هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

عەلی ئەلوەردی لە پەرتوکی (وعاظ السلاطین) دەفەرمووێت: بە درێژایی کات لە مینبەرەکانەوە مامۆستا ئاینییەکان جەختیان لەسەر پابەندبوون بە ڕەوشتی بەرز و بنەما جوانەکانی ئاینەوە دەکرد، بەڵام ئەوەیان نەدەزانی کە تێزی ڕەوشت پرۆسەیەکی پەروەردەیی دوور و درێژە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت و ناکرێت بە خوتبەیەک یان بە چەند وتەیەک بێتە سەر ڕێچکەی دروستی خۆی.
ئەم چەند دێڕە پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بەبیر هێنامەوە، کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
ڕیفراندۆم لە هەموو وڵات و لە هەموو کاتێکدا پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە هەموو تاکێکی ئەو ناوچەیەوە هەیە سەرباری هەموو بۆچوون و ئاراستە جیاوازەکانیان، چونکە ئەو ڕاپرسییەی کە ئەنجام دەدرێت بۆ وەرگرتنی ڕای هاووڵاتییانە و بڕیاردانە لەسەر هەنگاوەکانی دواتر سەبارەت بەو پرسە.
وەلێ ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت سەبارەت بە پرۆسەی ڕیفراندۆم شایەنی هەندێک سەرنجی تایبەتە، چونکە سەرباری تێپەڕنەبوونی ئەو بڕیارە بە پەرلەماندا و کێشە سیاسییەکانی ناو هەرێم، بەڵام لەناو شەوامی کوردیدا لەبری (بەنیشتیمانیکردن)ی پرۆسەکە زیاتر خەسڵەتێکی (بەحیزبیکردن)ی پێوە دیارە، هەرچەندە دروشمەکان باس لە شتێکی دیکە بکەن. لایەنگرانی ئەنجامدانی پرۆسەکە پشتگیری لە ڕیفارندۆم دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک لە هەنگاوەکانی دواتر و ئەگەرەکانی پێش و پاش ڕیفراندۆم ڕووبەڕووی خۆیان بکەنەوە، ئەوانەش کە لە بەرەکەی دیکە وەستاون، ئەو پرسیارەش لە خۆیان ناکەن ئایا ئامانجێکی وەها گەورە شایەنی ئەوە نییە کە قوربانی بدرێت، سازش هەتا سنوورە سوورەکانیش بکرێت، کێشە و گرفتەکان لە بیر بکرێن. ئەم دوو بەرەیە وەهای کردووە زیاتر لە گۆشەنیگای حیزبەکانەوە تەماشای سەرجەم پرۆسەکە بکرێت.
ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ وتەکەی عەلی ئەلوەردی و چاوێک بە پەروەردەی حیزب و دەسەڵاتی کوردیدا لە بیست و شەش ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، دەبینین حیزبەکان هێندەی کاریان لەسەر تەسکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری و چڕکردنەوەی هزری حیزبایەتی کردووە، لە هیچ بوارێکی دیکەدا هێندە کار و چالاکییان نەنواندووە. بگرە لەبری نیشتمانێکی کوردستان، حیزب و سەرکردەکان بوون بە سومبول. مەخابن کارەکان لەو سنوورەشدا نەوەستاوەن، بەڵکوو ناوچەگەرێتی و دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە چەوتە لە کاروبارە فەرمی و نافەرمییەکانی ناوچە و شارە جیاوازەکانی هەرێمدا ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە. ڕۆحی نیشتمانپەروەریی، بینینی ڕیفراندۆم وەک پرسێکی نیشتمانی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان پرۆسەیەکی پەروەردەی دوورودرێژن، کە پێویست بوو دەسەڵاتدارانی کورد بەر لە 26 ساڵ دەستیان بە کارکردن لەسەری بکردایە
کەواتە تاکی کورد هەرچەندێک گوناهبار بێت بەوەی کە دەستبەرداری ئەوە بووبێت، بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو سیاسەتەوە و بەپێی ویستی حیزب و لایەنە جیاوازەکان کار بکات، هێندەش قوربانیی پەروەردەی 26 ساڵی ڕێچکەیەکی هەڵەیە، کە حیزبەکان تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی خۆیاندا کاریان لەسەر کردووە. جا ئەگەر لە گۆشەنیگایەکەی مێژوویی و پەروەردەییەوە تەماشای ڕەنگدانەوەکان بکەین، ئەوا ئاساییە کە تاکی کورد لە گۆشەنیگایەکی تەسکی حیزبایەتییەوە تەماشای ئەو پرۆسەیە و هەر پرۆسەیەکی دیکەی سیاسیی ناو هەرێم بکات.
ئەم دیاردە مەترسیدارە گەیشتۆتە ئاستێک کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەلێک لە لایەنگرانی بەرە جیاوازەکان هەڕەشە و سوکایەتی بە یەکتر دەکەن، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژ بە ڕۆژی کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەکانیان تۆختر و ڕەقتر دەبێت، بەبێ ئەوەی هەر لایەنەیەکیان خۆی لەو بەندی بیرکردنەوەیە ڕزگار بکات و قەناعەت بە خۆی بهێنێت، کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی سەرەوە و خاوەن بڕیارە سیاسییەکان لەنێوان خۆیاندا یەکگرتوو و تابە بوونایە، ئەوا منیش و تۆیش و سەرجەم تاکە سادەکانی ناو شەقامی کوردی بە هەمان شێوە یەکگرتوو و تەبا دەبووین.
کاردانەوەکانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیش زۆرن و یەکەم کاردانەوە بریتییە لە شەقبوونی کۆمەڵگا و شەقامی کوردی نەک بۆ دوو بەرەی جیاواز، بەڵکوو بۆ دوو بەرەی دژ بە یەک: ڕەش و سپی، نیشتمانپەروەر و بەکرێگیراو، دۆست و دوژمن. کە هەر بەرەیەکیان ئەوی دیکە بە خۆفرۆش و بەکرێگیراو و دەروێش و کۆیلە دەبینێت. ئەمەش نەبوونی ڕۆحی دیموکراسی و قبوڵکردنی بەرامبەر دەخوێنێتەوە و هاوکات کاریگەریی بیری تەسکی حیزبایەتی لەسەر بیرکردنەوەی تاکی کورد پێشان دەدات چونکە هەر یەکەیان دەرگای هزری خۆی بەرامبەر بە پرسیار و بۆچوونەکانی لایەنەکەی دیکەدا داخستووە، کە ئەم خەسڵەتەش نەک تەنها لە شەقام بەڵکوو لە لوتکەی دەسەڵاتدارانی سیاسییدا لە قبوڵنەکردنی یەکتردا بەدی دەکرێت. تاکەکانی هەردوو بەرەکەش هەر ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە مێدیا حیزبییەکان پەخشی دەکەن و کۆنترۆڵی بیرکردنەوەی شەقامی کوردی پێ ئەنجام دەدەن.
ئەوەی گەلی کورد پێویستییەتی بریتی نییە لە تەنها ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، نە قبوڵکردن یان قبوڵنەکردنی ژیان لەناو عێراقێکی داڕوخاو و لێکپچڕاودا، ئەوەی کورد پێویستییەتی بریتییە لە بوژاندنەوەی ڕۆحی نیشتمانپەروەری و تێڕوانین لە گۆشەنیگای کوردستانێکەوە، کە هەموو بۆچوونەکان، ئاینەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، نەتەوە و ڕەگەزەکان لە خۆ دەگرێت، کوردستانێک کە تاکەکانی قبوڵی بۆچوونی بەرامبەر بگرن و ڕێز لە بیرۆکە جیاوازەکان بگرن، چونکە مانەوەمان لەناو ئەو بوارە تەسکەی بیرۆکەی حیزبیدا ڕۆحی دوژمنایەتی و پەراوێزکردنی بەرامبەر و بگرە ئەگەری شەڕی براکوژیش هەمیشە لە ئارادا دەبێت و هەمیشە تاکی کورد قوربانی و کەرەستەیەکی ئاسان دەبێت بە دەست لایەنە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیە قۆرخ بکرێن، کە لە بەرژەوەندی ئەم لایەنە یان ئەو لایەنەدا دەبێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت