ئاکۆ برایم : سەرۆک لەنێوان پێویستى و نەویستى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆک خەمخۆرى گەلە ، باوکى میللەتە ، هەمیشە و بەردەوام ئاگاى لە رەعیەت و حاڵ و ئەحواڵى یانە ، هەموو کار و موجازەفەیەک دەکات بۆ خۆشگوزەرانى و ، ئارامى و تێر و پڕى خەڵکەکەى ، بەردەوام لەناو میللەت و جەماوەردایە . ئەوەندە بەسە کە نموونە گەلى وەک سەرۆکەکانى رۆژئاوا بهێنینەوە ، بەتایبەت لەم کات و زروفەى ئێستا و ، هەڵوێست و کاردانەوەى مەردانەیان ، لەهەمبەر ئەو شەپۆلى کۆچەى پەنابەران و لێقەوماوان .
گەر نموونەى وەک مێرکل و ماندێلا و خوسەى مۆخیکا بێنینە بەرچاومان و ، بەراوردى بکەین لەگەڵ سەرۆکی لەمەڕ خۆمان ، ئەوا مرۆڤ نازانێت چى بڵێت ؟ بە چ پێوانە و کێشانەیەک بەراوردیان بکات ، ئەو کەسایەتیانە بەراستى شیاوى ئەوەن ، کە نەک پێیان بڵێین سەرۆک ، بەڵکو وەک کەسایەتى کاریگەر و نەمرو ، بەرز و ناسراو و لێهاتوو ، لەتۆمارى مێژوودا ناویان بنەخشێنرێت و ، بۆهەتایە وەک سیمبول و سەروەتى نیشتمانى بمێننەوە .
گەر سەرنجێک لەنێوان سەرۆکى خۆمان ، کە ئێستا لەسەر مانەوەى لەدەسەڵات خەریکە قیامەت رادەبێت ، لەگەڵ هەریەک لەو سەرۆکە جیهانیانە بەراوردیان بکەین ؟ ئەوە زانیمان ئەوان چۆنن و ، بۆ رازیکردنى تاکە یەک کەسیش ئامادەن دەستبەردارى پۆست و کورسیش بن ، بەڵام بەپێچەوانەوە سەرۆکەکەى خۆمان ، کە بەدرێژایى چارەکە سەدەیەک ، هیچى بۆ میللەت نەکردوە و ، بۆشیناکات ، میللەتەکەى لەژێر خاڵى سفرەو ، لەوپەڕى رەزاڵەتیدایە ، بێ موچەن ، بێ کارن ، بێ خزمەتگوزارین ، ئاسایش نى یە ، خەڵک خەمبار و لێو بەبارە ، هیوا وئاواتیان بۆتە سەراب ، رۆژانە لەخراپەوە بەرەو خراپتر دەچن ، بەچوار مانگ جارێک مووچە دەدرێت ، پێشمەرگە و پارێزەرانى وڵات ، کە ئەگەر ئەوان نەبن ، شتێک نامێنێتەوە بەناوى حکومەتى هەرێم ، کەچى لەهەموو کەس حاڵیان خراپتر و پەراوێزخراوترین . رۆژانە بەهەزاران کەس کۆچ دەکەن ، وڵات بەجێدێڵن . تادێت گرانى و هەژارى زیاد دەکات . بەهۆى قەیرانى دارایى ، کە هۆکارەکەى لەئەوەڵەوە تائەخیر لەملى سەرۆکە ، زیاتر خۆى لە ناکۆکى و ململانێى شەخێى دا ئەبنێتەوە ، نەک سیاسى و نەتەوەیى ، هەڵوەشاندنەوەى خێزان زیاتر و زۆرتر بووە ، کەچى نەبیستمان نەبینیمان لەئاست ئەو هەموو گرفت و کێشە کەڵەکەبوانەیا ، سەرۆک لێدوانێک بدات ، دڵنیایى بدات بەخەڵک ، هەوڵى چارەسەرکردنى بچوکترین کێشە بدات ، بیر لەباشترکردنى رەوشى ژیانى کەسەکانى بکاتەوە .
توخوا ئەگەر ئەوە نوکتەو کۆمیدیا نەبێت چى یە؟ سەرۆک ئیدیعاى ئەوە دەکات کە بۆ چارەسەرى پرسى کورسییەکەى ، میللەت دەکات بەدادوەر وسەنگى محەک ، پێى باشە ئەوان بڕیار لەسەر درێژکردنەوە و مانەوەى لە پۆستەکەى بدەن . کە ئەمەش پرسیارێکى قورسە و ، دەیان و سەدان گومان لەو قسەیە بەدیدەکرێت ، باشە ماناى چى سەرۆک هیچ لەخەمى میللەتدا نەبێت ، ئەو لەکەشەکەلانى فەلەک و ئێمەش لەنێو چاڵى نەعڵەت . رۆژانە خۆمان ئاو بەتانگەر بکڕین ، کارەبامان موەلیدەى ئەهلى بێت ، بژێوى ژیانى خۆمان بەکرێکارى و دەستگێڕى بەدەستبێنین ، لەناو وڵاتى پڕ لەنەوت و بەنزیندا ، بەدیار چەند لیترێک سووتەمەنى یەوە رۆژ ومانگ بژمێرین !! ئەى ئەو میللەتە ئەبێت لەکوێ بێت کە تا بینە قاقاى نغرۆى کێشەو گرفتە ،؟؟ بەدەست هەڵەو تاک رەوى سەرۆکەوە ، لەنێو دەریایەک دەردەسەرى و قەیراندا دەناڵێنێت !! کەچى خۆشباوەڕانە متمانەیان پێى هەیە ، کە ئەگەر دوور لەسانسۆر و ترس ، رێکخراوێکى بێ لایەن راپرسى لەسەر ئەو پرسە بکات ، ئەوا ئەنجامەکەى مەعلوم دەبێت .
دواین پرسیارم بۆ هەموو لایەک و بەتایبەت ئەوانەى لەخەمى سازان و کورسیەکەى سەرۆکدان ، سەرۆک باوکە . باشە گەر باوکێک نەتوانێت مناڵەکانى بژێنێت ، تواناى نەبێت گیانیان بپارێزێت ، لەترس و پەلامار نەبێتە قەڵغانیان ، پێداویستى رۆژانەیان بۆدابین نەکات ، پارەیان نەداتێ ، ئاگاو عیلم و خەبەرى لە ئاکار و پەروەردکردنیان نەبێت ، نەزانێت چۆن ئەژین و ، چى دەکەن و ، چۆن دەگوزەرێن ؟، مانگى جارێک لێیان نەپرسێتەوە ، ئایا ئەوە باوکە یان باوە پیارەیە ، یان ………؟؟ بوونى نەبوونى ئەو باوکە چى یە ؟ جگە لەکەسێکى زیادە و جێگر و ناوێکى زل وبێ ناوەرۆک ؟؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت