Azad-Hamdi

ئازاد حەمدى : یەکەم تابلۆ سەربڕاوە گوناهەکەم ….

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 1947 لەپۆلى سێهەمى سەرەتایی بووین ’ مامۆستایەکى موسڵاویمان بۆهات بە ناوى ( ڕەزوان ئەفەندى ) وانەى هونەر / وێنەى ،، پێدەووتینەوە ، یادى بەخێر زۆر هاندەرم بوو ، لەپۆلی چوارەمدا لەسەر تەختە رەشەکە دیمەنێکى سروشتى کێشا ، هەموومانى سەرسام کرد بەتایبەتى بۆیەکەم جاربوو بە تەباشیر ڕەنگاو ڕەنگ کاری هونەرى وەها ببینین .. منیش هەمان دیمەنم لە سەر کاغەز کردەوە ، زۆرى پێخۆش بوو .. لەبەر ئەوە ووتى بەچەند وانەیەک فێرى گەورەکردنى وێنەت دەکەم بە چوارگۆشەکان ( مربعات ) .. ئەمە بووە هۆکاری ئەوەى زۆری پێوە خەریک بم .. بەهۆی ئەوەى خاڵم ( تۆفیق ئەحمەد حەسەن ) گۆڤار و ڕۆژنامەی فارسى ئەخوێندەوە ..؟! لەبەرگى گوڤارێکدا وێنەى ئافرەتێکى جوانىتێدابوو ، ووتى ئەگەر ئازاى ئەم وێنەیە گەورەبکە ..؟
ئەوەبوو بەچەند ڕۆژێک ئەو وێنەیەم بەو شێوازە گەورەکرد کەبۆ ئەو کاتە کارێکى نەوازەبوو یەکەم دەست خۆشى لێکردنم لە لایەن مامۆستا رەزوانەوە بوو .. وێنەکە کاردانەوەیەکى زۆری هەبوو ، بەڕاستى زۆر کەس حەزیان لە بینینى بوو .. لەدەوورو بەری خۆمان گەڕەکى پیر محەمەد دەنگى دایەوە .. تا مامۆستا شێخ رەسوڵ ووتاربێژی مزگەوتى جامیعە ، کە هاتو چۆی دراوسێتی و خێزانی لەگەڵ ماڵى کاک عەلی دا هەبوو ، ناردی بۆ بینینى تابلۆکەم .. منیش زۆر بەخۆشیەوە بۆم برد ،، ووتى داینێ ئێستا دەچم بۆ مزگەوت ، سەیرى ئەکەم و بۆت دەنێرمەوە …
بەداخەوە کاتێک چووم تابلۆکەم لاهێنایەوە ..؟! سەیرم کرد بەتیغێکى تیژ سەر بڕابوو ، بەشەرمەوە پرسیم لەوکارە ؟؟ مامۆستا فەرمووی :- رۆڵه کارى تەواو خواوەندی مەزن ئەنجامی ئەدات ، لەبەر ئەوە هەرکارێک بەندەکانى ئەنجامى بدات دەبێ نا تەواو بێت…؟؟!
کە هێنامەوە بە دڵشکستیەوە لای کەسو کارەکەم ووتم جا کەى ئەم کارە تەواوە یەکەم پارچە کاغەزێکى بێگیانە دووەمیش کارەکە هەر تەنها سەرە و لەخوار سنگیەوە ى تێدانیە .. لەو ساتەوە ئەو خۆشەویستیەم بۆ مامۆستا نەما و جارێکى تر نەچوومەوە ماڵیان .. چوونکە پێم وابوو خۆمى سەر بڕیوە نەک تابلۆ کەم .

مامۆستاینى سەرەتایی هەڵەبجەى یەکەم ساڵی 1947- 1948
لەچەپەوە ( حازم موسڵاوى – رەزوان موسڵاوى – وەلی کرکوکى – بەڕێوەبەر نورى حەمە ئەمین ئاغا – ئەنوەر نورى – محمد عارف – نورى شێخ رەزا ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت