هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

کەم نین ئەو بەهرەمەندانەی کە بەهرەکانیان بە زمانێکی دیکەی دوور لە زمانی دایک دەتەقێتەوە. ئەوانە توانا هونەری و ئەدەبیەکانیان  بە زمانێکی دیکە   و لە نێو ژینگەیەکی دیکەدا جوانتر و باڵاتر بەرجەستەدەبێت. لە نێو زۆر نەتەوەدا ئەم دیاردەیە بەدی دەکرێت. کوردیش لەم  حاڵەتە بەدەر نیە و چەندین نووسەر، شاعیر، دەنگبێژ، موزیکژەنمان هەن کە بەرهەمەکانیان بۆن و  مۆرکی نەتەوەیەکی دیکەی پێوەیە، یاخود  هەیە کە کوردیانە ئیبداع دەکات بەڵام بە زمانێکی دیکە دەری دەبڕێت. ئیدی لە بواری هونەردا بێت یا ئەدەب. نمونەی زۆر لەبەردەستدان وەک ئیبراهیم تاتلاس، مەسعود قەرمز گوڵ، ئەحمەد قایە،  یەشار کەمال، شەهرامی نازری، قوتبەدین سادقی، سلیم برکات، جعفر حسن، نەسیر شەممە، زوهدی داودی و چەندین بەهرەمەندی دیکە.  زۆرجار ئەم مەسەلەیە بووتە جێگەی ڕەخنەو گازندە لەلایەن خودی هاونەتەوەکانی خۆیانەوە. لێ  بەڕای من ناکرێت و درووست نیە، کایەی ئیبداعی تەنها لە بۆتەی نەتەوەیەکدا قەتیس بکرێت و مۆرکێکی تایبەتی پێبدرێت. بەهرە بەهەموو بەشەکانیەوە  کایەیەکی ئینسانیە بەر لەوەی نەتەوەیی بێت. هەربۆیەش گەرەکە بە دیدێکی فراونی جیهانیەوە لێی بڕوانین.

یەکێک لەو نمونانەی  کە  لەنیو  نەتەوەیەکی دیکەو بەزمانیکی دیکە بەهرەمەند بووەو، گەرکمە تیشکی بخەمەسەر [کارەپێتا خەجۆیە]

{کارەپێتا خەجۆ } ساڵی [1900]*  لە گوندی {بیلیەدەر}  کە ئێستا ناوی بیناتلیە سەر بە باتمان، لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی لەدایک بووە.  دانیشتوانی گوندەکە  تێکەڵەیەک بوون لە ئەرمەنی و کورد، کارەپێتا لە منداڵیدا زۆر تێکەڵاوی منداڵە کوردەکان دەبێت و دەبێتە هاوڕێی نزیکیان. لە کاتی وازیکردندا گوێ بۆ ئەو گۆرانیە فۆلکلۆریانە ڕادێرێت، کە زاڕۆکە کوردەکان دەیانچڕی، هێدی هێدی کەرەپێتا هەم فێری زمانی کوردی و هەم فێری ئەو گۆرانیانەش بوو، کە زاڕۆکە کوردەکان لە کاتی وازی و کاری مەزرادا دەیانچڕی، گۆرانی چڕین بەکوردی بووە خولیاو عەشقیکی گەورەی. لەو سەردەمەدا   هێندەی گوێبیستی ئاوازە کوردیەکان دەبوو هێندە گوێبیستی ئاواز و گۆرانی ئەرمەنی نەدەبوو.

دەمێک دەوڵەتی عوسمانی جینۆسایدی ئەرمەنەکانی دەستپێکرد  [1915] خێزانی کارەپێتاش وەک هەموو خێزانە ئەرمەنیەکانی دیکە بەر ئەم شاڵاوە بەدناوە کەوتن. لەو خێزانە وێرای کارەپێت برایەکی بەنێوی ئەبراهام و دوو خوشکی بە نێوەکانی مانووشاک و خەزال لەو کۆمەڵکوژیە دەرباز بوون.  ئەمەش جۆرێک بوو لە موعجزە، چونکە  یەکێک لە جەندرمەکان ڕێگەیان پێ دەدات کە وەک هەزارەها ئەرمەنی دیکە ڕەو بکەن. وەک دەڵێن پێدەچێت کرمانج زانینەکەی یارمەتیدەر بووبێت لەو مەسەلەیەدا . شانس یاوەریان بوو کە لەو ڕەوە دوورو گرانەدا بە نەخۆشی و لە برساندا نەمردن. لە کاتی ڕەوکردندا دەگەنە گوندێکی کوردنشین  لە نزیک دیاربەکر. گوندیەکان  لە خۆیانیان دەگرن. بۆ پاراستنی ژیانیان  وا بڵاو دەکەنەوە کە موسوڵمان بوونە.

لە گوندەکەدا  کارەپێتا جۆرەها کار دەکات، لە شوانی، گاوانی، کارکردن لە مەزرا و زۆر کاری تر. لەپاڵ کارکردندا  بەردەوام دەبێت لە گۆرانی چڕین. ناوبانگی ئەو منداڵە بە گوندەکەدا بڵاو دەبێتەوە و ئاغای گوندەکە دەیگرێتە خۆ و دەیکاتە گۆڕانبێژ یا دەنگبێژی دیوەخانەکەی خۆی. پاش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم. کارەپێتا ئەو  گوندە بەجی دە‌هێڵێت و پەیوەندی بە هێزی کۆماندۆی فەرەنسیەوە دەکات، لە [کەتیبەی چەکدارە بێگانەکان] .ئەو دەم بارەگای ئەم کەتیبەیە لە ئەسکەندەریەی میسر دەبێت.

پاش ماوەیەک لەگەڵ چەند سەربازێکی دیکەی فەرنسیدا لەهەمان کەتیبە دەینێرن بۆ  قامشلۆ. لەوێ کچێکی ئەرمەنی بەنیوی {یرڤا] دەناسێت و ساڵی [1936]  هاوسەرگیری دەکەن. بۆ ماوەی {15} ساڵ لە ڕیزەکانی سوپای فەرەنسادا دەمێنێتەوە. ساڵی {1946} واز لە کەتیبەکە دەهێنێت و لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی سەفەری کۆماری ئەرمینیا دەکەن و لە یەرێڤانی پایتەخت جێگیر دەبن.

لەوێ  لە ڕادیۆی یەریڤان بەشی کوردی  دەست بە کار دەبێت.

بەهۆی ئەوەی دەنگی خۆش بووەو زۆرێک لە گۆرانیە فۆلکلۆرە کوردیەکانی لەبەر بووە، دەست دەکات بە چڕینی ئەو گۆرانیانە. ئیدی هێندی هێدی بە هۆی گۆرانیەکانیەوە، ناوبانگ دەردەکات و خۆشەویستی خەڵک بۆی زیاد دەبێت. تا دەمی نەمانی ڕادیۆی یەریڤان ئەو مرۆڤە مەزنە لەوێ لە خزمەتی گۆرانی کوردیدا بووە، بە تایبەت گۆرانی فۆلکلۆر . ئەو توانی زۆرێک لەو گۆرانیانە لە  فەوتاندن ڕزگار بکات و بە گوێگرانی ئاشنا بکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر گۆرانیەکی دەچڕی پاشان دەکەوتە سەر زاری گوێگران و بەم جۆرەش دەماودەم دەڕۆیشت و نەوە دوای نەوە دەیانگووتەوە.

لە ساڵانی نەوەدەکان بەدواوە ، ئەودەمەی پەیوەندیکردن و سەفەر بۆ ئەو وڵاتە واتە ئەرمینیا، ئاسان بوو  ئیدی خەمخۆران و گرنگیدەران بە فۆلکلۆری کوردی سەردانیان دەکردو بڕێک لە گۆرانیەکانیان بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار دەکرد یا دیمانەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدا .[ مەد تێڤێ ] کە یەکەم کەناڵی ئاسمانی کوردی بوو  گرنگیەکی باشی بە هونەری ئەو مرۆڤەدا. هاوکات بەردەوام لە کۆڕو دانیشتن و ئاهەنگ و بۆنە کوردیەکاندا بەشداری دەکرد و گۆرانی بۆ ئامادەبووان دەچڕی.

ئەم هونەرمەندە خاوەن پایە بەرزە، پاش ئەوەی {55} ساڵ خزمەتی گۆرانی کوردی کرد، ڕێکەوتی 15.01.2005  لە یەریڤان کۆچی دوایی کرد. پاش خۆی ئەرشیفێکی مەزنی لە بواری گۆرانی فۆلکلۆردا بەجی هێشت. سەدەها بابەت لە گۆڤارە و بڵاوکراوە کرمانجیەکاندا  یا بەزمانەکانی دیکە لەبارەوە نووسراون. گرنگەکەیان کتێبێکە بە نێوی [سەدەیەک لە  هاوار ] کە نووسەری کورد {ساڵحی گەڤبڕی} بە زمانی تورکی ساڵی [ 2002 ]نووسیویەتی. شایانی ئاماژەیە پاش هەفتەیەک لە دەرچوونی ئەم کتێبە، لە هەموو تورکیادا قەدەغەکرا. ئەو مرۆڤە مەزنە ئەوەی  هەستی بزواندوەو خۆشی ویستوەو دڵی بۆی لێداوە، هونەری گۆرانی فۆلکلۆر بووە، لەو ڕێگەیشدا خزمەتی مەزنی کردوە.  وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەم گرنگیەی کارەپێتا بە فۆلکلۆری کوردی بەهۆی ئامێتەبوونیەوە بووە بەو فۆلکلۆرە  لەسەردەمی زاڕۆکیدا. واتە ئەو ژینگە کوردیە وای کردووە کە  زیاتر مەیلی بۆ گۆرانی کوردی هەبووبێت. ئەم نزیکیەی کارەپێتا لە هونەری گۆرانی کوردی نەیتوانیوە لە ژینگە ڕەسەنەکەی خۆی کە ئەرمەنە دایببڕێت، تاکو ساتی کۆچیی دوایی شانازی بە ئەرمەنی بوونی خۆیەوە دەکردو ڕێزێکی زۆریشی لە نێویاندا بۆ خۆی پەیدا کردبوو، هاوکات  هەمان ڕێزو خۆشەویستی لە نێو کوردانیشدا هەبوو  وە دۆستێکی دانەبڕاوی گەلی کورد بوو.

لە زۆربەی گۆرانیە فۆلکلۆریەکانی کارەپێتا ، چیرۆکەکانی ئەوینداری، سوارچاکی، ئازایەتی، زوڵمی داگیرکەران،  ململانێکی ئاغاکان، زۆرداری بەگ و ئاغاکان بە  پاڵە و جوتیاران و زۆر ڕووداوی کەی بەرجەستە کردوە. کەئەمەش بەنرخترین و دەوڵەمەنترین تۆمارگایە بۆخۆی، چونکە لەو سەردەمەدا جگە لە گۆرانی، بەتایبەت لاوک، یا خود  شعر، ئامرازی دیکە لەبەردەستدا نەبوون بۆ کۆکردنەوەو پاراستنی ئەو  ڕوداوە چیرۆک ئامێزانە. کەرەپێتا  گەنجینەیەک گۆرانی لەدووی خۆی بە جێهێشت، هێندە زۆرن ناکرێت لێرەدا ئاماژەیان پێبکەم. بەڵام چەند گۆرانیەک هەن کە زۆر بە قوڵی جێگەی خۆیان لای خەڵک کردوەتەوە، کە بریتین لەم  گۆرانیانە:

ئای لۆ مێرۆ، ئادولێ، چومە جەزیرێ، لێ دایکێ، لاوکێ مەتینێ، فیلێتێ قووتۆ، کە بەناوبانگترین گۆرانیەتی.

سەرنج

* ساڵی لەدایکبوونی کارەپێتا دەقیق نیە و تا ئێستا ساغ نەبووەتەوە، چونکە لە نیو ئەو سەرچاوانەی من سەیرم کردن، چەندین بەروار وەک ساڵی لەدایک بوونی بەرچاو دەکەون ، کە بەم جۆرەن :

1895.1900،1902.1903،1905

*زۆر سوپاسی کاک هۆزان بەنگی دەکەم کە  لە نووسینی ئەم بابەتەدا کۆمەکی کردم.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت