هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

1

نمە نمە وەکوو باران

وەک هەڵوەرینی

گوڵەکانی گەڵاڕێزانی پایز

وەک روباری باخچەی دڵم

دێمە پەرژینی دڵتەوە

تائاسۆی خۆریکی کەش

لەدڵمانا ببێتە هەڵاڵەی خۆشەویستی و

گەش ببمەوە

2

گوڵیت وەک شەونمی بەربەیان

زەوی دڵی خۆی خۆشدەویت

بەشەرمەوە پێدەکەنێت

ماچی لێوت سپێدەیەکی گەش و

دڵیشت خونچە چرۆیەکی ئاوەدان

3

وەک گوڵی هەنار تەڕیت

وەک کاتژمێرەکەی دڵی دەستم

دەنەخشێنیت جوانی روبار

مانگیت وەک خەرمانەی تریفە

ماسی دەریایت

لەشەپۆلم نابیتەوە

وەک ئاوازی مۆسیقا

تیشکی گەشیت

4

چرایەکی بۆشەوانی تەنهایی

فریشتەیت و، بەرگی رەشت نەپۆشیووە

نۆتەی دەنگم

بۆبارانی دڵت لێ دەدات

بارانێکی بۆ دڵی زەوی

تەڕیت وەک کزەی با

ئاسمانیت پڕیت لەئەستێرە

شنەی شەماڵیت بۆورشەی گەڵا

5

جوانیت لە پەپولە دەچیت

باخچەیەکیت

بۆپشووی ئێواران

لەسێبەرما دەبرسیکێتەوەو

دەڵیت ئاونگی شەونمیت

6

هەتاویت

بۆتریفەی مانگ

دەڕژێیتە هەناومەوە

لقی گەڵایەکی وەنەوشەیت

بەخۆشەویستیت دەژێمەوە

7

شمشاڵی گەروی شوانیت

تابلۆی دەستی نیگارکێشی و

کۆترێکی ئاشتی زۆرتوڕەیت

کە دەواری خۆشەویستیت هەڵدەدەیت

سێبەری رێژنەی بارانیت

هەناسەی هێلانەی ژیانیت

 

8

زریانێکی ناوەختیت

لەسەرخۆشی بەدمەست دەچیت

کە دەریا شەپۆل دەدا

وەرزی خۆشەویستی

لەباخچەی دڵما هەڵدەکا

9

هەوری سپیت

دڵت شەونمی بەیانەو

جوانی ژیان دەنوسیەوە

هەندێک جاریش بەسەر

لاشەی پڕ لەئازاری مندا

رەنگاو رەنگیت

10

 

لەورشەی گەڵای داردەچیت

ملوانکەی بۆگەردنم

ناسکیت وەک ئاوێنەی رۆحم

ئاسمانێکی پرئەستێرەی

بەئەسپایی دێیت و دەچیت

 

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە