ئاریان ڕەشید : تێگەیشتن لە ئایین یان ململانێی ئایین و عەقڵ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ ئەو بوونەوەرەی بە پێچەوانەی ئاژەڵەکانی تر درک بە بوونی خۆی دەکات و لە ژیان و مردنی خۆی دەکەوێتە گوومان و پرسیار کردن ، لە چواردەوری خۆی ڕادەمێنێت و دەیەوێت خۆیی و ئەوانی تر و ژینگەکەی بناسێت . ئەم ڕامان و سەرسام بوون و گوومان کردنە لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە مرۆڤی ناچاری گەڕان بە شوێن بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی ئەو بابەتانەی درکی دەکات و هەستی پێدەکات کردووە ، کاتێکیش توانای دۆزینەوەی زانیاری و مەعریفەی تەواوی بۆ سەرجەم درک پێکراوەکانی نابێت و هۆکاری سەرەکی سەرجەم پێدراوو هەستپێکراوەکانی چنگ ناکەوێت ، ئەوا پەنا دەباتە بەر هێنانەوەی پاساوی نا لۆجیکی و نا زانستی و ئەفسانەیی و خورافی ، لێرەشەوە ئایین وەکو پێداویستییەکی سەرەکی ڕاڤەکردنی خەون و خەیاڵەکانی ، وەکو کلیلی کردنەوەی دەرگا نهێنی و ڕازاویەکانی ژیان و مردن لە زیهنی مرۆڤدا سەرهەڵدەدات . 

کاتێک بە ئەزموونی خۆی دووچاری سەرلێشێوان لەهەمبەر دۆزینەوەی ماناییەک بۆ ژیان دەبێت ، لە چوارچێوەی باوەڕی ئایینی و لە ڕێگای ئایدیای خواوەندەوە دەستی لە وەها خەزێنەیەک گیر دەبێت و نایەوی دەستبەرداری ببێت . ئایین جۆرێک لە دڵنیایی و تەناهی و ئاسایشی پێدەبەخشێت کە لە ڕێیەوە خۆی لە پرسیارە سەخت و تاقەت پڕۆکێنەکان ڕزگار دەکات و وەڵامێک بۆ نهێنی و نیازەکانی دەدۆزێتەوەو مانایەک دەبەخشێتە کارو کردەوەکانی ، لای ئەم چیتر ژیان مانادار و بە ئامانجە . هەر بۆیە ئایین لە ژێر چەمکی ” وەڵامێک بۆ سەرجەم پرسیارەکان ” پێناسە دەکرێت .
ئایین بە درێژایی مێژوو لە بەریەککەوتن و ململانێدا بووە لەگەڵ عەقڵ و فەلسەفە ، بەو پێیەی عەقڵ و فەلسەفە مامەڵە لەگەڵ چەمکە ئەبستراکت و لۆجیکییەکان دەکەن و دەچنە ناوەڕۆک و جەوهەری شت و بابەتەکان و بە شوێن وەڵامی یەکلاکەرەوەدا دەگەڕێن ، فەلسەفە پرسیارگەلێکی هەمیشەیی یە دەربارەی دونیاو مرۆڤ و ژیان و بوون و مردن و پەیوەندی مرۆڤ و گەردوون و کاری مرۆڤ لەسەر زەوی و چارەنووسی مرۆڤ و چەندەها پرسیار و ڕازو نیازی تر کە مرۆڤ ڕاپێچی تێڕامان و بیرکردنەوەو گوومانکردن دەکەن .
لێرەشەوە کاری فەلسەفە ووروژاندنی پرسیارەکانەو وەزیفەی فەلسەفە دروستکردنی مرۆڤێکی بیرکەرەوەو پرسیارکەرە ، کە لە ڕێگای بیرکردنەوەو ئەزموونەکانی خۆیەوە مانایەک بۆ بوونی خۆی لەسەر زەوی و وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی خۆی دەربارەی ئەو فەزایەی تیایدا دەژی دەدۆزێتەوە . مێژووی فەلسفەش مێژووی ئەو بیر و ئەندێشەو هزرانەیە دەربارەی پرسیارە ووروژینراوەکان خراونەتە ڕوو ، جیاوازی قوتابخانە فەلسەفییەکانیش جیاوازی ڕوانگە و بیرۆکەکانە لای مرۆڤ لە هەمبەر پرسیاروو ڕازە مرۆیی و گەردوونیەکان .
فەلسەفەی گریکی بەردی بناغەی پرسیارەکانی مرۆڤی داڕشت و مرۆڤی کردە بەرپرسیاری دۆزینەوەی نهێنییەکانی ژیانی خۆیی و عەقڵی مرۆڤی کردە ئامرازی ناسینی حەقیقەت ، دواتریش هەردوو قوتابخانەی عەقڵگەرایی و ئەزموونگەرایی بە پێی بیر و ئەندیشەو ڕوانگەی خۆیان پرسیارە فەلسەفییەکانیان ئاراستە کردوو شوێن پێی پرسیارەکان کەوتن بە ئامانجی دۆزینەوەی وەڵامی ڕاست و دروست . لە ڕوانگەی هەردوو قوتابخانەکەوە خودی مرۆڤ سەرچاوەی زانست و مەعریفەیە ، لە ڕوانگەی عەقڵگەراکانەوە عەقڵی مرۆڤ و لە سۆنگەی ئەزموونگەراکانیشەوە ئەزموونی مرۆڤ و کردەوەی مرۆڤ و بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و بابەتەکان بنەڕەتی زانینە . بەهەمان شێوە قوتابخانەگەلی ئایدیالیزم و ماتریالیزم و ئێگزستنشیالیزم ( بوونگەرایی) و ئەوانی تر هەر یەک لە ڕوانگەی خۆیەوە دەیڕوانیە ژیان و بوون و مرۆڤ و شتەکانی تر ، کە کۆی هەموویان خودی مرۆڤ وەکو ئامرازی ناسین و سەرچاوەی زانست و مەعریفە دەناسێنێت بەڵام لە ڕوانگەی جیاواز و هەلومەرج و دۆخی جیاواز یان هەندێ جار دژ بەیەکەوە .
لە بەرامبەردا ئایین وەڵامێکی ئامادەیە بۆ سەرجەم پرسیارەکان ، وێناکردنێکی دونیایە لەسەر بنەمای وەڵامە پێشوەختەکان و ئایدیا ئامادەکراوەکان . وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارانەی هێشتا نەکراوون ، بۆ ئەو نهێنی و ڕازانەی هێشتا پەییان پێ نەبراوە . کاتێکیش ئایین بەناوی هێزێکی سەروو مرۆییەوە قسەدەکات و لە ژێر ناوی زاتێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەهاوە خۆی نمایش دەکات ، ئەوا ڕێنمایی و خواستەکانی وەکو یاسای پیرۆز و بان مرۆیی دەخرێتە ڕوو خۆی وەکو حەقیقەتی ژیان دەناسێنیت .
کاتێکیش مرۆڤ لە خۆیدا خاوەنی زاتێکی ڕاستەقینە نەبێت و هەڵگری هیچ حەقیقەتێکیش دەربارەی ژیان و بوون و مردنی خۆی نەبێت ، زانیاریەکانیشی دەربارەی بوونی خۆی گووماناوی و ڕازاوی بێت ، کۆی ئەمانەش بەرەو نائارامی دەروونی و ناسەقامگیری و ناجیگیری ویژدانی و هزری ئاراستەی دەکەن ، ئەوا بە ئاسانی ملکەچی ئایین دەبێت و ئارامی و سەقامگیری و تەناهی و ئاسایش لە ئاییندا دەدۆزێتەوە . لەم ڕوانگەیەشەوە ئایین بابەتێکی مێژووییەو گریدراوی دۆخی سەرەتایی مرۆڤەو بەتوندی بەستراوە بەو کەش و دۆخە مێژوویەی کە هێشتا عەقڵ و هۆش گەشەیان نەکردوەو عەقڵی مرۆڤ هێشتا پەیی بە تواناکانی خۆی نەبردوەو هێشتا زانستی نەناسیوە . بەم پێ یە ئایین وەڵامی پرسیارە سادەو ساکارەکانی مرۆڤی سەرەتاییەو مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆز دەکات و زیاتر لە خورافە و ئەفسانەوە نزیکە تا عەقڵ و لۆجیک . هەر بۆیەش کاتێک عەقڵی مرۆڤ گەشە دەکات و درک بە تواناکی خۆی دەکات ، دەست دەکات بە ئاراستەکردنی پرسیارە قورس و ئەبستراکتەکان دەربارەی نەزانراوەکان و درک نەکراوەکان ، لێرەشەوە تووشی بەریەککەوتن دەبێت لەگەڵ ئایین و شەڕێکی ئەزەلی و نەبڕاوە لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات .
عەقڵ مرۆڤ دەکاتە سەرچاوەی مەعریفەو عەقڵی مرۆڤ و ئەزموونی مرۆیی دەکاتە بنەمای زانیاری ، لە بەرامبەردا ئایین زاتی خودایی و یاسا ئاسمانییەکان وەکو سەرچاوەی زانین و بنەمای ژیان و بوون و ڕەفتارەکانی مرۆڤ و پەیوەندی مرۆڤ و گەردوون چاو لێدەکات ، لە کاتێکیشدا عەقڵ گوومان دەکاتە سەرچاوەی زانیاری و مەعریفە و گەشتن بە حەقیقەت ، ئایین هەر گوومان و دوو دڵییەک بە لادان و کوفر لە قەڵەم دەدات و بکەرانی ڕوو بەرووی سزای سەخت دەکاتەوە .
ئایدییای خواوەند چ لە ڕوانگەی ئایدیالیزمەوە ” کە خواوەند مرۆڤەکانی لەسەر شێوەی خۆی خوڵقاندوە ” یاخود لە ڕوانگەی ماتریالزمەوە وەکو ئەوەی ( فۆیەر باخ ) باسی دەکات ” مرۆڤ خواوەندی لەسەر شێوەی خۆی نەخشاندوە ” ، وەکو یاساییەکی بەرزو پیرۆز مرۆڤ ناچاری جۆرێک لە ڕەفتارو گوفتار دەکات ، بەرەو جۆرێک لە دونیابینی ئاراستەی دەکات کە بەتەواوی لەگەڵ دونیای عەقڵ و لۆجیک سازگارو گونجاو نەبێت .
سەدە ناوەڕاستەکانی ئەوروپا سەدەی بەریەککەوتنی تووندی نێوان ئایین و عەقڵ بوو ، ئەو سەدانە کە لە داننان بە ئایینی مەسیحی لە لایەن ( کۆستەنتین) ی قەیسەری ڕۆم لە نزیکەی سەدەی چوارەمی زایینی دەست پێدەکات و تا سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری لە سەدەکانی پانزەو شانزە بەردەوام دەبێت . تووندوتیژترین شێوازەکانی ستەمکاری و چەوساندنەوەی ئایینی بە خۆیەوە بینی بەرامبەر زانست و بیرکردنەوەی عەقڵانی ، بە دریژایی چەندین سەدە دادگاکانی پشکنین – کە دەزگایەکی دادوەری و پشکنین و سزادان بوو سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکی و لەسەردەمی پاپا گریگۆری نۆیەم دامەزرا- بێ بەزەییانە کەوتە دروێنەکردنی مرۆڤ و بە ناوی دەرچوون لە ئایین ( هرطقة) و سوکایەتی کردن بە ئایین و لادان لە ڕێبازەکانی کەنیسە هەزارەها مرۆڤیان ڕووبەڕووی سزای سەختی کوشتن و بە زیندوێتی سوتاندن کردەوە .
دەکرا گوومانێکی بچوک دەربارەی ئینجیل یان کەنیسەو ڕۆحی پیرۆز بەس بێت بۆ ئەوەی خاوەنەکەی دووچاری سەختترین ئەشکەنجە بکات و ڕووبەڕووی سزای مەرگێکی تراژیدی بکاتەوە ، مێژووی سەدە ناوینەکانی خۆرئاوا ئاشنامان دەکات بە چەندەها چیرۆکی تراژیدی و کارەستبار . ڕاوە دوونان و دەربەدەرکردنی ( کۆپەر نیکۆس ) بەهۆی خستنە ڕووی تیۆریاکەی دەربارەی چەقبوونی زەوی و سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا ، ناچارکردنی ( گالیلۆ ) بۆ پەشیمان بوونەوە لە بیرۆکەکانی کاتێک پشتگیری تیۆریاکەی ( کۆپەر نیکۆس) ی کرد ، ئەشکەنجەدانی ( جۆردانۆ برۆنۆ ) بۆ ماوەی حەوت ساڵ بە دڕندانەترین شێواز و دواتر سووتاندنی بە زیندویی بە بیانووی پشتگیری کردنی تیۆریاکەی ( کۆپەر نیکۆس) . بڕینی هەردوو دەست و زمانی ( فرانسوا لابار ) کە گەنجێکی فەرەنسی بوو لە پاریس و سوتاندنی بە زیندویی بە بیانووی ئەوەی سووچی خاچێکی شکاندوە ، نموونەیەکی دیارن لەو هەزاران نموونانەی جەورو ستەمی ئایین بەرامبەر عەقڵ و فەلسەفە دەردەخەن .
بێگومان ئەوەی جەورو ستەمی ئەنجام دەدا لەو قۆناغەدا ، ئەوەی سووکایەتی بە مرۆڤ دەکرد ، ئەوەی مرۆڤی بێ ئەهمیەت و بێ قیمەت تەماشا دەکردو ناچیزەو سووک لە مرۆڤی دەڕوانی ، خودا نەبوو یاخود خودی مەسیح نەبوو ، بەڵکو ئەوە مەسیحیەت بوو بە ناوی مەسیحەوە حوکمڕانی دەکرد ، ئەوە مرۆڤ بوو بەناوی دادپەروەری خواوەندەوە مرۆڤی بەرەو مەرگ و تراژیدیا ڕێنوێنی دەکرد ، ئەوە قەشە مەسیحیەکان بوون بە ناوی خواو ڕۆحی پیرۆزو عیسای مەسیحەوە لەبری مەلەکوتی ئاسمان و بونیادنانی بەهەشتێک لەسەر زەمین مرۆڤییان بەرەو دۆزەخ و ئاگر ڕاپیچ دەکرد . ئەگەر پەیامەکەی مەسیح لە بنەمادا ئازادی و بەختەوەری مرۆڤی کردبێتە ئامانج ئەوا لەسەر دەستی مەسیحیەکان و قەشەو پیاوە ئاینییەکان کۆتکردنی مرۆڤ و ئازاردان و سوکایەتی کردن بە مرۆڤ شوێنی گرتەوە . ئەگەر خودی مەسیح وەکو ئامانجێک سەیری مرۆڤی کردبێت کە یاساو ڕێسایەکی خودایی وەکو ئامرازێک لە خزمەتیدا بێت ، ئەوا ئایینی مەسیحی مرۆڤی بۆ ئاستی ئامرازێک دابەزاند بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانی کەنیسەو پیاوانی ئایینی . کەواتە گرنگە جیاوازی قووڵ و بنەڕەتی لە نێوان خودی ( مەسیح ) و ئایینی مەسیحی یان مەسیحیەت دا بکەین ، جیاوازی بکەین لە نێوان پەیامەکەی مەسیح و پەیڕەوکەرانی مەسیح دا . لێرەدا ئایین جێگای بانگەوازەکەی مەسیحی گرتەوەو ئاینداریش بۆ پەرستن و پیرۆزاندن و پیاهەڵدان گۆڕا ، لێرەشەوە ئایین چنگی ژەهراوی لە قورگی مرۆڤ گیر کردو ، پەیامی مەسیح و ووتەکانی خودای کردە پاساوو بیانوو ، ئەمەش سەرئەنجامی هەموو ئایین و ئایینداریەکە . ( نیکۆس کازانزاکی ) لە ڕۆمانی ( برا کوژی ) وەها وەسفێک لە مەسیحیەت دەدا بە دەستەوە ” نامەی مەسیح سووک بووەو شوێنەوارە پیرۆزەکانی لەسەر زەویدا سڕاونەتەوە . ئێمە ئەمڕۆ لە شوێنەواری دوو ڕووە ڕیشدارەکان بەو لاوە شوێن هیچی دیکە ناکەوین ، ئەو شوێنەوارانەی کە سمی شەیتان لەناو قوڕدا بەجێیان هێشتووە .”
ڕۆشنگەریش هەوڵێک بوو بۆ دژایەتی کردنی پیاوانی ئایینی و ئەو جەورو ستەم و زۆرداریەی قەشەو کەنیسە و پیاوانی ئایینی بە ناوی ئایین و پەیامەکەی مەسیحەوە لە مرۆڤییان دەکرد . ڕۆشنگەری بەرئەنجامی گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤ و ووشیار بوونەوەی مرۆڤ بوو لە دۆخی ژیانی خۆی ، بەر مەبنای درککردنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی بوو لە تواناکانی عەقڵ و قودرەتی تێڕوانینی عەقڵانیانە ، کۆششێکی سەخت بوو بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی لە خورافە و وەهم و ئەفسانە کە پیاوانی ئایینی بۆ پاساوی کردەوەکانی خۆیی و بۆ ملکەچ پێکردنی خەڵک لە ئایین بەدییان هێنابوو ، قەشە مەسیحییەکان ئاینییان لەسەرچاوە ڕەسەنەکەی دابڕیبوو ، ئاینییان تێکەڵی وەهم و خەیاڵ و خورافە کردبوو تا لە ڕێیەوە مرۆڤی مەسیحی ملکەچ و گوێڕایەڵ بکەن . مەسیحییەت پەیامی مەسیح و ئایینی مەسیحی بۆ جۆرێک لە ڕێوڕەسمی ئایینی و شێوازێک لە ڕیتوال و داب و نەریتی ئایینی وەرگێڕابوو کە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان گونجاوو هەماهەنگ بێت .
ڕۆشنگەریش خەباتێکی فیکری ، زانستی ، فەلسەفی بوو بۆ ئازادکردنی مرۆڤ و گەڕانەوەی مەعریفەو زانست بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکی خۆی کە عەقڵی مرۆڤە و گێڕانەوەی ئایین بۆ مەهامە سەرەکی و بنەڕەتییەکەی خۆی کە دروستکردنی مرۆڤێکی چاک ، یان مرۆڤی چاکە خوازە ، سەرباری خوڵقاندنی دۆخێکی تەناهی و ئاسایش بۆ مرۆڤ کە لەسایەیدا مرۆڤ هەست بە ئارامی دەروونی و ڕۆحی بکات . ئەم هەوڵانەش لێدانی ڕاستەوخۆ بوون لە بەرژەوەندیەکانی کەنیسەو پییاوانی ئایینی ، هەر بۆیەش پیاوانی ئایینی و قەشە مەسیحییەکان بەتوندترین شێواز ڕووبەڕووی ڕۆشنگەری بوونەوەو ، تەواوی تواناکانی خۆیان بۆ هەرەس پێهێنانی پڕۆژەی ڕۆشنگەری خستە گەڕ . لەم پێناوەشدا سڵیان لەهەر جۆرە ئەشکەنجەو ئازاردانێک نەکردەوە ، چەندەها لاشەیان بێ ڕۆح کردوو چەندەها ڕۆحیشیان لە لاشە دابڕی ، سەدەهاو هەزارەها کەسیان بە ناوی لادان و کوفرەوە بەرەو دۆزەخ و مەرگ ئاراستە کرد . لەم سەرو بەندەدا فەلسەفە و عەقڵ بە تووندی بە گژ بیری ئوسووڵی ( فەندەمینتالیستی) مەسیحیدا چووەوەو فەیلەسووفانی وەکو ( ڕۆجەر بیکۆن ، فرانسیس بیکۆن ، ڕێنی یە دێکارت ، سپێنۆزا ، ڤۆڵتێر ، دالامپێر ، دیدرۆ ، چەندەهای تر ) لە ڕێگای سەروەرکردنی ئەزموونەکانی مرۆڤ و بە بنەڕەتی کردنی عەقڵی مرۆڤەوە تێڕوانینێکی نوێیان لە مرۆڤ و گەردوون و خواو ئایین و پەیوەندی مرۆڤ و خواوەند و پەیوەندی مرۆڤ بە سروشت و ژینگەی کۆمەڵایەتی خستە ڕوو . سەرەنجامیش ڕۆشنگەری سەرکەوتنی بەدەست هێناو ئایین و ئایینداری بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆی لە پەیوەندی ئازادانەی مرۆڤ و خواوەند گەڕاندەوە . ڕۆشنگەری سنووری بۆ دەسەڵاتی ڕەهای کەنیسە داناو ، قەشە و پیاوە ئایینیەکانی ملکەچی دەوڵەت و یاساکانی دەوڵەت و توانا بێ سنورەکانی عەقڵ کرد . ڕۆشنگەری کۆتایی بە ئایین نەهێنا ، بەڵکو ئایینی بۆ جۆرێک لە پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان مرۆڤ و خواوەند گۆڕی ، ئایینی بۆ فاکتەرێکی ئارامی و ئاسودەیی ڕۆحی و دەروونی وەرگێڕا .
ئایینی ئیسلامیش لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە ، لە دوای شۆڕشەکەی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) – کە دەکرێ وەکو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، سیاسی وەسف بکرێت ، پێش ئەوەی بەرگێکی ئایینی یان سیمایەکی ئاسمانی بەسەردا ببرێت – دووچاری ململانێی سەخت بوو لەگەڵ عەقڵ و لۆجیک .
محەمەد پیاوی سیاسەت و شۆڕش بوو ، پیاوی بە گژا چوونەوەی ستەمکاری و چەوساندنەوەو زۆرداری و نادادپەروەری بوو ، پەیامەکەی ئەو هەڵگری ماکێکی سۆسیالیستی و مرۆڤدۆستی بوو دژی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نادادپەروەری ئابووری .
ئەو دژی سیستمی چینایەتی (کاست) ئاڵای شۆڕشی هەڵکردوو یەکسانی هەمووانی لەبەردەم تاکە یاسایەکی ئاسمانیدا کردە بەرنامەو پڕۆگرامی ژیان و جیاوازی نێوان مرۆڤەکانی لەسەر بنەمای سەروەت و سامان هەڵوەشاندەوە و ئیمانداری کردە پێوەر ” شکۆدارترینتان لای خوا ئیماندارترینتانە ” . شۆڕشی ئیسلام لە سەرەتادا زۆر لەو شۆڕشانە نزیکە کە دوای چەندین سەدە کۆمۆنیستەکان لەژێر ناوی دژە سەرمایەداری و بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا بەرپایان کرد ، جیاوازی تەنها لە سەرچاوەو بنەماوە بوو ، نەک ئامانج و مەبەست .
بە گژاچوونەوەی ئەرستۆکراتەکانی (مەکە) و تیکشکاندنی سیستمی بۆرژوازی و دابەشکردنەوەی سامان و داهاتەکان لەسەر بنەمایەکی نوێ ئامانجی شۆڕشەکە بوو ، گواستنەوەی خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە دەستی چینە ئەرستۆکراتەکانەوە بۆ تەواوی موسوڵمانان خەسڵەتێکی سۆسیالیستی و دژە بۆرژوازی بە شۆڕشەکە بەخشی . زۆرێک لەوانەی دژایەتی ئیسلام دەکەن ، بە هەڵە کەسایەتی محەمەد دەدەنە بەر توانج و پلار و خودی محەمەد بەسەرچاوەی نەهامەتی و ستەمکارییەکانی ئیسلام دەزانن .
ئەگەر محەمەد وەکو کەسایەتیەکی میتافیزیکی سەیر بکەین و شۆڕشەکەی وەکو ڕاستییەکی ئاسمانی و سەروو مرۆیی لێ بڕوانین ، ئەوا ناچاری ڕەخنەکردنی پەیامەکەی محەمەد و شۆڕشەکەی خواوەند دەبین ، بەڵام ئەگەر شۆڕشەکە لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەماشا بکەین و خودی محەمەد وەکو کەسێکی فیزیکی و ئاسایی سەیر بکەین ، ئەوا درک بە گرنگی شۆڕشەکە و پەیامەکانی دەکەین و بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو شۆڕشە چەندە زەرورو گرنگ بووە .
هەر کات محەمەد و شۆڕشەکەییمان لەگەڵ مێژوودا گرێداو ڕەفتاری شۆڕشەکەمان بە پێداویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ئەو سەردەمەوە بەستەوە ، هەر کات لە ڕوانگەی ڕووداوە مێژوویەکان و گۆڕانکارییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە مامەڵەمان لەگەڵ شۆڕشەکەدا کرد ، درک بە ڕەوایی شۆڕشەکەو دروستی ئامانجەکانی دەکەین . دیارە مەبەستی من لە سروشتی بوونی شۆڕشەکە لێرەدا ئەوەیە کە شۆڕشەکە لە بورجی عاج بهێنینە خوارەوەو بیخەینە ژێر میکرۆسکۆبی مێژوو میتۆدی زانستی و عەقڵانی بەسەریدا بسەپێنین ، پەیامەکە لە ئاسمانەوە بۆ زەوی دابگرین و لە پەیامێکی ئاسمانی خوداییەوە بۆ پێویستیەکی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجێکی تایبەت بیگۆڕین . لە ڕوانگەیەکەوە سەیری شۆڕشەکە بکەین کە پیداویستیەکانی سەردەمێک هێناویەتە کایەوەو پەیوەندیدارە بە هەلومەرج و دۆخی مێژوویی سەردەمێکی دیاریکراو . بەمەش خەسڵەتی ئەفسانەو خورافە لە پەیامەکەو شۆڕشەکە دەسڕینەوەو ملکەچی یاسا زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی دەکەین ، بەم پێیەش ڕەخنەکردنی شۆڕشەکەو نیشاندانی لایەنە نێگەتیڤ و ناڕاستەکانی کارێکی ڕەوایەو ناچیتە خانەی لادان و کوفری ئایینی یەوە .
ئەوەی وای کرد پەیامەکەی محەمەد و شۆڕشەکەی بەلاڕێدا ببرێت ئیسلام بوو نەک خودی محەمەد ، کاتێک تێگەشتن لە پەیامەکەی محەمەد بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی ، جێگەی خۆی بۆ توندووتیژی و ستەمکاری و دەوڵەتداری چۆڵکرد لە دوای کۆچی خۆیی و بە تایبەتیش لەسەردەمی خەلافەتی ئومەویەکانەوە ، ئەوسا ڕیتواڵی ئایینی و داب و نەریت جیگەی خەباتی بەردەوامیان بۆ ئازادی و دادپەروەری گرتەوە و پەیامەکە بۆ جۆرێک لە کلتورو داب و نەریت و وێردی ئایینی گۆڕا کە دەماودەم تیکەڵی خورافەو ئەفسانە کرایەوەو لە ڕێڕەوە کۆمەڵایەتیە ڕاستەقینەکەی لایدا .
کاتێکیش خەسڵەتی پیرۆزی بەبەری ئەو ڕیتوال و ڕێوڕەسمە ئایینیانەدا کراو هەر ڕەخنەو گوومانێکیش بە لادان و کوفر درایە قەڵەم ئەوا خوودی ئایینەکە گۆڕا بۆ ئامرازێکی ستەمکاری و چەقبەستووی فیکری . بەمەش وەزیفەی ئایینەکە دووچاری لادان و گۆڕانکاری بوو ، لە وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بە گژا چوونەوەی ستەمکاری و چەوساندنەوەو نا دادپەروەری گۆڕا بۆ کردەیەکی سیاسی بۆ ملکەچ پێکردنی مەردووم و سزادان و ئەشکەنجەدانی نەیاران – ئەوانەی دژی نا دادپەروەری سیستم و دەوڵەت دەنگیان هەڵدەبڕی – ، گۆڕا بۆ جۆریک لە سیستمی نوێی چینایەتی کە تیایدا خەلیفەو پیاوە ئایینیەکان شوێنی ئەرستۆکراتەکانی سیستمی پێشوویان گرتەوە . کاتێکیش ئایین خۆی وەکو نوێنگەی بەرژەوەندی گشتی خستە ڕوو ، بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانیش بۆ ئایدۆلۆژیا گۆڕا ، ئەوسا ملکەچی خەڵکیش بۆ دەسەڵات و چینی باڵا دەست وەکو ئیمانداری و خوا پەرستی گوزارشتی لێدەکرا . بەمەش ستەمکاری و چەوساندنەوە بەناوی ئایین و پەیامی محەمەد و ئیسلام و خواو حەقیقەتی ئاسمانییەوە جیگای ئایینی ڕاستەقینەو پەیامی ڕاستەقینەی ئایینی گرتەوە .
ئەوەی لە ئەمڕۆدا زەروریی و پیویستییە هەڵوەشاندنەوەی ئایینی ئیسلام یان دژایەتی کردنی ئیسلام نییە ، چونکە ئەمە کارێکی گەلێک ئەستەمە ” مرۆڤەکان بە ئاسانی دەستبەرداری بیروباوەڕوو ئیمانەکەیان نابن ” ، ناتوانرێت لە مرۆڤ بگەیەنرێت کە ” بەبێ ئایین دەتوانێت بژێت ” ، بۆیە ئەرکی گرنگ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕیفۆرمی بنەڕەتی یە لە ئاییندا . ئەرکی سەرەکی و گرنگ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەری یە بە ئاراستەی بە گژا چوونەوەی بیری فەندەمێنتالیستی (ئوسووڵی) ئیسلامی و لێکدانەوە و ڕاڤە کردنی دەق و نووسراوە ئایینیەکانە بە گوێرەی میتۆدی زانستی و عەقڵانی ، گێڕانەوەی دەقەکانە بۆ مێژووی پەیدا بوون و هاتنە خوارەوەیان و بەستنەوەیانە بە ڕووداوە مێژوویەکانەوە ، بەمەش دەقەکان سیفەتی دۆگما بوون لەدەست دەدەن و ملکەچی ڕاڤەکردنە عەقڵانیەکان دەبن ، لە چوارچێوەی کات و شوێن لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت و وەکو پەیامێکی ئاسمانی ئەبەدی سەیرناکرێن کە شیاو بێت بۆ گشت کات و سەردەمێک .
لێرەشەوە ئیمانداری بۆ مەهامە ڕەسەنەکەی خۆی دەگەڕێتەوە لە پابەند بوون بە ناخی تاکەکانەوە ، خواش لە موڵکی تاکە گروپ یان تاکە دەستەیەکی دیاری کراوەوە یان چەند دەستەیەکەوە بۆ موڵکی گشت دەگۆڕێت و هەرکەس مافی خۆی دەبێت چۆن لە خوا دەڕوانێت و چۆن ڕاڤەی دەکات ، هیچ کەسیش بۆی نابێت خۆی بە نوێنەری خوا لە قەڵەم بدات و بە ناوی ئەوەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەوانی تر بکات و لە ژێر ناوی خوادا تۆمەت ببارێنێت .
بە تەماشا کردنی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام ، بۆمان دەردەکەوێت ئیسلام و پەیامەکەی لە سەرەتادا گوزارشت بوو لە ڕۆحی ڕۆشنگەری و پێشکەوتن و بە گژا چوونەوەی ستمەکاری ، بەڵام لە ڕێڕەوی مێژوودا ڕۆحی ڕاستەقینەی خۆی وون کردوو لە ڕێڕوەی خۆی وەرچەرخاو سەرەنجامیش بەرەو تاریکی و جەهل گەڕایەوە بە جۆرێک لە ئەمڕۆدا گوزارشت لە جەهل و نەزانی و دوو ڕوویی و ستەمکاری دەکات – ڕێک وەکو دۆخی پێش ئیسلام – . هەر بۆیە لە ئەمڕۆدا بەرپاکردنی شۆڕشێکی ڕۆشنگەری بەسەر ئەم جۆرە تیڕوانینەی ئاییندا کارێکی زەرورییە ، هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی عەقڵانی بەرامبەر تێگەیشتنی ناعەقڵانی لە ئایین و خوا پەرستی پێداویستیەکی حەتمی یە ، شۆڕشێک لە سایەیدا ئایین بۆ وەزیفەی ڕەسەنی خۆی بگێڕێتەوەو پەیامی ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤ و خۆشەویستی و دادپەروەری و لێبووردەیی بگۆڕێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت