bafir

کەژاڵ ئیبراهیم خدر : دڵێک لەشەونمی درەخت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1

لە ئاسمانى پڕ گوڵاڵەی عەتری

خەمەکانما

بووى بە فرمێسکی نارنجی

بووی بەشەرابی سەرلێووم

کەچی نەبوى

بەنمەی شەوی باران و

بەسەر لاشەمدا تینوما ببارى ،

2

تۆ دەرگاى ئاسمانێکی ، پڕ ئەستێرەی

گوڵێکی ئەرخەوانی دەدەیت

لەپەڕەی رۆحم

ئەگەر سەمای پەنچەرەی دڵم

ببێتە گوڵە هێرۆی سپی چاوەڕوانی

ببَیتە بووکە بەفرینەو

ببێتە کانیاوێکی گەش

بیرت نەچێ

3

حەز دەکەم تۆ هەرسەماو

سیمای بەفربیت

تاسپێتى و سادەیت

لەنێو دڵما بنوسمەوە

لەتوانەوەدا ببى بە من

ڕۆبچتەو دەریاى شعر و

بۆنی نمەی باران

یان ببە پەلکەزیرێنە

یاخود ببی بەخانە خوێ

4

شەوێکى گەش و زیوین بوو

ملوانکەى ئاسۆی دەریای

دڵت پچڕا

زۆر ماندووم بووم

دەنکەکانیم کۆکردەوە

کردمە ملم

خەمەکانم پێ بەبادا

5

پێنوسەکەم بەئەسپایی

دەپارێتەوەو

تکای شەماڵی زیوینی

ووشەم لێ دەکاو

پێم دەڵێ

هەرشعرى دڵدارى بنوسم و

نەچم بەلاى سیاسەتدا

تریفەى مانگى هەنگوینى

خۆشەویستی هەڵدەوەرێ و

کڵپەى ئاگر بە جەستەدا

6

دەڵێن تۆ شاعێرێکى جوان و

خۆشەویستی و یاخیت

منیش دەڵم ئەگەر پەپولەی ووشەکانم

ئەو وێڵ بونانەی نەبوایە

هەرگیز نەدەبووم بەو ڕێگایە

گەر تاریکى شەوی ئەنگوستەچاوم

نە دیبایە

نەدەبووم بەتریفەی مانگەشەو

نەدبووم بەباوەشی رێگایەکی سەخت و

روناکی رۆژ ، بەم چرایە

چراش لەنێو چاوانی

دیدەی تۆدایە

7

دیاریەکی بچکۆلانەت

بەورشەی گەڵای پایزدا بۆ ناردبووم

ملوانکە بوو

کردمە ملم

ئەگەر جارێ وا ڕێکەوێ

زۆر پەست ببم و تۆ هیچ نەڵێی

ئەو دەبێتە سەمفۆنیایەکی پڕ لەئاوازو

ملوانکەش هیواو زەردەخەنە دەبەخشێ

8

تاڵەفریشتەیەکانی سپیەتی

قژتم بدەیە

با لەناو ئاسمانی چاوەکانم

بیانکەم بە ژێ

بیان کەم بە گوڵی ڕایەڵەی ئاواز و

پەنجەی نەرم و نیانی تۆ بیان ژەنێ

9

چاوت ، بزەو زەردەخەنەی لێوەکانت

میهرەبانی شعرمە و

تنۆک تنۆک

بەرائەتی پەڕوای شعر دەینوسێ

هەرکاتێک بیەوێ

سەوزایی قەلەم دەنوسێ

هەندێک جاریش

دەبێتە زریان و

چاوەکانت ،، گەش دەکات و

سۆزی دڵم دات دەپۆشێ

10

نازانم تۆ بۆ دەتەوێ

سەرەتاى وەرینی

ورشەی گەڵاکانی پایز بێت و

هەناسەی ئازار بپشکوێ

نازانم بۆ دەتەوێ

وەرزی جریوەی بەهار بێت و

بزەو خەندەیەک بتگرێ

من دەمەێ هەناسەمت تێکەڵ بکەم

بتکەمە

چوار وەرزی سروشتی ساڵ

باڵات شعرەکانم داتپۆشێ

خۆشەویستی مانگەشەوی

بریسکەی هەورە تریشقەو

گزنگی خۆری ئاوابوون بتنوسێ

11

دوو عاشقین

دوو چڵە رەیحانەی رەشین

دوو کەژاوەی ڕووبارێکی سەرە رۆین و

بەئەندازەی گوڵە نێرگز

بەیەک بگەین

دەبین بە سێ

تۆ ببە بەکانیاوی دڵم و

منیش نمەی بارانی چاوی تۆ

تۆ روبارێکی مەنگ بەو

منیش دەریایەکی هێمن

دەبینە یەک سەرچاوەی شعرو

لە ناخمانا تەرزەی بارانی

عەشق دەپشکوێ

12

کاتێ تۆ بووى بە سەوزایی باخێک

منیش دەبم بەچرای گەش

دەبم بەگەڵای وەرینی خونچەی

خۆشەویستیت

دەبم بەئاوازێکی بیدەنگ

دەبمە شنەی شەماڵی رۆحت

دەبمە سەمفۆنیای شەوێکی

پڕ ئاهەنگ

13

هەندێک جار

گوڵێکى جوان و نەشمیلەی

لەناو لەپی

دەستە نەرم و نۆڵەکانی

دەستمدا هەڵدەوەرى

دەکەویە بازنەى شەوێکی کپەوە

دەمەوێ بتکەمە دڵۆپێ

لەگوڵاوی یادگاریەکانی رۆحم و

تۆ بۆمن ببە بەچۆراوگەی

بن گوێسەبانەی ناکامی عەشقی

14

پەڕوای فرمیسکەکانتم بۆبکە شعر

نەخشابێ بەووردە پەپولەی

سپێدەی ئەستێرەی ئەسرینی چاوەکانت

پری کە لە بریسکەی ووردە شەونم

بیکە بە شەماڵی بەیانیانی وەنەوشەیی

منیش پەراوێکت بۆ دەکەم

لەپەلکەگیای دارچنارێکی غەمگین

کەوەرزی گەڵارێزان و

دابڕانی پایز هات

دەیکەمەئاسمانی باڵای

زەردەپەڕی ئێوارانی عەشقت

دای دەماڵم لەبەرگی خەفەت و

بیسرمەوە ئەسرینت

15

من هەمیشە تەنهام

وەک شەپۆلی دەریای بێ ناونیشان

وەک کانیاوێکی بێ نمەی باران

من باڵام بۆتە مەلێکی پێکراو

دەریای دڵم هەرگیز

ئۆقرەناگرێ و ناخەوێت و

خەوی نایە

نازانم کەی دەریای باڵام

بەروباری باڵات دەگات

بیرم نایە و بیردەکەمەوە

لەکەیەوە لەگەڵ مایە

16

کەجگەرە لەنێو لەپێ دەستما

دادەگیرسێنم

ژینم پڕ دەبێ لەخەیاڵی باڵندە

باڵندە دەبێ بەچرۆی شعرو

هەناسەی تەزیووی دڵیشم

بەرەو ئاسمان

وەک چۆلەیەکی تەریوو هەڵدەفڕێ

کەچی دەریا وەکوو دڵی من وایە

قەت ئازاری خەمەکانی لەمن ناچێ

17

ویستم سەردانی هێشووە ترێی

باخی چاوانت بکەم

بەبەستەیەک بتلاوێنمەوە

دەستت بگرم

لەگەڵتا بێم و بچم

لەگەڵ تاوەبارانێکی ناوەختا

لەودیوو لقی شۆری دراهەنارێ

بتکەم بە چرای شەرابی رۆحم و

ببیە بارانێکی رەنگاڵەو

شەونم بەسەر رووماندا ببارێ

18

من نامەوێ هەرگیز بەهرەی

گووڵی ووشەکانی شعرم

کۆتایی بێ

من نامەوێ ژیان منی بیرچێتەوەو

ژیانیش بکەم بە دۆزەخێ

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت