papula

ئازاد حەمدی : هەڵەبجەو پەپولە پایزە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو ساڵێک لە سەرەتای پایزدا ، پەپولە پایزە ( کەبریتیە لەو پەپولانەی تۆوی جاوبازەڵانەی بەدەم جووڵەی باوە خۆیان دەکەن بەهەموو کوون و قوژبنێکدا . ) بە نیشانەی ئاگادارکردنەوە دادەنرێت کەوا پایز دادێ و کاتی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئامارکردنی زەخیرەی زستان .. ئەویش بە هەڵگرتن و ووشکردنەوەی ، وەکو : لەتکە تەماتە و دۆشاوی تەماتە لەسەر سینی ، لەسەر سەربانەکان خەستئەکرانەوە ، ووشکردنەوەی بامێ و باینجان و بیبەروکردن بەپەتەوە یان ئامادەکردنی نیسکو نۆک و گەنم و گەنمە کوتاو شانبەشانی قەرەخەرمان و ساوەر کووڵان پاش ووشکردنەوەیان لەسەربان ، ئەکوتران لە دەسکودۆڵدا ، بۆ ئەم مەبەستە کەسانی بەتووانا یان دەهێنا بە هەرەوەزی یان بەکرێ وەکوو حەماڵی بەتووانا قالە قەوجە و کاک داوودو حەسەنە شێت و .
هەروەها لەبەر ئەوەی خانووەکان ، دیوار و سەربانەکان لەقووڕ دروستکرا بوون ، ئەبوایە گڵی باش بهێنرایە بگیرایەتەوە پاش ترشاندن و شێلانی وکا تێکردنی .. سەربانەکان سواغ ئەدران ، بۆ ئەم مەبەستەش لەبناری عەبابەیلێ گڵێکیان دەهێنا کە بە پێزو بەرگەگربوو بۆ دژە دڵۆپە ، ئەبووایە هەرزوو باگردێن و سەربانگێڕ دابین بکرایە …. وە هەروەها دیواریی ژووری میوان و دانیشتنیان بەجووانی سواغ ئەداو بە قسڵی گیراوە ، کەپێان ئەووت ( تەڕاو) سپی دەکردەوە لەبری گەچکاریی ، وە ئەرزی ژوورەکان و هەیوان پاش ئەوەی قووڕی تێڕائەخرا . بە چەند بەردێکی پڕ دەست و پانکەلە ( پێان ئەووت هێلە ساوە ) زوو زوو تەڕ ئەکرا و ئەرزیەکەیان پێ ساف و لووس ئەکرد . چوونکە چیمەنتۆ و کاشی نەبوو ، لەناوەڕاستی ژوورەکان ئاگردان ، وە یا مەقەڵی دا ئەنرا .. لەسوچێکی شیاودا خەڵوزدان ئەبووایە هەبووایە . بۆ میوانداری و شەو بەسەربردن ئەبووایە شەوچەرەش دابین بکرایە . شووێنی هەڵگرتنی زەخیرە ( کەنوو) بوو کەئەویش هەر لەگڵ دروستکرابوون .
هەرلەم وەرزەدا ، بەباری ( کەر ) لەهەورامانەوە لەتای سەبەتەوە ، ترێ ڕەشکەیان دەهێنا ، بەکۆڵانەکاندا دەگەڕان ، سەربەسەر بە گۆڕینەوە بەگەنم ، چوونکە پارەکەم بوو . هەجیجەکان بەکۆڵەپشت لەهەمانەی پڕلەتووە ووشک ئاخنراو هەربەو شێوازە دەفرۆشرا . کە تام و لەزەتێکی تایبەتی زۆر خۆشی هەبوو . کۆڵانەکان هیچی قیرتاو نەبوون ، تەنها ڕاستە شەقامەکە پیر محەمەد بۆ سەرا قیرتاو کرابوو . لە بیرمە بۆ قیرتاوکردنی دوو چاڵە قیر دروستکرابوو ، پیاوێکی کەرکوکی کاری پێدەکرد ، قیرەکەی تێدا دەکووڵاند . یەکێکیان لەشوێنی دووکانەکانی شێخ رەسوڵ بەرانبەر ماڵی حەمەی مەحمود ئەفەندی و دەروێش باڵەخانە ، ئەوی تریان لە بارانبەر ئاشی ئەلەکتریکەکەو ماڵی حاجی فەتحوڵا و حاجی غەفور بوو . لە تەنەکەیەک گازۆیلدا چەند تیرۆکێکی لەشێوازی تیرۆکی نانەواکان تێخرا بوو ، کە پەیتا پەیتا قیرەکەکە ئەڕێژرایە سەر زەوی و وەستاکەش بەتیرۆکەکان بەسەر شەقامەکەدا پانی ئەکردەوە . زۆریی مێرد منداڵان داریی بەڵاڵوک وەیا داردەستی ئامادەکراوان دەبرد ، پاش تکا کردن وەستای قیرەکە سەرێکی دارەکەی لەقیرە خۆشکراوەکەی پێداهەڵدەکێشا و دەبووە گورز و بەدەرزیو پوولەکەیان زەنگیانە دەیان ڕازاندەوە و چەشنەها شێوازی جووانی لێدەر دەچوو ، پۆزیان پێوە لێئەدا . ئەوەی بیگرتایە بەدەستەوە کەس نەیئەوێرا نزیکیان بکەوێتەوە ، هەر بەو هۆیەوە قەدەغەکرا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت