ئارام قادر حەمەسور: کۆتایی غروری سیاسی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دونیای سیاسەتدا سیاسی جۆراوجۆر دەبینین، هەندێکیان لە دوای مردنیش فیکرەو جوڵە سیاسیەکانیان هەر کاریگەرن، هەندێک لە سیاسیەکان هەر بە زیندوی فیکرەو هەڵسوکەوتیان دەمرێت، سیاسەت پێویستی بە تیۆرو عەقڵی باش هەیە کە دوربێت لە سۆزو فوتێکردنی خودئەڤینی، ئیگۆی سیاسی کاتێک وێنەکەی خۆی لەناو دەریای سیاسەتدا دەبێنێت و عاشقی خۆدی دەبێت و خۆی دەخاتە ناو دەریاکە و دەخنکێت لە خودپەرستیەکەیدا، لە دونیادا سیاسی گەورە هەبون کە دەستکەوتو ئەکتی مەزنیان کردوە بۆ وڵاتەکەیان، جۆرج واشنتن و ماندیلاو گیڤاراو گاندی و…. هتد، ئەمانە تا ئەمڕۆش نەمردون و لەدڵی گەلەکەیاندا دەژین، کاتێک سەرکردەیەکی گەورە غروری سیاسی نابێت دەچێتە دڵی خەڵکەوە، هیچ شتێک هێندەی غرور سیاسیەکان گەمژەناکات، کاتێک سیاسیەک توشی غروری سیاسی دەبێت دەبێتە تاکێکی فوتێکراو، ئیگۆی سیاسی وانیشان دەدات گەورەترین مرۆڤ و عاقڵترین مرۆڤی گەلەکەیەتی، باوەڕی وایە دەوڵەت خۆیەتی و خۆشی دەوڵەتە، بەڵام کۆتایی هەمو سەرکردە غرورەکان بریتیە لە مێژویەکی ناشیرینی سیاسەت، چونکە غروری سیاسی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە عەقڵانی کردنی سیاسەت.
سۆسیۆلۆژیای سیاسی پێمان دەڵێت سیاسیە غرورەکان مرۆڤی دەرچون لە کۆمەڵگاو لە خۆیان زیاتر گەورەکراون، بونەتە باڵۆنێکی سیاسی پڕ لە هەواو کەمترین با دەیانجوڵێنێت و بچوکترین تیژایش بەتاڵیاندەکاتەوە و بەردەبنەوە، سایکۆلۆژیای سیاسیش پێمان دەڵێت سیاسی غرور نەخۆشی دەرونی هەیەو توشی نێرجسیەت بوە، توشی عاشقبون بەخودی خۆی بوە، سیاسی کاتێک عاشقی خۆی دەبێت دەبێتە ستەمکارو کۆمەڵگا وێران دەکات، سیاسیە لە خۆباییەکان گوێ لەکەس ناگرن و حەقیقەتی کۆتای لای خۆیانە، سەدام حسین و هێتلەر تەواو لەخۆبایبون، مێژو پێمان دەڵێت غرورەسیاسیەکان کۆتاییان دێت بە ناشیرینی، سیاسی غرور وەک باڵۆنی فوتێکراو بە خۆپەرستی لەکۆتایدا دەتەقێت و دیوە پوچەکەی دەردەکەوێت، مێژوی سیاسی چەندین سیاسی تێدایە بەهۆی غروریانەوە دورکەوتونەتەوە لە عەقڵ و دەستکەوتی گەورەیان لەدەستداوە، گێڤارا شۆڕشگێر بو چەند گەورەبو بەڵام غرور نەبو، پانتۆڵەکەی بە ئارەقەی لەشی ڕەقببو لەشاخەکان بەڵام هەر گەورەیە تا ئەمڕۆش لەدڵی خەڵکدایە، سەدام و قەزافی و هاوشێوەکانی بەڤیللاو ڕیزە ئۆتۆمبیل و قات و بۆینباخیان کۆتایەکی ڕەشیان هەبو و مێژو نەفرەتی لێکردن، چونکە غروربون و لە واقیعی کۆمەڵگا دەرچون.
هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ گیری خواردوە بەدەستی سیاسیە غرورەکانەوە، ئەوسیاسیانە کاتێک لەشاخ گەڕانەوە و تا ئەمڕۆش خەباتی شاخ بە خەڵک دەفرۆشنەوە، ئەوانە لەسەر شاشەی تیڤیەکان قاقا پێدەکەنن و غروریان گەیشتۆتە لوتکە، ئەوانەبون بەناوی شاخەوە غروربون و ئەم وێرانیەی ئەمڕۆیان دروستکرد، هەموکەس غروربێت نابێت سیاسی غروربێت، چونکە سیاسەت بۆ گشتە نەک بەقوربانی کردنی گشت بۆ تاک، سیاسیە لەخۆباییەکانی هەرێم چارەگە سەدەیەکە نەیانتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروستبکەن، بەردەوام شەڕی بە پاڵەوانبونی یەکتر دەکەن، بێئاگان لەوەی پاڵەوانانی سیاسی پێویستیان بەغرور نیە. یەکێتی و پارتی وەک دو هێزی دەسەڵاتدار تا ئەمڕۆش غروری سیاسیان سەپاندوە بەسەر هێزەکانی تردا، ئەم هۆکارە بۆتە هۆی دروستبونی حکومەتێکی بێ گوێ و حیساب بۆکەس ناکەن.
ئەم دوهێزە گوێ بۆکەس ناگرن و چەندین دەستکەوتو خەونی گەورەیان کردۆتە قوربانی غروری و لوتبەرزی سیاسیان، ڕیفراندۆم دواین غروری سیاسیان بو کە کردیان و گەورەترین فەشەلیان هێناو خەونی دروستبونی دەوڵەتی کوردیان خستە مەترسیەوە، سیاسیە غرورەکان ئەمڕۆ وەستاون و لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە پشتگوێ خراون، ئەوانەی دەیانگوت بەغداد موفلیسەو ئێمە نەوتمان هەیەو دیموکڕاسین! ئێستا غروریان شکاوە و ئەمڕۆ چاوەڕوانن بەغدا دەرگایان لێبکاتەوە و چایەکیان لەگەڵ بخواتەوە، بە هەڵوەشاندنەوە و سڕکردنی ڕیفراندۆمەوە لەبەردەم دەرگاکەی حکومەتی عیراق وەستاون و دەڵێن بەغدا پارەی هەیەو هەرێم موفلیسە! ئەمڕۆ فەشەلی حکومڕانیان پێیەو خەڵکیان برسیکردوەو جیهان پشتی تێکردون، کۆتای هەمو غرورەسیاسیەکان کەوتنە لەبەردەم حەقیقەتە ناچاریەکان، سیاسەت پێویستی بە عەقڵ و گوێگرتن هەیە، دەبێت لەقاوغی خێڵ و ناسیۆنالیزم و حیزب پەرستی و ئیگۆ پەرستی سیاسی دەربچن، کۆتای بەڕاگەیاندنە فوتێکەرەکانتان بێنن کە ئێوەی پڕکردبو لە غروری ساسی، کەوتن الەبەردەم حکومەتی بەغدا و فەشەلهێنانتان لە حکومڕانی پێمان دەڵێت غروری سیاسیتان کۆتایی هات، باڵۆنی فوتێکراو بە خۆپەرستی سیاسی لەبەردەم واقیعدا کەوتە خوارەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت