ئاریان ڕەشید: مرۆڤ وەکو دروستکراوێکی سیستم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم:

ماڵی کردنی ئاژەڵەکان لە لایەن مرۆڤەوە خواستێکی بەرژەوەندیخوازانە لە پشتیەوەیەتی و ئامانجی مرۆڤ چێژوەرگرتن و بەدەستهێنانی قازانجی مادیە ، بەمەش ئاژەڵ چیتر بوویەکی سەربەخۆ نابێت و شێوازی ژیانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەکەوێتە هەمان ئەو چوارچێوەیەوە کە مرۆڤ بۆی دیاری کردوە. ئاژەڵ لێرەدا بێئاگایە لەوەی کە ئەم ژیانەی ئێستای هەمان ژیانە سەربەخۆکەی نێو سروشت نیەو چیتر ژیانی ئەو لە لایەن کەسانێکەوە ئاراستە دەکرێت و شکڵ دەگرێت کە ئامانجێکی جیاواز لەوەی سروشت مەبەستیەتی لە هزرو خەیاڵیاندایە.

ئامانجی مرۆڤ لە بەخێوکردن و ماڵی کردنی ئاژەڵ بەدەستهێنانی سوودی مادیە بۆ خودی مرۆڤ لە دابینکردنی پێداویستی خواردن و جلوبەرگ و کاڵاو شمەک و چەندەها پێداویستی تر کە مرۆڤ لە ئاژەڵ بەدەستی دێنێت ئەمە سەرەڕای بەدەستهێنانی قازانجی مادی و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان لە ڕێی بازرگانی کردن بە ئاژەڵانەوە چ بە زیندوویی وەکو بابەتێکی بەدەستهێنانی چێژ لە ڕیگەی بەکارهێنانی ئاژەڵ وەکو ئامرازێکی دڵخۆشکردنی مرۆڤ یاخود لە ڕێگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانی شێرەمەنی و هێلکەو گۆشتی ئاژەڵ و مریشک و ماسی و …تاد. وە یان بازرگانی کردن بە پێست و خوری و پەڕو هەر شتێکی تری ئاژەڵ کە مایەی قازانج و بازرگانی پێوەکردن بێت.

لەهەموو ئەم پرۆسەیەدا خودی ئاژەڵان نائاگایانە هاوکاری مرۆڤ دەکەن لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیان ، ئاژەڵان توانای تێگەیشتنی ئەم جۆرە ژیانە سەپێنراوەیان نیەو بێئاگان لەوەی کە ئەوان بوونەتە بابەتی کۆکردنەوەی پارەو داهات و بەخشینی چێژو خۆشی بە مرۆڤ بەبێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندی و سوودێکی خۆیان لەم پرۆسەیەدا لەبەرچاو گیرابێت. تەنانەت ئەو سەگ و پشیلەو سمۆرە و … تاد، کە مرۆڤ لە ماڵەکەی خۆیدا بەخێویان دەکات و گرنگیان پێدەدات – بە تایبەتی لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان – وا دەردەکەوێت لە سۆنگەی ئاژەڵدۆستی و هەستی بەزەیی و هاوسۆزیەوە بێت ، دیسانەوە بە ئامانجی دڵخۆشکردنی مرۆڤ و لە بەرژەوەندی خودی مرۆڤدایە و تاکە ویستی مرۆڤ لەم پرۆسەیەدا پەیداکردنی هاوڕێ و هاودەمێکە بۆ خۆی یاخود پاسەوانیکردنی خودی خۆی.

ئاژەڵان لە نێو ئەم پرۆسەیەدا ژیانی چوارچێوەداری نێو ئەو سیستمەی مرۆڤ بۆی دیاری کردوون وەکو ژیانی ئاسایی و سروشتی خۆیان سەیردەکەن و بەدەر لەم ژیانە هیچ ژیانێکی تر ناناسن، هەر بۆیەش هیچ دژە کردەوەیەک ئەنجام نادەن و بەتەواوی خوو دەگرن بەو ژیانەی مرۆڤ بۆ ئەوانی دەستنیشانکردوە کە تەواو جیاوازە لە ژیانی ڕاستەقینەی نێو سروشت.

 ژیانی مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمدا هاوشێوەی ژیانی ئاژەڵە ، مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمێکی زەبەلاحی ژیان ، بێووچان لە ڕێگەی کارو کردەوەکانی خۆیەوە خەریکی شەرعیەت بەخشینە بەو چوارچێوە دروستکراوەو لە هەوڵی بەخشینی مانایەکە بەو بونیادە دروستکراوەی ئەو ناوی ژیانی ڕەسەن و ڕاستەقینەی لێناوە.

شارستانیەت ناوی ئەو چوارچیوە پۆڵایین و خۆسەپێنەیە کە مرۆڤ لە میانەیدا هەڵسوکەوت و مامەڵەو ڕەفتارو کردەوەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. شارستانیەتەکان لە ڕێگەی سیستمێکی فراوانی کولتورو داب و نەریت و یاساو ڕێساو ئایین و ئایدۆلۆژیاو هزرو خەیاڵ و بیروباوەڕەوە ، شێوازی ژیانکردنی مرۆڤ لەهەر سەردەم و قۆناخێکدا دیاری دەکەن. مرۆڤیش بەتەواوی تەسلیمی ئەو شیوازی ژیان و ڕەفتارو قسەکردن و هەڵسوکەوتە دەبێت کە سیستم لەهەر سەردەمێکدا بەسەریدا دەیسەپێنێت و ئەو شێوازەی ژیانکردن و هەڵسوکەوتەی لێدەبێتە مانای ڕاستەقینەی ژیان و بەوپەڕی تواناوە هەوڵدەدات خۆی لە چوارچیوەی ئەو شێوازو کولتورو ڕێسا ئەخلاقیە بسازێنێت و بەتەواوی بەدیهێنەری خواستەکانی سیستم بێت ، ئەمەش لەژێر ناوی ئەقڵ و لۆجیک و وەڵامدانەوەی خواستی ژیان ئەنجامدەدات.

ئەو مرۆڤانەی ناکەونە ناو چوارچیوەی هەمان سیستمی باو ، بەلای تێکڕای مرۆڤەکانی ترەوە – ئەوانەی بەتەواوی لە خواستی سیستمدا تواونەتەوە – مرۆڤی نەزان و بێ ئەقڵ و شێت و یاخی و دوورەپەرێزن. ئەم خواستە زەبەلاحە ترسناکەی سیستمیش بەردەوام لە ڕێگەی پەروەردەو فێکردن و ئایین و ئایدۆلۆژیاو میدیاوە لەناخی تاکەکانی مرۆڤدا دەچێنرێت ، هەر لە قۆناخی منداڵیەوە مرۆڤ لەسەر ئەو ڕیتمە لە ژیان و ژیانکردن ڕادەهێنرێت کە سیستم دیاریکردوەو وەکو مەبەستی ڕاستەقینەی ژیان لەقەڵەم دراوە. لێرەشەوە هیچ تێڕوانینێکی تر بەدەر لەوەی سیستم سەپاندویەتی و دیاریکردوە لە ئارادا نابێت و مرۆڤ لە چوارچێوەی سیستمدا بەشێوازێک لە خۆی دەڕوانێت وەکو ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا دەژی و ژیان بەدەر لەمە شتێکی تر نیە. ئەو کێشمەکێش و ململانێ و شەڕو ئاژاوەو ڕق و کینەو توندوتیژی و دڕندەییەش کە خواستی سیستم لە پێناوی بەردەوامیدا دەیسەپێنێت ، لای مرۆڤ دەبێتە خواستی ڕەسەنی ژیان و وەکو پێدویستیەکی ڕاستەقینەی مانای ژیانکردن سەیر دەکرێت. بەلای ئەو مرۆڤەوە کە بەتەواوی لەنێو چوارچێوەی سیستمی باوی ژیاندا تواوەتەوە ، بەدەر لەم شێوازەی ژیان هیچ شكڵ و شێوازێکی تری ژیانکردن لە ئارادا نیە ، مرۆڤی ئازاش کەسێکە بتوانێت بەتەواوی لە چوارچیوەی هەمان سیستمی باودا خۆی بسەلمێنێت و وەڵامدەرەوەی داخوازیەکانی ژیانەکەی بێت ، بەمەش مرۆڤ لەوە دەکەوێت کە مرۆڤ بێت و دەبێتە بابەتێک یان شتێکی بێگیان هاوشێوەی ئاژەڵێکی بێ ئەقڵ کە تەنیا وەڵامی ئەو داخوازیانە دەداتەوە کە لەسەرەوە بەسەریدا سەپێنراوەو لەوە کەوتوە بەخودی خۆی بیربکاتەوەو هزرو تێڕامان و تیفکرینی خۆی بکاتە سەرچاوەی دەستنیشانکردنی ئەو شێوازی ژیانکردنەی کە دەبێت ببێت.

لە ئەمڕۆدا سیستمی سەرمایەداری داڕێژەری چوارچیوەیەکی ترسناکە بۆ ژیان ، مرۆڤ لە ژێر سایەی ئەم سیستمەدا لەوە کەوتوە کە مرۆڤ بێت ، بۆ ئامرازێک یاخود کاڵایەک ، شمەکێکی بازرگانی گۆڕاوە کە تەنیا خواستەکانی سیستم دابین دەکات. ئامانجی سیستمی سەرمایەداری کە لە ئەمڕۆدا بۆتە شارستانیەتێک و دەتوانین بە شارستانیەتی سەرمایەداری ناوزەدی بکەین ، بریتیە لە کەڵەکردنی سەرمایەو سامان و بەدەستهێنانی زۆرترین بڕی قازانجی مادی بەکەمترین ماوەو ساناترین شێواز. ئەکتەری بەدیهێنەری ئەم خواستەش خودی مرۆڤە کە نائاگا خەریکی وێرانکردنی خۆیەتی و هەر هەنگاوێک لە پێناوی پایەدارکردنی سیستمدا دەینێت لە خودی ڕەسەنی خۆی دووری دەخاتەوە ، بەم پێیە تا سیستم پایەدارتر بێت خودی مرۆڤ وێرانتر و داڕزاوترو کاولترو داڕووخاوتر دەبێت.

خواستی سیستمی سەرمایەداری بریتیە لە ئاراستەکردنی هەموو شتێک لە پێناوی پەیداکردنی پارەو کەڵەکەکردنی سەرمایە و سەیرکردنی هەموو شتێک لەم پێناوەدا وەکو ئامرازێکی بەدیهێنانی ئەم خواستە ، لەهەر شتێکی تری بەدەر لە قازانجی مادی بە تەمەڵی و ناکارایی و بێئەقڵی دەڕوانێت. بەم پێیەش لەم سیستمەدا مرۆڤ ئەگەر سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەو قازانجپەرستی و کەڵەکەکردنی سامان نەبێت بە نەفام و پاسیڤ و بێئەهمیەت سەیر دەکرێت و دەکەوێتە بەرلۆمەی سیستم. کاتێکیش خودی مرۆڤ کەلەسەر هەمان سیستمی باو چوارچێوە کێشراوە ئەگەر وەڵامی خواست و ویستی سیستم نەداتەوە ، ئەوا خۆی لۆمەی خۆی دەکات و جۆرێک لە ویژدانی ئاکاری لە ناخیدا سەرزەنشتی ئەو پاسیڤی و تەمەڵیەی دەکەن. واتە تەنانەت ویژدانی مرۆڤیش دەکەوێتە ژێر هەژموونی سیستمی باوی سەرمایەداری و سەرجەم مۆراڵ و ویژدان و هزر و تێڕوانین و ئاراستەو سیستمی بیرکردنەوەی تاکەکان بەهەمان سیستمی باو بارگاوی دەبێت ، لێرەشەوە دەرچوون لەسیستم دەبێتە ماحاڵێکی گەورە.

لە ئەمڕۆدا کەڵەکردنی پارە بەشێوازێکی خوداپەرستی لەقەڵەم دەدرێت و کەسی هەڵپەکەر وەکو مرۆڤێک سەیردەکرێت کە بەتەواوی ڕەزامەندی خوای بەدەستهێناوە ، بەمەش ئایین بەتەواوی لە خزمەتی سیستمدا دەبێت و قازانپەرستی بە شێوازێک لە ئاینداری سەیر دەکرێت ، مرۆڤی چێژخواز و قازانج پەرستیش وەکو مرۆڤێکی ئیماندار وێنا دەکرێت. لێرەشەوە شێوازی باوی ئایین و ئایینداری ناتوانێت مرۆڤ لە جەورو ستەمی سیستم ڕزگار بکات و مرۆڤ بگەیەنێتە دەروازەی سەرفرازی و ئازادی، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم شێوازەی ئاینداری مرۆڤ بەتەواوی ملکەچی سیستم دەکات و خودی ئایینەکەش دەبێتە پایەیەکی سەرەکی لە پایەکانی سیستمی باو، وە لە چوارچێوەی ئەم شێوازەی ئیمانداریدا دنیا پەرستی و مادیگەرایی وەکو جۆرێک کردەوەی موقەدەس سەیر دەکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت