هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئەم هەموو خۆڕادان، خۆهەڵکێشان و خۆفشکردنەوەیەی بەناوی ئەوەی گەلی کورد، شەڕیی داعشی کردووە و قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی، ڕابەرایەتیی ئەم موقاوەمەتە سەرسەختانەیەی کردووە، جگە لە درۆیەکی گەورەی کوردایەتیی، شتێکی تر نییە.
ئەو وەزیری پێشمەرگەیەی جاران ( موصطەفای سەیید قادر) لەسەردەمی صەدام و شەڕیی ناوخۆدا، ناوی بە پیاوی موهیماتی صەعبە ( ئەرکی قورس= Heavy duty)، رۆیشتبوو، ئێستا یەکێکە لە جەبانتریین سیاسیی و عەسکەرییەکانی ناو گۆڕان. ئەگەر ئەم پیاوە شەهامەتی تێدابووایە، پاش ئەو ماوە زۆرەی کە ئێزیدییەکان، بە تەحالوفی داعش، تورکیا و پارتیی، ئێثنۆساید ( سڕینەوەی نەژاد و کەڵت ) کران، دەبووایە، زاری هەڵبهێنایەتەوە و لای کەم لە پرێس کۆنفراسێکدا، نهێنییە شاراوەکانی پشت ئەو کەمپەینەی داعشی کەشف بکردایە. ئێستایشی لەگەڵدا بێت کە نایکات، یان ئەوەتا لەلایەن لۆردەکانی کوردایەتییەوە کڕدراوە و لە صەفاقاتی زۆر خراپدا، دەستوپێیان بەستووەتەوە، یان ئەوەتا گۆڕان، کوردەنامووسیی دەکات و ئەم مەلەفە سەختە، دیزە بەدەرخۆنە دەکات.
شاعیر و سیاسەتمەداری بریتانیی، Lord Byron ( 1788- 1824 ) کە تەنیا 36ساڵ ژیاوە، بۆچوونێکی هەیە، پڕ بە پێستی ئەم دۆخەی وەزیرەکەی گۆڕانە. ئەو دەڵێ: تەحەمولکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، ئازایەتیی، دەستەمۆ دەکات. ئەگەر ئەو کۆنتێکستە لەسەر ئەم وەزیرەی گۆڕان کە لە “کۆما”دایە، جێکەوت بکەین، دەبێ ئەو پرسیارە لە گۆڕان و لە وەزیرە بێ ئیش و بێکارەکەی بکرێ، ئەم هەموو بێدەنگییە، تا کەی؟ کەی جورئەتتان دەجوڵێت، وردەکارییە عەسکەریی و سیاسییەکانی ئەم مەلەفە قورسە مێژووییە، بۆ رای گشتیی کەشف دەکەن؟ کەی نووکە دەرزییەک دەکەن بە باڵۆنەکەی بارزانییدا و فشی دەکەنەوە؟ هەر هیچ نەبێ لەسەر ئەوەی قارەمانەکانی کوردایەتیی، چەند جەبانانە لە شەنگال، کشانەوە و بە ئەنقەست، تەسلیمی داعشیان کرد؟
ئەم گۆڕانەش، تەڕ نابێت. ئەمە سێیەم جارە لەسەر ئەم پرسە دەنووسم. دووجاری تر ئەمەی خوارەوەم نووسیوە:

گۆڕانیش، بێتامی کرد!

ئەم نەکشانەوەیەی گۆڕان لە حکومەتێکی چەتە و مافیا، ئەم بێدەنگییەی سەرکردەکەیان، ئەم دۆشداماوییەیان بە دیار قەضاوقەدەری سیاسییەوە، بەشێکی زۆری بۆ نەبوونی ئاڵتەرناتیڤێکی شەفاف، بۆ نەبوونی روئیایەکی روون و نەبوونی پرۆژەیەکی جیاوازتر لە پرۆژە وەهمیی و تاڵانییەکانی کوردایەتیی، دەگەڕێتەوە. سەرکردەی سیاسیی، دەبێ پێش رووداوەکان بکەوێ یان لەگەڵ رووداوەکاندا بڕوات و ئاراستە سیاسییەکان بگۆڕێت. لە 8-8-2014 ئەم پۆستەم بۆ وەزیری پێشمەرگە نووسی، نە ئەوسا شەهامەتی سیاسیی تێدابوو کە ئیستیقالە بدات و نە پاش دەرکردنیان بە زەبری میلیشیاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و میلیشیاکانی ئاساییش، تەنانەت، دوو حەرفی موفیدیشی بۆ رای گشتیی نەدرکاند. بەڕاستیی بێتامیان کرد.
ئەمەی خوارەوە، ئەو پۆستەیە کە لەسەردەمی قەڵاچۆکردنی ئێزدییەکاندا نووسراوە:
مەردی چاک بە وەزیری پێشمەرگە، لە خیانەتی عوظمادا بەشداریی مەکە. لە مێژووی هەر گەل و نەتەوە و گرووپێکی کۆمەڵایەتییدا، کۆمەڵێ چەمکی دامودەسگایی، قانونیی، مۆراڵیی و کولتووریی هەن کە کردار و گفتاری سیاسییەکانی پێ دەپێورێ. لە مێژووی کورددا، زۆرترین جار خیانەت و خیانەتکاریی روویان داوە و هەمیشەش حیزبەکان ویستویانە بە عەقڵانییەت،حیکمەت، ستراتیژ و تاکتیکی سیاسیی، بیخەنەوە بازاڕ و بەردەوامیش کڕیاری هەیە. خیانەتی عوظما( High Treason) کە بە کوردیی چەمکێکی تەواومان بۆی نییە، لە مێژووی ئەم چەند دەیەیەی رابردووی کوردستاندا، چەندیین جار دووبارە بووەتەوە و کەسیش تەنانەت لە باری ویژدانییشەوە لەسەری موحاسەبە نەکراوە و بگرە خیانەتکارەکان ،دەیانەوێ وەک قارەمانی نەتەوەییش خۆیان بناسێنن.
پارتیی لە مێژووی خۆیدا، لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەنییەکانی حیزبەکەیانداو دەستڕاگەیشتن بە پارەی زۆر، چەندیین جار پشتی کردووەتە گەلی کورد و هەموو پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشی بە ئاوا داوە. ئاشبەتاڵی 1975 و 31ی ئابی 1996 و شەڕکردن لەگەڵ ئیرادەی سیاسیی کوردەکانی کورستانی تورکیا و ئەمجارەش بەجێهێشتنی ئێزیدییەکان بۆ هەمەجییتریین و فاشیستریین هێزی ئایدیۆلۆژیی و دیینیی( داعش)، هیچ چەمکێک نییە جگە لە خیانەتی عوظما، وەصفی ئەم تراژیدیایە بکات. تۆی وەزیری پێشمەرگە، مێژوویەکی زۆر زۆر قارەمانانەت لە زیندانەکانی بەعثدا( بەعسدا) هەیە، لە هەشتاکاندا، گەنجێکی هەرزەکاری بە ئیرادە بوویت، بەعث بەهەموو جەبەروتی دیکتاتۆریی خۆیەوە، نەیتوانی نەک ناوی یەکێک لە هاوڕێکانت لێ دەربهێنێ، بەڵكو ناوی خۆیشت بە هەڵە پێدابوون و موخابەرات و ئیستیخبارات و دەسگا ئەمنییەکانت بەهەڵەدا بردبوو.
ئێستا، تۆ بەس بەناو وەزیری پێشمەرگەیت. یەک فەرماندەی مەیدانیی پارتیی و یەکێتیی گوێت لێناگرن، تا رای حیزبەکانی خۆیانی لەسەر نەبێت، حیزبەکەی خۆیشت( گۆڕان) لەهەموو لایەک باشتر دەزانێ، کە هەڵەیان کرد چوونە ئەم حکومەتەوە و وەزارەتی بێدەسەڵاتی پێشمەرگەیان بە تۆ دا، بەڵام نایانەوێ دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن. تۆ وەک پۆست و جێگەوڕێگەی عەسکەریی، لە باری دیپلۆماسیی و قانونییەوە، لەهەموو کەس زیاتر دەبێ جورئەتت تێدا هەبێت و ئەم تراژیدیایەی بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و دێت، ئۆباڵەکەی لە ئەستۆ بگریت. تۆ وەزیری پێشمەرگەیت، دەبێ تۆ فەرمان بدەیت بە هەر هێزێکی عەسکەریی لە کوێوە بۆ کوێ بڕۆن؟ بەتایبەتیی لە ئەگەری کشانەوە و پاشەکشەی عەسکەریی کوتوپڕدا. تۆ دەبووایە ئاگادار بوویتایە لە کشانەوەی بەبەرنامە و بێبەرنامەی هێزی پێشمەرگە و حیساباتی جددییت بۆ پاراستنی ئێزیدییەکان لەبەرچاو بگرتایە. کاتێکیش، فەرامۆشت دەکەن و تەنیا وەک ئایکۆن بۆ جوانیی بەشدارییت پێدەکەن، هەڵوێستت هەبێت؟
ئەم شکستە عەسکەرییە، نە پاشەکشەی تەکتیکییە و نە ستراتیژییە، بە زمانی سادەی خەڵکی کوردستان، ئەمە هەڕاجکردنی ئێزیدییەکانە بەشێوەی سەبایا لە بازاڕی وەحشییترین و رادیکاڵترین هێزی تێرۆریستی دیینییدا. تۆ لە باری قانونیی و ئەخلاقیی و عەسکەریی و مرۆییەوە بەرپرسی یەکەمی ئەم تراژیدیایەی، تۆ بە قسەی حیزبەکەت مەکەو دەست بە پۆست، کورسیی و ئیمتیازاتەوە مەگرە و واز بهێنە. هەوڵبدە تۆ یەکەمین کەس بیت لە مێژووی کورددا، دەستبەرداری پۆستێک دەبیت کە خیانەتی عوظما لە کوردستان، لە کورد، لە ئەخلاق و مرۆڤایەتیی و ژنان بەتایبەتیی، کراوە.
مەردی چاک بە، هەر هیچ نەبێ وەک ناڕەزایەتییەکی سیمبۆڵیی واز بهێنە و مێژوویەکی گەش بۆ خۆت تۆمار بکە. تۆ وەکو شەخص، بەشدار نییت لەم خیانەتە عوظمایەدا، بەڵام پۆستەکەت بەشدارە تێیدا. وازهێنانی تۆ، بە ئەندازەی دەیان سەرکەوتنی عەسکەریی لە رۆژانی ئاییندەدا، قازانجی بۆ مێژووی کورد و ئاییندەی کورد، بۆ لێدان لە گەندەڵیی سیاسیی و عەسکەریی و ئابووریی لە کوردستاندا دەبێت. گەردنی خۆت لەم خیانەتولعوظمایە پاک بکەرەوە و رێگە بۆ دادگاییکردنی خیانەتە عوظماکانی تری مێژووی کورد خۆش بکە. تۆ دەتوانی لە دەیان شوێنی ترەوە خزمەتی پێشمەرگە و خەباتی ئازادییخوازانەی گەلی کورد بکەیت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە