەکە(Autodétermination ) و ئاڵمانییەکە(Selbstbestimmungsrecht der Völker) بگەڕانایەتەوە. من کە زۆر جەخت لە تێکهەڵکێشییە سەرمەدییەکانی نێوان زمان و فیکر، بەتایبەتی فیکریی سیاسیی، دەکەمەوە، بەهۆی ئەم ئاوڵە زمانەوانیی و ئاوڵە سیاسییانەوەیە.
2- لە پرۆتۆکۆڵی سیاسیی و مانیفێستی سیاسییدا، دەبێ چەمکەکان، دەستوریی، واقیعیی، قانونیی و سیاسیی بن. چەمکی” ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر، یان دەرەوەی هەرێم” رانتخۆرەکان، نەوتنانسەکان، نەژادپەرستەکان، گەلحۆکانی کوردایەتیی و ئەوانەی ثیۆرایزی سەربەخۆیی ئابوورییان دەکرد، دایانتاشیوە. لە دەستوری عێراقدا کە خدرزیندەکانی کوردایەتیی بەشدارییان تێدا کردووە، چەمکی” ناوچە جێناکۆکەکان”یان جێگیر کرد. ئەم غوسڵ دەرکردنە لە حەمامی زمانەوانیی کوردایەتییدا، بۆ لاوازیی سیاسیی و فیکریی دەگەڕێتەوە، دەیەوێ لە رێگەی عاطیفەی زمانەوە، خۆی پاک بکاتەوە.
3- بە زمانی شەعبیی و خاکیی، دەڵێت، ئەگەر پارلمان کارا بکرێتەوە، ئەوە گۆڕان، سەربازی مەجهولی رێگەی ریفراندۆم و کوردایەتییە. ریفراندۆمێک کە مردووەکانیش دەزانن ئاژاوەیەکی پارتیی، تورکیا و پارتییەکانی ناو یەکێتییە، کۆمەڵێ دراگۆن( ئەژدیها= Dragon ) ی مافیای نەوت و میلیاردێری کوردایەتیی، بۆ ئەجێندای ئابووریی، سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیان، چێیان کردووە، لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە مافی چارەی خۆنووسی گەلی کوردستانەوە نییە، بەڵام گۆڕان، کەفاوی ریفڕاندۆم و لیقاوی کوردایەتیی، بە شەویلگەکانیدا دەچۆڕێتەوە.
4- گۆڕان، لە ترسی تەخوین، لەترسی ئەوەی مورتەزیقەکانی تورکیا، سەلەفیزمی کوردایەتیی، سونیزمی کوردایەتیی و بارزانیزمی کوردایەتیی( لەسەر وەزنی وەهابیزمی ئیسلامیی) تەخوینی نەکەن، بە پیاوی شیعە و ئێرانی نەچوێنن، موغازەلەی گاڵتەجاڕیی و سیناریۆکانی پارتیی، دەکات. ئاخر بەڕاستیی، پارتیی بە مێنتاڵیتیی عەشایەریی، زۆر ملهوڕە، دەبووایە بیگوتایە، فەرموون ئەوە حەرەمسەرای پارلمانم کردەوە، بزانین چیی دەکەن؟ بە باوەڕی من، ئەوەندەی گۆڕان، کادیری نەژادپەرست و خوێنگەرمی کوردایەتیی بەم قەشمارییاتە دەبەخشی، ٧٠ ساڵی تریش، پارتیی، تەمەنی درێژ بێتەوە، ئەوەندە مەعدەنی ئەصڵیی کوردایەتیی دەست ناکەوت.
5- هەر دوێنێ بوو، مێدیاکانی گۆڕان، رایاندەگەیاند کە زۆرینەی ناوچە جێناکۆکەکان کە نزیکەی51% ی خاکی کوردستانی عێراق پێکدەهێنێت، چۆن دەبێ لە چوارچێوەی ریفراندۆمدا نەبن؟ لەبەرامبەریشدا، لەم بەیانە خێرا و پەلەکڕوزێیەدا، دەڵێ” بەڵکو پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمەکە ھەنگاوی کرداریی بنرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ‌و دابینکردنی پایەکانی دەوڵەتی ھاووڵاتیی ‌و سەروەری قانون و دامەزراوەی نیشتمانیی” دەستکاریی رێنووسەکەیم کردووە، بەڵام هەمان دەقە. باشە من لەم هاوکێشەیەی کوانتەمی کوردایەتیی تێناگەم، ئایا مۆبەکانی کوردایەتیی، لەناو گۆڕاندا، تێیدەگەن؟
6- تاکە خاڵی گەشی ناو ئەو بەیاننامەیە، ئەمەیە کە دەڵێ” بۆ ئەو پرسە، پێویست بە کۆبوونەوەی حیزبیی ناکات”. لە کاتێکدا، دەبووایە ئابڕوو و حەیثییەتی ئەم بیزنسە گەورەیەی کوردایەتییان ببردایە، حەیای ئەم سووکایەتییکردنەیان بە ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردستان و ئابڕووی ئەم برسییکردنەی خەڵکی کوردستانیان، ببردایە، کەچیی هێشتا لە تۆتەمیزی کوردایەتییی و تۆتەمیزی ئاڵای هەرێمی کوردستاندا، یەقیان کردووەتەوە. لەگەڵ هەموو قیام و جلوسەکانی کوردایەتییەکەی سەری رەشدا، هەڵدەسنەوە و دادەنیشنەوە.
7- بەیاننامەیەک لە ژێر فشاری موناجاتی نەژادیی و نزای ناسیۆنالیستیی نەتەوە پەرستەکاندا، بە ئامۆژگارییکردن و بە پاڕانەوە بنووسرێت،هەر ئەوەی لێدەردەچێت! لە کوێی دونیادا، جگە لە کوردستان و ئەو شوێنانەی لە کوردستان دەچن، سیاسەت بە ئامۆژگاریی و بە حوسنی نییەت کراوە؟
8- هیچ حیزب و رێکخراوێکی سیاسیی جگە لە حیزبە ستالینییەکان، بەیاننامە، بەناوی ستراکتۆری گشتیی حیزبەوە، دەرناکەن. یەکێتیی و پارتیی، بەهەموو ناعەقڵانییەکانی خۆیانەوە، بەهەموو گەندەڵیی و دزییەکانیانەوە، بەیانێک دەربکەن، دەڵێن، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە، یان ئەنجوومەنی ناوەند، یاخود کۆمێتەی سەرکردایەتیی و فڵان لق و نووسینگەی فیسار کارگێڕ…تاد دەری کردووە. وێڕای ئەو هەموو کۆنترادیکتانە( تناقضات= Contradicts ) ، بۆچی بەیاننامەکەیان، بەناوی جڤاتی نیشتمانییەوە، دەرنەکردووە؟ ئەوەیان بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە