هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەڤپەیڤینێکى تایبەت و فرەڕەهەند سەبارەت بەهەندێک لەنهێنى و شاراوەکانى ئەدەبیاتى عیرفانیى و دنیاى تەسەووف لەگەل رۆماننووس و نووسەر “یوسف عزەدین”

شاعیر و عاریف “فەریدەددینى عەتتار” سەبارەت بە”لۆژیکى باڵندە”ەکەى خۆى، دەفەرمووێت:
( ئەهلى وێنە نغرۆى زەریاى ئاخافتنەکانم بوون، ئەهلى ماناش پیاوانى نهێنییەکانى منن، ئەم هەڵبەستانەم خاسییەتێکى سەیریان هەیە، لەهەر ئان و ساتێکى جیادا ماناى نوێ و جودا دەبەخشن.. ئەگەر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیتەوە، ئەوە بێگومان لەگەلڕ هەر جارێکدا جوانتر دەبێت.. تا رۆژى قیامەتیش کەسێکى دیکە نابینیتەوە، بتوانآ وەک منى عاشق بنووسێت)

” سەدرەددینى شیرازى” سەبارەت بەپێوەندییەکانى خۆى و خەڵکى، دەفەرمووێت:
( دوورکەوتمەوە لەتێکەڵبوون و خۆسەرقاڵکردن بەخەڵکییەوە.. ئاسان بوو بەلامەوە، دژایەتى شتە باوەکان و منجڕى لەگەڵ خەڵکى زەمانەدا بکەم، تاگەیشتمە نکوڵیکردن لەخۆیان و راوبۆچوونیان دەرحەقم.. بەرز و عەزیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گەیاندبام، هەروەک یەک بوو لام.. بەغەریزەو بەتەواویى روومکردە هۆکارى سەرجەم هۆکارەکان، کەوتمە پاڕانەوە لەئاسانکارى کارە سەختەکان.. ماوەیەکى زۆر بەپەنهانى و دوورە پەرێزیى مامەوە.. تا ئەو نهێنییانەم لا کەشف بوو کەتا ئەو دەم نەمدەزانین…).

 

سازدانى: وریا باقر

وریا باقر: سەرەتاکانى ئەدەبیاتى کوردى هەر لەسەردەمى باباتاهیرى هەمەدانى-یەوە، ئەدەبیاتێکى عیرفانى بووەو خودى باباتاهیریش سۆفییەکى خوداناس بووەو بەباباتاهیرى عوریان ناوبانگى دەرکردووە..درێژەى ئەم تەوژمە تا ئەحمەدى خانى و مەلاى جزیرى و نالى و مەحوى و بێخود و تاک و تەرا هەندێک لەشاعیرانى تر بەردەوام دەبێت.. بەڵام مەخابن بەهۆى ئەو ئاڵوگۆڕەى لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا روویدا، هەر پاش جەنگى جیهانى یەکەم و بەتایبەتیش دواى جەنگى جیهانى دووەم، پاشەکشەى بەم تەوژمە ئەدەبییە عیرفانییە سۆفیگەرییە کردو چەند تەوژمێکى ترى دروشم ئامێزى تێکەلڕ بەئایدۆلۆژیاى سیاسى هاتە پێشەوە.. لەدواى مەحوى-یەوە هەست دەکرێت ئەدەبیاتى کوردى قووڵى و جوانییە عیرفانییەکانى خۆى لەدەست دەدات. پرسیارەکەمان لەبەڕێزتان وەک رۆماننووس و ئەدیبێکى شارەزا لەئەدەبیاتى عیرفانیدا، ئەوەیە کەئاخۆ ئەدەبیات و هونەرى جیهانیش، بەتایبەتیش ئەورپایى کەوتە ژێر هەمان تەوژمى سەرزارەکى ئایدۆلۆژیى سیاسییەوە؟

یوسف عزەدین: بۆ روونکردنەوەى ئەوەى لەئۆروپادا بەشێوەیەکى بەرجەستەو بەرچاو گوزەراوەو زیاتریش پەیوەست بێت بەپرسیارەکەتانەوە.. بۆیە دەبێت بپرسین، کەداخوا کاتێک ئەدەبیاتى عیرفانى و سۆفیگەرى لێرە پاشەکشەى پێدەکرێت، لەئۆروپادا چى لێ بەسەردێت؟ ئەگەر ئەمە پرسیارەکە بێت، ئەوە باشترین نموونە ئەزموونە شانۆییەکانى “پیتەر برۆک”ى بەریتانى، بەڕەچەڵەک لیتوانى-یە، پێش چەند ساڵێک، دواى بەشداریکردنى لەفێستڤاڵى”ئەفینیون” لەفەڕەنسا، کاتێک پرسیارى لێدەکەن، دەرحەق بەو فیلمەى لەدەرهێنانى “سیمۆن برۆک”ى کوڕیەتى بەناونیشانى”برۆک بەسەر گوریسێکى شەتەک دراودا تێدەپەڕێت” و حەقیقەتى فیلمەکەش زێدەتر پەیوەستە بەوێنەگرتنى پشت کەوالیس و پەنهان و نهێنییەکانى “پیتەر برۆک”ەوە لەکاتى پرۆڤەکردن و نمایشکردنى شانۆییەکانیدا، لەشانۆى “بۆف دو نۆر”ى پاریسى، کەهەر خودى برۆک خاوەن و بەڕێوەبەرى شانۆکەیە. “پیتەر برۆک” لەوەڵامى بوونى ئەو ترس و سامەى لەرووکارى تەماشاچییەکاندا دەبینرێتەوە، کاتێک تەماشاى پەڕینەوەى ئەکتەرەکان دەکەن بەسەر گوریسێکى شەتەک دراوى وەهمییانەى سەر هەڵدێرێکدا.. لەکاتێکدا خودى گوریسەکە پارچە قوماشێکە و لەسەر عەرد راخراوە.. “برۆک” دەڵێت: ( ئەوەى دەیبینن گەشتى باڵندەکانى شاعیر و سۆفى فەریدەددینى عەتتارە، کاتێک دەیانەوێت بەرەو لاى “سیمرغ” بچن، دەبێت بەسەر حەوت دۆلڕ و شیودا بفڕن، تادەگەنە دواهەمین دۆلڕ، ئەویش دۆڵى تواندنەوەیە لەزاتى ئیلاهیدا، بۆیە توانیوومانە خەیالڕ و ئەندێشەى تەماشاچییان ببزوێنین، کەوا بزانن ئەکتەران بەسەر گوریسێکى هەڵواسراودا دەڕۆن، هەموو ئەوەى کەدەشبینرێت، تەنها پەڕینەوەى دۆڵى یەکەمە، بەڵام ئامانج گەیشتنە دۆڵى حەوتەمە، دۆڵى سەرسامبوونى پەتى).

وریا باقر: هەرچەند “پیتەر برۆک” وەک ئەوەى باس لەبابەتێکى ئاسایى بکات، زانیارى سەبارەت بەمەقامەکانى تەسەووف و عیرفان دەخاتەڕوو.. ئەوەتا باسى دۆڵى یەکەم تا حەوتەمى پلەکانى بەرزبوونەوەى سۆفیگەرانە دەکات!؟ چۆن دەبێت ئەو زانیارییە عیرفانییانەى لاى خۆمان کوێر بوونەتەوەو کەمن ئەو کەسانەى لەڕووى تێورى و پراکتیکى-ییەوە شارەزاییان تێیدا هەبێت، کەچى ئەوێکى ئینگلیز، بەزمان و کلتوورى جیاوە گەیشتبێتە ئەو قووڵاییە مەعریفییەى کەلەزاتێکى خوداناس و گەورە موتەسەوویف و شاعیرێکى وەک “فەرەیدەدینى عەتتار”و دنیا تەسەووفییەکەى تێگەیشتبێت؟

یوسف عزەدین: وەک لاى عەتتار و لە”لۆژیکى باڵندە”کەیدا ئاماژەو کارى بیناکردنى چامە شیعرییەکەى لەسەرکراوەو هەروەها کرۆکى کارکردنى ئەهل و سالیکانى تەسەووفە..خۆى ئەو پلەومەقامانە، یان ئەو دۆڵاناى کەسالیک و ئەهلى تەسەووف دەیبڕێت، حەوتە، یەکەم دۆڵى داواکارییە”تەڵەبە”، سالیک لەم قۆناغەدا دەست لە چێژ و لەزەتەکانى دنیا دەشوات و لێى دووردەکەوێتەوە. دووەم دۆلڕ، دۆڵى عیشقە، سالیک بەئاگرى عیشقى ئیلاهى دەسووتێت، تا خۆى لەبیردەچێتەوە. سێیەم، دۆڵى مەعریفەیە، سالیک خوداى بەچەشنێک تێدا دەناسێت، هەروەک ئەوەى بیبینێت. چوارەم، دۆڵى دەستبەرداربوونە، کەسالیک تێیدا دەست بەردارى هەموو کەس و شتێک دەبێت، بێجگە لەخودا. پێنجەم، دۆڵى یەکتاپەرستییە، سالیک بەجۆرێک خوداى لا تەجەللى دەبێت، بەچەشنێک تۆزقاڵە گەردێک لەشەریک بۆ خودا دروستکردن لەدڵیدا نامێنێت. شەشەم، دۆڵى سەرلێشێوایى و پەرتەوازەبوونە”حیرە”یە، سالیک لەم قۆناغەدا خۆى بەخۆى نامۆ دەبێت و بەشوێن کەسێکدا دەگەڕێت، دەستى بگرێت و بۆلاى مەحبوبى بەرێت. حەوتەمیش، دۆڵى هەژاربوون و فەنایە، لێرەدا سالیک تەنها پێویستى بەخوداو فەنابوونى تەواوە لەخودادا.

وریا باقر: پێمان باشە بەشێوەیەکى گشتى “لۆژیکى باڵندە”ى شاعیر و عاریف”فەریدەددینى عەتتار-مان پێبناسێنیت؟

یوسف عزەدین: “لۆژیکى باڵندە” بریتییە لەچوار هەزار و پێنج سەد بەیتى شیعرى.. بابەتەکەى بریتییە لەگەڕانى کۆمەڵێک باڵندە بەشوێن باڵندەیەکى نەبینراودا. لەوەرگێڕانە بیانییەکانى تێکستەکەدا “لۆژیکى باڵندە” کراوەتە “کۆنفرانسى باڵندەکان” و خۆى لەڕاستیدا بەکۆبوونەوەى باڵندەکان دەست پێدەکات، بەمەبەستى فڕین و گەیشتنە لاى جوانترین و ناوازەترین و کامڵترین و مەزنترین باڵندەیەک، کەسوڵتانى موتڵەقەو ناوى “سیمرغە”.. پەپووسڵێمانکە دەکەنە مورشیدیان و پاش بگرەو بەردەو گفتوگۆ، کۆمەڵێکیان هەر لەسەرەتاوە پاکانە بۆ بەشداری نەکردنیان، لەو سەفەرە ترسناک و توڵانیى و پڕ مەشەقەتەدا دەکەن. بولبول دەڵێت، من عاشقى گوڵم و ناتوانم بەجێى بهێڵم.. تووتى دەڵێت، بەهۆى قەشەنگی و جوانیمەوە بوومەتە ئەسیرى قەفەس و ئیمکان نییە بەجێى بهێڵم.. تاووس دەڵێت، چونکە ناوى منیان وابەستەو پەیوەستى دەرکردنى ئادەم و حەوا لەبەهەشت کردووە، شەرم دەکەم ڕێگەى سەفەرێکى وا بگرمەبەر.. مراوى دەڵێت، ناتوانم لەئاو دوور بکەومەوە.. کەو دەڵێت، شاخ و دۆڵم پێ جێ ناهێڵرێت.. قورینگ دەڵێت، تەنها لەدەریاچە ساف و بێگەردەکاندا دەتوانم بژیم.. کووندەپەپووش دەڵێت، ناتوانم کەلاوە وێرانەکان جێ بهێڵم.. هەڵۆش دەڵێت، جێگەى من سەردەستى پاشایانەو ناکرێت ئەو شوێنە تایبەت و گرنگە بەجێ بهێڵم.. ئیدى بەم تەرزە تەنها کۆمەڵێک دەمێنێتەوە بۆ گرتنە بەرى رێگەى سەخت و پڕ مەشەقەتى سەفەرێکى تووڵانیی.. ژمارەیەکى زۆریشیان هەر لەڕێگەدا دەمرن.. ئەوەى دەمێنێتەوەو دەگاتە حزوورى زاتى باڵندە بێ هاوتاو مەزنەکە، تەنها “سى” باڵندەن و لەهەمان کاتیشدا ” سیمرغ” بەواتاى “سى-مرغ” دێت، کەدەکاتە “سى” باڵندە. ئەو رەمزییەت و دەلالاتەى لە”لۆژیکى باڵندە”ى عەتتار-دا هەیە جودایە لەهەردوو “باڵندە نامە”ى “ئیبن سینا” و “غەزالى”، هەرچەند ئەوەى غەزالى گومان هەیە بۆ خۆى نووسیبێتى، زیاتر پێدەچێت درابێتە پاڵى، وەک درانە پاڵى زۆربەى ئەو چوارینانەى بەناوى خەیام-ەوە بڵاوکراونەتەوەو پێدەچێت لەو سەردەمانەدا بەمەبەست و لەپێناو ونکردنى دانەرى حەقیقى و پاراستنى لەکوشتن و سزادان، یان لەنەزانى و بەهەڵە زۆر تێکستى کەسانى تر دراونەتە پاڵ کەسانێک کەخاوەنى نین و نەیاننووسیوە.. وەک چۆن لەبەر گرتنەوە و نووسینەوەى بەردەوامى تێکستەکانیش لەلایەن نەساخەکانەوە، ئەویش بۆ خۆى و وەک خۆى هەر جارە زیاد و کەمێکى خستۆتە سەر تێکستى نووسراو و لەهەمان کاتیشدا دەشێت هەندێک تێسکت یەکەمین دەستنووسیان مابێت و بەو شێوەیەش لەشێواندن و گۆڕان قورتاریان بووبێت.
لاى “ئیبن سینا”، کۆمەڵێک باڵندەى دیلکراو لەقەفەسدا هەڵدێن و پاش بڕینى هەشت قۆناغى سەخت دەگەنە کۆشکى شاى مەزن و پاشاى پاشاکان و پاش لابردنى حیجاب لەنێوانیاندا، شەکواى حاڵى خۆیانیان لەیاد دەچێتەوەو لەمەست بوونێکى هەمیشەیدا دەمێننەوە، ئیدى ئەوان گەیشتوونەتە ئەو جێگەیەى کەبەدەرە لەهەموو کەموکورتى و ناکامڵییەک.
لاى غەزالى-یش کۆمەڵێک باڵندە بەمەبەستى دیاریکردنى پاشایەک بۆ خۆیان، رێگەى سەفەرێکى تاقەت پڕووکێن و زەحمەت دەگرنەبەر، دواى بەهیلاک چوون و مردنى ژمارەیەکیان، ئەوانەى کەدەمێننەوە دەگەنە دوورگەى پاشاو کاتێک لێیان دەپرسن بۆ هاتوون، ئەوانیش لەوەڵامدا دەڵێن هاتووین، تا “عەنقا” بکەینە پاشامان.. لەوەڵامدا پێیان دەڵێن، خۆتان ماندووکردووە، بتانەوێت و نەتانەوێت، ئێمە پاشاتانین و هیچ پێویستییەکمان بەئێوە نییە.. وەختێک باڵندەکان تووشى یەئس و سەرلێشێواویى و پەرتەوازەیى دەبن.. پێیان دەڵێن، هەیهات..هەیهات.. نەکەن مەیئووس بن لەڕەحمەتمان، تەنها کەسە دۆڕاوەکان مەیئووس دەبن لەڕۆحى خودا.. هەر بۆیە لەلایەن زاتى عولیاوە قبووڵ دەکرێن. بەڵام لاى عەتتار، بەشێوەیەکى دیکە مامەڵەى لەتەکدا کراوەو لەکۆتایى تێکستى “لۆژیکى باڵندە”دا سى باڵندەکە” سى مرغ”ەکە فەنا دەبن لەزاتى”سیمرغ-سى مرغ”دا.. یان بابڵێین خۆیان سى باڵندەن و کەدەشڕواننە سیمرغ هەر سى باڵندە دەبیننەوە کەخۆیانن، هەر وەک ئەوەى بڕواننە ئاوێنە، خۆیان خۆیانن بێ زیاد و کەم!؟

وریا باقر: ئەم وێنەیەى کۆتایى “لۆژیکى باڵندە” هەر کتوومت بەکەمێک دەستکارییەوە لەتێکستى یەکێک لەوانەى ئێستا لەوەسەتى کوردیدا، بووەتە ناوێکى دیار لەدنیاى چیرۆک و رۆماننووسیندا.. بینیومەتەوە، هەر ئەمەى دزیوە بەکەمێک دەستکارییەوەو بەڵام لەجێى باڵندەکان، کردوویەتییە کەسێکى…تاد؟! ئەى بەڕاى ئێوە چى دەرحەق بەم کەسانە بگوترێت باشە؟

یوسف عزەدین: هەر بیستنى وشەى دزى بۆ خۆى شتێکى ترسناک و مایەى سڵەمینەوەیە، ئیدى چەشنى دزییەکە هەرچییەک بێت.. پێم وانییە.. وەک ئاماژەتان پێدا، نووسەرێک ئەوە ئاستى بێت، بەدزینى جەوهەرى تێکستێکى زیندووى زاتێکى گەورەى وەک “عەتتار” یان بەدزینى تێکستەکانى تر و دووبارەکردنەوەى وێنەو دیمەن و لاسایى کردنەوەى جوانییەکانى ئەو دنیا تایبەت و پڕ لوغز و پەنهان و قووڵاییە رۆحییە شاراوانە، بتوانێت نەک خودى وێنەکان، بەڵکو نێگەتیفەکەشى بخاتەڕوو.. دەرحەق بەپرسیارەکەشتان، ئەى بەڕاى ئێوە چى دەرحەق بەم کەسانە بگوترێت باشە؟.. جارآ لەم رۆژگارەدا پێناچێت، کەسان و رەخنەگرانى ئاسایى دەڕۆستى ئەو توخمانە و ئەوانەى لەپشت کەوالیسەوە کاریان بۆ دەکەن بێن و کەئەم جۆرە نەوەیەش، لەئەربابى ئەم توخمە لەنووسەر و هاوپشت و هاوکار و قەوم و قیلەکانیان بەحوکمى رۆژگار نەمان، ئەوە نەوەى دواتر، چى دەڵێت و چۆن ئەم بگرەو بەردەو هێنان و بردنە رەخنەییانە ساغ دەکاتەوە، یان نایکاتەوەو وەزعەکە هەر وەک خۆى و بگرە خراپتریشى لێ بەسەردێت.. ئەوە رەنگە ئەگەر لەئێستادا وەڵامى نەدەینەوەو بۆ داهاتووى جێ بهێڵین باشتر بێت.

وریا باقر: ئایا فەنابوون لەزاتى ئیلاهیدا لادان نییە لەیەکتاپەرستى؟

یوسف عزەدین: عەتتار لەدەستپێکى “لۆژیکى باڵندە”دا وەڵامى ئەم کۆتاییەى تێکستەکەى خۆى دەداتەوە. دەڵێت: ( ئەوەى دەیڵێیت و دەیزانیت لەخۆتەوە هەڵدەقووڵێت و خۆت بەخۆت بناسەو خوداش بەخودا خۆى بناسە، نەک بەخۆت. رێگە بۆ لاى ئەو لەخۆیەوەیەتى نەک لەتۆوە… ئەوەى لەبارەیەوە دەگوترێت تەنها راڤەکارییە.. ئەو لەسەرو هەموو وەسفەکانەوەیە.. تەنها شتێک کەئێمە دەرحەقى دەیزانین ئەندێشەو خەیاڵە، زانینى هەر هەواڵێکى ئەو مەحاڵە.. ئەوەى باش و خراپ لەبارەیەوە دەگوترێت تەنها لەخەیاڵى خۆمانەوە هەڵدەقووڵێت، ئەو لەسەروو دیاریکردن و عیلمى ئێمەوەیە). جێگەى باسیشە هەر خودى عەتتار لەشوێنێکى تردا ئاماژە بەوە دەکات ئەو “حلولیى” نییە، بەواتاى گەیشتنى سالیک بەمەرتەبەى “ئولوهییەت” و پێى وایە تەسەووراتێکى لەو چەشنە دەرچوونە لەئایینى ئیسلام و بەڕاى ئەو نابێت کەس ئیدیعاى ئەوە بکاتە کە”حەق”ە.

وریا باقر: ئەى بۆ کۆتایى تێکستى “لۆژیکى باڵندە” شتێکى ترە؟

یوسف عزەدین: رەنگە شتێکى تر نەبێت و هەر ئەوە بێت کەخۆى ئاماژەى پێداوە! یان بۆى هەیە وابێت!؟ بەڵام لەهەموو حاڵ و کارەکاندا تێسکتە زیندووەکان وەک خۆیان و بۆ خۆیان چەندین خوێندنەوەو تەئویل و تەفسیر هەڵدەگرن. عەتتار کاریگەرى فیردەوسى و سەنائى و حەللاج و بایەزیدى بوستامى و کەسانێکى دیکەى لەسەر بووە. هەروەها کاریگەرى بۆ سەر مەولانا جەلالەددینى رۆمى و حافز و جامى و نەوائى و شاعیرانى دیکەى تەسەووف هەبووە. وەک لەبارەیەوە دەگێڕنەوە، سى چل ساڵێکى تەمەنى لەکۆکردنەوەى شیعرى شاعیرانى عاریف و گوتەکانیاندا سەرفکردووە. بەڵام دواجار پاش ئەوەى لەکتێبێکیدا، بەشیعر وەسفى “ئیمامى عەلى” و تێکەڵێک لەمەیلى شیعەگەرى دەخاتەڕوو، ئەمەش بەمەبەست و بۆ دژایەتى فەقیهە سونییە دەمارگیرەکانى سەمەرقەند دەکات.. ئەوانیش پاش تەکفیرکردنى، خەڵکى لێ هان دەدەن، تا گڕ بەردەنە ماڵى و بەزەحمەت قورتارى دەبێت و بەرەو مەکە هەڵدێت و لەوێش کتێبێک بەناوى “زمانى غەیب” دەنووسێت و هەن دەڵێن دواتر گەڕاوەتەوە بۆ زێدى خۆى و مەغۆلەکان لەوآ شەهیدیان کردووە، گۆڕیشى لەنیساپوور هەیە، ئەگەر هى ئەو بێت.
عەتتار جیاواز لەزۆرێک لەنووسەران و شاعیرانى سەردەمەکەى، هەرگیز وەسفى سوڵتان و میر و وەزیر و کاربەدەستانى نەکردووەو ئامادەنەبووە لەدەربارى پاشاکاندا وەک شاعیران و خەڵکە خوێنەوارەکەى تر ژیان بەرێتە سەر، بۆیە بۆ خۆ ژیاندن و پەیداکردنى قووتى رۆژانەى ناچارى کارکردن بووەو بەو مەبەستەش دوکانێکى عەتتارى هەبووەو دەرمان و مەرهەمى تێدا فرۆشتووەو هەروەک خۆى دەڵێت، هەردوو کتێبى “موسیبەت نامە”و”ئیلاهى نامە”ى لەدووکانەکەیدا نووسیوە، لەکاتێکدا رۆژانە پێنج سەد نەخۆش روویان تێکردووەو پاش پشکنین و گرتنى ترپەى دڵیان دەرمانى پێویستى پێداون. لێرەدا دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین هەردەم کەسانێک هەبوون، لەژێر پەردەى خوداناسى و تەسەووف و عیرفان و دەروێش بوونیانەوە، لەپالڕ پاشاو کاربەدەستاندا موعەزەز و موکەررەم ژیاون، یەکێک لەخاڵە جیاکەرەوەکانى ئەم جۆرەش لەگەڵ عەتتار و هاوچەشنەکانى، کارنەکردنیان بووە.. بەڵام ئەوانەى بەحەقیقى ئەهلى تەریقەت و سالیکى ئەو رێگەیە بوون، کەسانێکى کارگەر و خاوەن سنعەت و پیشەگەر و لەو جۆرانە بوون، بەهێزى بازووى خۆیان و ماندووبوونیان قووتى رۆژانەى خۆیان پەیداکردووە، یان هەر بەڕاستى تەرکى دنیایان کردووەو تەنها بەپەیداکردنى پارچە نانێک ئەم رۆژ بۆ سبەى رۆژیان بەڕێکردووە. تەنانەت دەگێڕنەوە کاتێک کوڕى یەکێک لەدەسەڵاتدارەکان، دەیەوێت ببێتە سۆفى و لەنێو ئەهلى تەریقەتدا جێى بێتەوە، پاش ئەوەى پەنا بۆ کەسانێکى موتەسەوویف دەبات تا رێگەى پیشان بدەن، یەکەم شت داواى لێدەکەن، دەستبەردارى ئەو هەموو شکۆ و دەسەڵاتە بێت کەهەیەتى و دواتریش وەک هەر کەسێکى ئاسایى لەقەرەباڵغترین شوێنى شاردا، بۆ پەیداکردنى پارەى حەڵالڕ، ناخۆشترین و ئاست نزمترین کار بکات، دیارە پیاوانى باوکى ئەمە دەبینن و هەوالڕ دەچێتەوە بۆ باوکى و پاش گێرمەو کێشەیەکى زۆر، ئەو زاتە هەر واز لەقەناعەتى خۆى ناهێنێت و تا سەر بەردەوام دەبێت. کەواتە بەدەست هێنانى ئەو پلەو مەقامە عیرفانییانە کارێکى ئاسان نەبووەو هەروەک سەفەرى باڵندەکانى عەتتار، بەناڕەحەتییەکى زۆر قۆناغ بە قۆناغ گیراوەتە بەر. هەر بۆیە عەتتار و هاوشێوەکانى توانیوویانە سنوورى رۆژهەڵات و لۆکاڵبوونیان ببڕن و ببنە کەسایەتى جیهانى، ئەوەتا سەردەمانێک لەئەڵمانیا لەسەر داواى گۆتە-ى شاعیر، پەیکەر بۆ عەتتار دروست دەکرێت و هەروەها لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى شیعرەکانى عەتتار بەوەرگێڕدراوى بۆ زمانە ئۆروپاییەکان، لاسایى کەرەوەى زۆر بوون، یەکێک لەوانەى بەکاریگەرى ئەم تێکستە ناوازەیەى عەتتار شیعرى نووسیوە، شاعیرى ئینگلیزى “چوسەر” بووە، چامەیەکى بەناوى “ئەنجومەنى باڵندە” نووسیوە. بێگوومان لێرەدا دەبێت ئاماژە بە سەنائى بدەین وەک شاعیرێکى پێش عەتتار و هەروەها مەولانا جەلالەددینى رۆمى کەدواى عەتتار دێت و بەهەر سێکیشیان سێکوچکەى مەسنەوى-یان پێ دەگوترێت و یەکێک لەکتێبە شیعرییە بەناوبانگەکانى سەنائى-ش “باخچەى حەقیقەت”ە. بابگەڕێینەوە لاى “پیتەر برۆک” و ئەوە بڵێین لەکاتێکدا تووشى چەقبەستن و وشکبوونى داهێنان و مەرگى خەیالڕ دەبێت، ئەم تێکستەى عەتتار وەک فریادڕەسێک فریاى دەکەوێت و لەچەقبەستن و راووحکردن رزگارى دەکات، خوێندنەوەى “لۆژیکى باڵندە” هەموو ژیانى هونەریى “پیتەر برۆک” دەگۆڕێت و لاى دەبێتە نمایشێکى سەرسامکەر و هەژێنەر.

وریا باقر: جیاوازى جەوهەریى “باڵندە نامە”کەى “ئیبن سینا”و “لۆژیکى باڵندە”ى عەتتار لەچییدا دەبیننەوە؟

یوسف عزەدین: “ئیبن سینا” عاریف و سۆفى نەبووە، وەک ناسراوە فەیلەسوف و زانا بووە، بۆیە کاتێک “باڵندە نامە”کەى نووسیوە، هەوڵیداوە وەک عاریفان و سۆفییان بیربکاتەوەو ئەوە ببینێت کەئەوان دەیبینن. بەڵام عەتتار سۆفى و عاریف بووەو بەشێک لەئەزموونى خۆى و سۆفی و پیاوچاکانى دیکەى لە تێکستکەیدا بەرجەستەکردووەو بەیەقینەوە خۆى لەوێناکردنى ئەو دنیا مەجازییە داوە، کەلاى ئەوان بینراو و یەقینە، واتە عاریفان ئەوە دەبینن کەفەیلەسوفان تەنها دەتوانن بیرى لێبکەنەوە.. ئەمە جگە لەوەى جۆر و چەشنى گەیشتنە مەعریفە لاى هەردووکیان جوداو جیاوازەو ئەمە جگە لەکێشمانکێشى جەوهەریانەى مابەینى فەیلەسوفان و عاریفان.. دەبینین هەر خودى عەتتار پێى وایە ئەوەى لەڕێى عیشقدا ناوى فەیلەسوفى لێنرابێت، هەرگیز شارەزاى عیشق نییە.. لەشوێنێکى تریشدا دەڵێت، “نابیتە هەڵگرى حیکمەتى ئایین، ئەگەر واز لەو حیکمەتە نەهێنیت”. کاتێک یەکێک لەباڵندەکان لەپەپووسڵێمانکە دەپرسێت، ئەگەر گەیشتمە لاى سیمرغ چى لێ داوا بکەم، پێى دەڵێت:” ئەوەى بچێتە حزوورییەوە، مەعریفەى دەست دەکەوێت، باشترە مەعریفەى لێ داوا بکەیت”.
مەولانا جەلالەددینى رۆمى دەفەرموێت:” جەهل لەبەر دەستى کامڵدا دەبێتە عیلم و عیلمیش لەبەر دەستى نوقسان و نەزاندا دەبێتە جەهل.. ئەوەى نەخۆش و دەردەدار دەستى تێوەردەدا دەبێتە دەرد و نەخۆشى، بەڵام کەسى کاملڕ ئەگەر دەست بۆ کوفریش ببات، دەبێتە ئایین”.

وریا باقر: ئاشکرایە عەتتار تێکستى ترى هەبوون، بەڵام دیارە مەبەستى بووە، تایبەتمەندییەکى جیا بە”لۆژیکى باڵندە” ببەخشێت، ئاخۆ خۆى هیچ ئاماژەیەکى بەمە داوە؟

یوسف عزەدین: عەتتار لەکۆتایى ” لۆژیکى باڵندە”دا بۆ خۆى دەفەرمووێت: ( ئەهلى وێنە نغرۆى زەریاى ئاخافتنەکانم بوون، ئەهلى ماناش پیاوانى نهێنییەکانى منن، ئەم هەڵبەستانەم خاسییەتێکى سەیریان هەیە، لەهەر ئان و ساتێکى جیادا ماناى نوێ و جودا دەبەخشێت.. ئەگەر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیتەوە، ئەوە بێگومان لەگەلڕ هەر جارێکدا جوانتر دەبێت.. تا رۆژى قیامەتیش کەسێکى دیکە نابینیتەوە، بتوانآ وەک منى عاشق بنووسێت).
چەند جوانە لەسەردەمانێکى خوێناوى و شەڕانگێز و دزێودا، لەسەردەمانێکدا کەنووسینەوەو لەبەرگرتنەوەى کتێب و بەدەستهێنانى کەرەستەکانى ئاسان نەبووە، کەچى ئەم و ئەوانەى وەک ئەم بوون، هەوڵى مانەوەى هەتا هەتایى تێکستەکانیان داوە، بۆیە ئاماژە بەڕۆژى قیامەت دەکات، کەئیتر تا ئەو دەم کەسێکى ترى وەک ئەم عاشق دووبارە نابێتەوە، بەو هەموو قووڵى و عیشقەوە بنووسێت.

وریا باقر: هەرچەند دەکرێت تاڕاددەیەک بەشێک لەخوێنەرە هەوڵدەرو کۆڵنەدەرەکان، بەخوێندنەوەى بەردەوام لەبەشێک لەچەمک و تێڕوانین و جیهانبینییەکانى سۆفى و عاریفان تێبگەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین، زۆرجار تێگەیشتن و حاڵى بوون لێیان زەحمەتە؟

یوسف عزەدین: راستە.. محەمەد حسێن ئەسفەهانى سەبارەت بەکتێبى “چوار سەفەرە ئەقڵییەکە”ى “سەدرەددینى شیرازى” دەڵێت: ” ئەگەر بزانم کەسێک هەیە، نهێنى و پەنهانەکانى کتێبى سەفەرەکان پەى پێدەبات، گەر لەو سەرى دنیاشدا بێت، بەرەو لاى دەچم”.. “سەدرەددینى شیرازى” یەکێک بووە لەو زاتە دەگمەنانەى هەوڵى نزیککردنەوەى فەلسەفەو عیرفانى داوەو تووشى گەلێک مەینەتى و بەدحاڵیبوون و چەرمەسەرى و ناڕەحەتى بووە.. دەرئەنجام خۆى لەشوێنە دوورە دەستەکاندا بۆ ماوەیەک ونکردووە. ئیدى لەو خەڵوەت و تەنهاییانەدا، زانستە باتنییەکانى لا کەشف دەبێت و پاشان بەحیکمەتێکى باڵاى تێکەلڕ لەفەلسەفەو عیرفان دێتەوە نێو خەڵکى..بابى ئەم زاتە گەورەیە وەزیر بووەو سەدرەددین-یش کوڕى تاقانەى بووە، ئیدى هەم لەژیانى بابیدا سوودى لەسەروەت و سامانى وەرگرتووە بۆ بەدەست هێنان و فێربوونى زانست و زانیارى، هەم دواى مەرگى بابیشى سەرجەم میراتەکەى دەخاتە خزمەت فێربوونەوەو بۆ خۆى دەڵێت: ( دوورکەوتمەوە لەتێکەڵبوون و خۆسەرقاڵکردن بەخەڵکییەوە.. ئاسان بوو بەلامەوە، دژایەتى شتە باوەکان و منجڕى لەگەڵ خەڵکى زەمانەدا بکەم، تاگەیشتمە نکوڵیکردن لەخۆیان و راوبۆچوونیان دەرحەقم.. بەرز و عەزیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گەیاندبام، هەروەک یەک بوو لام.. بەغەریزەو بەتەواویى روومکردە هۆکارى سەرجەم هۆکارەکان، کەوتمە پاڕانەوە لەئاسانکارى کارە سەختەکان.. ماوەیەکى زۆر بەپەنهانى و دوورە پەرێزیى مامەوە.. تا ئەو نهێنییانەم لا کەشف بوو کەتا ئەو دەم نەمدەزانین…).

وریا باقر: بەڕاى ئێوە هۆکارى سەرەکى قبووڵنەکردنى ئەقڵییەتى باو، بۆ هەموو جۆرە بیرکردنەوەو تێڕوانینێکى جیاوازى حەللاج و سوهرەوەردى کەبەکوشتنیان کۆتایى هات، تا عەتتار و سەدرەددینى شیرازى، کەتائێتستاش ئەوەى ئەوان گوتویانە بەئەقڵێکى کراوەوە مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت؟

یوسف عزەدین: هۆکارەکان زۆرن و سەرەکیتریان نەگونجانى گوتراوەکانى ئەوانە لەگەلڕ تەرح و بۆچوونە سەلەفییەکان و تێڕوانینە دۆگماکانە.. هەندێک جار و بەپێى ئاڵوگۆڕە سیاسى و قۆناغەکانى حوکم و دەسەڵاتى سوڵتانەکان، کەم و زیاد لەهەندێک نێوەندا رێگەى خستنەڕووى تەرح و بۆچوونە فیکرییە جیاوازەکان، تەنانەت ئایینییەکانیش دراوە، بەتایبەتیش لەبازنە داخراو و شوێنە تایبەتەکانى ئاخافاتن و گفتوگۆکردنە جیاوازەکاندا..بەڵام ئەم رێگە پێدانانە لەلایەن خودى ئۆتۆریتەو مەرجەعە ئایینییەکانەوە، تا کوآ بڕیان کردووەو خۆیان لێ خافڵکردووە، ئەوە مەسەلەیەکى ترە؟ بوونى فەلسەفەى ئیشراقى و تەرح و بۆچوونەکانى سوهرەوەردى، پێناچێت راستەوخۆ هیچ زیانێکى بۆ خودى “سەلاحەددینى ئەیوبى” هەبووبێت، لەکاتێکدا هەندێک لەدوژمنانیشى وەک کەسێکى نەرم و نیان و خاوەن میهر و بەزەیى ناساندوویانە، بەڵام کاتێک مەرجەعە ئایینییەکان، دەستەودامێنى سەلاحەددینى ئەیوبى دەبن و داواى لەناوبردنى زاتێکى گەورەى وەک “سوهرەوەردى” لێدەکەن، بێ دوودڵى فەرمانى لەناوبردنى دەدات، هەرچەند راوبۆچوونى جیا جیا هەن سەبارەت بەچۆنیەتى کوژرانى سوهرەوەردى..بەڵام دواجار دەکوژرێت. “سەدرەددینى شیرازى”یش هەرچەند نەکوژرا، بەڵام لەلایەن پیاوانى ئایینى سەردەمەکەیەوە، فەتوا لەدژى درا، بەتایبەتیش بیرۆکەى “وحدە الوجود”ى شیرازى جێگەى قبووڵ نەبوو، سەربارى ئەو ئاماژەیەى شیرازى بە گوتەیەکى “ئیبن عەرەبى”و بەباش زانینى کەدەڵێت:
” ان فرعون مات مومنا موحدا”.. ئەمە جگە لەئاماژەپێدانى بەنەمانى عەزاب لەو دنیاداو نکووڵیکردن لەنەمربوون و مانەوەى هەتا هەتایى لەنێو ئاگردا.. مەعریفەى “سەدرەددینى شیرازى” پەیوەست بووە بەگەلێک سەرچاوەى جیا جیاوە هەر لە”ئیبن عەرەبى”-یەوە تا دنیابینییەکانى ئەرستۆ و ئەفلۆتین چ وەک خودى خوێندنەوەى نووسینەکانیان و چ ئەوەى لەڕێى “ئیبن سینا”وە بەشێوەیەکى سەرەکى لەبەر دەستى شیرازى-دا بووە، زانراویشە ئیبن سینا وەک قوتابییەکەى راستەقینەى ئەرستۆ و راڤەکار و پەرەپێدەرى تێزەکانى دەنگ و سەداى تایبەتى هەبووە.. شیرازى-ش بۆ خۆى لەبەرایى کتێبى” چوار سەفەرە ئەقڵییەکە”یدا ئاماژە بەناوى کۆمەڵێک فەیلەسوف دەکات، لەوانە فیساگۆرس و سۆکرات و ئەفڵاتوون و ئەرستۆ-یەو داوا لەخودا دەکات پیرۆزییان بکات و لەدوعاو بەرەکتیشیان بێبەشمان نەکات و درێژەى دەداتآ و دەڵێت:( ئەوان حەکیمى زاهید و خواپەرستى باڵا بوون، پشتیان کردە ئەم دنیاو روویان کردە ئەو دنیاى پەتى…).
ئەرستۆ پێى وابووە، هەموو بزوێنەرێک پێویستى بەبزوێنەرێکى تر هەیەو بەم شێوەیە ئیدامەى دەبێت، تا دەگاتە ئەو بزوێنەرەى پێویستى بەهیچ بزوێنەرێکى تر نییەو ئەو خۆى سەرچاوەى هەموو جووڵەو بزاوندنەکانە.. ئەرستۆ پێى وابووە، مادە کۆنەو بزوێنەرى یەکەم ماددەى دروست نەکردووە، بەڵکو رێکیخستووەو دواجاریش وازى لەدنیا هێناوە بۆ خۆى و ئەمەش لاى ئەقڵى سەلەفى جێگەى قبووڵ نەبووەو لەکاتێکدا هەموو ئەو تەرحە فەلسەفییانە، هەر لەسەردەمانى کۆنەوە، جێگەى گفتوگۆو کێشمانکێشە فەلسەفیەکان بوون، ئەى ئەوە نییە، نزیکترین و باشترین قوتابى ئەرستۆ کە ئەفڵوتین-ە پێى وابووە دنیا لەخۆیەوە دروست نەبووەو ئەوەى دروستى کردووە، زاتێکە ئەقڵ و فیکر لەماهییەتى تێناگەن، ئەو زاتە لاى ئەفڵوتین، زاتێکى ئەزەلى و باقیی و زاڵە بەسەر ماددەو رۆحدا.. بەڵام پرسیارەکانى ئەو لەوەدا بووە، چۆن دەبێت ئافەریدەکارێکى “نافانى” و “باقیى”، دنیایەکى فانى دروست بکات؟ یان بۆ دەبێت شەڕانگێزى و خراپە لەدنیادا هەبێت؟ یان نەفس لەکوێى بەدەندایەو پاش مەرگ دەچێتە کوآ و ئەمەو چەندین پرسیارى دیکەى لەو چەشنە، هەمیشەو هەردەم بوونەتە باس و خواسى دیالێکتیکیانەى سەرجەم زەمەنەکان و خودى نێوەندە تەقلیدییەکانیش بەدەر نەبوون لەبگرەو بەردەى ئەم جۆرە پرسیارانە، ئیدى وەڵامەکەیان هەرچییەک بووبێت، مەرج ئەوەیە لەڕووکەشدا ئەو جۆرە پرسیارانە لاى ئەوانیش قابیلى پرسیار و وەڵام بوون، تا ئەو شوێنەى مەترسى بۆ سەر بەرژەوەندیی و مەرجەعیەتیانى دروست نەکردبێت.

وریا باقر: وەک ئاماژەتان پێدا، پرسیارى ئەو بیرمەند و عاریفانە، لەسەرەتاکانى بوونەوە دەست پێدەکات.. پێتان وانییە، بنەڕەتى گرفتەکەش لەگەلڕ ئەقڵییەتى باودا لەمەوە سەرچاوەى گرتبێت؟

یوسف عزەدین: گەڕانەوە بۆ موعەمماکانى گەردوون و هەوڵدانى وێناکردنى ئەو ساتە زۆر نادیارانەى دەستپێکى سەرجەم شتەکان، نەک هەر قووڵ و فرە رەهەند و هەمەچەشن و جودا و جیاوازە، لەڕووى جودایى تێڕوانینى مەدرەسەو قوتابخانە فەلسەفى و تەرح و بۆچوونە جیاجیاکانەوە، بەڵکو هەر سەرەتایەکى ترسناکیشە، تۆ تەسەوور بکە، لەهیچەوە هەموو شتێک دێتە بوون، ئەو کون فەیەکون-ە ئیستیعابێکى ئەقڵیى گشتگیر و زەینێکى هێجگار زرنگى دەوێت، تا هەزمى بکات، راستە رەنگە پێم بڵێیت، ئەى ئەوە نییە، ژمارەیەکى بێشوومارى خەڵک بێ هیچ بیرکردنەوەو دوودڵییەک باوەڕیان پێیەتى، خۆى لەڕاستیدا گرفتەکە لەوەدایە، چونکە ئەو باوەڕە لەیەقینەوە هەڵنەقووڵاوە..ئاستەمە بێ گومان و پرسیارکردن بگەیتە یەقین، ئەى ئەوە نییە لەساتە وەختێکدا، زاتێکى خودا ناسى وەک “غەزالى” کە لەتەمەنى چل پەنجا ساڵیدایەو بابایەکى مەعروف و پایەدارێکى ئایینى بەغدایە، دەکەوێتە گومانەوەو موناجاتى خودا دەکات و کۆمەڵێک پرسیارى لا مەترەح دەبێت، هەروەک ئەوەى بەخۆى بڵێت، خودایە خەڵک دەزانن کەمن کەسێکى ئیماندارم، بەڵام ناتوانم گومانەکانى خۆم لەئێوەى تاک و تەنها بشارمەوە.. ئیتر هەر ئەم گومانانەش دەبێتە مایەى دەستبەرداربوون و تەرک کردنى دنیاى، بۆ ماوەى کەمتر یان زیاتر لەدە ساڵێک و تاقیکردنەوەى رێچکەو رێگەى سالیکانى تەریقەتەکان و قووڵبوونەوەى لەتەسەووف و خوداناسیدا، پاشان گەڕانەوەى بۆ نێو مەدەنییەت و دەستپێکردنى بەنووسینى کتێبى “رزگارکار لەگومڕایى” کەوەک زانراوەو دەگوترێت “دیکارت” مەنهەجیەتى بەکارهێنانى گومان و گەڕانى لۆژیکیانەى بەدواى حەقیقەتدا لەوەوە وەرگرتووەو چەندین بەڵگەى حاشا هەڵنەگریش بۆ ساغکردنەوەى خراوەتە روو.. ئەم کتێبەى غەزالى یەکێکە لەکتێبە گرنگەکان و بۆ خۆى لەڕێگەى ئیجتیهاداتى قەلبى و پەیڕەوکردنى تەسەووفەوە، دەگاتە یەقینى موتڵەق و دەرحەق بەهەموو گومانەکانى پێشووتریشى وەڵامى لا دروست دەبێت.

وریا باقر: چۆن دەڕواننە چەمکى هاوڕێیەتى حەقیقی و بەتایبەتیش هاوڕێیەتى عاریفان و موتەسەوویفان؟

یوسف عزەدین: “مەولانا جەلالەددینى رۆمى” تەسەوورێکى جوان و ناوازەو دانسقەى هەیە، کەدەفەرمووێت: ( هاوڕێى هەمووان ببەو بەڵام وەک ئەوانەى بت دروست دەکەن، لەبەرد هاوڕێیەک بۆ خۆت دروست بکە). واتە تەنها لەڕوو و بەناچارى هاوڕێى هەمووان ببەو خەڵکى بناسە.. ئەگینا بەڕاستى و بەدلڕ، راز و نهێنییەکانت، تەنها لاى هاوڕآ لەبەرد دروستکراوەکەت بدرکێنەو تەنها هاوڕێى ئەو بە، ئەوێک کەلەهیچ و ئان و ساتێکدا ناتوانێت ئێرەیت پێبەرێت، ناتوانێت ببێتە ناحەز و دوژمنت ، ناتوانێت زیانت پێ بگەیەنێت، ناتوانێت هەموو شتێکت لێوە فێر بێت و پاشانیش خیانەتت لێبکات، ناتوانێت چەندین چیرۆکى ناڕاست و درۆت لەبارەوە دروست بکات.. ئەو هاوڕآ لەبەرد دروستکراوەکەت، نە دەبێتە تۆ و نەدەبێتە وێنەیەکى ناحەزو دوژمنەکانت، ئەو هەر ئەوە، هاوڕآ راستەقینە لەبەر دروستکراوەکەتە!؟

وریا باقر: بەڕێزتان پێتان راستە، مرۆڤ هێندە گۆشەگیر و دوورە پەرێز بێت، تەنها هاوڕێیەکیشى کەجێى متمانەو باوەڕى بێت، لەبەرد دایتاشیبێت؟

یوسف عزەدین: هاوڕێیەتى یان دەبێت ئەوەى “شەمسى تەبرێزى”و “مەولانا جەلالەددینى رۆمى” بێت، یان نەبێت چاکترە!؟ ئەو هاوڕێیەتیەى کەناحەزان نەیانهێشت بەردەوام بێت، ئیتر وەک دەگێڕنەوە، لەشەوێکدا پاش دەرکە لێدانى جێگەى مانەوەى لەشارى”کۆنیا”، “شەمسى تەبرێزى” دەچێتە دەر و بۆ هەتا هەتایە کەس نایبینێتەوە.. یان وەک دەڵێن گەڕاوەتەوە بۆ شارى”خویى” و لەوێدا مردووە یان کوژراوە، ئەو گۆڕەشى کەلەوێدا بەگۆڕى ئەو دراوەتە قەڵەم، لەلایەن یونیسکۆ-وە کراوەتە شوێنجێگەو شوێنەوارێکى جیهانى پارێزراو.
راستى پێکگەیشتن و ناسینى ئەم دوو زاتە بۆ یەکترى و زۆر وردەکارى کارکردن و کارکردنە سەر یەکتریان لوغزە.. بەڵام ئەوەى دەگێڕدرێتەوە گوایە، “شەمسى تەبرێزى” سەرەتا بەبآ ئەوەى خۆى بناسێنێت، دەچێتە وەعزەکانى “مەولانا”و پاش ئەوەى وەک دەڵێن لەیەکەمجارى بینینیدا زانیوویەتى، هێشتاکە “مەولانا” ماویەتى بۆ ئیستیعابکردنى ئەو مەعریفە عیرفانییانەى لاى ئەو هەبووە، “شەمس” گەڕاوەتەوە و پاش چەند ساڵێکى دیکە وەک بازرگان خۆى بە شارى “کۆنیا”دا کردۆتەوەو ئەمجارەیان کەپێگەیشتن و ئامادەگى رۆحییانەى “مەولانا”ى بینیوە بۆ وەرگرتنى گەلێک لەو مەعریفەو تەوەجووهە غەیبیانەى کەپەى پێبردووە، دیارە خۆى پێدەناسێنێت و بەمەش گەورەترین ئاڵوگۆڕ لەبونیادى فیکرى و مەعریفى و ئایینى مەولانا-دا روودەدات، مەولانا-یەکى مورشید و واعیز و ئیمام، دەبێتە سەماچیی و عاشقێکى سەرمەستى ئیلاهیى، لەکۆڕى وەعز و ئیرشادو تێکەڵبوونى خەڵکەوە، دەکشێتەوە بۆ نێو تەنهایى و بێدەنگى و خەڵوەت و کەم دوویى، ئیدى هەر ئەمەشە بەخەڵکى شارەکەى و هەموو برادەران و کەسانى نزیک لەمەولانا قبووڵ ناکرێت، مەولانا-یەک کەپێشتر هى ئەوان بووەو بۆ ئەوان بووە، ئێستا ویڵ و سەرگەردان عەوداڵى سەوداو سەماع و سەما و نغرۆى دنیا بینییەکانى “شەمسى تەبرێزى”یە.. جاری یەکەم پاش ئەوەى خەڵک “شەمس” شار بەدەر دەکەن، مەولانا دەنێرێت و دەیهێننەوە، بەڵام جارى دووەم، پاش ئەو دەرکە لێدانەو دەرچوونى شەمس-ە بۆ ئەوەى بزانێت کێیە، ئیتر شەمس نامێنێت.. لەهەمووشى سەیرتر و کاریگەرتر، ئەو چل رۆژە زۆر سەیر و عیرفانییەى ئەو دووانەیە، کەپاش رۆژوو گرتنێکى چل رۆژەو ئیعتیکاف کردنیان چل رێسا-کەى عیشق دەنووسنەوە، ئەو چل رێسایەى کەلەو دەمەوەو تا ئێستا بۆتە جێگەى سەرسامیی، وەک نوێنەری سەرجەم بنیادەمانى سەر رووى زەمین، دێن و چل رێساى بنەڕەتى پڕ مەحەببەتى عیرفانى، وەک مانیفێستۆ-یەک بۆ مانەوەو پێکەوە ژیانى سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵى مرۆڤایەتى دادەڕێژن و جێگەى سەرنجیشە هەر رێسایەکیان لەوەى تریان کاریگەرتر و قووڵترە، لەکۆتایى ئەم دیالۆگەشماندا، پێم باشە وەک نموونەیەک ئاماژە بەرێساى “سى و نۆ” بکەم: ( هەرچەند بەشەکان دەگۆڕێن، بەڵام گشت وەک خۆى دەمێنێتەوە، چونکە کاتێک دزێک ئەم دنیایە جێدەهێڵێت، دزێکى دیکە لەدایک دەبێت، کاتێک کەسێکى رەوشت بەرز دنیا جێ دەهێڵێت، رەوشت بەرزێکى تر جێگەى دەگرێتەوە.. بەم شێوەیە هیچ شتێک نییە نەگۆڕدرێت، لەکاتێکدا لەڕاستیدا هیچ شتێک ناگۆڕدرێت.. چونکە بەرانبەر هەر سۆفییەک کەدەمرێت، سۆفییەک لەشوێنێکى دیکەى ئەم دنیایەدا لەدایک دەبێت.. ئایینى ئێمە ئایینى عیشقەو سەرجەمى مرۆڤەکان بەزنجیرە دڵێک پێکەوە ئاڵقاوون، ئەگەر ئەڵقەیەکى لێ بترازێت، ئەڵقەیەکى تر جێگەى دەگرێتەوە، ناوەکان دەگۆڕدرێن، دێن و دەڕۆن، بەڵام جەوهەر هەر وەک خۆى دەمێنێتەوە).

 


ناساندن
یوسف عزەدین
رۆماننووس و نووسەر
لەساڵى 1990-1991زیندانى بووە لەمودیریەتى ئەمنى سلێمانى سەردەمى ڕژێم”ناسراو بەئەمنە سوورەکە”و پاش ئەوەى خۆى و هاوڕێکانى فەرمانى گوللەبارانکردنیان بۆ دەردەچێت ، کەدەبوو لە21-3-1991دا لەمەلعەبەکەى سلێمانى گوللەبارانبکرێن..بەڵام ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان بووە لەمپەر و لە بەروارى 8-3-1991 پاش شاڵاوى خەڵکى ڕاپەڕیوو بۆ ئەمنەسوورەکە ئازادکرا.
یەکێکە لەو ناوانەى نەوەى نووسەرانى پاش ڕاپەڕینیان پێدەوترێت و هەوڵى جدیی هەیە، چ لەبوارى رۆماننووسینداو چ لەبوارى تەرحى فیکرى و بگرەو بەردە فەلسەفییەکاندا وەک لەدیالۆگ و گفتوگۆکانیدا دیارە. بەڵام بەپێچەوانەى زۆر لەو دەنگانەى کەهەمیشە لەبەرچاوان و دەور قەرەباڵغن.. نووسەرێکى تەنها و دوورەپەرێزە، هیچ تێکەڵیى و خوڵقى نێوەندە ئەدەبى و رۆشنبیرى و سەنتەر و کایەکانى ترى نییە..
ئەم نووسەرە چەند زمانێک دەزانێت، لەوانە زمانى تورکى و عەرەبى بەباشى دەزانێت، چ بۆ نووسین و چ بۆ وەرگێڕان.. کۆمەڵێک بابەتى وەرگێڕدراوى لەزمانى تورکى و عەرەبییەوە هەیە.. بابەتى نووسراو و بڵاوکراوەى بەزمانى عەرەبى هەیە، کەلە کۆمەڵێک ڕۆژنامەو سایتى عەرەبیدا بڵاوکراونەتەوە.
نووسەر و وەرگێڕى مەغریبى “سەعید بلغربى” کۆمەڵێک تێکستى ئەم نووسەرەى لەزمانى عەرەبى-یەوە کردۆتە ئەمازیغى و لەدوو توێى کتێبێکى سەربەخۆدا لەمەغریب بەچاپى گەیاندووەو شایانى باسە ئەمە یەکەمین جارە تێکستى کوردى بکرێتە ئەمازیغى و لەدوو توێى کتێبێکدا چاپبکرێت.. بەتایبەت مەغریب وڵاتى نووسەرانى بەتواناى وەک “تاهیر بن جەلون”و “محەمەد زفزاف”و”محەمەد شوکرى”یەو خاوەن خوێنەرانێکى جدییە.. هەروەها ئەم کتێبە بۆتە ماتەڕیاڵى دیراسى کۆلێژى ئادابى یەکێک لەزانکۆکانى مەغریب و وەک وەرگێڕش لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەى پێداوە، ئەو خۆى لەنێو کۆمەڵێک تێکستى ئەدەبى وەرگێڕدراوى کۆمەڵێک نووسەرى کورددا، بەبێ ناسینى خودى نووسەر، تەنها تێکستەکانى “یوسف عزەدین” سەرنجى ڕاکێشاوەو سەرسامى جدییەتى بووەو هەر بۆیە ماوەیەکى دوور و درێژى بۆ وەرگێڕان و پاشان بەچاپ گەیاندنى تەرخان کردووە.

کتێبە چاپکراوەکانى نووسەر
دیوێکى دیکەى حیکایەتە نەنووسراوەکان/رۆمان/چاپخانەى شڤان-سلێمانى2006
تەنها ڕۆژێکى سارد/رۆمان/دەزگاى موکریان/هەولێر/2008
پێخەفێک لەخوێن/هونەرى گێڕانەوە/دەزگاى ئاراس/هەولێر/2008
ماجەراکانى سەلمانى فارسى/رۆمان/یانەى قەڵەم/سلێمانى2009
وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان/ رۆمان/بەڕێوەبەرایەتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى/2009
وەهم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانەى یاد/ سلێمانى/2012
کۆتاییەکان/ئەنفارار/ هونەرى گێڕانەوە-سردیات/بەزمانى ئەمازیغى-دار کەبەدانى-مەغریب2015

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە