ئارام قزلەریی : نوێنەرانی کورد لە بەغدا یان بازرگانانی کورد لە بەغدا ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 گەر کەمێک بگەڕێنەوە بۆ ڕابوردو پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەبینین هەیبەتی کورد لە ناو حکومەتی عێراقدا زیاتر حسابی بۆدەکراو ، کورد سامێکی تری هەبوو لە ناو حکومەت و لەناو هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقیدا ، بە مەرجێک ئەوانەی دانرابون و لەسەر کورد هەژمار کرابون ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست کەمتر بون .

لای هەموو گەلی کورد ئاشکرابوو جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی ئەوسەردەمەو هەندێک لە وەزیرە کوردەکان لە ناو حکومەتی عێراقدا تەنها گوێگری خۆشەویست بون و وەک کارتۆنێکی بێ ڕۆح لەسەر کورسیەکانیان دا دەنیشتن . من لێرەوە گڵەیی لەو نوێنەرانەی ئەوسەردەمە ناکەم و دەڵێم : زۆر لەمانەی ئێستای بەغدا بەجەرگتر بون و گەر بۆ تەنها وشەیەکیش ناوی کوردیان هێنابێت ئازاو چاونەترس بون . پرسیار لە خۆمان دەکەین بۆ ئازاو چاونەترسن بون ؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە لەناو حکومەتێکدا کاریا دەکرد کە دیکتاتۆرترین دەسەڵاتی جهیان بوو . کام وەزیرو بەرپرس دەیوێرا لەبەردەم سەدام حسێندا وشەیەک بڵی گەر خۆی ڕێگەی پینەدایە .

ئێستا سەرۆکی کۆمار کوردە! جێگرێ سەرۆکی پەلەمان کوردە ! چەندین وەزیر لەناو حکومەتی ناوەندا کوردە ! ڕێژەیەکی بەرچاو پەرلەمانتاری کورد بونی هەیە لە پەرلەمانی عێراقدا . بە هەموو ئەم کوردانەوە کە لەسەرو هەمویانەوە سەرۆک کۆمارە ، چ جیاوازیەکیان هەیە لەگەل ئەوانەی ڕابوردودا لە بێدەسەلاتیدا. گەر لە مناڵێکی ساوا ،  تەنانەت لەشێتێکی سەرجادش بپرسین ، ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەم هەموو دەسەڵاتدارە کوردە لە ناو حکومەتی ناوەندی عێراقدان و بەهەر هەمویان دەسەڵاتی کۆنەبەعسیەکی وەک ( زافر عانی ) یان نیە کە لەسەردەمی بەعسیشدا هەر بەرەنگاری کورد ئەبوەوەو ئێستاش هەمان هەڵوێستی ئەو سەردەمەی هەیە .

من دەڵیم و پەشیمانیش نیم لەوەی ئەیڵیم نوێنەرانی کورد لە بەغداو  بەوانەشی لەناو حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان هیچیان بۆ کورد تێناکۆشن و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن ، تەنها چەند کەسانێکیان نەبێت ئەوانەش ناگەنە پەنجەکانی دەست . بۆیە کاتی ئەوە ئەوە هاتوە  میللەت لێیان بێتە دەنگ و لە گەورەترینیانەوە تا بچوکترین دەسەڵاتداریان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەسێکیان نەکرێت .

خۆیان هەموو تێرن و  ئوتومبێلی ئاخر مۆدێلیان پێیەو  و شوقەو ڤێلای مۆدێرنیان هەیەو و پاسەوانی زۆر دەوری گرتون و لەپاڵ خوێنی ڕۆڵەی کوردا پلەو پایەی باشیان دەست کەوتوەو تا ئێستاش وەک پێویست نەیان توانیوە کارێکی باش بۆ میللەتی کورد بکەن جگە لەقسەی زلێ ناو ڕاگەیاندنەکان و لێدوانی بێسەروبەرە .

میللەتێک سەرتاپا جەستەی برین و نەهامەتی و ماڵوێرانیە ئەمانەش زۆربەیان بونەتە گۆشتی گەردەمل بەسەر کوردەوەو هەرکەسێکیان ئەبینن سودی پێشمەرگەیەکی هەژارو برسی نەگەیاندوە بە کوردستان کەئێستا بەرگری لەشەرەفی خەڵکی کوردستان و سەروەری خاک و نیشتیمان ئەکەن .  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت