ئارام قادر حەمەسور: زۆرینەی گەنیو و، کەمینەی خەنی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە هۆکارە ترسناکەکانی دوو کەرت بوونی کۆمەڵگا جیاوازی چینایەتییە، مارکس لە سەدەی نۆزدەدا باسی مەترسی جیاوازی چینایەتی کردووە، جیاوازی چینایەتی بە حەتمیەتی دروستبوونی شۆڕش داناوە، مارکس کرێکاران و خاوەن کارەکانی بە دوو چینی ململانێی چینایەتی داناوە لە ناو تیۆرەکەیدا، ئێستاش فکری مارکس بۆ چینایەتی زیندووە لە ڕووی بونی ململانێی نێوان دوو چینە کارلێک کەرەکە.
ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایە لە ڕووی جیاوازی چینایەتییەوە، ئێستا خاوەنی کەمینەیەکی خەنین کە زۆرترین داهات و دەسەڵاتیان هەیە و لە خۆشگوزەرانیدا دەژین، ئەمانە کەمینەن و خۆیان لە بەرپرسە سیاسییەکانی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە، بەزەبری هێز خۆیان سەپاندووە، بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی بەنمونە، لەبەرامبەردا خاوەنی زۆرینەی گەنین کەزۆرینەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، زۆرینەی موچە خۆران نمونەی ئەم چینەن، ئێستا جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ئەم دوو چینەدا و کۆمەڵگای پارچە پارچەو ئاڵۆز کردووە، چینێکی کەمینەی حیزبی و بنەماڵەیی تەواوی بڕیارو داهات و خۆشگوزەرانی لەژێر دەستدایە، ئەم چینە لە دەوری بە حەڵاڵزانینی خۆشگوزەرانی و دەست بەسەرداگرتنی بازاڕو ئابوری و دەسەڵاتدا دەخولێتەوە بۆ خودی خۆی، چینێک بەتەواوی ستەمکارە و مەترسیدارەو سڵ لە هیچ بەربەستێک ناکاتەوە، ئەم چینە کەمینە خەنییە بێدەنگی زۆرینەی گەنی بە هەلی گەورە زانیوە، چونکە ستەمکارەکان لە بێدەنگیدا گەورەدەبن.
چینی دووەم کە زۆرینەی گەنیووە، زۆرینەی کۆمەڵگایە کە ژیانکردنی ڕۆژانەیان قورسەو داهاتووی ئاڵۆزو تەڵخە، چینێکە بەدەست قەیرانی ژیانکردنەوە گیری خواردووە، چینێکە کەرامەت و ئازادی پێشێلدەکرێت، ئەم چینە کەزۆرینەیە بەڵام ڕێکنەخراوە، بۆیە تا ئێستاش نەیتوانیوە لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراودا بەرامبەر کەمینەی خەنی بوەستێت، نەیتوانیوە بەرچە کرداری هەبێت بە تامی شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەم چینە تا ئێستاش ڕۆمانسیانە ڕوبەڕوی کەمینە دەسەڵات وەستاوە، لەدەوری بازنەیەک خول دەخوات بەبیانووی لەباربردنی ئەم ئەزمونەی حکومڕانی هەرێم بەرەو مەترسیدار تر دەڕوات، ئەم چینە گەر ڕێکبخرێت و هۆشیاری سیاسیان بەرزبێت پەرچەکرداری توند دروست دەکەن و دەبنە هێزێک بۆ هەڵتەکاندنی چینی کەمینەی خەنی دەسەڵاتدار.
لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە ئێستا ئێمە لە بەردەم مەترسی تێر نەخواردن و کەڕو ڵاڵی چینی کەمینەی خەنی و لەدیوەکەی تریش فراوانبوون و هۆشیاربونی چینی زۆرینەی گەنیداین، گەر ئەم جیاوازییە گەورەیە بەردەوام بێت مەترسی پەرچەکرداری توند دەکرێت بەگشت شێوەکان، چونکە هیچ کۆمەڵگایەک نەیتوانیوە تاسەر کەمینەی خەنی لە خۆبگرێت لە سەر حیسابی زۆرینەی گەنی، کەم نەکردنەوەی ئەم جیاوازییە گەورە مەترسیدارە، دەبێتە هۆی هەڵتەکاندنی ئاسودەیی و کۆمەڵگا بەرەو نامۆبون و یاخی بوون دەبات، ئێستا کەسێک یان هێزێک پێویستە ڕابەرایەتی جوڵەی زۆرینەی گەنی بکات، تا بتوانێت بە پەرچەکردارێکی توند کەمینەی خەنی بوەستێنێت، هۆشیاربونەوەی چینی زۆرینەی گەنی بە زانینی ژیانکردنی کەمینەی خەنی لەسەر حیسابی ئەو، سەرەتای ئەم پەرچەکردارە توندەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت