هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئایا به‌راست بارزانى دواى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى كه‌ له‌ سیاسه‌تى سه‌رف كرده‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌ كردار له‌ هه‌موو پلانه‌كانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ئاگادار بووه‌، نازانێ سوڵتانێكى درۆزنى وه‌ك ئۆردوگان بۆچى ئه‌وه‌نده‌ گرنگى پێده‌دات؟ ئایا بارزانى هه‌ست ناكات رۆژێك دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ كوردانى رۆژئاواو په‌كه‌كه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌ باشترین پاڵپشت بۆیی، كاتێك ئه‌نكه‌ره‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵ به‌غداو تاران و دیمه‌شق رێك ده‌كه‌وێته‌وه‌؟
ئایا بارزانى و ئۆردوگان متمانه‌ به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن؟ ئایا له‌ ناو جیهانى پڕ بزنسس و مافیاكان شتێك هه‌یه‌ ناوى دۆستى باش بێت؟ یان به‌رده‌وام ئه‌گه‌رى پاڵنان ئاماده‌یه‌ كه‌ له‌ شوێنێكى به‌رزه‌وه‌ بكه‌ویته‌ خواره‌وه‌. ئایا ئه‌م دووانه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ نزیكه‌وه‌ ته‌ماشاى یه‌ك ده‌كه‌ن یه‌كترى ده‌بینن؟ جیاوازیه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌‌ له‌ نێوان ته‌ماشا كردن و بینین. ئایا بارزانى له‌ هه‌موو ( ئۆڵمازه‌ )كانى ئۆردگان تێده‌گات كه‌ به‌ ده‌یان رێگا پێده‌ڵێت،( وشه‌ى ئۆڵماز واتاى نابێ به‌ كوردى).
هیچ سیاسیه‌كى كورد به‌ قه‌د بارزانى نازانێ كه‌ ئۆردوگان چه‌ند ترسناكه‌، ئه‌و باش ده‌زانێت ئێستا هاورێ نزیكه‌كانى ئۆردوگان له‌ داود ئۆغلۆ و عه‌بدوله‌ گوڵ چۆن په‌ڕو باڵ كراون و له‌ بازاره‌كانى ئه‌نقه‌رە وه‌كو مریشكى رووتیان لێهاتووه‌.
به‌ گشتى په‌یوه‌ندى ئۆردوگان و بارزانى له‌ په‌یوه‌ندى دوو عاشقى دۆراو به‌دگومان ئه‌چێت، كه‌ هه‌ردوكیان باش ئه‌زانن ئه‌ویتر خیانه‌ت له‌ ئه‌ویتریان ئه‌كات. هه‌م ئۆردوگان به‌رده‌وام باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌تى كوردى خه‌تى سوره‌ ئه‌گه‌ر له‌ حه‌وت ته‌به‌قه‌ى ئاسمانیش بێت، هه‌م بارزانیش به‌رده‌وام باسى ده‌وڵه‌تى كوردى ئه‌كات ئه‌گه‌ر له‌ یه‌ك مه‌تر چوار گۆشه‌ش بێت. ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ هه‌ردوكیان گره‌و له‌سه‌ر كات ئه‌كه‌ن، به‌ڵام كارته‌كانى كامیان به‌هێزتره‌ ئه‌وه‌یان جارێك دیار نیه‌. چونكه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وا بزانین ته‌نها ئۆردوگان كارتى فشارى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، بارزانیش كارتى خۆى هه‌یه‌ ره‌نگه‌ به‌ قه‌باره‌ به‌قه‌د كارته‌كانى ئۆردوگان گه‌وره‌ نه‌بێت ، به‌ڵام كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌.
له‌ كۆتایدا پرسیارێكى گرنگ پێویسته‌ بكرێت ئایا له‌ ناو پارتى چ هێزێكى تر هه‌یه‌ جگه‌ له‌ بارزانى باوك بتوانێت شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ بكات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و توركیا بێت؟ دواتر بارزانى باوكیش تێوه‌ بگلێنێت، به‌رده‌وام له‌ مێژوودا ده‌كرێت شه‌ڕى گه‌وره‌ له‌سه‌ر زۆر رووداوى بچوك دروست بكرێت. با چاوه‌روان بین.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە