ئارام قادر حەمەسور: کۆتایی یارییەکە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەندین جارە سەرانی گۆڕان و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ قسەکردن لەسەر ڕێککەوتنەکەیان، درێژەدانی ئەم کۆبونەوە بێ سودانە بێزارکەرە، چونکە تۆپەکە لە قاچی یەکێتیدایەو نایەوێت گۆڵ بکرێت، ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە هەر بە مردووی لە دایک بوو، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەکان زۆر گرنگ بوو لەبەرژەوەندی خەڵکدابوو، گەر یەکێتی جورئەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی بوبایە، ئێستا بارودۆخ بەجۆرێکی تر دەبوو.
چونکە ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێناکات خودی یەکێتیە، جگە لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش هیچی تر نەکراوە.
یەکێتی سیاسەتی پراگماتیزمی بەکارهێناوە لە پێناوڕازی کردنی پارتی دیموکرات و بەشێکی ناڕازی خەڵک، یەکێتی لەهەولێر دەسەڵات دەخوات و لە سلێمانیش ڕەخنە دەگرێت، توشی نەخۆشییەکی سیاسی بوە پێی دەگوترێت دوالیزمی سیاسی، بۆخافڵاندنی کۆمەڵگایە، بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستاش لە سەرکردایەتییەوە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێککەوتنە مردووەی نەکردووە!!
لەکاتێکدا ئەم ڕێککەوتنە ڕووی یەکێتی سپی کردۆتەوە لە فەشەلی ئیداری سلێمانی و بەشداربوونی لەگەڵ پارتی لە خواردنی داهاتی نیشتمانی و نەوت، گۆڕان هەڵەی کرد لە ڕێککەوتنەکەدا سەقفی زەمەنی دیاری نەکرد بۆ جێبەجێکردنی، ئێستا سەرانی یەکێتی لەهەندێ خاڵدا پێچەوانەی ڕێککەوتنەکە سەوڵ لێدەدەن، بۆنمونە ماددەی پێنج دەڵێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان و دانانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بەبێ مەرج، بەڵام بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی بانگەشەی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان و پڕۆژەی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان خراوەتە گیرفانیان دوای ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکەم دانیشتن دەکات، ئەمە نیەتی کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکەیە لەلایەن یەکێتی، پشتر سەردار قادر بەهۆی بێدەسەڵاتی و بەربەستەکانی یەکێتی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، ئەمەش ئاماژەبوو بۆ کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە.
درێژەکێشانی ماوەی ئەم ڕێککەوتنە مردووە لەبەرژەوەندی یەکێتی دایە، چونکە لەم ڕێگەوە بە هاوکاری گۆڕان شەقامیان سارد کردۆتەوە، ئێستا سلێمانی بۆتە پاشکۆی خزمەتگوزارییەکان، بۆتە تاقیگەی بەنزینی ژەهراوی و بێکارەبای، ڕەشبینیەکەی کاک نەوشیروان زیرەکانەبوو، لەڕۆژی ڕێککەوتنەکەدا لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕەشبینیەکەی دەرخست و گوتی عیبرەت لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەدایە، ئەمە لوتکەی ڕەشبینی و زەحمەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەبوو، چونکە کاک نەوشیروان سایکۆلۆجیای سەرکرایەتی یەکێتی باش شارەزابوو و پێشبینی زەحمەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی کردبوو، ڕەشبینیەکەی کاک نەوشیروان ئێستا بۆتە ڕەشبینی ئارەزومەندانی ڕێککەوتنەکە، مەجالێک بۆ جێبەجێکردنی نەماوە،
چونکە بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و جوڵانی بەشێک لەسەرکردەکانی لە لایەن پارتی ڕێگریی گەورەن، دڵخۆشبون بەجێبەجێکردنی وەک بەردەکەی سیزیفە، دەبێت هەر کۆبونەوەکان بەردەوام بن و فەشەل بێنێتەوە دووبارە.
ئەم بێ هەڵوێستییەی گۆڕان تەمبەڵی سیاسیە، پێویستە بەزووترین کات کۆتایی ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت، تا چیتر یاری بە سایکۆلۆژیای تاک نەکرێت، بەناوی بەرەویەکگرتنی گۆڕان و یەکێتی ئاو بە ناڕەزای خەڵک دانەکرێت، چونکە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێککەوتنە پێمان دەڵێت یەکگرتنی گۆڕان و یەکێتی خەونە،
دوای ساڵێک ڕەشبینیەکەی کاک نەوشیروان ڕاست دەرچوو، ڕێککەوتنەکە بەمردووی لەدایک بوو، بۆ مردوش باشترین شت لە گۆڕنان و خوێندنی ئەلفاتیحایە، یەکێتی تا ئێستاش یاری بەکات دەکات تائێستاش بەشێکی سەرانی یەکێتی بەشداری کۆبونەوەکانی بارزانی دەکەن بەبێ گوێدانە ڕێککەوتنەکە، پیوێستە گۆڕان بەزوترین کات کۆتایی بەم یارییە بهێنێت یان کۆتا سەقفی زەمەنی دیاریبکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت