هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دەسەڵاتێکی سەیرو سەمەرە لە کوردستان حکوم دەکات. ئەو کارانەی گرنگن و هەنوکەین توخنی ناکەوێت، بەڵام دەست بۆ جۆرە کارێک دەبات کە نە بایەخێکی ئەوتۆیان هەیەو نە لە نێو ئەولەویاتی کاردان، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەیە نیشانی بدات کە خزمەتدەکات.
لە دوای ڕاپەڕین و لەو دەمەی خەڵکەکەی هەڵەبجە هێدی هێدی گەڕانەوە باژێڕەکەیان. بە پێی ئاماری دەزگا پزیشکیەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی باژێڕەکە، بەتایبەت {کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی} دەرکەوت، کە زیاتر لە شەش هەزار بەرکەوتوی کیمیاوی هەن و پێوستیان بە چارەسەری بەردەوامە. لەوانە ژماریەکی زۆریان کە پتر لە هەزار کەس دەبن، برینداری سەختن، ئەو بریندارانە گیرۆدەی دەستی ئەو کارەساتەن و کاریگەری کیمیایی ژیانیانی سەخت و تاڵ کردووە، ڕۆژ بەڕۆژ لە جەستەو تەندروستیان دەبات، هەندێکیشیان بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە ماڵئاواییان لە ژیان کردوە ،کە زیاتر لە [90] کەس دەبن.
لەبری ئەوەی دەسەڵاتی کوردی گرنگی پێوست بەم نەخۆشانە بدات.
لەبری ئەوەی بودەجەیەکی تایبەت بۆ چارەسەریان تەرخان بکات.
لەبری ئەوەی خەستەخانەکەی هەڵەبجە کە دەساڵ لەمەوبەر بۆ چارەسەریان دراوستکراوە بخاتە کار.
دەچێت خۆی بە شتی لاوەکیەوە خەریک دەکات، کە هیچ گۆڕانکاریەک لە ژیانی خەڵکی باژێڕەکەدا ناکات.
سەیرە، هەموو ساڵیک لە نزیکبوونەوەی یادی هەڵەبجەدا، دەسەڵاتی کوردی و بەرپرسانی ئیداری و حیزبی باڵادەستی ئەو باژێرە، بە چەند کارێکی بێبایەخەوە، خەڵک و میدیاکان بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن. بۆنمونە ئیمساڵ بە هێنانەوەی قاوغی فڕۆکەیەکی جەنگی خەڵکیان خەریک کرد، کە گوایە یەکێک بووە لەو فڕۆکانەی بەشداربووە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا.
دەپرسم ئەم کارە چ دەگەیەنیت بۆ هەڵەبجەییەکان ؟
چ پەیوەندیکی دەبێت بە چارەسەری بریندارانەوە ؟
چ واتایەکی دەبێت بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵکی باژێرەکە؟
بۆ هێنانەوەی ئەم فڕۆکەیە خرایە ئەم کاتەوە؟ ئایا ئەمە مەغزاو مانای ئەوەنیە کە خەڵکی هەڵەبجە خواست و کێشە سەرەکیەکانیان لە یاد بکەن ؟
بۆ نەیانخستە دوا یا پێش یادەکەوە؟
جگە لەوە چ بەڵگەیەک هەیە بیسەلمێنێ کە ئەو فرۆکەیە یەکێکە لەو فرۆکانەی هەڵەبجەیان بۆردوومان کرد؟
گەر دەسەڵاتی ئەو باژێرە و بەرپرسانی حیزبی باڵادەست، کۆکردنەوەو پاراستنی هەرچی کەلوپەلە کە پەیوەندیدارە بە کارەساتەکەوە، بەلایانەوە گرنگە، بۆ هەرگیز بیریان لە کردنەوەی مۆزەخانەیەکی تایبەت نەکردوەتەوە ؟ کە تا ئێستا بەناوی هەڵەبجەوە پارەی چەندین مۆزەخانە خوراوە.
گەر ئەو کارەیان ئەنجامبدایە، ئەودەمە هێنانەوەی ئەو قاوغە فڕۆکەیەش گرنگی خۆی دەبوو. بەڵام هێنانەوەی لەم کاتەدا بەڕوونی دیارە کە مەبەست دڵسۆزی نیە، بەڵکو خۆ دزینەوەیە لە ئەرکە سەرەکیەکان.
کەی نەخۆش و بریندارنی چەکی کیمیاویان نارد بۆ ئەورپا بۆ چارەسەر {نەک بۆ ئیران] .
کەی خەستەخانەکەی هەڵەبجە {تایبەت بە چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی} کەوتە کارو و گەندەڵی و پارە خواردن تێیدا کۆتایی هات.
کەی تاریق ڕەمەزانی تاوانبار کە نکولی نەکردوە لە بەشداری کیمیاباراندا، هێنرایەوە و درا بەداگا.
کەی لێپرسیەوە لەو سەرکردەیە کرا کە بەتەلەفۆنێک فەرمانی ئازدکردنی تاوانبار تاریق ڕەمەزانی دا.
گەر ئەم خاڵە لە پێشینانە جێبەجێ کران، ئەو دەمە هێنانەوە و نمایشکردنی ئەو قاوغە فڕۆکەیەش شوێنی خۆی دەگرێت.
ئاخر تا ئێستا نزیکەی [100] بریندار بە هۆی بێ چارەسەریەوە گیانان لەدەستداوە، گەر کار وا بروات هێدی هێدی ئەوانی دیکەش گیان لەدەستدەدەن.
سەرانی دەسەلاتی کوردی و دووحیزبە دەسەڵاتدارەکە بۆ گچکەترین نەخۆشی خۆیان یا خێزانەکەیان بۆ چارەسەر دەچنە ئەروپا، مەگەر تەنها لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە، نەخۆشخانەکانی کوردستانیان دیبێت. دەی با ویژدانیان ببزوێت و لە پارەی دزاراوی ئەو خەڵکە بەدبەختە بودەجەیەک بۆچارەسەری ئەو بریندارانە تەرخان بکەن . با نەبوونی پارە نەکەنە بەهانە. چونکە کەس بڕوا بەو بەهانەیە ناکات.
بۆ ئەوەی بریندارانی دیکە، وەک مامۆستا کاملیان بەسەر نەیەت، کە تا غازەکە کاری خۆی نەکرد، نەیاناردە هەندەران بۆ چارەسەر، ئەرکی بەپەلەی دەسەڵاتە بە پێی پلانێک و بە دابینکردنی بودجەیەک ، خەمی چارەسەریان بخوات.
لە ئێستادا ئەنجامدانی ئەو ئەرکە زۆر پیرۆزتر و گرنگترە لە هێنانەوەی قاوغی فڕۆکەیەکی ژەنگاوی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت