هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

نووسه‌رێكى ئه‌مریكى ده‌ڵێت: له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست ئه‌مریكا ده‌ستى له‌ خودا زیاتر ئه‌ڕوات!. واته‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌م دۆخه‌ى ئه‌مرۆ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ پشتیه‌وه‌ن، هێزه‌كانى سه‌رگۆره‌پانه‌كه‌ زیاتر تارمه‌یه‌كانى ئه‌مریكا به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن له‌ گۆره‌پانه‌كه‌. له‌ناو دنیایه‌كى جاڵجالۆكه‌ى و له‌ سنورى جوغرافیایه‌كى بچوك بزووتنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ ناوى گۆڕانه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌ك جیاواز له‌ زۆربه‌ى هێزه‌كانى ترى سه‌ر گۆره‌پانه‌كه‌ كه‌ هێزه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى نه‌ وڵاتانى دراوسێن نه‌ پشگیرى ئه‌مریكیه‌كانه‌، به‌ڵكو ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ن كه‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆریان خۆبه‌خشانه‌ له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌.
ئه‌مرۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر ره‌خنه‌ى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى كه‌ بۆچى سیستیه‌كى پێوه‌ دیاره‌ ده‌رباره‌ى دنیا بینى و كاردانه‌وه‌ى بۆ رووداوه‌كان، به‌ڵام له‌و ره‌خنانه‌ گرنگ تر ئه‌بێت پرسیارى ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ چى بكات له‌م دۆخه؟ كه‌ زیاتر كۆمه‌ڵه‌ هێزێكى زه‌به‌لاح ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كان سیما سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌ست نیشان ئه‌كات.
گله‌یه‌كى زۆر له‌ خانه‌ى راپه‌ڕندن ئه‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م ره‌خنانه‌ زیاتر له‌ خۆ خالى كردنه‌وه‌ ئه‌چێت تاكو زیاتر له‌ دنیا بینیه‌كى روون كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ چى بكات. بۆ نموونه‌ چه‌ندین پرسیار ئه‌بێت هه‌ر ره‌خنه‌ گرێك له‌ خۆى بكات پێش ئه‌وه‌ى وشه‌كانى بخاته‌ سه‌ر كاغه‌ز یاخود سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

پرسیاره‌كان
1- ئایا بزووتنه‌وه‌ى شه‌قام بجوڵێت له‌سه‌ر بنه‌ماى چ داوایه‌ك؟ ئایا بۆ روخاندنى حكومه‌ته‌؟ ئایا له‌ هه‌ولێر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت خه‌ڵك بێنێته‌ سه‌ر شه‌قام؟ یاخود ته‌نها فشاره‌كه‌ له‌سه‌ر یه‌كیه‌تى نیشتمانیه‌ له‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز؟ كه‌ دواجار ئه‌م فشاره‌ چه‌ند كاریگه‌رى ئه‌بێت؟ ئایا له‌ ناوچه‌ى سه‌وز یه‌كیه‌تى چه‌ند ده‌ستى كراوه‌ ئه‌بێت بۆ به‌كارهێنانى هێز به‌ پاڵپشتى ئێران بۆ كپ كردنى ناره‌زایه‌تیه‌كان؟ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ به‌لاى كه‌مه‌وه‌ ئه‌بیت روون بێت.
2- ئایا بزووتنه‌وه‌ى گۆران بچێته‌وه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت؟ ئایا له‌ حكومه‌تێكى ئیفلاس و پڕ گه‌نده‌ڵى چى پێده‌كرێت؟ ئایا په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ و سه‌رۆكه‌كه‌ى بگه‌رێته‌وه‌ هه‌ولێر؟ ئایا دواى ته‌واو بوونى واده‌ى په‌رله‌مان كێشه‌ى شه‌رعیه‌تى نیه‌؟ ئایا گۆران رازى ده‌بێت به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌كه‌ى كه‌ له‌ دانیشتێكى نائاسایی بریارى له‌سه‌ر درا؟. ( له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ من پێم باشه‌ ئاماده‌ى به‌ هێزى هه‌بێت له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان)
3- ئایا بزووتنه‌وه‌كه حكومه‌تى نیشتمانى پێدروست ئه‌كرێت؟ كه‌ مه‌رجه‌كانى تا ئه‌م ساته‌ قورسه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا كه‌ خۆى له‌ سێ مه‌رج ئه‌بینێته‌وه‌ ( ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت+ دوو له‌سه‌ر سێ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان داواى بكه‌ن+ نیوه‌ و زائید یه‌ك وه‌زیره‌كان ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌) ، ئایا ئه‌م سێ مه‌رجه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دابین ئه‌كرێت؟ ئایا كێن ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ داواى حكومه‌تى نیشتمانى ئه‌كه‌ن جگه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆران؟ ئایا به‌راست ئه‌و متمانه‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ ئیش كردن له‌گه‌ڵ كه‌سێكى وه‌ك دكتۆر به‌رهه‌م؟ هه‌رچه‌ند كاك مه‌ریوان وریا قانع ئه‌ڵێت: ئه‌بێت ئه‌و دۆخه‌ سایكۆ لۆجیه‌ خراپه‌ى نێوان سیاسه‌كان نه‌مێنن له‌م كاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن پێكه‌وه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كیه‌تى. ئایا گۆران تا ئێستا چ هه‌ولێكى داوه‌ بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م سایكۆلۆجیه‌ته‌ خراپه‌. وه‌یان لایه‌نه‌كانى تر ئاماده‌ن ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێنن؟
4- له‌روو دیبلۆماسیه‌وه‌ ئایا بزووتنه‌وه‌ى گۆران چ لایه‌نێك ئاماده‌یه‌ گوێ لێبگرێت و به‌ پیر داواكاریه‌كانیه‌وه‌ بچێت؟ ئایا به‌غدا ئاماده‌یه‌؟ ئایا ئه‌مركییه‌كان وڵاتانى رۆژئاوا چه‌ند به‌ جدیانه‌ پشتگیرى هه‌نگاوه‌كانى گۆران ده‌كه‌ن له‌ چاكسازى؟ ئایا ئه‌توانێت هێزه‌ شیعه‌كانى عێراق له‌ خۆى نزیك بكاته‌وه‌؟ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌؟ ئایا ئێران چۆن ته‌ماشاى ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌كات؟ ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ هه‌وڵێكى زۆر هه‌یه‌ ئه‌بێت بدرێن هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانى باش نه‌بن بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌. بۆ وه‌ڵامى دروستى گشت ئه‌و پرسیارانه‌ ئه‌بێت قه‌باره‌ و كاریگه‌رى خۆت به‌ باشى بناسیت تاكو بتوانیت سیاسه‌تێكى گونجاو په‌یڕه‌و بكه‌یت، نابێت به‌حه‌ز بینینى خۆت ته‌ماشاى سیاسه‌ت بكه‌یت، به‌ڵكو زیاتر ئه‌بێت واقعه‌كه ده‌ست نیشانى هه‌نگاوه‌كانت بكات.
5- ئایا گۆران بۆ سوود ده‌زگا فیدرالیه‌كان وه‌رناگرێت ؟ بۆچى ناچێت شكات له‌ پارتى بكات له‌ دادگاكانى به‌غدا كه‌ نه‌یاهێشت سه‌رۆك په‌رله‌مانه‌كه‌ى بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر كارى خۆى، بۆچى وه‌زیره‌كانى ده‌ركران؟بۆچى مه‌كۆكانیان به‌ به‌رده‌وامى ئه‌سوتێنرێت و لایه‌نگرانیان كه‌رامه‌ت شكێن ئه‌كرێن؟ ئایا په‌یوه‌ندى گۆران ماڵى تاڵه‌بانى چۆنه‌؟ ئه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان گۆڕان و یه‌كیه‌تى چۆنه‌؟ ئایا باشتره‌ خۆى له‌و رێكه‌وتنه‌ى نێوانیان بكشێنێته‌وه‌؟
ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ گشتى ناوچه‌ى تارمایی ئه‌و هێزانه‌ن كه‌ خۆیان راسته‌وخۆ شه‌ڕ ناكه‌ن به‌ڵكو به‌ هێزه‌ لۆكه‌ڵیه‌كان كێشه‌كان یه‌ك لا ئه‌كه‌نه‌وه‌، واته‌ بۆ هێزێكى وه‌كو گۆران كه‌ سیاسه‌ت ئه‌كات له‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌بێت سه‌برى ئه‌یوبى هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێزێكى سه‌ربه‌خۆیه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئامانجه‌كانى زۆر به‌ خاوى بچنه‌ پێشه‌وه‌. وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئامانجه‌كانى خێراتر به‌ دى بێت ئه‌بێت واز له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ بێنن!!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت