هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

 

* نەوشیروان دەیووت هەولێر چ قودسییەتێکی تێدایە وا ناهێڵن شەڕی ناوخۆ بچێتە هەولێرەوە

* کاک نەوشیروان زاڵبوونی هەیمەنەی حزبی بەسەر حکوومەتەوە زۆر لەلا گرنگ بوو

* کاک نەوشیروان لە هەموو ژیانیدا سەردانی ماڵی چوار شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی نەکردووە

* نەوشیروان مستەفا کاتی خۆیشی ویستی ناکۆکیی بخاتە نێوان خەڵکی سلێمانی و هەولێرەوە

* نەوشیروان مستەفا لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا کەسی نەهێشتۆتەوە بە خراپ باسی نەکات

ئامادەکردنی : ستیڤان شەمزینی

پاش ئەوەی زنجیرە وتارەکەی نەوشیروان مستەفا، لە ژێر ناونیشانی “لە نێوان مام جەلال و مندا.. ئازاری 1999- شوباتی 2001” کە لە سایتی سبەی لە کۆتایی ساڵی 2009 بڵاوکرایەوە و پاشان هەمان زنجیرە وتار بە شێوەی کتێب چاپکرا، کاردانەوەی توندی یەکێتی و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە بەدوادا هات، بە تایبەت “کۆسرەت رەسوڵ عەلی” جێگری تاڵەبانی، نیگەرانی زۆری بەرانبەر بە نووسینەکەی نەوشیروان مستەفا دەربڕی و لە رێگەی وتارێکی درێژەوە لە ژێر ناونیشانی “پەنجەکانی نەوشیروان خەباتی هاوڕێکانی دەشێوێنێت” وەڵامی نەوشیروانی دایەوە، کە دیسانەوە وەڵامەکەی “کۆسرەت رەسوڵ”یش بە شێوەی نامیلکە خرایە بەردەمی خوێنەران.

“کۆسرەت رەسوڵ”، لە وەڵامەکەیدا بۆ “نەوشیروان”، لە چەند دێڕی یەکەمدا نووسیوویەتی “بەڕێز نەوشیروان مستەفا، زنجیرە وتارێکی لەژێر ناوی لە نێوان مام جەلال و مندا لە سایتی سبەی بڵاوکردۆتەوە، گەرچی نووسینەکەی بە قەولی خۆی باس لە پەیوەندیی و کێشەکانی لەگەڵ مام جەلال دەکات، بەڵام لە بەشێکی زۆری گێڕانەوەکانیدا کۆمەڵێک تۆمەت و قسەی ناڕەوای لەسەر ئێمە و مێژووی تێکۆشانمان لە ناو یەکێتی و سەردەمی بەرپرسیارێتیم لە سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەڵبەستووە”.

کۆسرەت رەسوڵ، نەوشیروان مستەفا، تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە ساتەوەختە هەستیارەکانی خەباتی شاخ و تێکۆشانی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتیدا، سەنگەری چۆڵکردووە و هاوڕێ نزیکەکانی خۆی بە جێهێشتووە.

“کۆسرەت رەسوڵ” دەنووسێت “ئەگەر لەبەر هاوخەباتەکانم و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نەبوایە، بە پێویستم نەدەزانی وەڵامی ئەو تۆمەت و ناهەقیانە بدەمەوە، چوونکە خەڵکی کوردستان لەوە هوشیارترن بە پەلاماری ناڕەوا چەواشە بکرێن و خەڵک دەزانن کێ خزمەتی ئەم میللەتەی کردووە و کێش لە قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا پشتی تێکردوون و جێیهێشتوون، بەڵام هەندێ ناهەقی لەو نووسینەی کاک نەوشیرواندا کراوە کە وەڵامنەدانەوەی دواجار بۆ مێژوو دەبێتە چەواشەکاریی و رەنگە نەوەی نوێی میللەتەکەمان، بە حوکمی تەمەن لەمڕۆدا، ئاگاداری وردەکاریی ئەو رووداوانە نەبن، بۆیە بە گرنگم زانی هەندێ لەو هەڵە و کەموکورتی و ناڕەوایەتییانەی باسیکردوون، راستیانبکەمەوە”.

سەردەمی شەڕی ناوخۆ

کۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە وەڵامدانەوەکەیدا بۆ “نەوشیروان مستەفا”، چاپتەرێکی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لە شەڕی ناوخۆ و وەڵامی نەوشیروان دەداتەوە کە چەندین جار لەلایەن ئەوەوە واتە نەوشیروان داوای لێکراوە، هەڵوێستی توند وەربگرێت لە شەڕی ناوخۆدا لە دژی پارتی و مەیدانی شەڕەکە بباتە ناو هەولێرەوەوە.

کۆسرەت رەسوڵ، نووسیوویەتی “خۆم نادزمەوە لە بەرپرسیارێتی شەڕی ناوخۆ کە نەوشیروان نوسیوویەتی (لەسەردەمی حکوومەتەکەی ئەم برادەرەدا یەکێتیی تووشی شەڕێک بووە لەگەڵ پارتی بە هەموو زلهێزەکانی دونیا ناکوژێتەوە)، بەڵام هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و جەنابیشت شایەتن کە چەند دژی شەڕی ناوخۆ بووم، هەر بۆ نموونە لەساڵی 1991 و تەنیا دوای چەند مانگێک لە راپەڕین، یەکێتیی و پارتی لە ناوچەی دوکان بە هۆی کێشەوە هێزیان لەسەریەک کۆکردبووەوە و خەریکبوو ئاگری شەڕی ناوخۆ لەوێوە دەستپێبکات، هەمان رۆژ چوومە لای بەڕێز مەسعود بارزانی لە هاوینە هەواری سەڵاحەدین و قسەم لەگەڵیان کرد و رۆژی دواتر وەفدێکیان لەگەڵم نارد بۆ دوکان و لیژنەکەمان بردە لای جەنابی کاک مەسعود و کێشەکەمان چارەسەر کرد، ئەوکاتە من نە سەرۆکی حکوومەت و نە جێگری سکرتێر بووم و تەنانەت کێشەکەش لە سنووری مندا رووینەدابوو”.

لە درێژەی وەڵامدانەوەکەشدا ئەوەشی نووسیووە “دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ چەندین جار ئێوە گلەیی ئەوەتان لێدەکردم کە بەشداریی شەڕی ناوخۆ ناکەم، دەتانووت هەولێر چ قودسییەتێکی تێدایە وا کۆسرەت ناهێڵێ شەڕی ناوخۆ بچێتە هەولێرەوە، هەتانبوو کە ئێستا لە قیادەی گۆڕانە، وتبووی ئەگەر کۆسرەت بەشداریی شەڕی ناوخۆ نەکات هەقە لە مەکتەبی سیاسیی لایبەرین”.

کۆسرەت رەسوڵ باس لەوەش دەکات، کە “نەوشیروان” دەیویست لە کاتی پێشوازیی بارزانی لە تاڵەبانی، شەڕی ناوخۆ گەرمتر بکات و سوود لەو هەلە وەربگرێت بۆ پاکتاوکردنی پارتی، چوونکە بە وتەی نەوشیروان نیوە شەڕ هەر شەڕە و دەکرێ زەبری خۆت لە نەیارەکەت بوەشێنیت.

بۆیە کۆسرەت رەسوڵ، نووسیوویەتی “هەر بۆ وەبیرهێنانەوە دەیڵێم لەسەر داوای د.ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی (INC) کە ئەو کاتە یەکێک لە ناوبژیوانەکانی شەڕی ناوخۆ بوو، کاتێ مام جەلال و کاک نەوشیروان لە ئەوروپاوە هاتنەوە شام و بڕیاربوو کاک مەسعود بچێتە ئیبراهیم خەلیل پێشوازییان لێبکات و پێکەوە بێنەوە، لەو کاتانەدا کاک نەوشیروان چەندین جار تەلەفۆنی بۆ من و بۆ برادەران دەکرد، دەیووت شەڕ و نیوە شەڕ هەریەکە هەمووی تەواو بکەن، منیش لە وەڵامدا پێم دەووت قەت شتی واناکەم! ئەوە ئێوە و بەڕێز چەلەبی و هەموو برادەران لە ژیاندا ماون بۆ شاهیدیی.. لە خەڵک بزر نابێ لە سەردەمی خەباتی پێشمەرگایەتی شاخ و دوای راپەڕینیش چەندین جەولەی شەڕی ناوخۆ ئێوە بڕیارتان لێداوە و سەرکردایەتیتان کردووە”.

پاشان کۆسرەت رەسوڵ، زیاتر پێداگریی لەوە دەکات کە “نەوشیروان مستەفا” زیاتر لە هەموو سەرکردەکانی یەکێتی سەرکردایەتی شەڕی ناوخۆی کردووە و دەنووسێت “پێشنیاز دەکەم کاک نەوشیروان، کە خۆی وا نیشاندەدات پشت بە دیکۆمێنت دەبەستێت، بچێت پرۆتۆکۆڵەکانی پەرلەمان بخوێنێتەوە کە کاتی خۆی نەک یەکێتیی، بەڵکو برادەرانی پارتی چاپیان کردووە، یان ئەرشیفی تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان ببینێ تا راستییەکانی بۆ دەرکەوێت و لە نووسینەوەی مێژووەکەیدا تووشی هەڵەی گەورە نەبێت”.

بە ئینقیلاب نەهاتینە حکوومەت

کۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە وەڵامدانەوەکەیدا بۆ نەوشیروان، رەخنە لە هەڵوێستی نەوشیروان دەگرێت کە هەمیشە خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە و دەڵێت “پاش یەکەمین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی 1992 و پێکهێنانی حکوومەت، لە دابەشکردنی پۆستەکانی نێوان هەردوو براوەی هەڵبژاردندا پارتی سەرۆکی پەرلەمانی بەرکەوت و یەکێتی سەرۆکی حکوومەت، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییدا بە گشتیی داوا کرا کاک نەوشیروان ببێتە سەرۆکی حکوومەت، وتی نایکەم، لێمان پرسی بۆ نایکەی؟ وتی، ئەگەر سەرۆکی حکوومەت باشە بۆچی مام جەلال خۆی نایکات؟ ئەوەبوو دواتر کاک د.فوئاد مەعسوم دیاریکرا، پاش ماوەیەکی کورت ئەوان کەوتنە دژایەتی کاک د.فوئاد و دەیانویست لەناو حکوومەت پایەی لاواز بکەن و لە ناو خەڵکدا بیشکێنن”.

کۆسرەت رەسوڵ لە وەڵامدانەوەکەیدا ئەوەش ئاشکرا دەکات، نەوشیروان مستەفا رۆڵی زۆری هەبووە لە تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتی حزب و حکوومەت. تەنانەت نەوشیروان ئەندازیاری تاپۆکردنی سەدان دۆنم زەوی بووە لەسەر یەکێتی. کۆسرەت رەسوڵ دەشنووسێت “لەو سەردەمەدا کاریگەریی حزب لەسەر حکوومەت ئاشکرا و دیاربوو، ئەندازیاری ئەم پرۆسەی حکوومەت و حزب تێکەڵکردنە هەر خودی کاک نەوشیروان بوو کە وەک جێگری سکرتێری گشتیی لە ساڵی 1993 بە رەسمی داوای لە من دەکرد سەدان دۆنم زەوی لە سلێمانی تاپۆ بکەم بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کە یەکێ لەو زەوییانە شوێنی ئەم ئوتێلەی شاری جوانی کاک فاروقی مەلا مستەفا بوو”.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی، هەر لە میانی وەڵامدانەوەکەیدا بە نەوشیروان مستەفا، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات، نەوشیروان مستەفا زیاتر لە هەر سەرکردەیەکی تری یەکێتی، بە تەنگ ئەوەوە بوو حزب هەیمەنەی بەسەر حکوومەتەوە هەبێت. بۆیە دەنووسێت “برادەرانی مەکتەبی سیاسیی، بەوانەی چوونەتە گۆڕانیشەوە، ئەو راستییانە دەزانن کێ دژی جیاکردنەوەی حزب لە حکوومەت بوو؟ کێ دەیویست هەموو بڕیارەکانی حکوومەت و تەنانەت بڕیار لەسەر دامەزراندنی کارمەندێکیش لە بارەگای حزب بدرێت، کاک نەوشیروان ئەوەندە زاڵبوونی هەیمەنەی حزبی بەسەر حکوومەتەوە لا گرنگ بوو کە رەنگە پێویستم بە هێنانەوەی نموونە نەبێ، ئەم بیرەوەرییانەی خۆی کە بڵاویکردوونەتەوە پڕن لە نموونەی دەستوەردانی حزب لە حکوومەت”.

کۆسرەت رەسوڵ نووسیوویەتی “ئەوکات بژێویی خەڵک تا راددەیەکی ترسناک خراپ بوو، دواتر ئاگری شەڕی ناوخۆش هەڵگیرسا، دەستوەردانی دەوروبەر لەناو هەرێم هەبوو، تیرۆر پەیدابوو، تەنانەت تیرۆر کاروانی هاتوچۆی خۆشمانی گرتەوە، باری ئاسایشی ژیانی خەڵک تێکچووبوو، گەنجان بۆ دەربازبوون لەو مەینەتیانە زۆریان رێگای هات و نەهاتی دەرەوەی وڵاتیان گرتەبەر، بریا کوردستان بەو هەلومەرجە سەختانەدا تێنەپەڕیایە بۆ ئەوەی هیچ گەنجێکی کوردستان ناچار نەبوایە روو بکاتە هەندەران، هەرچەندە بۆ ئەوکاتەش ئەمانە بوونە پشتیوانییەکی دارایی بۆ خێزان و کەسوکاری خۆیان و رۆڵیان هەبوو لەلایەک لە ناساندنی کورد و کێشەکەی بە جیهان و زۆرێکیش لەوان توانیان خۆیان دروستبکەن لە ئەوروپا و بوونە خاوەن بڕوانامە و شارەزایی جۆرا و جۆریان پەیداکرد و دواتر گەڕانەوە لە وڵاتەکەی خۆیاندا رۆڵی باشیان بینی لە گەشەپێدانی کوردستان، کەچی کاک نەوشیروان کۆچی گەنجیش وەک دیاردەیەکی مەوزوعی ئەو سەردەمە دەخاتە ئەستۆی ئێمەوە”.

نەوشیروان نەچووەتە ماڵی شەهیدان!

کۆسرەت رەسوڵ، لە وەڵامدانەوەکەیدا باس لە قۆناغی نەوەدەکان دەکات کە وەک سەرۆکی حکوومەت هاوکاریی خەڵکی کردووە و لای نەوشیروان نەنگییە. بۆیە کۆسرەت رەسوڵ دەنووسێت “کاک نەوشیروان هەقیەتی ئاگای لە ژیانی خەڵک نەبوو بێت، چوونکە لە هەموو ژیانیدا سەردانی ماڵی چوار شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی نەکردووە، نەچووەتە گەڕەکێک ماڵی هەژارێک بەسەر بکاتەوە تا بزانێ خەڵک چۆن ژیاوە؟ وا ئێستا هاوکاریی ماڵە شەهید و پێشمەرگەیەک بە تاڵان و بە فیڕۆدان ناودەبات، ئەوەی کاتی خۆی ئێمە کردوومانە چەند گەڕەکێک هەبوو دورلئەمن و هەندێ خانووی حکومی کە دوای راپەڕین ماڵە ئاوارە و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان چووبوونە ناوی، ئێمە بڕیارماندا تاپۆی بکەینە ناوی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانەوە، هیچمان نەبوو پاداشتی ئەو خەڵکە تێکۆشەرەی خۆمانی پێبدەینەوە”.

پاشان نووسیوویەتی “هەقوابوو کاک نەوشیروان بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆماری ئەو رۆژە سەختانەی بڵاوبکردایەتەوە بە چی مەینەتییەک دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەکانمان کردەوە، چۆن توانیمان زانکۆ و پەیمانگەکان دابمەزرێنینەوە، چۆن لە کۆلێژێکەوە دەستمانپێکرد و کردمان بە زانکۆیەک. کاک نەوشیروان بە شانازیی بزانێ موحازەرەی تیابڵێتەوە، تا وایلێهات ئەو رۆڵە جوامێرانەی کورد بە هۆی زیندانیکردن و هەڵهاتنیان لە دەستی بەعس و بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە لە خوێندن مەحروم بووبوون ئەم پەیمانگە و زانکۆیانە بوونە دەرفەتی ئەوەی دوای چەندین ساڵ لە خەباتی پێشمەرگایەتی بگەڕێنەوە سەر خوێندنەکانیان و زۆربەیان زانکۆ و پەیمانگە تەواو بکەن، ئەمە هەقبوو کاک نەوشیروان وەک شانازییەک بۆ حوکمڕانی کوردیی باسی بکردایە، نەک وەک مەحسوبییەت و مەنسوبییەت”.

ناکۆکیی نێوان هەولێر و سلێمانی!

کۆسرەت رەسوڵ، رەخنەش لە هەستی ناوچەگەرێتی لای نەوشیروان مستەفا دەگرێت و دەنووسێت “لە جێگەیەکی تری نووسینەکەیدا دەڵێت (وەختێ حکوومەتی هەرێممان تەسلیمی دەستی ئەم برادەرە کرد یەکێتی لە زاخۆوە تا کفری بەدەستییەوە بوو، بەڵام ئێستا ئەوەتا خۆی و حکوومەتەکەی بە ئاوارەیی لە سلێمانین)، کاک نەوشیروان ئەمە چەند جارێکە ئەو قەوانە لێدەداتەوە و مەسەلەی سلێمانیچێتی و ئاوارەیی دەوروژێنێ و کاتی خۆشی ویستی بیکاتە مەسەلەیەکی سیاسیی و بەو هۆیەوە ناکۆکی بخاتە نێوان خەڵکی سلێمانی و هەولێرەوە، هەرچەندە زۆر برادەری خەڵکی سلێمانیش لەم هەڵوێستەی بێتاقەت بوون و ناڕەحەتن بەوەی هەر جارەی شعوری خەڵکی شارێک بریندار دەکات بە ناوی سلێمانییەوە”.

ئەم جارە کۆسرەت رەسوڵ، رەخنە لە نەوشیروان دەگرێت، کە کاتی خۆی هەموو قەڵەمڕەوی یەکێتی لە کاتی شاخ لە دەستدا و بچووکی کردەوە بۆ شاخی قاسمە رەش. بۆیە دەنووسێت “مێژوو ون نابێ و هێشتا خۆشبەختانە زۆرینەی برادەران لە ژیاندا ماون، ئەگەر مەسەلەکە پێسپاردن و بەرپرسیارێتی بێت ئەوە لە ساڵی 1987 و لە شۆڕشدا، کە مام جەلال سەفەری کرد هەموو ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستانی تەسلیم بە کاک نەوشیروان کرد، کەچی کاتێ گەڕایەوە کاک نەوشیروان لەو هەموو ئەمانەتە تەنیا قاسمە رەشی تەسلیم بە مام جەلال کردەوە و هەموو ناوچە رزگارکراوەکانی لە دەستدا”.

کۆسرەت رەسوڵ لە میانەی وەڵامدانەوەکەدا ئەوەش دەخاتە روو “نەوشیروان مستەفا” لە سەردەمی شاخیش هەمیشە ورووژێنەری مملانێ و ناکۆکییەکان بووە. نووسیوویەتی “ئەوە ئێمە نەبووین لە هەر سەردەم و قۆناغێکی تێکۆشاندا کۆمەڵێ تێکۆشەر ببوغزێنین و ململانێمان لەگەڵ هەموویان هەبووبێ، ئەوەی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نوسیوویەتییەوە کەسی نەهێشتۆتەوە بەخراپ باسی نەکات، خێرە هەموو مەکتەبی سیاسیی خراپ بووبن، تەنیا خۆی نەبێ! هیچ نەبێ رێزی ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسیی بگرێ ئێستا لەسەر گردەکەن، ئەگەر ململانێکان مەسەلەی گەندەڵی ئیداریی و تەخشان و پەخشانە، خۆ سەردەمانی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە و خەباتی شاخ، حکوومەت و ئیمکانیاتمان نەبوو تا گەندەڵی تیا بکرێت و سەروەت و سامان تەخشان و پەخشانی پێوە بکرێت، دەپرسم ئەی کێشەکان و ناکۆکییەکان و تۆمەتەکانی، ئەوکاتە لەسەر چی بوون؟!”.

بێ ئاگایی لە کۆنگرە

کۆسرەت رەسوڵ، لە پرسی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیدا، وەڵامێکی توندی نەوشیروان دەداتەوە و دەنووسێت “کاک نەوشیروان لە شوێنێکی تری نووسینەکەیدا لەبارەی کۆنگرەی دووەمەوە دەڵێ (پێوەرێک نەبوو بۆ ئەندامێتی کۆنگرە، مام جەلال، کۆسرەت، جەبار فەرمان، ئەرسەلان، باجیان بۆ حیمایەکانی خۆیان دابینکرد بەشداریی دەنگدان بن!) رەنگە تەنیا ئەم قسەیەی کاک نەوشیروان خۆی بەس بێت بۆ وەڵامدانەوەی و بە خەڵک بڵێیت قسەکانی کاک نەوشیروان هیچ پێوەرێکی نییە، چوونکە جگە لە کاک نەوشیروان هەموو یەکێتیی دەزانن کە هەڤاڵی کۆچکردوومان کاک جەبار فەرمان نەخۆش بوو، بەشداریی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نەکردووە و ئەو کاتە لە دەرەوەی وڵات بوو، کەچی کاک نەوشیروان بەوە تاوانباری دەکات باجی بۆ هەموو حیمایەکانی کردووە و بەشداریی دەنگدانیان کردووە، ئەمە دەلیلە لەسەرئەوەی گێڕانەوەکانی تریش وەک ئەوەی کاک جەبار وایە و ئەوەیان چەند جێی باوەڕ و راستین، قسەکانی تریش هەر ئەوەندە راستن”.

دواتر کۆسرەت رەسوڵ، رەخنە لە هەڵوێستی نەوشیروان دەگرێت لە کۆنگرەی دووەمدا و دەنووسێت “ئێمە پێمان باش نەبووە بێین لاپەڕەکانی یەکتر هەڵدەینەوە و خیلافەکانی ئێستامان ببەستینەوە بە رابردووەوە، ئەگینا ئەوەی کاک نەوشیروان لە کۆنگرەی دووەم کردی چ پێوەرێکی تیابوو بەعورفی کام وڵات و کۆنگرەی کام حزب ئەو مۆدێلەی داهێنا کە پێش ئەوەی پەیڕەو و پرۆگرام قسەی لەسەر بکرێت پێش هەموو شت و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا دوای راپۆرتی سیاسیی سکرتێری گشتیی بڕیاری هەڵبژاردن درا؟، سەرکردایەتیمان هەڵبژارد بۆ حزبێک کە هێشتا پەیڕەو و پرۆگرامی بۆ دانەنرابوو! ئەمە لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە و کاک نەوشیروان ئەمەی فەرزکرد، بۆیە هەق نییە باسی پێوەر و یاسا و رێسا بکات”!.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.