هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

سازدانى : ستیڤان شەمزینى

نووسەر و رۆشنبیری کورد ” یوسف عیزەدین ” لەرێی ئەم دیمانە تایبەتییەوە باس لەئیشکالییەتەکانی رۆشنبیر دەکات و لەو نێوەندەدا هێما بۆ رۆشنبیری کورد دەکات . ئەو پێیوایە : بوونی رۆشنبیرانێکی زۆر لەغیابی بیرمەند و نووسەرانی جیددیدا، نەک شتێکی دڵخۆشکەرە نییە ، بەڵکو شتێکی سامناکیشە . پاشان هەر لەرێی ئەم دیمانەیەوە باس لەگرفتەکانی بواری رۆشنبیریی کوردیی دەکات و تیشک دەخاتە سەر هەڵە جەوهەریی و سترکتۆرییەکانی رۆشنبیری کورد و رەخنە لەعەقڵییەتی کلاسیکی و باوی رۆشنبیریی دەگرێت .

ستیڤان : گۆشەنیگاکان لەمەڕ رۆڵی رۆشنبیر لێکجودان ، ئاڕاستەیەک وا بیر دەکاتەوە رۆشنبیر بوونەوەرێکی خەیاڵیی و دابڕاوە لەدنیای دەوروبەر و بەتەنێ کاری بەرهەمهێنانی مەعریفەیە ، یەکێک لەو بیرمەندانەی ئەم بیرکردنەوەی هەیە ( ژولین بیندا ) یە ، بەڵام لەبەرامبەردا ئاڕاستەی دووەم پێیوایە رۆشنبیر سەرباری بەرهەمهێنانی مەعریفە بەشداریی و هەڵوێستی هەیە لەهەمبەر ئەو رووداوانەی لەدەوروبەریدا هەن . هزرمەندی ناسراوی ئەمەریکی بەرەگەز عەرەب ( ئێدوارد سەعید) بەدرێژایی یەکێک لەکتێبەکانی ( وێناکانی رۆشنبیر ) هەوڵیداوە بەمجۆرەی سەرەوە پێناسەی رۆشنبیر بکات ، بەڵام پرسیارەکەی من ئەوەیە رۆڵی رۆشنبیر لەدەرەوەی بازنەکانی نووسین چییە ؟، ئایا رۆشنبیر مافی ئەوەی هەیە بەناوی جەماوەرەوە قسە بکات و رێنوێنیان بکات یان ئەرکی رۆشنبیر جیایە لەم رۆڵە ؟.
یوسف عیزەدین : سەرباری ئەو ئیشکالە واتاییەی کە لەنێو زۆرێک لەکولتوورەکانی دنیادا دەرحەق بەزاراوەی رۆشنبیر نەخشێنراوەو رۆشنبیری لەبری خودی خۆی کردۆتە‌ شتگەلێکی زۆر جوداو جیاواز . دەکرێت‌ بڵێین بەشێوەیەکی گشتیی رۆشنبیر کەسێکی هەڵسووڕاوە لەنێو ئیدۆلۆژیاکانی زەمەنەکەیداو بەپێی لادانی بەلای ئەم ئیدۆلۆژیا یان ئەو ئیدۆلۆژیادا ، جێگەو شوێنی دیاری دەبێت و هەردەم لەنێو دژایەتییەکی سەرزارەکی ئیدۆلۆژیانەدا دێت و دەچێت . ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە مەرج نییە‌ رۆشنبیر نووسەر بێت ، یان بابڵێین ئەگەر نووسەریش بێت نووسەرێکی باش بێت . هەروەها‌و بگرە لەوە زیاتریش تەنانەت مەرج نییە رۆشنبیر خوێنەریش بێت ” مەبەست لەخوێنەری جیددییە ؟ دیارە هەر لەسەرەتاوە دەبێت بڵێین جیاوازییەکی زۆر قووڵ لەنێوان رۆشنبیر وەک خودێکی ناولێنراو و بەگشتیی لەئێستادا بەو چەشنە ناسراو ، لەگەڵ خودێکی کۆجیتۆ ئامێزدا هەیە . بەواتای خودێکی بیرکەرەوەی هۆشمەند لەڕووی فەلسەفیی و مەعریفییەوە . خۆی ئەوەی گرنگیشە لەپانتاییە مەعریفییەکاندا ئەو بیرکردنەوە هۆشمەندانە‌ قووڵانەیە ، کە بۆ نموونە کەسێکی وەک ” ژاک درێدا ” زۆر چەمک و تێڕوانینی دەمێک ساڵ نەگۆڕاوی نێو پانتایی مەعریفە و فەلسەفە ، رووبەڕووی چەندین پرسیاری تەفکیکی زۆر قووڵ کردەوەو توانی دیدگەیەکی تەواوی خوێنەرانێکی بەرفراوان ، هەر بۆ نموونە دەرحەق بەسەنترالیزمی ئەقڵ بگۆڕێت .
جا لەکاتێکدا کەسانێکی وەک دریداو ئەوانەی وەک ئەو بەدنیایەک پرسیارەوە رووبەڕووی شتەکان دەبنەوە ، دنیابینی خۆیان تەرح دەکەن بەنیازی ورووژاندنی پرسیار و کردنەوەی دەرکە مەعریفییەکان ، پێموایە ئەوە بەشێکی بەرچاوی رۆشنبیرانە‌ بەبێ فامکردنی ئەوەی کە تەرح کراوەو بەکۆپیکردنی چەند بەشێکی تەرحەکان لەزەینیداو ئەزبەرەکردن و گووتنەوەی کۆمەڵێک راوبۆچوونی ئەم و ئەو ، بگرە داکۆکیکردنی کوێرانەشی دێتە نێو بەناو نێوەندە فیکریی و مەعریفییەکەوەو ئیدی بۆ جێکردنەوەی خۆی و خۆ سەپاندنی رەنگە پەنا بۆ دیماگۆکیترین شێوازەکانی بردنەپێش و خۆجێکردنەوەی قسەکانی ببات ، کە لەڕاستیدا زۆر بەسەقەتی وەریگرتوون و هەر ئەوەندەشی لێحاڵی بووە . کەواتە بوونی رۆشنبیرانێکی زۆر لەغیابی بیرمەند و نووسەرانی جیددیدا ، نەک شتێکی دڵخۆشکەرە نییە ، بەڵکو شتێکی سامناکیشە !.
شایانی باسیشە لەسەردەمە جیاجیاکانی دەرکەوتنی زۆرێک لەبیرمەندە بەتواناکانی دنیا ، بەتایبەت لەڕابردوودا کایەیەک نەبووە بەناوی کایەی رۆشنبیرانەوە ، بۆ نموونە وەک چۆن لەئێستادا هەموو ئەوانەی دەخوێنەوەو کەم تا زۆر شتێک سەبارەت بەوەی دەیخوێننەوە ،‌ دەخەنەڕوو ، بەرۆشنبیر ناودێر دەکرێن ؟ بۆ نموونە لەسەردەمی ” فارابی ” و ” ئیبن سینا ” و ” ئیبن روشد ” و ” ئیبن خەلدون” و ” دانتی” و زۆرێکی تردا ، ئەو هەموو خوێنەرەی ئێستا بەبەراوورد لەگەڵ رێژەی دانیشتووانی ئەو دەم و ئێستای دنیادا نەبووە ، دەتوانین بڵێین رێژەیەکی زۆر کەم لەخوێنەری هۆشمەند هەبووە ، کە توانای فامکردنێکی قووڵ و بیرکردنەوەی هەبووە . لەکاتێکدا سەرباری ئەو رێژە هێجگار زۆرەی ئێستای خوێنەران ، کەچی لەجێی بەرهەمهێنانی مەعریفەو ورووژاندنی پرسیار بەشێوەیەکی بەرچاو خوێندنەوە بۆتە ناخوێندنەوەو کایەی بەرهەمهێنانی جەهلێکی پەردەپۆشکراوی وێڵ بوو لەنێو وێڵگەکانی ” پۆست مۆدێرنیزم ” ی ئێستای دنیادا ؟ .
ستیڤان : رۆشنبیری ناسراوی عەرەب ( دکتۆر عەلی حەرب ) لەکتێبی ( رەخنە لەرۆشنبیر و وەهمەکانی دەستەبژێر ) دوای شیکارییەکی مەعریفیی چڕ و پڕ دەیەوێت پێمانبڵێت چیدی رۆشنبیر ئەو کائینە نییە کە رەخنە لەدنیاو شتەکان دەگرێت ، بەڵکو لەم ساتەوەختە بەدواوە خودی رۆشنبیر لەبەردەم رەخنەیەکی هەمەلایەنەدایە . ئەگەر بەم پێیە بێت خودی رۆشنبیریش لەبەردەم ئیشکالییەتێکی زۆردایەو ئەو بووە نموونەییە نییە کە پێشان سکێجی بۆ کێشرابوو . ئەگەر بێینە سەر بارسی رۆشنبیری کورد ( جیا لەوەی گومانمان لەهەبوونی کائینێک بەناوی رۆشنبیری کوردەوە هەیە ) ، بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ئێمەی کوردیش رۆشنبیری جیددیمان هەیە ، دەپرسم ئیشکالییەتە ستراکتۆرییەکانی ئەم رۆشنبیرە چین و چۆن دەتوانین دەستنیشانیان بکەین ؟.
یوسف عیزەدین : من وەک خۆم زۆر بەگومانم لە ” رۆشنبیر ” ، چ وەک زاراوەو چ وەک ئەو پێناسە ئیجابیانەی کە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی ، سیاسیی ، کولتووریی ، ئاینیی و … تاد. بۆ رۆشنبیرانی خۆی دەکات . واتە وەک نموونەیەک کاتێک رۆشنبیرانێک لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا داکۆکییان لەنازییەت و فاشییەت دەکرد ، دژەکەشی ئەو رۆشنبیرانە بوون کە دژایەتی نازیزم و فاشیزمیان دەکرد ، دیارە لەپشت رۆشنبیرانی هەردوو بەرەکەشەوە دنیایەک تێڕوانینی سیاسیی ، کۆمەڵایەتی ، کولتووریی و … تاد هەبوو! واتە رۆشنبیرانی هیچ بەرەیەکیان بەتەنیا خۆیان نەبوون ، کە هەڵگری چەشن و تەرزێکی تێڕوانینی جودا بوون لەوەی تر ، بەڵکو ئەوان نوێنەر و دەربڕی تەنزیر و سیاسەتێکی دیاریکراوی بەرەیەک بوون .
بۆیە قسەکردن لەرۆشنبیرانی هەر کۆمەڵێک وەک بوونێکی لێکچوو و یەکگرتوو هەڵەیەکی گەورەیەو بەڕاستی ناکرێت بۆ نموونە بەرەهایی بڵێین رۆشنبیرانی کورد ، چوونکە ئەو دەم هەن دەپرسن کامە رۆشنبیرانی کورد؟، رۆشنبیرە ئیماندارە ئایینییەکان ، یان چەپەکان ، یان ناسیۆنالیستەکان و … تاد . ئەمە لەکاتێکدا هەموو ئەمە شتگەلێکی سەرزارەکی و بگرەو بەردەیەکی بێ ئەنجامە لەڕووی ئەنتۆلۆژیای ئەو بوونەوەرەوە کە پێیدەگوترێت مرۆڤ ؟! وەک ” هایدگەریش ئاماژەی پێ دەدات ، خودی بوونمان پەیوەستە بەپرسیارکردنی بەردەواممان دەرحەق بەبوون و کەینوونەوەو هەر خودی شەرعیەتی بوونیشمان ، وەک مرۆڤ لەڕووی ئەنتۆلۆژییەوە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت ؟ ئیدی لێرەوە هەست بەو ئیشکالە گەورەیە دەکەین ، کاتێک کەسێک بێت و بەناوی من و تۆوە قسەبکات و وەک نوێنەری من و تۆ و کۆمەڵێکی تری خەڵک خۆی بناسێنێت ، جا ئەگەر ناوی رۆشنبیر یان هەر شتێکی تریشی لەخۆی نابێت ، ناتوانێت ماهییەتی ئەو گەمە سیاسییە بشارێتەوە ، کە هەردەم لەپشت کەوالیسی داکۆکی لەمن و تۆ و ئەم و ئەو و هەمووانەوە دەخرێتەڕوو .
ستیڤان : تاوەکو ئێستا وابیر لەرۆشنبیر کراوەتەوە کەدەبێت پەیوەندیی ئەو بەدەسەڵاتەوە بەفۆرمێکی ئۆپۆزیسیۆنانە بێت ، یان بەواتایەکی تر رۆشنبیر وەک نەیارێکی شێلگیر و سەرسەختی دەسەڵات بەتایبەت دەسەڵاتی سیاسیی بینراوەتەوە . من لەم دەرفەتەدا دەپرسم دەبێت پەیوەندیی رۆشنبیر بەدەسەڵاتەوە چۆن بێت ؟، ئایا پەیوەندییەکی ئۆپۆزیسیۆنانە بێت یان بەفۆرمێکی تر ؟.
یوسف عیزەدین : پێموایە لەپرسیارەکەی پێشوودا ئاماژەمان بەو چەشن و شێوەی پەیوەندییە دا ، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت نیسبییەتی راڤەکردن و قسەکردن سەبارەت بەچەمکی رۆشنبیر و ماهییەتی لەبیر نەکەین . واتە من وەک خۆم هیچ حەقیقەتێکی رەها دەرحەق بەسەرجەم پرسیارەکانتان شک نابەم ، لەکاتێکیشدا کە خودی حەقیقەت وەک ” ئەلبێرت ئەنیشتاین ” ئاماژەی پێدەدات ،‌ ” حەقیقەت سەرباری توانستی بەردەوامبوونی ، بەڵام تەنیا خەیاڵێکە “. بۆیە هیچ شتێک قابیل بەراوەستان نییە ، تەنانەت لەنێو ئەو دنیا ناونراوە بەوشە دروستکراوەی کەوا لەبارەیەوە دەدوێین ، ئەمە جگە لەوەی رۆشنبیر سەرباری ئەو هەموو جودایی و جیاوازیی و گروپگەرێتییەی کەهەیانە ، ماتەریاڵێکی وەک بەرد و دار و ئاسن و تەنەکانی تریش نییە ، تا باش و ئاسان لەرێی تاقیکردنەوەکانەوە سیفەت و خەسڵەتەکانی ئەم چەشن و جۆر و ئەو چەشن و جۆریان بناسینەوە‌ !. سەرباری ئەوەی کە قسەکردن دەرحەق بەرۆشنبیر ، قسەکردنە لەسەر وشەیەکی گوزارشتکەر لەکەس و کەسانێک ، کە بەو وشە ناوبراو و ناوهێنراوە‌ هەوڵی جیاکردنەوەیان دەدرێت لەکەس و کەسانی دیکەی کۆمەڵگە . ئیدی ئەمەش بێ مەبەست نەبووەو نییە !.‌
ئەمە لەکاتێکیشدا کە ناکرێت ، بەچاوی بێ تاوانی و مەعسوومییەتەوە بڕوانینە هیچ بیرۆکەیەک ، تەنانەت ئەوانەشی کە بانگەشەی داکۆکیکردن لەمرۆڤ و مافەکانیشی دەکەن ، بەگشتیی یان لەمیانی خستنەڕووی ئەم تێز و ئەو تێزی بەرگریی لەچین و توێژێکی دیاریکراو ، لەپێناو مەرامێکی دیاریکراودا . گەر بڕوانینە سەرەتای بەشی یەکەمی ” کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ ” ی ” فرانسیس فۆکۆیاما “، کە لەدەستپێکدا لەمیانی سەرچاوەیەکی دیکەوە ئەم پەرەگرافەی خوارەوە دەخاتەڕوو ( بیرمەندێکی بلیمەتی هاوسەنگی وەک ” کانت ” زۆر بەجیددی باوەڕی وابوو ، کە جەنگ لەخزمەت ئامانجە باڵاکانی یەزداندایە ، بەڵام ئێمە پاش هیرۆشیما فێر بووین کە جەنگ لەباشترین گریمانەدا دۆزەخێکی پێویستە . هەروەک چۆن لاهووتییەکی شارەزای وەک قەشە ” توما ئیکوینی” دەیتوانی بێ گرێ و گۆڵ ددان بەوەدا بنێت ، کە داگیرکەران هەردەم لەخزمەت ئامانجە باڵاکانی یەزداندا بوون ، چوونکە ئەگەر ئەو داگیرکەرانە نەبانایە ئەو شەهیدانەیش نەدەبان . .
ستیڤان : دەبینین ململانێ و گووتاری نووسین و بڵاوکردنەوە لەکوردستان لەئاستێکی هێندە نزمدایە کە خاڵی بووەتەوە لەهەر داهێنان و خوڵقاندنێکی دیالۆگ ، بەئەندازەیەک نووسین بەهای خۆی لەدەستداوە و هیچ بایەخێکی نەماوە ، ئەوانەشی دەنووسرێن سەرلەبەریان کۆپی و جووینەوەن ، ئایا ئەم کێشەیە پابەندە بەهەژاریی کەلەپووری رۆشنبیریی ئێمە یاخود وابەستەیە بەخودی تاکی نووسەرەوە کەبێ توانایە لەداهێنان و خستەرووی تێز و بیرۆکەی نوێ ؟.
یوسف عیزەدین : جێگەی باسە کە بەشێوەیەکی گشتیی زۆربەی تێکستە جیددی و جوانەکانی دنیا ، لەو سەردەمانەدا نووسراونەتەوە کە نەک هەر خوێندنەوە کولتوور نەبووە ، بەڵکو دەستکەوتنی کەرەستەکانی نووسینیش کارێکی ئاسان نەبووە ، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانی ئەو دەمانەشدا هەبوون لەقووڵایی بێدەنگیدا زۆر بەئارامی تێکستی وایان نووسیوەتەوەو لەدوای خۆیان جێیان هێشتووە ، کە لەمڕۆدا سەرساممان دەکەن ، تەنانەت زۆر جار هەر خودی نووسەر بەناو لەو کردەیەدا ونە و کەس نازانێت نووسەر کێیە !.
ستیڤان : زمانی نووسین لەمیدیا و پێگەکانی بڵاوکردنەوەدا زمانێکی زیاد لەپێویست توند وزبرە ، یان بەواتایەکی تر وشە رۆڵی گوللە دەبینێت و میکانیزمێکە بۆ سڕینەوەی ئەویتری بەرامبەر . ئایا مافی ئەوەمان نییە بڵێین زمان وگوتاری رۆشنبیریی ئێمە هێشتا لەدێوەزمەی دیدێکی شەڕئەنگێزانەو کولتووری لەناوبردن و تواندنەوەی بەرامبەر رزگاری نەبووە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە فۆرم وتەرزێکی تر بدۆزینەوە بۆ نووسین جیا لەم شێوازە باوەی کە لیپاولیپە لەرۆحی تۆڵەسەندنەوە و تێکشکاندن ؟.
یوسف عیزەدین : بێگومان هیچ کامێک لەو چەشنە نووسین و گوتارانەی کە ئاماژەتان پێدا ، دوور و نزیک ناچێتە نێو دنیای مەعریفەو کایەکانی ورووژاندنی پرسیارەوە ، هەر بۆیە پرسیارەکە لەوەدایە گەر ئەو جۆرە نووسین و تەرحە سەرزارەکییە بارگاوییانە بەڕۆحییەتی تۆڵەسەندنەوەو لێدانی بەرانبەر پەنا بۆ شەڕانگێزیی نەبەن ، ئەی پەنا بۆ چی بەرن ؟! لەکاتێکدا ئاشکرایە کە بەدرێژایی مێژوو ، سەرجەم تەرح و بۆچوونە سەتحییە کوشندەکان لەپشت شەڕە جەنگ و هێرشکردنیان بۆ سەر بەرانبەر ، خۆیان حەشار داوە ، هەر وەک چۆن لەسەدەی رابردوودا ترسناکترین بیرۆکەی نەژادپەرستی و لەناوبردنی ئەویتر ، وەک نازییەت و فاشییەت لەپشت چەند دێڕێکی سەتحی سادەو ساکاری شەڕانگێزدا خۆی حەشار دابوو .
تەنانەت سەرانی نازیی و فاشییەکانیش بۆ خۆشیان ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە کە‌ بیرۆکەو تەرحەکانیان لەهەمان کاتدا قابیل بەتێگەیشتنی هەمووانە‌ ، ئیدی ئاستی هۆشیاریی ئەو کەسە هەرچییەک بێت !. لەمەشدا مەبەستیان ئەوەیە کە ترسناکترین و کوشندەترین بیرۆکەی لەناوبردن و سڕینەوەی بەشەر دەتوانێت لەڕێی چەند دێڕێکی زۆر سەتحیی سادە و ساکارەوە خۆی حەشار بدات و لەساناترین درز و کەلێنی هۆشەوە دزە بکاتە نێو زەینی مرۆڤ و ئیدی هێدی هێدی و لەسەرەخۆ خودی مرۆڤ بکاتە دڕندەیەکی ترسناک و کوشندەی سولالەکەی خۆی . دیارە بردنەپێشی هەموو ئەمانەش بەبێ کایەی رۆشنبیران و نووسەرانی نووسین و تەرحە ئیدیۆلۆژییەکان نابێت ، هەر بۆیە ئەوەی کە لەئێستای میدیای کوردیدا دەگوزەرێت ، شتێکی زۆر سەیر و جیاواز نییە بەبەراورد لەگەڵ هەر شوێن و جێگەیەکی دنیا کە هێشتاکە زەمەنی ئیدیۆلۆژیاو بیرۆکە سەتحییەکانی تێدا بەسەر نەچووبێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.