ئاریان ڕەشید : کەسێتی دەسەڵاتخواز و گەرای فاشیزمی دەسەڵات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدینەهاتنی پێشبینیەکانی بیری مارکسیزم لە سەرهەڵدانی شۆڕشی پڕۆلیتاری لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپای خۆرئاواو سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم لەو کۆمەڵگایانە وەکو بەرئەنجامێکی حەتمی گەشەکردنی سەرمایەداری بۆرژوازی لەبری گواستنەوە و گۆڕان ڕوەو سۆسیالیزم کە بیری مارکسیزم وەکو حەتمیەتێکی مێژوویی بانگەشەی بۆ دەکرد ، بەشێک لە ڕۆشنبیرە مارکسیەکانی ئەڵمانیای خستەسەر بیری سەرلەنوێ پێداچونەوە بە هزری مارکسیزم لە پێناوی کەشفکردنی خەوش و کەموکوڕیەکانی بیری مارکسیزمی تەقلیدی ( ئەرسۆدۆکسی) و دۆزینەوەی ڕیشەی فاشیزم و گەڕان بەدوای هۆکاری ئەو پێشهات و ڕووداوانەی کە لە ڕوانگەی هزری ماتریالیستیانەی مارکسیزمەوە دۆزینەوەیان ئاستەم بوو. قوتابخانەی فرانکفۆرت کە لەسەرەتادا پەیمانگایەک بوو بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و هەڵگری ڕوانگەیەکی مارکسیانە بوو دەرئەنجامێکی حەتمی ئەم بارودۆخە بوو ، بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە لەڕوانگەیەکی مارکسیانەی ڕووتەوە کە تەنیا جەخت لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگا دەکاتەوەو ژێرخان دەکاتە بنەمای گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەهەر کۆمەڵگایەک ناتوانرێت وەڵامی پێشهاتە نوێیەکان بدرێتەوە، بۆیە ڕوویان کردە پێداچونەوەی سەرلەنوێی هزری مارکسیزم و خەوشی مارکسیزمیان لەوەدا دەبینی کە بەتەواوی پشتی لە ئایدیالیزم کردوەو کەوتۆتە ژێر کاریگەری ڕوانگەی پۆزەتیڤیزم و میتۆدێکی ماتریاڵیانەی پەتی بەسەریدا زاڵە . بۆیە ئەوان لە لایەک گەڕانەوەیان بۆ ئایدیاڵیزمی هێگڵی بە مەبەستی تێگەیشتن لە واقیع بەگرنگ دەزانی و لە لایەکی تر بۆ ڕاڤەکردن و کەشفکردنی گۆڕانکاریە نوێیەکان و تێگەیشتن لە دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا تێکەڵکردنی مارکسیزم لەگەڵ فەلسەفەکانی تریان بە کارێکی پێویست دادەنا، وەکو تێکەڵکردنی مارکس و شۆپنهاوەر لای ( ماکس هۆرکهایمەر ) و مارکس و هۆسرەڵ لای ( هربرت مارکۆزە ) و مارکس و فرۆید لای ( ئێریک فرۆم ) ( ئێریک فرۆم ) بیرمەندی نەوەی یەکەمی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێی وابوو ڕوانگەیەکی مارکسیانەی ڕووت بە تەنیا هیچ وەڵامێکی بۆ سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم پێ نیەو دەستەوسانە لە هەمبەر ڕووداو پێشهاتە نوێیەکان، بۆیە فرۆم لە پێناوی تێگەیشتن لە ڕیشەی سەرهەڵدانی فاشیزم و کەوتنی ئەقڵانیەت و مەترسی دەرکەوتنی سیستمێکی ترسناکی تۆتالیتێر لە بری بەدیهاتنی کۆمەڵگای سۆسیالیزم ڕووکردنە فرۆید و گرتنەبەری ڕوانگەیەکی دەروونشیکاریانەی بە پێویست دەزانی . فرۆم بەتەواوی ڕوانگەی مارکسیزمی ڕەت نەدەکردەوە بەڵکو تێکەڵکردنی ڕوانگەی کۆمەڵایەتیانەی مارکسیزم لەگەڵ ڕەوتی دەرونشیکاریانەی فرۆیدیزمی بە میکانیزمی سەرەکی و گرنگ بۆ تێگەیشتن لە دۆخی نوێی کۆمەڵگا وەسف دەکرد. زۆرینەی کتێبەکانی فرۆم (ترس لە ئازادی –fear from freedom ) – لەژیر ناوی ( هەڵهاتن لە ئازادی ) کراوە بە کوردی – ، (کۆمەڵگای تەندروست- the sane society) ، ( مرۆڤ لە نێوان جەوهەرو مەزهەردا ) و … هتد ، شیکردنەوەیەکی ووردی دەروونشیکاریانەو کۆمەڵایەتیانە لە خۆدەگرن بۆ تێگەیشتن لەو دۆخە نێرۆسیەی تاک کە زەمینەی سەرهەڵدانی فاشیزم دەسازێنێت . لەم پێناوەشدا شیکردنەوەو ڕاڤەکردنی تاک وەکو پێشمەرجی تێگەیشتن لە هزر و سیستمی نازیزم دەکاتە بنەما . فرۆم بەشێوەیەکی وورد لە گرێ و گرفتە دەروونیەکانی تاک قووڵدەبێتەوەو بە پشتبەستن بە ڕوانینی دەروونشیکاریانەی فرۆید و ڕوانینی کۆمەڵناسانەی مارکس بە ڕەگ و ڕیشەی کێشە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکاندا ڕۆدەچێت بۆ دۆزینەوەی ئەو مەیلە دەسەڵاتخوازیە فاشیستیە کە لە ناخی تاکەکاندا خۆی مەڵاسداوەو لە میانەی دۆخی نالەباری کۆمەڵگاوە بۆ سەر زەمینی واقیع تەرجەمە دەبێت . فرۆم ئەو مەیلە فاشیستیە لە میانەی شیکردنەوەیەکی ووردی تاکەوە و لە ڕێگەی دیراسەکردنێکی قووڵی کەسێتی مرۆڤەوە کەشفدەکات و جۆری ئەو کەسێتیەش بە (کەسێتی دەسەڵاتخواز – authoritarian personality- الشخصية السلطوية) ناوزەد دەکات . بە بۆچوونی فرۆم ڕەگوڕیشەی فاشیزم وەکو سیستمێکی تۆتالیتێری دەسەڵاتخواز کە هەڵگری مەیلێکی ترسناکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم پنت و جومگەکانی کۆمەڵگا لە میانەی مەیلی دەسەڵاتخوازانەی کەسێتی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاوە دەگرێت .

کەسێتی دەسەڵاتخواز کێ یە ؟
فرۆم میتۆدێکی دەرونشیکاریانەی ورد لە پێناوی ناسینی مەیلە شاراوەکانی مرۆڤ و ئەو گرێ و گۆڵە دەرونیانەی کاریگەریان لەسەر ڕەفتاری تاک هەیە دەگریتە بەر ئەمەش لە پێناوی کەشفکردنی مەیلی تەسلیمبوونی مرۆڤ و دۆزینەوەی ئەو خواستە شاراوەیەی ناخ کە زەمینەی سەر‌هەڵدانی هزری فاشیزم شیاو دەکات . کەسێتی دەسەڵاتخواز چەمکێکی سایکۆلۆژیەو لە میانەیەوە فرۆم ئەو مرۆڤە کەشفدەکات کە خەون و خەیاڵی فاشیزم دەخوڵقێنێت و یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەکردنی هزری نازیزم و خواستی تۆتالیتێری و پایەدارکردنی دەسەڵاتی هەژمونگەرا.
فرۆم لە ( کۆمەڵگای تەندروست) دا گریمانەی ئەوە دەکات کە تێکچوونی دەروونی تەنیا خەسڵەتی تاکەکان نیە بەڵکو کۆمەڵگاکانیش دووچاری ئەم دۆخە دەبن و بۆ کۆمەڵگای نەخۆش و ناتەندروست دەگۆڕێن ، ئەم گۆڕانەش لای فرۆم گرێدراوی زاڵبوونی مەیلی بازاڕسالاری و چێژپەرستی و بە کاڵابوونە کە دنیای سەرمایەداری دەیسەپێنێت . دنیای سەرمایەداری کە قازانج و دەستکەوتی مادی دەکاتە بنەما هەموو شتێک لە سایەیدا بۆ کاڵا و کەرەستەی سوودی مادی دەگۆڕێت ، لەم دنیایەدا مرۆڤ جگە لەوەی بەپێی خواستە مادیەکان ڕەفتار بکات و لەگەڵ گشتدا خۆی بگونجێنێت هیچ دەرەتانێکی تری نیە . لە کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرەدا وەکو فرۆم دەڵێت: تاک کاتێک مانای هەیە کە لەگەڵ دەستەیەک هاوئاهەنگ و بەردەوام لە جوڵەدا بێت و شیاوی هاوئاهەنگ بوون بێت لەگەڵ دەستەکانی تر”. بەمەش مرۆڤ بەتەواوی تاکایەتی خۆی دەدۆڕێنێت و لە ناخی ڕەسەنی خۆی دادەبڕێت ، سەرەنجامیش لەتەواوی هەست و ویژدان و مانا ڕاستەقینەکانی مرۆڤ بوون بەتاڵدەبێتەوە ، فرۆم دەڵێت: “بەهەر ئەندازەیەک مرۆڤ خۆی هاوڕەنگی کۆمەڵگا بکات بەهەمان ئەندازە ناتوانێت دەنگی ویژدانی ببیستێت و بەپێی ئەوە کارەکانی ئەنجام بدات ، مرۆڤ کاتێک بوونی هەیە کە خۆی بە مرۆڤ بزانێت نەک شتێک یا کاڵایەک”. کۆمەڵگایەکی بەم جۆرەش لە ڕوانگەی فرۆمەوە کۆمەڵگەیەکی ناتەندروستە لەباسی وەها کۆمەڵگەیەکیشدا دەڵێت: “کۆمەڵگەی ناتەندروست و نەخۆش دەبێتە هۆی دروستبوونی دوژمنایەتی و نەبوونی باوەڕ بەیەکتر و لە ئەنجامدا مرۆڤ دەبێتە ئامرازی کەڵک وەرگرتنی کەسانیتر ، هەستی (خۆبون) لەناو دەچێت و سەرئەنجام کەسەکە دەبێتە مرۆڤێکی قورمیشکراو .
مرۆڤێکی لەم جۆرەش لە خودی ڕاستەقینەی خۆی بەتاڵبۆتەوەو بۆ مرۆڤی جەماوەری گۆڕاوە ، گۆستاف لۆبۆن لە سایکۆلۆجیای جەماوەردا وەسفی مرۆڤی جەماوەری دەکات بەوەی “کەسێکە هۆش و ئاگای لە کارەکانی خۆی نامێنێت و حاڵی وەکو ئەو کەسەی لێدێت کە بە موگناتیس خەویلێخراوە”. مرۆڤی جەماوەری مرۆڤێکی پاسیڤ و بێکردارە مرۆڤێکە توانای ڕامان و هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی لەدەستداوە ، بیرمەندی ئیسپانیش ئۆرتێگای گایست لە وەسفی مرۆڤی جەماوەریدا دەڵێت: ئەو کەسەی پێی وایە مافی ڕادەربڕینی هەیە بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی هەوڵ و کۆششەوە گەیشتبێتە بۆچونێکی گونجاوو هەڵسەنگێندراو مرۆڤی جەماوەریە ، یاخود دەڵێت : بوونی بیروبۆچونی بێبەڵگە واتا بێ بیروبۆچونی گرنگترین تایبەتمەندی مرۆڤی جەماوەریە .
مرۆڤی جەماوەریش زۆر نزیکە لەو وەسفەی فرۆم بۆ کەسێتی دەسەڵاتخوازی دەکات بەوەی کەسێتیەکی ناکارایەو لە بڕیاردان و بەرپرسیاریەتی دەترسێت . بەبڕوای فرۆم “جەوهەری ئەوەی کەسێتی دەسەڵاتخواز دیاری دەکات بریتیە لە نەتوانایی لە پشت بەخۆ بەستن ، نەتوانایی لە بوون بە کەسێتیەکی ئازاد ، نائامادەیی یان نەتوانینی تەحەمولکردنی ئازادی”. کەسێتی دەسەڵاتخواز لە تێڕوانینی فرۆمدا کەسێتیەکی ناکامڵ و گەشەنەکردوە ، ناتوانێ ئەقڵ بەکاربهێنێ و بەقوڵی خۆشەویستی بکات ، ئەم کەسێتیە هەمیشە پێویستی بە (ڕابیتە) نێوەندێکەو ناتوانێ بەتەنیاو لە ڕێگەی خودی خۆیەوە ڕاستەوخۆو بێترس خۆی نمایش بکات ، ئەم نێوەندەش لە پەیوەندی پاشکۆیەتی دەدۆزێتەوە . فرۆم بە پشتبەستن بە میتۆدێکی دەرونشیکاریانە لە ڕێشەی کەسایەتی مرۆڤ قووڵدەبێتەوەو سەرچاوەی دەسەڵاتخوازیانەی کەسێتی بۆ گەشەی یەکەمی مرۆڤ و جیابونەوە لە دایک کە ڕەمزی سروشتە دەدۆزێتەوە . فرۆم قۆناخی منداڵی و ماوەی پێش لە دایکبوون بە قۆناخی سروشتیانەی مرۆڤ وەسف دەکات و پشتبەستنی منداڵ بەدایکی چی لە قۆناخی پێش لە دایکبوون یاخود دوای لەدایکبوون و بۆ ماوەیەکی درێژ بە هۆکاری سەرەکی پشتبەخۆ نەبەستنی مرۆڤ دەگێڕێتەوە . ئەو ئارامی و ئاسوودەییەی کە لە ڕێگەی سۆزی دایکەوە دەستی دەکەوێت و ئەو بێئەرکیەی کە دەرئەنجامی پشتبەستن بە دایک لە قۆناخی منداڵیدا دەستگیری دەبێت تەنانەت تا چەندین ساڵ درێژ دەبێتەوە وا لە مرۆڤ دەکات ئالودەی دایک ببێت و لێی دانەبڕێت و پشتی پێ ببەستێت . منداڵ لە ماوەی مانەوەی لای دایکی و گەورەبوونی لەسایەی دایکیدا لە بڕیارو بەرپەرسیاریەتی بەدورەو دایک لە بری ئەو ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت ئەمەش نێگەتیڤانە کاریگەری لەسەر منداڵ دروستدەکات لە قۆناخی دواترداو لە دوای گەورەبوونی و جیابوونەوەی لە دایک و کەوتنە نێو کۆمەڵگەوە بۆ یەکەمجار ڕوبەڕوی ئەو دوو ئەرکە قورسە دەبێتەوە ( بڕیاردان و بەرپرسیاریەتی ) بۆیەش زۆر لێیان دەترسێت و دەیەوێت کەسێک لە بری ئەو ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت ، لێرەشەوە خۆی ڕادەستی هەر کەسێک یاخود ئایدۆلۆژیایەک یان هەر شتێکی تر دەکات لەبری ئەو ئەم کارەی بۆ ئەنجام بدەن . فرۆم ڕیشەی کەسێتی دەسەڵاتخواز بۆ ئەم دۆخە سایکۆلۆژیەی مرۆڤ دەگێڕێتەوە و هەر ئەمەش زەمینەی بیری فاشیزم و مەیلی تۆتیلیتاریزم پایەدار دەکات . فرۆم دەڵێت : کەسێتی دەسەڵاتخواز پێویستی بە کەسێکی ترە لەگەڵیدا یەکبگرێت لەبەرئەوەی ناتوانێ تەحەمولی تاکیەتی خۆیی و ترسی خۆی بکات .
بڕیاردان و بەرپرسیاریەتی پێویستی بە ئازادی هەیە و ئازادیش پێویستی بە ئازایەتیە ، کەسێتی دەسەڵاتخوازیش بەو پێیەی لە بڕیاردان و بەرپرسیاریەتی دەترسێت کەسێتیەکی ترسنۆکە بۆیە لە ئازادی هەڵدێت چونکە ئازادی ڕوبەڕوی بڕیاردان و بەرپرسیاریەتی دەکاتەوە ، لێرەشەوە ترس لە ئازادی دەبێتە خەسڵەتی ئەو کەسێتیە و هەڵهاتن لە ئازادی دەبێتە سیمای سەرەکی مرۆڤی دەسەڵاتخواز .
کاتێک مرۆڤ پێی وابێت پێویستە لە سایەی سەرکردەیەکدا بژی یاخود لە پشتی حیزبێکەوە خۆی نمایش بکات یاخود بۆچونەکانی خۆی لە ڕوانگەی ئاینێک ، ئایدۆلۆژیایەک ، بیروباوەڕێکی سیاسی ، یاخود بیرۆکەکانی کەسێکی ترەوە دەرببڕێت ئەوا گوزارشت لە لاوازی و پاسیڤی و بێ بیروبۆچونی خۆی دەکات و وەکو کەسێکی بێدەسەڵات و بێقیمەت و ناگرنگ لەخۆی دەڕوانێت . کەسێتی دەسەڵاتخواز کەسێتیەکی بێ خەیاڵ و بێ خەون و بێ خولیایە هەرگیز ناتوانێت خاوەنی خودی خۆی بێت ، ناتوانێت گوزارشت لە خواستەکانی خۆیی و بیرۆکەکانی خۆیی دونیابینیەکانی خۆی بکات ، هەمیشە خواست و خەون و خەیاڵ و هزرو ئایدۆلۆژیای سەرکردەیەک ، سەرۆکێک ، ئاغایەک ، ئایینێک ، هێزێکی باڵادەست دەبێتە ڕوانگەی ئەوو هەمیشە لە سایەی سەرکردەیەکی بەهێزدا هەست بە ئاسوودەیی دەکات .
کەسێتی دەسەڵاتخواز لە دیدی فرۆمەوە کەسێتیەکی سادی-ماسۆشیە ، ئەو کەسێتیەکی ماسۆشیە بەشوێن پاشکۆیەتیدا دەگەڕێت ، هەست بە کەمایەتی خۆی دەکات و لە قووڵاییەکانی ناخیدا ترسێکی زەبەلاح بەدیدەکات . زۆر لە تەنیایی دەترسێت و لێی ڕادەکات و بەشوێن سەرکردەیەکدا یاخود دەسەڵاتێکی باڵادەستدا دەگەڕێت تاوەکو لە سایەیدا هەست بە تەناهی و ئاسایش و پارێزگاری بکات لە میانەی بەشداریکردن تیایدا و زاڵبوون بەسەر بچوکی و نزمی خۆیدا . کەسێتی ماسۆشی دەیەوێت هەستی کەمایەتی خۆی لە ڕێگەی پەرستنی سەرکردەیەکەوە یاخود هێزێکی باڵادەستەوە پڕ بکاتەوە ، لە ئازادی هەڵدێت و بۆ پەرستنی بتە دروستکراوەکان ڕادەکات .
کەسێتی سادی دەسەڵاتخواز بەهەمان شێوە لە تاکیەت و تەنیایی دەترسێت هەر بۆیەش لەهەوڵی ژێردەستخستنی کەسانی تردا دەبێت تاوەکو لە سایەیاندا هەست بە ‌‌هێز و باڵادەستی بکات . کەسێتی دەسەڵاتخوازی سادی کەسێتیەکی ترسنۆکەو ناتوانێت بە تەنیا ڕوبەڕوی دنیا ببێتەوە بۆیە کۆنترۆڵکردنی کەسانی تر و کۆکردنەوەی قەرەباڵخی لە دەوری خۆی ئارامی و ئاسوودەیی پێدەبەخشێت و چێژ لە کۆیلایەتی و ملکەچیکردن و گوێڕایەڵی ئەوانی تر وەردەگرێت .
خەسڵەتی سەرەکی کەسایەتی دەسەڵاتخواز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە توانای پشت بەخۆبەستنی نیە ، لە کاتێکدا کەسایەتی دەسەڵاتخوازی سادی پشت بە ڕەعیەت دەبەستێت ، کەسایەتی دەسەڵاتخوازی ماسۆشی پشت بە فەرمانڕەواو دەسەڵاتداران دەبەستێت . وە کاتێک کەسێتی ماسۆشی لە میانەی ملکەچی بۆ دەسەڵاتێکی باڵادەست هەست بە هێز دەکات و هەست دەکات بەشێکی بچوکە لە شتێکی گەورەدا ، کەسێتی سادی لە کۆنترۆڵکردن و ژێردەستخستنی ئەوانی تر هەست بە هێز و ئاسوودەیی دەکات .
توێژینەوە لە خەسڵەتی کەسایەتی دەسەڵاتخواز لای بیرمەندی ناسراوی قوتابخانەی فرانکفۆرتیۆدۆر ئادۆرنۆ بەهەمان شێوە گرنگیەکی زۆری هەیە . لای ئادۆرنۆ کەسایەتی دەسەڵاتخواز کەسایەتیەکە ناتوانێت بە تێڕوانینێکی یەکسان سەیری خەڵکی بکات ، بەڵکو لە ڕوانگەی ئاغاو کۆیلە یان سەردارو ڕەعیەت لێیان دەڕوانێت . مرۆڤ لە دیدی کەسی دەسەڵاتخوازەوە یان کۆیلەیە یاخود ئا‌غایە ، تەنانەت کەسی دەسەڵاتخواز لەهەمان ئەو کاتەی خۆی کۆیلەی ئاغایەکی باڵادەستە و ملکەچی سەرکردەیەکی بە‌هێزە لەهەمان کاتدا بۆ ئەوانەی خوارخۆی ئاغایەکی بە جەبرە . هەروەک چۆن لە کۆیلایەتی و گوێڕایەڵی بۆ ئاغایەکی باڵادەست یان سەرکردەیەکی مەزن هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکات لەهەمان کاتدا چەوساندنەوەی ئەوانەی خوارخۆی بەختەوەرو خۆشبەختی دەکات .
مەیلی زاڵبوون بەسەر فەرمانبەرداران و ڕوانینی باڵایی بۆ سەرداران و دەسەڵاتداران لە خەسڵەتە دیارەکانی کەسایەتی دەسەڵاتخوازە لە دیدی ئادۆرنۆوە لەگەڵ ملکەچی کوێرانە بۆ بەها نەرێتیەکانی کۆمەڵگا و ملکەچی تەواو بۆ دەسەڵات و سەیرکردنی حەدیانە بۆ ژیان خێرو شەڕ ، ڕەش و سپی ، باش و خراپ . کەسایەتی دەسەڵاتخواز بەشێوەیەکی ڕەشبینانە لە سروشتی مرۆڤ دەڕوانێت و بوونی دەسەڵاتێکی بەجەبرو خاوەن زەبروزەنگ بەزەروری دەزانێت بۆ جڵەوکردن و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ . لای ئەم کەسایەتیە جیهان لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی دامەزراوەو هەموو شتێک تەواوو لەجێی خۆیدایەو بەباشی ڕێکخراوەو دیاری کراوە ، بەهێزەکان پێویستە حوکم بکەن لەبەرئەوەی باشترینن وە بێ هێزەکان پێویستە حوکم بکرێن .
لەم دیدگایەشەوە کەسایەتی دەسەڵاتخواز کەسایەتیەکی کۆنسێرڤاتیزمەو لە خزمەتی مانەوەی دۆخی باودایە ، بەو پێیەی هەر چەشنە گۆڕانکاریەک لە ژیانی کۆمەڵگادا بە مەترسی لەسەر سەقامگیری دۆخی باو لەقەڵەم دەدات و هەر جۆرە بیرو باوەڕێکی نوێش بە مایەی کارەسات و گێرمەوکێشە وەسف دەکات . لای ئەم کەسایەتیە هەموو شتێک لە جێی خۆیدایەو هیچ شتێک قابیلی دەستکاریکردن و پێداچونەوەو ڕەخنەکردن نیە ، هەر بۆیەش ئەرکی خۆیان لە گوێڕایەڵی و ملکەچی کوێرانەی دەسەڵات و بەهاو داب و نەرێتە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانی کۆمەڵگا دەبیننەوە .
ئەگەر ئەم تێڕوانینە سایکۆلۆجیەی دەسەڵات بکەینە بنەما ، ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕیشەی دەسەڵاتی هەژموونخواز و خۆسەپێن لەهەر کۆمەڵگەیەک لە گرێ و گرفتە سایکۆلۆجیەکانی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت . بەو مانایەی گرفت و کێشە دەروونی و شارەوەکانی تاک کە لە ململانێی نێوان مەیلە ڕەسەن و ڕاستەقینەکانی مرۆڤ یاخود ڕەمەکە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و خواستی کۆمەڵگا کە کولتورو داب و نەریت و ئایینی باوی هەر کۆمەڵگایەک پێکیدەهێنێت ، ڕیشەی مەیلی هەژموونخوازی و خۆسەپێنی و باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن لای هەر دەسەڵاتێکی سیاسی بەرجەستە دەکات . بەهەمان شێوە فرۆم تاکڕەهەندی کۆمەڵگای بۆرژوازی بەو مانایەی (هێربرت مارکۆزە) باسی دەکات ، بەو میکانیزمە وەسف دەکات کە زەمینەسازی بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی مەیلی تۆتالیتاریەت و هزری فاشیزم دەکات . بەو مانایەی سەرمایەداری لە بەردەوامی خۆیدا بەرەو فاشیزم هەنگاو هەڵدەگرێت ، ئەمەش بەو گریمانەیەی کە مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بۆ مرۆڤێکی تاکڕەهەندا دەگۆڕێت و خواستی چێژپەرستی و کاڵاسالاری بەسەریدا زاڵدەبێت ، سەرەنجامیش لە ڕەهەندە ڕۆحی و مەعنەویەکانی بەتاڵدەبێتەوەو بۆ بوونەوەرێک دەگۆڕێت کە تاکە خواستی بریتی دەبێت لە تێرکردنی پێداویستیە مادی و جەستەییەکانی . بەم پێیە مرۆڤی دەسەڵاتخواز لە نێو کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هیچ گرنگیەک بە بەهاو ئایدیاڵە مرۆییە باڵاکان نادەن و خواست و ئارەزووە ڕۆحی و ئینسانیەکانی مرۆڤ لەبەرچاو ناگرن پەیدا دەبێت ، مرۆڤی دەسەڵاتخوازیش ڕیشەی سەرەکی دەسەڵاتی هەژموونخواز فەراهەم دەکات .
ئەگەر بە دوای ڕیشەی مەیلی هەژموونخوازی دەسەڵاتی کوردیدا بگەڕێین ، ئەوا بە سانایی درک بەوە دەکەین کە بنەمای ئەو مەیلە دەسەڵاتخوازیە لە هەستی دەسەڵآتخوازانەی تاکی کوردیەوە سەرچاوە دەگرێت . تاکی کوردی لە لایەک تاکێکی چەپێنراوی سەرکوتکراوە هاوشێوەی سەرجەم ئەو تاکانەی تری ڕۆژهەڵات کە لەنێو فەزایەکی کۆمەڵایەتی داخراوو ئاینێکی هەژموونخواز و پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیانەی نەرێتی و ئابووریەکی پاشکۆیەتیدا دەبێت بە تاکێکی نیرۆسی و دەروون نەخۆش . لە لایەکی تر ئەو مادیگەراییە ترسناکەی دەرەنجامی کرانەوە بەڕووی بازاڕسالاری و کاڵاپەرستی کۆمەڵگای بۆرژوایی مرۆڤی کوردی کردۆتە مرۆڤێکی تاکڕەهەند ، سەرەنجامیش ئەم تاکە بۆ تاکێکی دەسەڵاتخواز ، تاکێکی سادی-ماسۆشی گۆڕاوە . کاتێکیش ئەم دۆخە خەسڵەتی باوی تەواوی کۆمەڵگە بێت ئەوا ناتوانین درکی ئەم مەیلە دەسەڵاتخوازیە بە سانایی بکەین بەو پێیەی مەیلی دەسەڵآتخوازی وەکو دۆخێکی ئاسایی لە لایەن کۆمەڵگەوە لێی دەڕوانرێت . کەواتە مەیلی دەسەڵاتخوازی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرگێکی ڕەوایی بەبەردا کراوەو لەوە کەوتوە وەکو دۆخێکی نیرۆسی و حاڵەتێکی ناساز و نەویستراو لەقەڵەم بدرێت .
ئەمەش هەمان ئەو ناونیشانەیە کە فرۆم بۆ وەسفی کۆمەڵگەی هەژموونخواز پێشکەشی دەکات ( کۆمەڵگەی ناتەندروست ) ، لە ڕوانگەی فرۆمەوە کاتێک ناجێگیری دەروونی تاک بابەتێکی دەگمەن بێت ئەوا تاکی دەروون نەخۆش لە دیدی کۆمەڵگەوە نامۆیەو پێویستی بە چارەسەرەو دەبێت دوورەپەرێزی لێبکرێت ، بەڵام کاتێک سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەیەک نەخۆش بن ئەوا دۆخی نەخۆشی دەبێتە دۆخێکی ئاسایی و وەکو نەخۆشی دەرناکەوێت ، لێرەشەوە دەروون نەخۆشی دەبێتە خەسڵەتی باوی کۆمەڵگەو وەکو بابەتێکی ئاسایی سەیر دەکرێت .
ئەوەی وا دەکات ئێمە لە ئەمڕۆدا نەتوانین بە ئاسانی لە گرفت و تەنگوچەڵەمە دەروونیەکانی تاک تێبگەین و مەیلی دەسەڵاتخوازی لای مرۆڤی کورد درک بکەین ، ئەوەیە کە تەواوی کۆمەڵگەی کوردی دووچاری هەمان گرفتی سایکۆلۆجیەو تاکی تووشبوو بە دۆخی نیرۆسی وەکو تاکێکی نامۆو دەروون نەخۆش دەرناکەوێت .
گریمانەی سەرەکی ئەم نووسینە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە مەیلی هەژموونخوازانەی دەسەڵاتی کوردی لە نێو دۆخی نیرۆسی تاکی کوردی و لە هەناوی کەسایەتی سادی-ماسۆشی مرۆڤی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت ، کاتێکیش تەواوی کۆمەڵگەی کوردی گیرۆدەی هەمان مەیلی هەژموونخوازی و “سادی-ماسۆشی”یانەیە ، ئەوا ئەم مەیلە ناتەندروستە وەکو بابەتێکی تەندروست و ئاسایی سەیر دەکرێت و کەسایەتی کورد وەکو کەسایەتیەکی ناساغ و نەخۆش لەقەڵەم نادرێت بەمەش ڕیشەی هەژموونخوازانەی دەسەڵاتی کوردی کە سەرچاوەکەی هەمان تاک و کۆمەڵگەیە پەنهان و شاراوە دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت