swalkirdn

ئاکۆ برایم : سواڵکردن بەوجۆرە بنبڕ ناکرێت ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرکارێک کە ئە ئەنجام ئەدرێت و سوود و بەرژەوەندى گشتى تێدابێت ، لامان کارێکى پیرۆزە و مایەى دەستخۆشیە ، بەنموونەى ئەو هەڵمەتى دەستگیرکردنەى کە ئێستا بۆنەهێشتنى دیاردەى سواڵکردن گیراوەتە بەر ، گەرچى بنبڕکردنى ئەو دیاردەیە رەوایەو سیماى شار جوانتر دەکات و ، رێگرى لەتەشەنەسەندنى ئەو کارەدەکات ، بەڵام بەدیوێکى تردا کاریگەرى و ئاسەوارى خراپ پاش خۆى بەجێدەهێڵیت ، کەرەنگ بێت پەشیمان بین و بڵێن بریا هەر سواڵکردنەکە بوایە .
وەک تێبینى دەکرێت بەشى زۆرى ئەو کەسانەى کە دەستگیر دەکرێن مناڵن و تەمەنیان لەنێوان 7-10 ساڵدایە ، کاتێک دەستگیر دەکرێن زیندانى دەکرێن ، لەوێ تێکەڵاوى ژمارەیەکى زۆر لەکەسانى تەمەن گەورە و ، تاوانبارو پیاو کوژ و خاوەن رابردوو ناشیرین دەکرێن . بەدڵنیایشەوە هەموو دەزانین کە مناڵ زاکیرەى پاکە و شت زوو وەردەگرێت ، و لەئەنجامى تێکەڵاوى لەگەڵ ئەو کەسانەدا و گوێبیست بوونى بە چیرۆکى تاوانەکانیان ، گێڕانەوەى سەربوردەى تاوانەکانى کوشتن و دزى وکارى بێ رەوشتى ، وەک فەخرو شانازى و خۆهەڵکێشان و باسکردنى وەک پاڵەوانى فیلمى ئەکشن ، ( وا دزیم کردوە،وەها زەلامم کوشتوە ) کە ئەم بەسەرهاتانە ئەبنە وانەو تاقیکردنەوەیەکى تازە بۆ ئەو مناڵانە ، زۆر رێگەى تێدەچێت کەپاش ئازادبوونیان لەزیندان ، ئەوانیش بەو ڤایرۆسە بارگاوى ببن . هەمان ئەزمونى تاوان و کارى ناڕەوا دوبارە بکەنەوە. ئەمە جگە لەو ئاکامە خراپەى کەلەرووى رەوشت و کارى نەشیاوە وە چەندان قسەو باسى لەدوا دێت.
شتێکى بەڵگە نەویستە کە مناڵ لەو تەمەنەدا نازانێت تاوان چى یە و بۆچى ولەسەر چى گیراوە، ئەوەى دەیکات باشە یان خراپە ؟! تەنانەت سزا و بەندکردنیش لاى ئەوهەر وەکو یاریى وشتى تەرفیهى دەبینێت ، چونکە هیچ هەست بە تاوان ناکات و، لەماناى ئەو شتانە ناگات ، تا بەهۆیەوە ببێتە ئەزموون و پەند ، بۆ ئەوەى جارێکى دیکە خۆى لەقەرەى ئەو درۆزە کردنە نەدات ، بۆیە چاکترە لێپێچینەوە و سزاى بەخێو کەر و ئەو کەسانە بدرێت کە ناچاریان دەکەن ئەو کارەبکەن وبە بڕێکى زۆر غەرامەیان بکەن ، یان دەستگیریان بکەن .
کورد ئەڵێت پیاو قسەیەکیش بۆدز بکات ، نامەوێت شەرعیەت بدەمە ئەو کارە بیکەم بەماف و کارێکى حەڵال بۆ ئەنجامدانى ، بەڵام بیرمان نەچێت خراپى بارى دارایى و بژێوى وئاوارەیى پاڵنەرى سەرەکین بۆ پەنابردنە بەرسواڵکردن .
ئەوەندەى من ئاگاداربم ئەوانەى کەسواڵ دەکەن و لەبەردەم ترافیک و بازاڕ وکۆڵانەکاندا دەسوڕێنەوە بەتایبەت مناڵان ، بەشى هەرە زۆریان عەرەب و ئاوارەى سوریاو شارەکانى دیکەن ، لەتاو شەڕ و پەلامارى داعش بەسەڵت وقوتى ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێهێشتوە و هەڵهاتوون ، هەرچى پێى بڵیى پێداویستى ژیان و پارەو پوول پێیان نى یە . باوک یان براى گەورە و بەخێو کەریان ،یان لێیان دابڕاوە یان کوژراون . سەرپەرشتیار و کاسبکاریان نى یە، مناڵن و هیچ سەرچاوەیەکى داهاتیان نى یە ، نەموچە خۆرن ،نەکارو پیشەیەک دەزانن تا ژیانێکى سادە بژین .
باشە گەر باوک کوژرابێت ، کوڕى گەورەو کاسبیان نەبێت ، هەژار و دەستکورت بن ، لەم بێ کارى و گرانى و ئەزمەى ئیشەدا کەس ئیشیان پێنەدات ، هیچ موچەو سەرچاوەیەکى بژێویان نەبێت ، ئەى بەچى بژین ؟ چۆن بتوانن خێزانێک بەخێو بکەن ؟! حکومەتیش هیچ ئاوڕێکیان لێ نەداتەوە ، چى بکەن ؟ چۆن بژین ؟
هەقى وایە سەرەتا لایەنى بەرپرس لەبرى ئەو هەڵمەتى گرتنە و زیندانیکردنە هەوڵى باشکردنى بژێوى و دابین کردنى شوێنى نیشتەجێبونیان بدات ، لەناو خێمە و کەمپیکدا کۆیان بکاتەوە . پێداوستى رۆژانەو سەرەتایان بۆ فەراهەم بکات ، ئەو کاتە گەر کارێکى وەهایان کرد پێویستە بەتوندترین شێوە سزا بدرێن . چاکتریشە رێکخراوەکانى پارێزەرى مناڵان بەجدى بەتەنگ ئەودیاردەیەو چارەنوسى ئەو مناڵانەوە بێن و ، لەبارى بژێوى پەروەردەییەوە ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە لەو نەهامەتیە رزگاریان بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت