Xopishandan

ئاکۆ برایم : مانگرتنى ئێمە و بێ خەمى دەسەڵات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راستە مانگرتنى مامۆستایان و فەرمانبەران بەزیان بەسەر خەڵکیدا دەشکێتەوە و ، لەو نێوەندەدا دەسەڵات هیچ زیانمەند نابێت ، بەڵام ئەى چى بکرێت باشە ؟ پەنا بۆچى بەرین ؟ رێگا چارە چى یە ؟ حکومەت بێ خەم ، دەسەڵات بێ هەڵویست ، پەرلەمان بێ چارە . ناچارین وابکەین .
مامۆستا هەڵگرى پەیامى زانست و زانیاریە ، بەردەوام هەوڵ دەدات کە نەوەیەکى رۆشنبیر و خوێنەوار و پڕ لەزانست بەرهەم بێنێت ، کە نموونە گەلى زۆرمان هەیە ، هەر لەکارمەندێکى سادەوە بگرە بۆ سەرۆککۆمار و فەیلەسوف وخاوەن بڕوانامە بەرزەکان ، سەرلەبەریان قەرزارى مامۆستان . جا بۆ ئەوەى مامۆستا هەمیشە سەرمەشق بێت و ، بەردەوام نەوەى لێهاتو زاستخواز بخاتەوە ، پێویستە کە ژینگە و کەشێکى وەهاى بۆ بخوڵقێت کە بەردەوام بیر لەکارى باش و جوان وداهێنەرانە بکاتەوە . لەبرى خەمى بژێوى و گیرفان ، بیر لە نوێگەرى و خۆ بەرەوپێشبردن بکاتەوە ، بەشدارى خول و ۆرک شۆپەکان بکات .
بەڵام بەداخەوە پەراوێزخراوترین توێژ ، ئەوانن ئەوەى کە حسابیان بۆناکات و لەخەمیان نى یە ئەوانن ، کاتێکیش لەسەر ماف و داواى خۆیان دێنە دەنگ و داواى سادەترین مافى رەواى خۆیان دەکەن ، هەموو دەمیان لێدەکەنەوە ، کە رەوش و زروفەکە نالەبارە ، کاتەکە ناسکە ،، وڵات لەقەیراندایە ، ئەمانەو کۆمەڵێک درۆو قسەى بێ سەروبەر ، تەنها بۆ خاترى بەرژەوەندى دەسەڵات و بێدەنگ کردنى مامۆستاو موچە خۆران قەوان ئاسا لێدەدرێتەوە .
لەلاى من مانگرتن تەنها چارە نى یە ، پێویستە خۆپیشاندانیشى لەگەڵدا بێت ، چونکە دەسەڵاتێک ئامادە نەبێت گوێ لە داوامان بگرێت ، بیر لەحاڵ و گوزەرانمان نەکاتەوە ، لەخەمى هاوڵاتیانیدا نەبێت ، لەقەیرانەوە بمانباتە سەر قەیرانێکى دیکە ، ئەبێت چ دڵێکمان پێ خۆش بێت و چاوەرێى چ ئاکامێکى باش و ئایندەیەکى رۆشنى لێ بکەین ؟ چۆن دڵمان بۆ بسوتێت و پەرۆشى خزمەتکردنى بین ؟!
ئەبێت بەرهەم وئاکامى مامۆستایەک چى بێت بۆ نەوەکانمان ، تا چەند سوود بە خوێندکارەکان دەگەیەنێت ، کە هەموو خەم و حەسرەتێکى تێپەڕاندنى ئەو رەوشەبێت . ساڵان مامۆستا لەشەوێوە خۆى ئامادە دەکرد ( تەحزیر ) ى دەکرد بۆ وانەکانى سبەینێ ، ئەمێستا لەشەوێوە بیر لەوە دەکاتەوە بەیانى سەعات چەند لەخەو رابێت ، بۆ ئەوەى بەپێ زوو بگاتە دەوام و. لەپۆلیشا بیر لەوەدەکاتەوە ، کە پاش دەوامى خوێندنگە چ کارێک باشە بیکات و ، ئێستا کام ئیشە شیاوە بۆ ئەوان کە پاش ئەنجامى بدات ؟ یان بیر لەوەدەکاتەوە کە کێ ماوە لەدۆست و ناسیاوانى تا بچێت بۆلایان و چەند هەزارێک قەرزى لێوەرگرێت ؟ لەولاشەوە شەڕ و دەمە بۆلەى مانگانەى بوەستێت کە لە لەسەر کرێ خانوو گەڵ خاوەن خانوو دەیکات ،! ئەمانەو دەیان کێشەى دیکەى خێزانى ، کەلەئەنجامى بێ موچەى روبەروى دەبێتەوە . بۆیە هەتا مامۆستا گیرفانى خاڵى بێت ، هەتا خەمى گەورەى مووچە و ئاو و کارەبا و نەوت و بەنزین بێت ، عەقڵ و مەعریفە و زانست و زانیارى پاشەکشە دەکات و ، لەو نێوەندەشدا نەفام و هەرزە و نەخوێنەوار و تاریک بینەکان ، وەک ئێستاى دەسەڵات و سەر زلانى حزبەکان ، گەشە دەکەن و ، وڵات و نیشتمانیش چەشنى میزى حوشتر دەگەڕێتە دواوە . بۆیە ئەم دەسەڵاتە ، ئەم حکومەتە ، بێ هەست و شعورە ، ئاگاى لەحاڵى چینەکانى خوارەوە نى یە ، خۆیان گیرفانیان پڕە و ، ماڵ و حاڵى خۆیان پۆشتەو پەرداخە . موچەخۆران و فەرمانبەرانیان بەخاڵدا نایەت . لەپێناوى کورسى یەک و، پۆستێکى بێ خێر و ،، دەسەڵاتێک کەلەسەرەتاوە تاکۆتایى جگە لە نەهامەتى و وەیشومە هیچى پێ نەبووە ، ئامادەن سەدان کۆبونەو سازان و تەنازول بکەن ، بەڵام لەسەر مافى ئێمە و داواى خۆمان ، خۆیان لێکردوین بەکەڕەى شەربەت ، هیوادارم کە مانگرتن و بایکۆتکردنى دەوام بەردەوامبێت ، ساردنەبێتەوە ، ئەگەر موچەى سێ مانگیش درا ، دیسان داواى مافەکانى دیکە بکەن . بەکوردى وبەکورتى ئەگەر حکومەتیان پێ بەڕێوە دەچێت ئەوە فەرمووبا بیان بینین ، ئەگەریش ناتوانن و ئەو ئەرکە قورسە لەئەستۆ بگرن ، ئەوا با واز بێنن ، چونکە حکومەت و دەسەڵات بەرێوەبردن ، تەنها سازان و کورسى سەرۆک و دزینى نەوت و داهات نى یە ، بەڵکو بەرپرسیاریەتى و ئەرکە و ، مێژوویش پێشین چۆن ناوى حکومەتە گەندەڵ و سەرۆکە دکیتاتۆرەکانمان پێدەناسێنێت ، بەدڵنیایەوە پاشەرۆژ ئەم حکومەتەش لەپەڕاوى ئەو مێژووەدا لاپەرەیەکى جوانى نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت