Sadam-.-Barzani

ئارام قزلەریی : لەنێوان حکومەتەکەی سەدام و حکومەتەکەی هەرێم دا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی بەرپرسەکان بە جۆرێک شانازی پێوە ئەکەن وەک ئەوەی گەورەترین دەستکەوتی خۆیان بێت بۆ گەلی کوردو بە شیوازێک پێناسەی ئەکەن ، کە بەرهەمی خوێنی پیرۆزیی هەزار شەهیدو ئەنفال کراوەکان و کیمیابارانکراویی گەلەکەمان نەبێت و تەنها ئەو ئاوات و خۆزگە گەورانەیە ، کە چەندین ساڵە لە پێناویدا گەلی کورد بۆی تێ نەکۆشاوە .
چۆن بڕوانرێتە ئەم حکومەتە لەکۆمپانیایەکی بازرگانی دەچێت ، لەو ساتەدا بازاڕی سیاسی تەرمۆمەتری ناڕازییەکانی بەڕز دەبێتەوە ، حەپەڵۆشەکانی حیزب تینوی سەرمایەو ئاودیوکردنی پارەکانیانن . لەو وەختەدا ڕەوشی خەڵکی باش دەبێت ، جڵەویی بازاڕیان شۆڕکردۆتەوەو سەوداوماڵەڵەی شەقامن .
لەسەردەمی بەعسدا حکومەتێک هەبوو کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دەیبرد بەڕێوە لەگەڵ ئەوەشدا لەناو ئەو حکومەتەدا سیستەمێک بونی هەبوو کە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بوو . بیرە نەوتەکان موڵکی حکومەت بون ، ئێستا موڵکی بەرپرسەکانن ! لە پیش ڕاپەڕین لە شارێکی وەک سلێمانیدا چەندین کارگەو شوێنی پیشەسازی بوونی هەبوو ، کە سودێکی زۆریی هەبوو هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ، ئێستا ئەوانە هیچی نەماون و تەفروتونا کراون . با لەو شارەوە دەست پێبکەم ، کە خۆمی تیا لەدایک بووم :
بۆ نمونە کارگەی جگەرەو بژاردەکردنی تونی ( تەنقیح ) سلێمانی چەندین کارمەند تێایدا کاری دەکردو بژێوی ژیانیان مسۆگەر بوو ، مانگانە لەکاتی خۆیدا موچەکانیان وەردەگرت و کۆمەڵیک لە هاوڵاتیانی شارەکەی لە بێکاری ڕزگاریان بوو . کاتێکیش خەنەنشین دەکران موچەکانیان لەدەستێکی ئەمیندا بوو ترسی ئەوەیان نەبوو ئاشتی هەورامی کەی کەشتی نەوتەکەی دەفرۆشێت یان نا تا بێ موچە نەبن ، نەگ هەر ئەم کارگانە بەڵکو سەرجەم کارمەندانی حکومی دوای ئەوەی خانەنشین ئەکران بە پێی یاسا موچەیان بۆ دابین دەکرا .
کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بەهەمان شێوە سەدان کارمەند تیایدا کاریان دەکردوو لە ڕویەکی تریشەوە چیمەنتۆی بەرهەم دەهێنا و بۆشارەکەش سودی هەبوو لێشی دەفرۆشرایەوە و داهاتێکی باشی هەبوو بۆ ژێرخانی ئابوری وڵات .
کارگەی جلو بەرگ کە پییان دەوت ( مەعمەلی ئەلبیسەکە ) ئەم کارگەیە جگە لەوەی سودێکی زۆری هەبوو لەڕوی پۆشاک و پێداویستی هاوڵاتیانەوە بە هەمان شێوەی کارگەکانی تر سەدان هاولاتیان بە هەردوو ڕەگەزەوە کاریان تیادا دەکرد .
کارگەی شەکری سلێمانی ، ئەم کارگەیەش وەک هەموو ئەوکارگانەی تر کە باسمان کردن داهاتێکی باش و کۆمەڵێکی زۆر کارمەند تیایدا کاریان دەکرد ، بەداخەوە ئێستا چواردەورەکەی کراوە بەجێگای نیشتە جێبون و موڵکی خوا پیاداوەکانی دەسەڵاتە .
لە دوڕیانەکەی سەرچنار بەنزینخانەیەک هەبوو هی حکومەت بوو لەگەڵ لەپی دەستدا تەختکراو کەس نەیزانی بوە موڵکی کێ ؟ بەهەمان شێوە سەرو شەقامی سەهۆڵەکە بەنزینخانەیەکی تریش هەبوو ناسراو بوو بە بەنزینخانەی عەقاری ، بەجۆرێک تاڵان فرۆشکرا پارەی سێچوار مانگای قەلەوی نەکردوە و کەس نەیزانی کێ لیی سود مەند بوو ؟
گەراجێک هەبوو بە ناوی ( مەصڵەحەی نقل رکاب ) کە پانتاییەکی زۆربەی ناو شاریی داگیر کردووە . ئێستا ئەو جێگایە تەخت کراوەو لە بازاری مەرگدایە و کەس نازانێت هی کێەو کێ خاونیەتی و ، کام کوڕە خوا پیاو ئەیکات بە باڵەخانە یان بەجێگای نیشتەجێ بون و لێی سودمەند دەبێت . هەر کاتێکیش ئەو پرسیارانە ئاڕاستەی بەرپرسانی وڵات ئەکرێت کوان ئەو شوێنانە چیان لێ بەسەر هات . راستەوخۆ بەرپرسان و بازرگانان دێنە وەڵام و دەڵێن : موڵکی گشتیە هی حکومەتە . نازانین کام گشتی وکام حکومەت ، بۆ حکومەت بونی هەیە لە کوردستاندا .؟
ئەی ئەگەر حکومەت بونی هەیە ؟ ئەی چارەنوسی ئەو کارگانە چی لێبەسەر هاتو بونە موڵکی کێ ؟ ئەی بۆ تا ئێستا نەتوانراوە کارەبای تەواو دابین بکرێت بۆ هاوڵاتیان ؟ لەسەردەمی بەعسدا خەڵک ئاوی بەلوعەی ئەخواردەوە ئەی ئێستا بۆ هاوڵاتیان ئاو ئەکڕن ؟ زۆربەی گەنج بێکارەو سەری خۆیان هەڵ ئەگرن کوا حکومەت بەدوا چون بکات لە ژیانی داهاتوی ئەو گەنجانە ؟ جاران کێشەی نەوت و غازو بەنزین نەبوو ئێستا بووە بەدەرمان لە لەوڵاتداو بەزەحمەت دەست ئەکەوێ ؟ ئەی ئێستا بۆ هیچ کام لەمانە وەک پێویست بونی نیە ؟ ئەم هەموو کەمو کورتیانەی لە کوردستاندا بونی هەیە کێ لێی بەرپرسە و میللەت هانا بۆ کێ بەرێت ؟.
ئێستاش بە بیرم دێت پارێزگارێک نێردرابوو بۆ شاری سلێمانی دەیان وت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەدام حسەینەوە هەیە نێردراووە بۆ ئەوەی خزمەتی شاری سلیمانی بکات . ئەو پارێزگارە ناوی ( وەلید ) بوو لەماوەیەکی زۆر کەمدا نەگ هەر شەقامە سەرەکیەکان ، بەڵکو زۆربەی کۆڵانەکانی سلیمانیشی قیرتاو کرد . تا وای لێهات نازناوی ( وەلید قیرتاویان لێنا ) . ئەمانە بەعسی بون و دوژمنی سەرسەختی شاری سلێمانی بون ، بەڵام خزمەتگوزاریان لە هاوڵاتیان نەدەبڕی و ، ئەوەی بۆیان بکرابایە درێخیان نەدەکرد دەبێ بپرسین بۆ ؟ وەڵامەکەشی ڕون و ئاشکرایە حکومەتەکەی سەدامی دیکتاتۆر سیستەمێک ئەیبرد بەڕێوەو لێپرسینەوەی لە کارەکانی وڵات ئەکرد هەر فەرمانبەرێک یان بەرپرسێک گەندەڵ و دز بوایە سزای توندی ئەداو دەیکردە عیبرەت بۆ هەموو ئەوانەی کاری نایاساییان دەکرد .
دەبوو حکومەتی هەرێم سەدان جار زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستانی بکردبایەو کارێکی وای بکردایە خەڵکی کوردستان برینەکانی ڕابوردوی بی بچوبایەتەوەو لە هیچ ڕویەکەوە کەموکورتی نەبوایە بەتایبەتی ئەو خزمەتگوزاریانەی تایبەتە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە . بەداخەوە ڕۆژانە لە کەناڵەکانەوە گوێبیستی هاوڵاتیان دەبین کە دڵگرانیان گەیشتۆتە ئاستێک ئاوات بە ڕابوردو ئەخوازن و بێزار بون لە دەسەڵاتدارانی کوردو حکومەتی هەرێم بە هی خەڵکی کوردستان نازانن و وەک حکومەتێکی بنەماڵەیی تێ ئەڕوانن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت