ئاکۆ برایم: ئێن ئاڕتى ئاوا رێز لەمیوان دەنێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر لەزۆربەى بوارەکانى ژیاندا خاوەن داب و نەریت و کەلتورى سەقەت و دواکەوتووبین، ئەوا لە رێزگرتن لەمیوان و گەورەیى و حورمەتیدا کەمتەرخەمیمان نەکردوە. جێگەى شانازى و سەربەرزییە بۆ ئێمەى کورد، کە تائەمڕۆش لە و بوارەدا پلەى سەرەوەمان گرتوە، هەمیشە میوان لامان جێگەى سەر سەر و چاو بووە.
کەچى بەداخەوە خەریکە ئەویش وەک جل و بەرگى کوردى و شتەکۆن و جوانەکانى پێیشینان، بەرەو کاڵ بوونەوە نەمان ئەچێت. بەتایبەت بۆنەوەى ئیمڕۆ کە بەخێرێ خەریکن ( نەوەى نوێ) دروست دەکەین و دەخوازن گۆڕانکارى جەوهەرى و بنەڕەتى لە سیاسەت و ژیاندا بکەین.
لێرەدا رەخنەکەم لەخانمە پێشکەشکارێکى کەناڵەى ئێن ئاڕتى هەیە، کە رەنگبێت ئەویش لایەنگرى (نەوەى نوێ) بێت و لیستەکەى کاک شاسوارى بەدڵ بێت! کە دوێنێ شەو دیدیارێکى لەگەڵ حەمید دەورێش سکرتێرى پارتى پێشکەوتنى سوربا ئەنجام دا. کاتێک شێوازى دانیشتن و قاچ لەسەرقاچى ئەو خانمەم بینى، تەواو نیگەران و پەست بووم، کە لە کوردەواریدا قاچ خستنە سەرقاچ لەبەرامبەر کەسى بەرامبەردا زۆر شتێکى ناشیرین و عەیبەو قبوڵ نەکراوە. هیوادارم کە ئەوە رەفتارى خۆى بێت و لەسەر ئێن ئاڕتى و لیستەکەى کاک شاسوار ئەژمار نەکرێت. لەبەر ئەوەى
یەکەم: میدیا کار و پێشکەش کار ئەبێت نموونەى هەڵسوکەوت رەفتار و ئاخاوتن بێت، چونکە ئەو نوێنەر وئاوێنەى ئەو کەناڵەیە، خەڵک لەرەفتارو گوفتارى ئەو بڕیار لەسەر کەناڵەکە ئەدەن. دووەم: خانمى بەڕێز ئێوە ناردوتانە بەشوێن ئەو پیاوەدا، واتە ئەو نەهاتوە قسەت بۆ بکات، تۆ پێویستت بەوە نەک ئەو. تۆ ئەخوازێت بەرنامەى کەناڵەکەت زیادبکەیت و زۆرترین زانیارى لەرێگەى ئەوەوە بگەیەنیت، بۆیە ئەبێت رەچاوى ئەوە بکرێت.
سێ یەم: ئەو پیاوە کەهاتوە بۆ کەناڵەکەتان میوانە، میوانیش لەکوردەوارى خۆماندا رێزى زۆر زۆرە و لەسەر دڵ و چاوانە، ئەبێت کارێک بکەین کە زویر نەبێت، هەروەها ئەبێت سنگیشمان فراوان بێت کاتێک قسەیەک یان هەڵەیەکیش دەکات بەرامبەرمان، چونکە ئەو لەماڵى ئێمەدایە و رێزگرتن و قبوڵکردنى هەموو شتێکى ئەرکە.
چوارەم: ناوبراو کەسێکى ئاسایى نى یە(مەبەستم ئەوە نى یە کە ئەگەر ئاسایى بوو ئەو رەفتارە شیاوە و رێگە پێدراوە) خاوەن پێگەو ناوو نفوس و جەماوەرى خۆیەتى، ئەبێت تۆش بەئەندازەى ئەوە رێز وحورمەتى بگریت.
پێنجەم: ناوبراو کەسێکى بەتەمەن و بەساڵاچووە،کە لەلاى خۆمان پیر و بەساڵاچوو لەلوتکەى رێز و حورمەتدان ئەبێت حورمەتى قژى سپى و پشتى کۆماوەى بگرین.
لەکۆتایدا هیوادارم ئەو خانمە پێشکەشکارە و تەواى پێشکەشکارەکانى دیکە خۆیان لەو جۆرە دانیشتن و رەفتارە ببوێرن (چونکە ئەو بەرنامەیە بەرنامەیەکى سیاسى و جدى یەنەک تەرفیهى وکۆمیدى،کە لەوبەرنامانەدا تا رادەیەک ئەو کارە ئاسایی یە) ئەوەش بزانە کە تۆ رێزى میوانەکەت دەگرێت،ئەوا گەورەیى و رێز و حورمەتى خۆت و کەناڵەکەت نیشان دەدەیت، بۆیە وا هەڵسوکەوت و رەفتار دەکەیت تا ئەویش هەمان رێز وحورمەتى بۆتان هەبێت. هیواخوازیشم کە چۆن کەناڵى ئێن ئاڕتى بەردەوام خولى راهێنان بۆکادیر و کارمەندانى دەکاتەوە فێرى وێنەگرتن و شێوازى خوێندنەوەى هەواڵ ومۆنتاج و چى و چى یان ئەکات، با یەک وانەش زیاد بکات و تایبەت بێت بە رەفتار و هەڵسو کەوت جوڵەو شێوازى دانیشتن و دواندنى بەرامبەر. ئەمجارەش تەمەنادەکەم کە ئەو رەفتارە نەبێتە نەریتێکى تازە ولاوان و پێشکەشکاران دەقى لەسەر بگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت