هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

وته‌یه‌كى ئه‌مریكى: راستگۆی خێراترین رێگایه‌ كه‌ نه هێلێت هه‌ڵه‌یه‌ك ببێت به‌ شكست.
له‌ مێژوودا گۆرانكارییه‌ گه‌وره‌كانى كۆمه‌ڵگاكان به‌شێكى زۆرى له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان دروست بووه‌، هه‌ڵه‌كانى دیكتاتۆر و ئیمپراتۆره‌كان نه‌بوایه‌، مرۆڤایه‌تى مه‌جبور نه‌ده‌بوو ده‌یان شۆرش بكات، یاخود ئه‌و هه‌موو فه‌یله‌سوف و رۆشنبیره‌ گه‌ورانه‌ به‌رهه‌م بێنێت كه‌ باس له‌ جوانتر كردن و دادپه‌وه‌ورى و مافى یه‌كسانى مرۆڤه‌كان بكه‌ن. به‌ واتایه‌كى تر به‌ شێكى گه‌وره‌ى ژیان بریتییه‌ له‌ به‌رده‌وام راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان جا هه‌ر كه‌سێك بیكات، له‌ هه‌ڵه‌ى باوكێك له‌ خێزانه‌كه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ى پیاوانى ئاینى بۆ هه‌ڵه‌ى ده‌سه‌لاتدارانى نه‌خۆش.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى كۆمه‌ڵگاى كوردى بكه‌ین به‌ تایبه‌تى دواى راپه‌رین، هه‌موو هه‌وڵى رۆشنبیران وئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ویژدانیان پیس نه‌بوه‌ و به‌شێك له‌ پاكى روحیان تیا ماوه‌ بریتییه‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى ئه‌و حكومرانیه‌ى كه‌ له‌م هه‌رێمه‌ سه‌رى هه‌ڵدا. ‌ده‌سه‌ڵاتدارانى بێ مروه‌تى هه‌ریم كاتێك هه‌ڵه‌ ئه‌كه‌ن له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك یان هه‌ر پلانێكیان وه‌كو سه‌ركه‌وتنێك ته‌ماشاى ئه‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنێك كه‌ دواتر به‌ هه‌ڵه‌ى كوشنده‌ به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگا ئه‌شكێته‌وه‌ باجه‌كه‌شى زۆر قورسه‌ بۆ هه‌موان. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ئه‌مرۆى بارزانى ده‌یانهاوێت له‌ ناو بازنیه‌كى گه‌وره‌ى هه‌ڵه‌ ده‌سورێته‌وه‌.
ره‌نگه‌ بارزانى وه‌ك حه‌زێكى تایبه‌تى بێسنور، شتێك رابگه‌یه‌نێت ( ده‌وڵه‌تێك ، میرنشینێك، كانتۆنێك و… هتد) به‌ یارمه‌تى توركه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ ته‌مه‌نى له‌ كۆمارى مهاباد زیاتر نه‌بێت، بۆ بارزانى گرنگ نیه‌ رووبه‌رى ئه‌م پێكهاته‌ى چه‌ند ده‌بێت چه‌ند ده‌خایه‌نێت، بۆ ئه‌و گرنگه‌ شتێك بكات كه‌ به‌رده‌وام شانازى پێوه‌ بكات، وه‌كو چۆن بارزانى باوك به‌یننامه‌ى 11 ئازارى به‌ ده‌ستكه‌وت بۆى ئه‌ژمارد ئه‌كرێت، به‌ڵام له‌ دواى 11 ئازاره‌وه‌ چی روویدا گرنگ نه‌بوه‌ بۆ بارزانى باوك كه‌ به‌ شكستى شۆرشه‌كه‌ و ئاواره‌بوونى به‌شێكى زۆرى میلله‌ته‌كه‌ ته‌واو بوو. بارزانى كوڕیش به‌ راگه‌یاندنى ئه‌م كیانه‌ هه‌ست ئه‌كات پاك ئه‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى كه‌ به‌ درێژاى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌رێمه‌كه‌ له‌ بن ده‌ستى رویانداوه‌( له‌ هه‌ڵه‌ى ئابوریه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ى سیاسى و هه‌ڵه‌ سه‌ربارزى) ‌‌‌‌‌‌‌‌ كه تاكى كوردى بێزار بووه‌ له‌ ژیان به‌سه‌ربردنى رۆژانه‌ له‌گه‌ڵیان. ئه‌وه‌ى گرنگه بیزانین ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بارزانى به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟. له‌گه‌ڵ گۆرانكاریه‌كانى ناوچه‌كه‌ و خه‌ونه‌كه‌ى بارزانى تاقه‌ ده‌ره‌نجامێك كه‌ ده‌ستمان بكه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆتایدا بارزانى خۆى خانه‌واده‌كه‌ى و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى وه‌كو په‌نابه‌ر ئه‌نكه‌ره‌ وه‌كو دوا په‌ناگه‌یان هه‌ڵبژێرن كه‌ زۆر له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌زموونى كه‌ره‌ج دووباره‌ بێته‌وه‌.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە