هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لەو وڵاتانەی کە یاسا تێیدا سەروەرە و ئاسایشی هاوڵاتیان بە هەند وەردەگیرێت، هەر کاڵایەکی نوێ، دەرمانێک، جۆرە خواردنێک کە دێتە وڵات، بەر لەوەی بخرێتە بازارەوە، بە فلتەری کوالەتی و تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت. گەر گونجاو بوو ئەوە دەخرێتە بازاڕەوە و بە پێچەوانەشەوە ئەوە ڕێگەی پێ نادرێت.

ئەم یاسایە خواردنی فکریش دەگرێتەوە، دەمێک کتێب، گۆڤار، فیلم و بەرنامەو هەر شتێکی دیکەی بیسراو بینراو خوێندراو بەر لە ڕێگە پێدانیان بە پەخش و بڵاوکردنەوە یا فرۆشتنیان لە بازاڕدا گەرەکە بە فلتەری لایەنە پەیوەندیدارەکان و سانسۆری بڵاوکراوەدا تێپەڕن.
گەر باسی کوردستان بکەین بۆ نمونە کتێبێکی وەرگێڕدراو بۆسەر زمانی کوردی، پێوستە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، لایەنە باش و خراپەکانی، زیان و سوودەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا دەستنیشان بکات. ئەودەمە گەر زانرا زیانبەخشە، نابێت ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی بدرێت.
هەریمی کوردستان وێرای ئەوەی بوتە شوێنی ساغکردنەوەی خراپترین و مەترسیدارترین شمەک و کاڵا و خواردن، هاوکات بووەتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بڵاوکردنەی جۆرەها کتێبی بێ کەڵک و زیانبەخش.
برێک لەو کتێبانە نووسەرەکانیان کوردن یا لە لایەن کوردەوە لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. نووسەری ئەو کتێبانە زۆربەیان کەسانی موسوڵمانی تووندرەو، دژە ئینسان، ئەقڵ وشک، داعش بۆچوون، سەلەفی و وەهابی ڕەوتن. ئەو کتێبانە لە بری بە خشینی زانست و مەعریفەو ئاسودەیی بە خوێنەر، لەبری ئەمانە خوێنەر دووچاری دڵتەنگی و تووڕەیی و دواکەوتوویی دەکەن. جگە لەمانە خوێنەر دوور دەخاتەوە لە شارستانی و نامۆدەبن بە خۆشیەکانی ژیان و دەبنە لەمپەر لەبەردەم هەموو پێشکەوتنێکدا.
هەندێک لەو کتێبانە هێندە مەترسیدارن لەگەڵ ڕەوتی داعشدا جیاوزیەکی ئەوتۆیان نیە.  داعش مرۆڤ دەکوژێت، ئەو کتێبانەش ئەقڵ دەکوژن و وێرانی دەکەن. سەیر لەوەدایە تا ئێستا نەتوانراوە سنورێک بۆ ئەو جۆرە کتێبە پڕ ژەهرانە دابنرێت.
جێگەی خۆشحاڵیە کە ئیمساڵ لە پێشەنگای نیودەوڵەتی کتێب لە هەولێر هەندێک لەو کتێبە زیانبەخشانە قەدەغەکران، بەڵام ئەوە بەس نیە ، گەرەکە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاگای لە بازار بێت ،کە زۆرێک لەو کتێبانە بە جۆرەها شێوە دەکەونە دەستی خوێنەر یا لە کتێبخانەکاندا بوونیان هەیە.
{زیانەکانی گۆرانی و مۆسیقا لەژێر ڕۆشنایی قورئان و سوننەت و وتەی زانایاندا}
ئەو کتێبەیە کە دەمەوێت تیشکی بخەمەسەر. کەسێک بە ناوی مامۆستا ئەبوبەکر ئەحمەد ئەم کتێبەی نووسیوە، بۆ سێ جاریش چاپکراوەتەوە. بەکوورتی و کوردی نووسەری کتێب پێمان دەڵێت: گوێگرتن لە گۆرانی و موزیک حەرامەو زیانبەخشە، ئامۆژگاریمان دەکات کە دووربکەونەوە لێی.
دەپرسم ئایا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاگاداری بلاو کردنەوەو چاپکردنیەتی؟ گەر وەڵام بەڵێیە ئەوە کارەساتە، خۆ گەر ئاگایان لێی نیە و لەدەرەوەی وەزارەت چاپکراوە، ئەوەشیان هەر کارەساتە. جگە لە سعودیەو کوردستانی بێ خاوەن و بێ یاسا، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهاندا بەم شیوەیە و وا بە ئاشکرا، هەوڵی قەدەغەکردنی خۆشیەکانی ژیان نەدراوە. ئاخر ناکرێت و ڕەوانیە ئەم ئەقڵیتە دواکەوتووە مداخەلەی هەموو کایەکانی ژیانمان بکات و خۆی بسەپێنێت .
ڕۆژێک پۆشینی جلی جوان، ڕۆژێک چونە دەرەوەی مێینە، ڕۆژێک بۆن لە خۆدان، ڕۆژێک بەخشینی ناوی کوردی بە منداڵی لەدایکبوو، ڕۆژێک نەورۆزو سەیران قەدەغە دەکەن یا فەتوای حەرامکردنیان دەدەن، ئیستاش هاتوونەتە سەر حەرامکردنی گوێگرتن لە موزیک و گۆرانی. لە کن من هەوا چەند پێویستە بۆ مرۆڤ هەرواش موزیک پێویستە. ئاخر موزیک خواردنی ڕۆحە، چۆن دەبێت ڕۆح لەو خواردنە حەرام بکرێت؟ دەسەلاتی کوردی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چۆن ڕێگەدەدەن بە کەسێکی مێشک و هەست گووشراو تا کتێبکی وا بنووسێت و دەرخواردی خەڵکی بدات؟
لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا زانست و هونەر بڕێک گەشەیان کرد، بەتایبەتیش هونەری موزیک، کە ئامێری عود یەکێک بووە لە ئامێرە بەرچاوەکان وڕۆلی سەرەکی بینیوە لەو پێشڤەچوونەدا. مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە هارونە ڕشید گوێگرێکی بەردەوامی موزیک بووە. ئێوارانی کەناری دجلە لە بەغدا بە سەدای موزیک و ئاوزی گۆرانی و شەراب نۆشین گەرم کراوە. ئیسحاق موسڵی و زریابی عەبقەری بەرهەمی ئەو سەردەمە زێڕینەبوون کە لە مێژودا بە باشترین و بلیمەتترین موزیکژەن هەژمار دەکرێن، بەتایبەتی زریاب. بەڵی موزیک لەو سەردەمەدا ڕێگە پێدراو بووە وخەڵکان لەگەلیدا ژیاون و چێژیان لێوەرگرتووە. کەچی ئیستا هەندێک مێشک ژەنگاوی دەیانەوێت ئەو خواردنە ڕۆحیەمان لێ قەدەغە بکەن.
من لێرەوە پێشنیار دەکەم بۆ سەندیکای موزیکژەنانی کوردستان، یا هەر دەزگایەکی هاوشیوە، داوای یاسایی لەسەر نووسەری ئەو کتێبە تۆمار بکەن. چونکە ڕێگەدان بەو جۆرە کتێبانە، بەدووری نازانم لە ئایندەدا کتێبێکیش سەبارەت بە قەدەغەکردنی پێکەنین بێتە بازاڕەوە.

سەرنج/
ماوەیەک لەمەو پێش کتێبێک بەرچاو کەوت، دەربارەی حەرام کردنی شۆفێری بۆ ژنان . ئەم کتێبە چەند وەهابیەکی تووندرەوی سعودی نووسیویانە و لەکوردستان کراوەتە کوردی و بە ئاسانیش بڵاو کراوەتەوە.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە، هەم وەزارەتی ئەوقاف و هەم لیژنەی فەتوا ئەو کتێبەیان ڕەتکردوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت