ئارام قزلەریی : ڕاپەڕین چۆن دروست بوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک ئەم ساتە وەختە بە بیرم دێت ـ ئەو ڕۆژگارانە ئەوکات چەند یادگاریەکی زۆر خۆشەویست و بەنرخ بون لە لامان تا ئەو ساتانەی چاولێک دەنێنم لە دڵمدا دەرناچن و قودسێت و گەورەیی و بەنرخیان لام پارێزراوە خۆزگەم بەو کەسانەی کە شەهید بون و ئەم رۆژگارە بێ وەیایەی ئەمریان نەبینی لە دەسەلاتداران و حیزبەکانیان.
چەند ڕۆژێک پێش ڕاپەڕین چوم بۆ ماڵی کاک سابیر کڵانشنکۆفێکی قۆناغدارم لێ وەرگرت و شەو بە دزیەوە ئوتومبیلێکی بەرازیلیم پێ بوو هێنام بۆ ماڵی خۆمان ئەو کات ماڵمان لە گەرەکی مامۆستایان بوو نزیک سەرپازگای حامییەی ئەو کات و پارکی ئازادی ئێستا.
کاتێک سەرقاڵی شاردنەوەی چەکەکە بوم لە سوچێکی باخەکەی ماڵی خۆماندا ، بەڕێکەوت لە پەنجەرەکەوە بینیبویانم کە خەریکی شاردنەوەی شتێکم ، پێیان وتم خەریکی چی بویت و ئەوە چی ئەکەیت؟ وتم هیچ ناکەم وتیان چۆن ئێمە لەوساوە لە سوچێکی پەردەکەوە تۆ ئەبینین خەریکی چاڵ هەڵکەندنیت!! ئەزانین چەکت پێ بوو. دیاربوو لەوە ئەترسان بۆ جارێکی تریش خێزانەکەمان ڕوبەڕوی گرتن و کوشتن ببێتەوە لە لایەن بەعسیە دڕندەکانەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی تازە من کارە نەهێنیەکانم ئاشکرا بوبو نەشم ئەویست کێشە بخەمە ناو خێزانەکەمانەوە کڵاشنکۆفەکەم دەرهێناو بردمەوە بۆ ماڵی کاک سابیر، کاک سابیر برای کاک ئاکۆ بوو خزمی نزیکی کاک عوسمانی ئاسنگەر بوو کە دوکانەکەی لە مامۆستایان بوو . کاک سابیر پێم وایە بە ئەسڵ خەڵکی دەورو بەری دوکانن. ماڵیان لای ماڵی محافزی ئەوکاتە بوو کە ئێستا ماڵی بەڕێز کاک کۆسرەتە.
چەکەکەم خستە ژێر کوشنی بەرازیلیەکەوەو بردمەوە بۆ ماڵی کاک سابیرو پێم وت کە شتێکی وا ڕوی داوە ناچار بوم بیهێنمەوە. لە کاتی بردنەوەی چەکەکە هەر لە دورەوە بینیم لە گەرەکی( دورل ئەمن) کە ماڵی سەرجەم ئەمن و سیخوڕەکانی بەعسی لێ نیشتەجێ ببون و لەم ناوچەیە ئەژیان.
بینیم بازگەی قوە خاسەکانی لێیە، بۆیە ناچار بوم لە پشتەوە بە کۆڵانەکانی کارێزە وشکدا خۆم بگەیەنمەوە لای ماڵی کاک سابیر، بەڵام کۆڵم نەدابوو لەوەی کە بەژدار بم لە ڕاپەڕین، وا رێک کەوتین لە شەوی 6 لەسەر 7/ 3 خۆی بە دزیەوە چەکەکەم بۆ بێنێت بەڵام ئەمجارەیان بێ ترس و دڵە ڕاوکیی گرتن و تیاچون لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی بەعسەوە.
دیار بوو هەمو لایەک لەوە دڵنیا بوبونەوە کە هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتوەو ڕاپەڕینی جەماوەری دروست دەبێت و دەبێت هەموانیش بەژدار بین . ئەو شەوە خەڵكی سلێمانی خەویان لێ زڕابو هەمووی لە چاوەڕوانی زەنگی کۆتایی ڕاپەڕیندا بون.
لە ڕۆژی 3/7 هاتوچۆ قەدەغە کرابوو لە ناو شاری سلێمانیدا و کەس بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە دەمەو بەیانی هەمومان لە چاوەڕوانی بیستنی دەنگی تەقەی ڕاپەڕین بوین و گوێبیستی ڕادوێی دەنگی گەلی کوردستان بوین کە جۆش خرۆشی ئەدایە هاوڵاتیان و دانیشتوانی شاری سلێمانی و دەورو بەری.
لەبەرە بەیانی 3/77 دا تەقە دروست بوو وای لێهات تەقەکان نزیک ئەبونەوە لەگەڵ نزیک بونەوەی دەنگی تەقەکاندا منیش زیاتر حەماس ئەیگرتم و خۆم ئامادە کردو تاقم و کڵاشنکۆفەکەم بەست و چومە بەردەرگای ماڵی خۆمان ، خانوەکەمان دوو دەرگای هەبوو یەکێک لەسەر شاقامە گشتیەکەو دەرگایەکیش لەناو کۆڵانەکەدا بوو.
پیاوەکانی دراوسێمان لەبەر دەگا گەراجیەکەماندا لەگەڵ کاکم وەستا بون و قسەیان ئەکرد ئەو بەرێزانەش بریتی بون. لە کاک سەڵاح ئەوەڵزاوای کاکم رۆحی شاد بێت ئێستا لە ژیاندا نەماوە/ کاک حەمە فەتاحی جێشتخانەی سلێمانی /کاک تەهای دراوسێمان، مامۆستا ئەنوەر فەخری و چەند پێاوێکی تر.
ئەوان لەگەرمەی قسە کردندا بون و من چومە ناویانەوە وەک پێشمەرگەیەک کاتێک بەو جۆرە منیان بینی سەریان سوڕماو وتیان کاکە بچۆ ژورەوە بۆ خاتری خوا ئەوە چی ئەکەیت!! لەو مشت و مڕانەدا بوین دەنگە دەنگ و هاوار هاور دروست بوو بینم یەک دوو هاورێی خۆم یەکێکیان کڵاشنکۆفێک و ئەوی تریان دەمانچەیەکی پێ بوو هەرسێکمان یەکمان گرتوو بە کۆڵانەکاندا بەرەو گەرەکەکانی کارێزە وشک بەرێ کەوتین.
کاتێک لە جادەکەی ئەزمەڕ پەڕینەوە کۆمەلێک چەکدار وەستابون توێتایەکی لانگرۆزی پیکابیان پئ بوو کە نزیک بومەوە بینم هەمویان برادەری پێشمەرگایەتیم بون هەدێکیان لە ژیاندا نەماون کە ئاوانیش خوالێخۆشبوان، ( دلێری شێخ ڕەزاو ، کاک عومەر عەرەب ) بون . ئەوانەشی کە لە ژیاندا ماون کاک( نەوزادی عەبەی تەقێ و کاک ساڵح موزەلی ) و چەند پیاوێکی تر بون. گەر بەهەڵەدا نەچو بوم ساڵح موزەلی پیکابەکەی لێخوڕی و بەڕێکەوتین بەرەو ئەمنە سورەکە کاتێک نزیک بوینەوە لە ئەمنەکە وەک ڕۆژی حەشر وا بوو دەنگی تەقەو بۆنی باروت مێشکی مرۆڤی کاس ئەکرد.
زۆرێک لەوانەی باس لەوە ئەکەن یەکەم فیشەک ئەو بە ئەمنە سورەکەوەی ناوە بەڵام ئەوەی ئێمە وا نەبوو کە چوین گەرمەی شەڕو تەقە کردن بوو ئەو کۆمەڵەی پێکەوە ڕۆشتین لە پشتەوە دزەمان کردە پشتی بیناکانەوە و چەکدارێکی زۆر لە دەروبەری ئەمنەکە بون.
من لەگەڵ دلێری شێخ ڕەزادا بوم کەمێک دور بوم لێ یەوە نایەتە یادم چۆن بوو بەڵام نارنجۆکێکیان هەڵدا بەداخەوە شەهید دلێر هەندێک پارچەی بەرکەوت و بریندار بوو. لێرە بەدواوە شەڕەکان بونە شەری دەستەو یەخەو ئەو داستانە تۆمار کرا کە ناسراوە بە داستانی ئەمنە سورەکە.
ڕاپەڕین ئاوا دروست بوو ئەوانەی کردیان و قوربانیان دا لەپێناویدا ئەوانە نەبون کە ئێستا دەسەڵاتدارو خاوەن پلەو پایەو سەروەت و سامانن، ئەوکەسانە نەبون کەئستا وەک قارچک هەڵتۆقیون و لە کۆبونەوە چارەنوس سازەکانی و میللەتەکەماندا ئەبینرێن و دەوری باڵایان هەیە و ھاتونەتە سەر سفرەی حاز منەتیشیان بە تێکۆشەران و دلسۆزانی خاک و نیشتیمان نەماوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت