هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بــیــنــیــتــان، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەسەر کەرکوكی به‌ناو دڵی پارتیەکان و قودسی یەکێتیەکان، که‌ له‌ڕاستیدا خاك و شەرەفی کوردانە، چۆن بە کون فەیەکونێك هەمو دوژمنانی کوردیان لە تورك و عەرەب و فارس و چڵکاوخۆر و داروده‌سته‌کانیان، لەم سه‌ری ڕاستیانەوە بۆ ئه‌وسه‌ری چەپ، لە مرۆڤ دۆستیانەوە بۆ نەتەوە پەرست، لە دینداریانەوە بۆ بێ دین، لە شیعەیانەو بۆ سونە، لەم په‌ڕی میان ڕەویانەوە بۆ ئه‌و په‌ڕی توندڕەو، هەر هەمویانی بە جارێ یەكخست و کردنیە یه‌ك به‌ره‌ی خاون یەك هەڵوێست بۆ هەڕەشە و دژایەتی کورد!
بیرۆکه‌و پڕۆسه‌ی هه‌ڵکردنی ئه‌و ئاڵایه‌ کێ و چ مه‌به‌ستێکی له‌ پشته‌وه‌ بێت و بوبێت، هه‌نگاوه‌که‌ ڕاست بوبێت یان هه‌ڵه‌، په‌سه‌ند بێت یان ناپه‌سه‌ند، تازه‌ ڕویداو عه‌ره‌ب وته‌نی (وقع الفاس بالراس) وه‌ چوه‌ خانه‌یه‌ك، که‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌ لێی له‌که‌دارکردنی شه‌ره‌فی نه‌ته‌وایه‌تیه.! وه جه‌نگین له‌ پێناو سه‌رکه‌وتن و چه‌سپاندنی پڕۆسه‌که و ده‌مکوتکردنی دوژمنان و ناحه‌زان بوه ئه‌رکێکی نیشتمانی.

ئه‌مه‌ یەکەم جاره له‌ هه‌ل و مه‌رجێکی نیوده‌وڵه‌تی گونجاوی له‌باردا، لە مێژوی ئه‌م سەردەمه‌یدا، هه‌لێکی وا زێڕین بۆ گه‌لی کورد هه‌ڵده‌که‌وێت، که‌ له‌ بری جه‌نگی‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕسته‌وخۆ له‌سه‌ر‌ پلان و سودی ‌بێگانه،‌ ئه‌م جاره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و مافی ڕه‌وای خۆی بجه‌نگێت!

پێویسته‌ حیزب و لایەنە کوردیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕاستگۆ و دڵسۆزانه‌ بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەیان، دەس لە بەرژەوەندیە کەسی و حیزبیەکانیان هەڵگرن و دەمودەس ناکۆکیەکانیان چارەسەرکەن و هەرچی هێزو توانایانه یەکی خەن و لە سەنگەرەکاندا شان بده‌ن به‌ شانی یەكه‌وه‌ و دژی دوژمنانی گەل و نیشتمانه‌که‌یان مەردانە بە هەمان نەفەسی شه‌ڕی دژه داعشیەکان بجەنگن.

فرسه‌تی زڕانی ناو و له‌ده‌ستدانی سه‌نگ و پێگه‌ی دوژمنانی کورد و بێزاربونی گه‌لانی ئاشتی خوازی جیهان، دژایه‌تی و لۆمه‌کردن و که‌نارگیرخستنیان له‌لایه‌ن هێز و نێوه‌نده‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگا نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی ئه‌مڕۆ و پلانیان بۆ ڕوخانی کیانه‌کانیان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌که‌، ڕێکخراوه‌یی و پـڕچه‌کی و ئازایی و جوامێری کوڕان و کیژانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، وه‌ پێویستی جددی زلهێزه‌کانی جیهان به‌ خێروبێر و هه‌ڵکه‌وتنی ستراتیجی خاکی نیشتمانه‌که‌یان و گرینگی جه‌نگاوه‌رانیان له‌ دژایه‌تیکردنێکی کایگه‌رو سه‌رسه‌ختانه‌دا بۆ له‌ ناوبردنی هێزه‌ دڕنده‌و به‌ربه‌رییه‌کانی شه‌ڕوتاریکی داعش و هاوشێوه‌کانی.
ئه‌مانه‌ هه‌مو فاکته‌رگه‌ڵێکن له‌ بارترین کات ده‌ڕه‌خسێنن که‌ بە ئیرادە و دەسپێشخەری هێزه‌ کوردیه‌کان ئه‌م پێشهاته‌ بقۆزنەوە و بیکه‌نه‌ چه‌خماخه‌ی هه‌ڵگیرسانی جەنگێکی ڕاسته‌قینه‌ی چاره‌نوس سازی ڕزگاری سه‌رانسه‌ری کوردستانی گه‌وره‌. جه‌نگێك، یه‌که‌م جاره کورد به‌ ئیراده‌ی خۆی ئامانج و سات و مه‌رج و مه‌ودا و گۆڕه‌پانه‌کانی هەڵده‌بژێرێت! جه‌نگێك که‌ تێیدا کورد له‌م هه‌ل‌ و مه‌رجه‌ ڕه‌خساوه‌دا ده‌توانێت هاوپه‌یمانانی ناچارکات هاوکاری بن له‌ به‌ چوکدادانی دوژمنانیدا!
یەك خستنی ڕیزه‌کان و هێزو تواناو ئامانجه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان دژی هه‌ر گەلەکۆمەکیەکی ئەمڕۆی دوژمنانی ماف و خواسته ڕه‌وا‌کانی کورد، ناوچه‌یه‌کی گرین و هه‌ستیاری جیهانی ئه‌مڕۆ ده‌شڵه‌ژێنێ و به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزەکان به‌تایبه‌تی و ناوه‌ند و ڕێخراوه‌کانی کۆمەڵگا نێودەولەتیه‌کان به‌گشتی ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، بۆ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناچار بە داکۆکی و پشتگیریان ده‌کرێن، به‌شێوه‌یه‌ك چی دی تەنها به‌ جێیان نه‌هێڵن و به‌ گورگان خواردیان نه‌ده‌نه‌وه‌!
پێویسته‌ گشت حیزب و لایه‌نه‌ کوردیه‌کان ئەم هەلە لەدەست خۆیان و گه‌له‌که‌یان نەدەن. پێگەی خۆیان و شەرەفی گەل و نیشتمانەکەیان بپارێزن. کاتی جه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی به‌دیهێنانی دروشمه‌ دێرینه‌کانی (یان کوردستان یان نەمان) و ( یان که‌رکوك و خانه‌قین یا تا ماوین ئه‌جه‌نگین)ــه.
ئه‌م جه‌نگه‌ سه‌رکه‌شی، جه‌ربه‌زه‌یی، چاونه‌ترسی، بڕیاری بوێرانە و هەنگاونانی حه‌کیمانه و مه‌ردانه‌ی ده‌وێت‌. گه‌رچی وه‌ها جه‌نگێك ده‌شێ قوربانیه‌كی زۆری بوێت، به‌ڵام ده‌یهێنێت و هه‌رگیز ده‌یه‌کی قوربانیه‌کانی نسکۆ و شکست و ‌دۆڕان وبه‌زینه‌کان، شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌کانی براکوژی، کیمیابارانه‌کان، ئه‌نفال و ڕاگواستن و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی ڕابردوی گه‌له‌که‌مانی نا بێت!
لەم سات و پێشهاتە گرینگانه‌ی ئه‌م مڕۆماندا، بڕیارێکی ده‌سوبردی مەردانە و بوێرانە بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و به‌رپاکردن و گێڕان و بردنەوەی وه‌ها جەنگێکی چارەنوسساز له‌پێناو به‌رگری له‌ ماف وخواست و ئازادی و سه‌ربه‌رزی گەل و نیشتمانه‌که‌ماندا سەنگی مەحەکی حیکمه‌ت و ئازایەتی و دڵسۆزی و لێهاتویی و شایستەیی سەرکردەکانی کورده‌!
بە پێچەوانەشەوە، پەرشوبڵاوی، چۆکدادان، سەرشۆڕکردنی سه‌رکرده‌ و به‌رپرسانی لایەنەکان له‌ پێناو ڕازیکردنی وەلی نیعمەتەکانیان بۆ بەرژەوەندی ته‌سکی خۆیان و حیزبەکانیان، دۆڕانی ویژدانیان بەرامبەر گەل و خاکی نیشتمانەکەیان، بە هەر پاساوێك بوبێت سەر شۆری له‌دوایه‌ بۆیان! ئاکامەکەشی، سبەینێ تێوه‌گلانیان ده‌بێت لەلایه‌ن دوژمنانەوە لە شەڕێکی که‌مه‌رشکێن و خوێناوی تری براکوژی و خیانەتکاری ناشەریفانەدا، کە وەك هەمیشە دوژمنان ئامانج و سات و مه‌رج و گۆڕه‌پانەکانی دیاری دەکەن و کۆتاکەشی بە لاوازبون و دۆڕان و ڕسوابونی ئه‌وان و نەهامەتی گەلەکه‌مان دەهێنن!
ملدان و سەرشۆڕکردن بۆ فه‌رمان و هەڕەشەی دوژمنان و پاشه‌گه‌زبونه‌وه‌ و داگرتنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك و ناوچە دابڕێنراوەکان و پاشه‌کشه‌ له‌ هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی نیشتمان، شکستی و دۆڕان و نوشوستی نوێ ده‌بن بۆ گه‌له‌که‌مان و ده‌بنه‌ پەڵەیەکی ڕەشی خیانەت بە ناوچەوانی سه‌رکرده‌ و به‌رپرسانی ئه‌مڕۆی گشت حیزب و لایەنە کوردیەکانەوە. جا هه‌ر یه‌که‌و به‌ پێی ڕاده‌ی ڕۆڵه‌ نێگه‌تیڤه‌کانیان! پەڵەیەك گەورەتر و ڕەشتر لە گه‌وره‌ترین و ڕەشترین پەڵەکانی خیانەتی ناوچه‌وانی به‌رپرس و سه‌رکرده‌ خۆفرۆش و خائینه‌کان له‌ درێژایی مێژوی هه‌مو حیزب و لایه‌نه‌کاندا!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت