هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

له‌م هه‌فته‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ندێك كار سه‌ردانى هه‌ولێرم كرد , به‌یانیه‌كى زوو له‌سلێمانیه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر به‌رێكه‌وتم به‌هیواى ئه‌وه‌ى كاره‌كانم زوو ته‌واو كه‌م له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر.

به‌یانى زوو پێش كردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كان به‌رووى هاوڵاتیان من گه‌یشته‌مه‌ ئه‌وێ هێشتا شه‌قامه‌كان چۆل بوون له‌ئۆتۆمبێل . من نزیكه‌ى 45 خوله‌ك كاتم هه‌بوو كه‌سه‌ربه‌ست بم, له‌به‌رئه‌وه‌ بریارمدا بچم نانى به‌یانى بخۆم له‌كۆڵانى سینما سیروان . دورى نێوان به‌رێوه‌به‌رايەتى په‌روه‌ده‌رى گشتى و سینما سیروان نزیكه‌ى 5 خوله‌كێكه‌ به‌پیاسه‌كردن.

كه‌چومه‌ ئه‌وكۆڵانه‌ى سینما سیروانى ” خه‌یاڵ منى برده‌وه‌ بۆسه‌ره‌تاو ناوه‌راستى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو , ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریم كه‌زۆركاتم له‌م كۆڵانه‌ به‌سه‌ر بردوه ‌., یه‌كسه‌ر ئه‌ورۆژانه‌م بیرئه‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌قوتابخانه‌ له‌گه‌ڵ هاورێكانم دواى ته‌واوبوون یان زۆرجار له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمى رامان ئه‌كردو خۆمان ئه‌گه‌یانده‌ ئه‌وكۆڵانه‌.

ئه‌وكاته‌ هه‌موو خۆشیمان ئه‌وه‌بوو بچینه‌ سینما . كه‌چومه‌ ناوه‌راستى كۆڵانه‌كه‌ , دووباره‌ خه‌یاڵ منى برده‌وه‌ بۆئه‌و رۆژگارانه‌ى كه‌ئه‌م كۆڵانه‌ هه‌ر به‌بۆنى( له‌فه‌ى گه‌ص ” شاورمه‌ى گۆشت ” ) رێبوارانى مه‌ست ئه‌كرد , كۆڵانێك ته‌سكوكورت , به‌ڵام پڕبوو له‌ژیان , له‌وكۆڵانه‌دا چه‌ندین دوكانى گه‌صی لێبوو یه‌ك له‌یه‌ك قه‌ره‌بالغتر ئه‌وكات زۆر عجیب بوو له‌لام كه‌ئه‌و هه‌موو كه‌سه‌ له‌كوێوه‌ ئه‌هاتنه‌ ئه‌و كۆڵانه ‌…, له‌بیرمه‌ چه‌ند دوكانێكى تر هه‌بوو, وەكو دوكانى ( ڤیدۆ و كاسێتى به كرێ ئةدا) چایخانه‌یك و گه‌راجێكى لێ بوو یارى بلیاردو تێنس و دووگۆڵى ده‌ستى تیا ئه‌كرا, هه‌روه‌ها دوكانێكى لێ بوو له‌فه‌ى گۆشتى رۆست و مریشك و جگه‌ر‌فروش.

ئه‌ورۆژگارانه‌ هه‌رزه‌كار بووین , تاقه‌ رێگه‌یه‌ك كه‌ به‌دنیاى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌یبه‌ستینه‌وه‌ ئه‌و سینەمایانه‌ بوون , هه‌ر له‌فلیمه‌كانیه‌وه‌ تاكو ئه‌و پۆسته‌ره‌ گه‌ورانه‌ى فلیمه‌كان كه‌زۆرترینیان كچێكى نمیچه‌ رووت یانكچێك له‌باوه‌شى كورێك بوو . بۆمن چوونه‌ ناوسینما وه‌كو ئه‌وه‌ وابوو دوو ده‌ستى نادیار بێن و دوورم خه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وى , بمبه‌ن بۆكیشوه‌رێكى دوور , له‌ناو سینه‌مادا هه‌موو شتێكت ده‌رباره‌ى كۆمه‌ڵگاو ده‌وربه‌ر له‌بیر ئه‌چوەوه‌ ؛ چه‌ند خوله‌كێك ئه‌بوویت به‌بونه‌وه‌رێكى تر.

له‌ بیرمه‌ چه‌ندین جار له‌به‌رئه‌و په‌نجه‌ره‌ بچوكه‌ى پێش سینما كه‌بلیتى لێ ئه‌فرۆشرا , ریزم ئه‌گرت یان به‌هۆى قه‌ره‌بالغى له‌دووره‌وه‌ ته‌ماشاى ئه‌و گه‌نجانه‌م ئه‌كرد كه‌زۆر زه‌حمه‌ت بوو بزانیت كام سه‌ره‌ هی كام جه‌سته‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵ یه‌ك بوو بوون ، به‌تایبه‌تى له‌رۆژانى چه‌ژن , هه‌تاكو له‌و رۆژگارانه‌ش كه‌سانێك كاسبیان به‌بلیتى سینما ئه‌كردو ئه‌چوون به‌كۆمه‌ڵ ئه‌یانكرى و دواتر به‌گرانتر به‌خەڵکیان ئه‌فرۆشته‌وه‌ كه‌تاقه‌تى ئه‌و قه‌ره‌بالغیان نه‌بوو.

من ئه‌و كابرایه‌ى كه‌بلیته‌كانى له‌خه‌ڵك وه‌رئه‌گرت و ئه‌یهێشت بچنه‌ ژووره‌وه‌ به‌گرنگترین پیاوى سه‌ر زه‌ویم ئه‌زانى چونكه‌ به‌ده‌ست ئه‌و بوو بچیته‌ ناو هۆڵى سینه‌ماكه‌و كیشوه‌رێكى تر.

زۆرجار كه‌ئه‌چویته‌ ناوهۆڵى سینه‌ما لەبەر قەرەبالغي جێگا نه‌ده‌ماو هوله‌كه‌ش تاریك ئه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌سێك به‌خۆیی و لایتێكى ده‌ستى هاوارى ئه‌كرد وه‌ره‌ ئێره برا ! هه‌ندێكجار لایته‌كه‌ى له‌ناو چاوت ئه‌دا, زۆرجار ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر پلیكانه‌ى نێوان هه‌ردوولاى كورسیه‌كان دابنیشت به‌تایبه‌ته‌ له‌فلیمه‌ هیندیه‌كان , یان ئه‌وفلیمه‌ ئه‌مریكیانه‌ى كه‌زۆربه‌یان ئه‌كشن بوون , یان ئه‌و كاتانه‌ى كه‌دره‌نگ ئه‌چوویت بلیت بكریت و له‌كاتى كرینى بلیته‌كه‌ گوێـت له‌زه‌نگى ده‌ست پێكردنى فلیمه‌كه‌ ئه‌بوو ( خۆشترین زه‌نگ بوو له‌ژیانم كه‌گوێبیستى بم به‌تایبه‌تى كاتێك زوو ئه‌چویته‌ هۆڵه‌كه‌و له‌چاوه‌روانى ئه‌بوییت به‌بیستنى لێدانى زه‌نگى ده‌ست پێكردن خۆت ئاماده‌ئه‌كرد بۆسه‌فه‌رێك له‌گه‌ڵ فلیمه‌كه‌ بكه‌یت ) . خۆشى ئه‌و دۆخه‌ ئه‌وه‌بوو له‌كاتى نمايش كردنى له‌قته‌یه‌كى شه‌ردا ده‌بوه‌ فیكه‌ لێدان و چه‌پڵه‌ رێزان , به‌ڵام له‌كاتى له‌قته‌یه‌كى رۆمانسى یان ماچ ئه‌و هۆڵه كزو بێ ده‌نگ ئه‌بوو له‌پڕ یه‌كێك به‌ده‌نگى به‌رز كۆمنتێكى بازاریی ئه‌داو دواتر به‌دواى ئه‌و هاوارو فیكه‌ ده‌ستى پێ ئه‌كرده‌وه‌ .. هه‌روه‌ها ناوبڕى نێوان فلیمه‌كه‌ش باش بوو بۆخواردنى شتێك یان خواردنه‌وه‌ى سارده‌مه‌نیك .

من خۆم یه‌كه‌م فلیم كه‌ له‌سینما سیروان بینیم ئه‌گه‌ر خه‌یاڵم خیانه‌تم لێ نه‌كات فلیمى ( عمر مختار بوو ) له‌بیرمه‌ زۆر زۆر قه‌ره‌بالغ بوو . یه‌كێك له‌سیفه‌ته‌كانى ئه‌وكاتى سینما ئه‌وه‌بوو كه‌زۆرجار فلیمه‌كه‌ زۆركورت كرابوه‌وه‌ چونكه‌ لێیان ئه‌پچڕى یان سانسۆرى ئه‌خرایه‌سه‌ر , له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرجار له‌ناوه‌راستى فلیمه‌كه‌ له‌قته‌یه‌كى روتى فلیميكى تریان پیشان ئه‌دا, خۆش ئه‌وه‌ بوو دواى ئه‌و له‌قه‌ته‌ رووته‌ خه‌ڵكێكى زۆر ئه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌ چونكه‌ پێشتر ئه‌و فلیمه‌یان دی بوو!. هه‌روه‌ها دۆخی ناخۆشى ئه‌وكاته‌ ئه‌وەبوو زۆرجار له‌كاتى ته‌واوبوونى فلیمه‌كان و چۆڵكردنى هۆڵه‌كه‌, له‌پێش درگاى سینەماكان مه‌فره‌زه‌كانى سوپاى گه‌ل ( جه‌یش شه‌عبی ) سه‌یته‌ره‌یان دائه‌ناو داواى ناسنامه‌یان له‌خه‌ڵك ئه‌كردو زۆر گه‌نجیان ئه‌گرت .

له‌كۆتایی ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ كاتێك هاتمه‌وه‌ سه‌رخۆم چومه‌ ئه‌و چایخانه‌ى ئێستاش ماوه‌, نانى به‌یانیم و چایه‌كه‌م خوارده‌وه‌ , كابرایه‌كى به‌ته‌مه‌ن به‌رامبه‌رم دانیشت بوو , لێم پرسى ئه‌خبارى سینما سیروان چیه ‌؟, وه‌لامێكى سه‌یروجوانى دامه‌وه‌ به‌شێوه‌ی هه‌ولێریه‌كى ساف و بێگه‌رد وتى : مامۆستا ژیانى خه‌ڵك به‌خۆیی بویته‌ سینما , ئیتر سینەمامان لۆچیه‌ !, دواتر درێژه‌ى به‌قسه‌كردن داو وتى : ئه‌وه‌ نزیكه‌ى دووساره‌ سینەما قه‌پاتكرایه‌ , بریاره‌ تێكى بده‌ن و بیكه‌ن به‌پارك !. منیش لێره‌وه‌ ئه‌لێم خۆزگه‌ پارێزگاى هه‌ولێر نه‌ده‌هێشت ئه‌و كۆلان و سینه‌مایه‌ و گازینۆى له‌یالى تێك بچێت , چونكه‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ له‌نه‌وه‌ى په‌نجاكان و شه‌سته‌كان و هه‌فتاكان رۆژێك له‌رۆژان نه‌چوبێته‌ ئه‌و سینەمایه‌ ‘ یان له‌فه‌یه‌كى گه‌صی له‌وێ نه‌خواردبێ .

86 جار بینــراوە

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە