ئاریان ڕەشید : مرۆڤ ئەو ئاژەڵەی نکۆڵی لە ئاژەڵبوونی خۆی دەکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوو بەردەوام لەهەوڵی ئاشکراکردنی ڕازی پەیدابوونی یەکەمین نیشانەکانی ژیانی سەرزەوی و یەکەمین دەرکەوتەکانی ئادەمیزادو یەکەمین قۆناغی پەیدابوونی ژیانی مرۆییە ، زانستی مێژوو سەرقاڵی وەها کارێک و دەرئەنجامی وەها پێداویستی و زەرورەتێکە . مرۆڤ بەدوای سەرەتای خۆیدا دەگەڕێت و دەیەوێ ڕازی یەکەمین ساتەکانی سەرهەڵدان و پەیدابوونی بدۆزێتەوە ، دەیەوێ خۆی بناسێت لە ڕێگەی ناسینی ڕەچەڵەک و نەژادی خۆیەوە ، لێرەشەوە مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە لەسەر ئەم ئەستێرەیەی ناوی زەویمان لێناوە دەربارەی بنەڕەت و بوونی خۆی دەکەوێتە پرسیار ، بەمەش شەرەفی هەبوونی مێژووی پێدەبڕێت . 

ئاژەڵەکان نە داهاتوویان هەیە نە ڕابووردوو ، ئەوان هەمیشە لە ساتی ئێستادا دەژین چونکە هیچ دەربارەی ڕابوردوویان نازانن ، هیچ هەوڵێکی داهاتووش نادەن ، ئەوان نازانن لەبەرئەوەی بێ ئاوەزن ، گرنگی بە داهاتوو نادەن لەبەرئەوەی هۆشمەند نین ، ئەوان لە ژێر کاریگەری یاساکانی سروشتدا جموجۆڵ دەکەن و ڕەمەکە ئاژەڵیەکانییان ئاراستەو ڕێنوێنییان دەکات . بەپێچەوانەوە مرۆڤ ئەو بوونەوەرە هۆشمەندو خاوەن ئاوەزەیە خۆی لە سەرجەم ئاژەڵەکانی تری هاوژینی جیا دەکاتەوە ، ئەو بووەیە دەربارەی بوونی خۆی دەکەوێتە ڕازو نیاز ، ئەو ئاژەڵەیە دەیەوێت نکۆڵی لە ئاژەڵی بوونی خۆی بکات و خۆی بۆ ئاستی خواوەند بەرز بکاتەوە ، خواوەندیش داهێنراوی زەینی خۆیەتی . مرۆڤ داهێنەری مۆراڵ و بەهاکانە و لەناخی خۆیدا هەڵگری خەسڵەتگەلی ڕۆحانی و مەعنەویە ، خۆشەویستی و ڕق و ئیرەیی و بەزەیی و سۆزو قوربانی دان و فریودان و لێبووردەیی و تۆڵەکردنەوەو چەندەها بەهاو ڕەفتارو ڕەوشتی تر لە ناخیدا درک پێدەکات خۆی لە میانەی ئەو پارادۆکس و بەهاو خەسڵەتانەوە پێناسە دەکات . ئەو بوونەوەرێکە داوەری دەکات و دەیەوێ چاکەو خراپە لێکجیا بکاتەوە ، دژایەتی خراپە دەکات و بەدوای چاکەی رەهادا دەگەڕێت . خواوەندیش لای ئەو ئەو بووە ئەزەلیەیە کە بەرجەستەی چاکەی رەها دەکات و هەموو سیفەت و خووە چاکەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە ، خواوەند لای مرۆڤ ڕاستی ڕەهاو چاکەی هەمیشەییە . مرۆڤ لەسەر بنەمای ئایدیاڵی خۆی خواوەندی خۆی دەخوڵقێنیت و لەبەرامبەر خۆی دایدەنێت ، ئەو بووە ئایدیاڵیەی لە خۆیدا توانای بەدیهێنانی نییە دەیداتە پاڵ خواوەند ، خواوەند ڕووناکیە نەک تاریکی خۆشەویستییە نەک ڕق و کینە ، دادپەروەریە نەک ستەمکاری . بۆ خۆدەربازکردنیش لە مەیلە شەڕانگێزیەکانی و ئارەزوو خواستە خراپەکانی – کە بەلای خۆیەوە خراپن – پاکانە بۆ خۆی دەکات و ئەو کارو کردەوانە فڕێدەداتە دەرەوەی خودی خۆیی ، دەیداتە پاڵ بوویەک باڵاتر و بەهێزتر لە خۆی ، ( شەیتان ، ئەهریمەن ، ئیبلیس ) بەرئەنجامی ئەم دۆخە سایکۆلۆجیایەی مرۆڤن .
ئاژەڵەکان نە خودایان هەیەو نە شەیتان نە ڕابوردوویان هەیەو نە داهاتوو ، ئاژەڵەکان بوویەکی بێ مێژوون ، ئەوان بیرناکەنەوە ، بڕیار نادەن ، هەڵنابژێرن ، کۆمەڵگا دروست ناکەن ، دەوڵەتداری ناکەن ، خیزان پێک نا‌هێنن ، سیاسەت ناکەن ، ئەوان تەنها بەو شێوەیە دەژین کە سروشت بۆی دیاری کردوون ، تەنها وەڵامی ڕەمەکەکانیان دەدەنەوە ، دەخۆن دەخۆنەوە سێکس دەکەن دەحەسێنەوە ، بەبێ ئەوەی پلان بۆ ئەم کارانەیان دابنێن . ئەوان هەست بە دەرئەنجامی کارو کردەوەکانیان ناکەن ، نەهەست بە شانازی دەکەن و نە بە تاوان ، هەستی پەشیمانی و پاشگەز بوونەوە هەستگەلێکی نامۆو نەناسراون لای ئەوان ، چونکە ئەوان لە بناغەدا هەست بەبەهاو گرنگی ئەو کارانە ناکەن کە ئەنجامی دەدەن . مرۆڤ خۆی لە هاوڕی ئاژەڵەکانی جیا دەکاتەوە و نکۆڵی لە سروشتی خۆی دەکات ، هەست کردن بە گوناح و تاوان دووچاری ئازاری سەختی ویژدانی دەکات و سەبووری خۆی بە قوربانی دان دەداتەوە . قوربانی دان زادەی ساتە یەکەمینەکانی تیهزرین و تێڕامانی مرۆڤە ، بیرۆکەی قوربانی دان زادەی هەستکردن بە تاوان و گوناهە ، زادەی سزادانی خودو تۆڵەکردنەوەی ڕەفتارە نەشیاوو بێزراوەکانی خودی خۆیەتی . قوربانیدان پیویستی بە لایەنی قوربانی بۆ دراوەو ، پاکبوونەوە لە تاوان زاتێکی پاک و بێگەرد کە داوای لیبووردن پەسەند دەکات دەکاتە پێویستی ، خواوەند زادەی وەها دۆخێکی ئینسانییە ، بیرۆکەی خواوەند دەرئەنجامی هەستکردن بەهەڵەو تاوان و ترس لە سزاو ئەشکەنجەدانە . خواوەند کەفارەتی گووناهەکانی مرۆڤەو چاکەو خراپە ئایدیاڵی سەرەکی بیرۆکەی بوونی خواوەندە ، پاداشتی چاکەو سزای خراپە دەئەنجامی هەست کردنە بە چاکەو خراپە ، تۆڵەی تاوانباران لە هەستکردن بە تاوانەوە سەرچاوە دەگرێت و خواوەند ئەو بووە ئەزەلی و باڵایەیە کە گوزارشت لە باشەی ڕەها دەکات و لە سەرەوە سەرپەرشتی کارو کردەوەکانی مرۆڤ دەکات . خواوەند بەرهەمی مێژووی ژیانی مرۆڤەو لە نێو ڕەوتی گەشەکردنی عەقڵ و ئاوەزوو هەستەکانی مرۆڤ لە دایک دەبێت ، قۆناغی گوستنەوە لە بەربەریەتەوە بۆ شارستانیەت قۆناغی سەرهەڵدانی ئایین و خواوەندە . گرێی هەست بە گوناهکردن خاڵی سەرەتای وێناکردن و نەخشاندنی خواوەندە ، مرۆڤ لە هزرو ویژدانی خۆیدا خوای خۆی دروست دەکات و پاشان فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی ، چونکە لای ئەو خواوەند گوزارشتە لە چاکەی ڕەها بەڵام ئەو هێشتا نەیتوانیوە لە دەستی خراپە قوتار بێت ، بۆیە هەست بەگوناهدەکات و بیرۆکەی خواوەند وەکو بەرجەستەکەری چاکەی ڕەها لە ناخیدا لە دایک دەبێت . بەڵام ئەو ناخە کە هێشتا بۆنی ستەم و ئیرەیی و ڕق و کینەو کوشتنی لێدێت ناکرێت جیگەی خواوەند بێت بۆیە خواوەند لە شوێنێکی تر وێنا دەکات و سەرزەمین بە جیگایەکی شیاونازانێت ، ئەو وێنەی خواوەند بە بڵندتر لە مرۆڤ دەنەخشێنێت و سەری بۆ سەرەوە بەرز دەکاتەوەو ئاسمان بە شوێنی لەبار و گونجاوی ئەو لە قەڵەم دەدات . کردەوە خراپەکانیشی بە نزمتر لە خودی خۆی سەیر دەکات و بۆ ناخی زەمینی دەنێرێت ، شەیتان لە ناخی زەویدایە جەهەنم شوێنی ئەوەو ژێر زەوی و دۆزەخ شوێنی لەباری شەیتان و هێزە خراپەکانە . لە میتۆلۆژیای گریکیدا ” زیۆس ” لە ئاسمانەو گوزارشتە لە باڵا دەستی و بەهێزی ئەو ، “هادیس” خوای دۆزەخەو مردوانی ژێر زەوی فەرمانڕەوایی دەکات .
لە چاخی ڕۆشنگەریدا مرۆڤ شۆڕشێک بەسەر تەرزی بیرکردنەوەی خۆیدا بەرپا دەکات و دەیەوێت خۆی لە وەهم و خەیاڵەکانی ئازاد بکات ، عەقڵ دەکاتە سەر مەشق و زانست لە شوێنی خوداو شەیتان دادەنێت ، ئەو خودا دەکوژێت و لەگەڵیدا شەیتانیش لە بەین دەچێت ، دەیەوی لە بیرەوەری خۆیدا خوداو شەیتان بۆ هەتایە بسڕێتەوە . یاخی بوونێک بەرامبەر بەهاو نەرێتەکان بەرپا دەکات و عەقڵی خۆی دەکاتە پێوەری شتەکان ، بانگەشەی ئازادی خۆی دەکات و کارەکانی بەبەرهەمی خواستی ئازادانەی خۆی وەسف دەکات . هیچ قسەیەک لە چاکەو خراپە ناکات مادام کردەوەکان لە خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن ، ئەوەی ئەو ئەنجامی دەدات ڕاستییەو گوزارشتە لە خودی ڕاستەقینەی خۆی ، هەموو کارو کردەوەیەک بەلایەوە ئاسایی و گونجاوە مادام خۆی ئەنجامیان دەدات ، مۆراڵیش لە گۆڕێ نەماوە تا داوەری بکات ” ئەگەر خودایەک بوونی نەبێت هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە ” . بەڵام ئەم ئازادییە بەرەو پووچگەرایی ڕێنوێنی دەکات ، چونکە ئەو هێشتا لە خودی ڕاستەقینەی خۆی نەگەشتوەو لە خودناسی خۆیدا دووچاری هەڵەو کەموکوڕی بوە . ئەو لە نێوان ئاژەڵ و خواوەندا گیری خواردوەو هێشتا دوالیزمی شەیتان و فریشتە لە قووڵایی بوونیدا هەستی پیدەکرێت .
مرۆڤ ئەو بووەیە دەیەوێت لە سروشتی خۆی هەڵبێت و لە پێستی خۆی بێتە دەرەوە ، خودا دروست دەکات و پاشان لەناوی دەبا ، خۆی دەداتە دەست عەقڵ و شوێنی خواوەندی پێ پڕ دەکاتەوە ، بەڵام هەمان عەقڵ ڕوبەڕووی مەترسی لە بەین چوونی دەکاتەوەو ژیانی وێران دەکات ، ئەو ناتوانێت بەبێ خواوەند بژی و لە قووڵایی بوونیدا بۆشایی خواوەند هەست پێدەکات ، ئیمان لاوازیی دووچاری پەتای نائومێدی دەکات . ئەو بە ئاژەڵێتی خۆی ڕازی نابێت و لێی یاخی دەبێت ، سەرەنجامیش لە نێوان ئاژەڵ و خواوەند ، لە نێوان ڕەمەک و عەقڵ ، دووچاری شێتی و دیوانەیی دەبێت .

سەرچاوەی وێنە – klonblog.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت