Hellebce

ئازاد حەمدی : لەبیرەوەری مندا ـ گەشەکردنی ئابووری و کشتوکاڵی لە هەڵەبجە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵەبجە کەوتۆتە باکوری دەشتی شارەزورەوە ، ئاشکرایە کەزەویەکی لەبارو بەپیتی بەناوبانگە بۆ جۆرەها بەرهەمی کشتو کاڵی . شان بەشانبەشانی بەستنەوەی بە هەورامانەوە ، بەڵام جێگەی سەرنجە بەهۆی ســستیو پەراوێزخستنیەوە ، بوتە هۆکارێکی سەرەکی وا هەست دەکرێت ئەم شارە ەکەوتبێتە ئەوپەڕەوە ، دوور لە ناوەندی جموجۆڵی بازرگانی و گەشەکردنی ئابووری کشتوکاڵیەوە ، کە هۆکارن بۆ زیاد بوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و دوواکەوتنیەوە .
من باش لەبیرمە ئەم شارە لەپێیش شەستەکانەوە ناوچەیەکی باش بوو لە ڕووی بازرگانیەوە . دەشتی شارەزور کشتووکاڵێکی زۆری بەرفراوانی تێدا دەکرا .. بەدرێژایی ئەودەشتە سەرەڕای دانەوێڵە ، کشتووکاڵی پەمووی تێدا دەکرا ، لەهاویندا کە پێدەگەیشت و قۆزاخەکانی دەکرانەوە ، واتدەزانی بەفر باریوە بەسەر سەوزایدا ، لەوەرزی لێکردنەوەیدا بەهەزاران کوڕ و کچ لێان دەکردوە و گوونیەیان لێپڕدەکرد تا دەگەیشتە دەستی بازرگانەکان بە چەندان لۆری ڕەوانەی ( محلج ) لەبە‌غداد و موسڵ دەکرا . لەولاشەوە بە بەرفراوانیەوە لەزەویەکاندا توتن دەچێنرا ، هەتاوەکو دە‌هنێرایە بەرهەم ، بە هەزاران جوتیار کاریان تێدا دەکرد ، تا بەچەند قۆناخێک ئامادەیان دەکردوو ، ساڵانە دەبرا بۆ بنکەکانی ( انحسار ) لەرێگەی چەند لیژنەیەکەوە بۆ فەحس ، مەرجی فەحسکردن دەبووایە خاوەند توتن بەڵگەی ( دۆنم ) ی هەبووایە بۆسەلماندنی بوونی زەوی بەناویانەوە ، کەزۆربەی ئەم بەڵگانە لای بەگزادەکان بوو .
پاش بەفەردە کردن و پێچانەوە ئەمبار دەکرا تا بەلۆری دەگوێزرانەوە بەرەو سلیمانی .. بۆ چەند ساڵێک دائرەی چاکردن و پوختەکردن ( تنقیح ) ی توتن لە هەڵەبجە کرایەوە و بینای تایبەتی بۆ دروستکرا ، لەکۆتایی هەشتاکاندا تاڵان وێران کرا .
دووای سەرهەڵدانی شەر و باری نائاسایی رۆژانە بەسەدان سندوقە چا لە بەغدادەوە دەهاتە ناو هەڵەبجە لەلایەن چەند بازرگانێکەوە دەبرا بۆ ئێران ، هەندێک لەو بازرگانانە لەیادما : بەرێزان { عەبدوڵا مەلا تاهیر ، رەئوف حاجی مەلا عەلی ، حاجی محەمەد خڕە ، حاجی فەرەج زەڕە ، حاجی رەحیمە لاڵ ، حاجی فەتحوڵا ، قالە حەلاو ، وچەند جولەکەیەک ناویانم لەیاد نەماوە } . ئەم هەمو سندوقە چایانە بەهۆی دوو بەڵێندەرەوە دەهات یەکێکان کاک عەلی حاجی فەرەج وەکیلی گواستنەوەی ( المرجان ) خاوەنەکەی لە بەغداد هی دوو برا { علی وە مراد زێدان } بوو ، ئەوی تریان وابزانم بەناوی ( السریع ) وەکیلەکەیم لەبیر نەماوە . شایانی باسە ئەو بارهەڵگرانە هەمویان کەلوپەلی بازرگانی ناوچەی هەورامان { لەگوێز ، چەقالە ، بادام ، رۆنی خۆمالی ، تۆ کەتان ، پەمو . هەنگوین و بنێشت و پێستەی حەیوان و … هتد . } یان باردەکرد بەرەو سلیمانی و بەغداد و موسڵ دەبرا .
لەبیرمە زووربەی بەیانیان زوو ئەبووایە دەرگای حەوشەمان بکردایەتەوە بەپەلە دەیان باری ئێستر لە باری بنێشت ، وەیا ڕۆنی خۆماڵی لە ماڵی کاکە عەلی حاجی فەرەج دا دەگیران ، هەتاوەکو چەن رۆژێک بازرگانەکان دەیان برد ، بۆ یەکەمجار چەند سندو‌قێکی گەورەیان هێنا پڕ بوون لە سەعاتی دەستی و سەر مێز ، کە لەناویاندا بلبل و مراوی و کەڵەشێریان تێدابوو وەکوو گیانلەبەر دەجوڵانەوە ، وابۆم دەرکەوت ئەو کەلوپەلانە لە دوو خاڵی سنوورەوە ( مۆردین و سازان ) ـەوە دە‌ هێنران لە ئەنجامی گۆڕینەوەی چا بوو کە بۆیان دەچوو .
لەڕاستیدا بازاڕی هەڵەبجە جموجوڵێکی گەرمی هەبوو ، دوورە پەرێز نەبوو . ئێستاش و لەمەودواش دەکرێ ئەو لایەنە بازرگانیانە زیندو بکرێنەوەو ببوژرێنەوە و شانبەشانی بووژانەوەی کشتوکاڵ بەشێکی زۆری لە دانیشتووانەکەی لە بێکاریی ڕزگاریان بێت .

تەنها بە کلیکێک لەسەر ئەو سمبولانەی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنیرە بۆ هاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت