ئاکۆ برایم : هەنێک سەرنج لەسەر سەربەخۆیەکەمان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەنێک ئەهێنم و ئەبەم ، ئەم مەسەلەى سەربەخۆی و بەدەوڵەتە بوونەم بۆ هەرس ناکرێت ، هیوام ئەخواست گەر بەخەیاڵیش بێت بۆماوەیەک دڵى خۆمى پێ خۆش بکەم ، بەڵام ناکرێت و ناکرێت لەبەر ئەوەى کە :
1- هەمانەو نیمانە سێ شارو نیومان هەیە ، ئەویش تا ئێستا هیچ لایەکیان باوەڕ بەوى تر ناکات ، لەملا سایەقەى ساماڵى سیاسەتەو ، لەولاش تەرزەو رەهێڵەى ئایدۆلۆجیایە .
2 – حکومەت پێویستى بەموئەسەسات و پەرلەمان و ئەنجومەنی شیکاریی و جێبەجێکار و ئەو شتانە هەیە ، بەڵام وەک خۆتانئاگادان ، ئەوانە لەکنە مە باویان نەماوە و زیادە و نا زەڕوورن ، بۆیە سەرۆک و وەزیر و شتەکان مەرەخەس کراون بۆماڵەوە .
3 – وەک باسدەکرێت حکومەتەکەمان بەسپۆنسەر و پاڵپشتى تورکیایە ، ئەو تورکیایەى کە لەگەڵ کوردەکانى خۆیانا وەک باوەژنێکى بێ ئینساف مامەڵە ئەکەن ، بۆ ئێمەش بۆتە فریشتە و بابە نوئێل . لەبەر ئەوە ئەو مەسەلەیە هی جێی باوور نییەو بەسرنجیش ناچێتە مێشکمەوە.
4 – ئامەننا بیلا و رەزامان بەرەزاى خوا ، سەربەخۆیمان قبوڵ کرد ، و بەدیارى بۆیان هێناین ، بەڵام ئایا ئەو چارەسەرە سەرۆکی دەوڵەت ، چاوێکى خۆى ئەنوقێنێت ، بۆئەوەى بەیەک چاو تەماشاى رەعیەتەکەى بکات و ، لەخۆى ببورێت لەسەر….. ئێمەى بیر بکەوێتەوە ، بەچەندساڵ جارێک کەللە یەک ، ببورن سەرێکمان لێ بات. لەوەزع و گوزەرانمان بپرسێتەوە ؟
5 – ئەى باشە ئابوری و بژێوی ئەو وڵاتە سەربەخۆیە بەچى دابین ئەکرێت ؟ کشتوکاڵە نیمانە ، پیشەسازییە نایزای ن، کارگەیە گشتیمان هەراج کرد. خۆ نەوتیش ، ئەوا چاوتان لێ یە چۆن بۆمان بووە بەنەگبەتى ، بەم زستان و زوقمە بەرمیلێکمان بە سەدو بیست هەزار پێ رەوا نابینن ، کەچى لەولاوە کاک ئاشتى و وەزارەتەکەى ژێر بەژێر ئەیفرۆشن ، لەبرى داهات و پاشەکەوتیش ، هێشتا کونێ لەسەرى قەرزدارین ، ئەرێ باشە ئێمە بازرگانی ئەکەین یان قومار ، وا نە ئایەمان دیارە نەمایە ؟
6 – باشبوو زوو هاتەوە بیرم ، ئەرێ ئەى پێمان ناڵێن سنوری ئەو سەربەخۆییە تاکوێ بڕ ئەکات ؟ ئەگەر تا دێگەلە و قوشتەپە و گۆمەسپیانە ، ئەوا سفر هیچ بەدەستەوە ، عەینەن تاس و حەمامە ، شمولى ئێمەى دەڤەرى سلێمانى و چواردەوریی ناکات . ئیتر بۆچى لەخوتو خۆڕایى دڵى خۆمان خۆش بکەین . لەوانەیە ئەوکاتە ئێمەى خەڵکى ئەو دیو سەربەخۆییەکە ، بەفیزاى شنگن و پاسپۆرتى دەولى دنیایەک واسیتە و ئەملا و لا ، ئەوجا بتوانین سەرێک لەپیرە هەولێر بدەین . هەقە پێش سەربەخۆییەکە دائیرەى پاسپۆرت و ڤیزەی ئەوێندەر بیرێک لەو کێشەیە بکەنەوە .
7 – ئەرێ کەس زانیاریی هەیە لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەوسەربەخۆییە ؟! ئەرێ باشە بێ چاووڕونی نەبێ خوانەکردە گوێى شەیتان کەڕ بێت ، ئەمجارەش ئەڵێم خوانەکردە ، گەر کەسێک قاچى خزا و ژێر بەژێر ، یان لائیرادیى لەگەڵ دەوڵەتێکا رێککەوت هاوکارى و زانیاریی بۆدوژمن نارد ، یان خانەهەڵگر و چاوساغى بۆ لەشکریی ئەو وڵاتە کرد ، چارەنوسی چى ئەبێت ؟ سزا ئەدرێت ، یان پلەو پایە و شتى ئەدەنێ ؟ چەشنى ئیماراتەکەى شابەدین .
8 – هەرچەندە شەرمیش ئەکەم ، بەڵام حەقێکى مەشروعى خۆمە بزانم تەشکیلەى ئەو حکومەتە سەربەخۆیە چۆنە ؟ لەکێ و کێ پێکدێن ؟ ئایا وەکو دەسەڵاتەکەى فەیروزخان ، لەبازنەى خێزانێکدا پەنگ ئەخواتەوە و ناچێتە دەرێ ؟ یان چاو لە وڵاتانى پێشکەوتوى وەک بەریتانیا و هۆلندا ئەکەین و سیستەم ئەکەین بەپاشایەتى .
9 – خاڵێکى گرنگ کە هەقبوایە زووتر باسمکردایە ، ئەویش سەردەمی گواستەنەوەی حکومەتە بەرەو سەربەخۆیى ، ئایا یەکسانی قەیرانەکایش بۆ ئەو سیستەم و حکومەتە تازەیە ئەگوێزرێنەوە ، یان وەک دەسەڵاتە نوێیەکە ، کۆمەڵێک قەیرانى تازەو لۆکیشى بۆ زیاد ئەکرێت .
10- وەک ئەزانرێت ئەوکاتەى کە جاڕى سەربەخۆیی ئەدەین ، پێویستە ئاهەنگ و شایی و بانگێشتی گەورەى بۆبکەین ، میوانانى بیانى بانگێشت بکەین ، ئێ خۆ ئێمەش عانەمان نى یە ، لەهین سواڵ ئەکەین ، جا ئەترسم موچەى ئەو مانگەى موچەخۆران بکرێتە قوربانى ئەو رۆژەو ، بەو جۆرەش حکومەتە سەربەخۆکە پێنج مانگ قەرزار و چاو بەرەو ژێرى موەزەفین ئەبێت .
11 – شتم زۆرە ، بەڵام با بەتۆمەتى ڕووشاندن و رەخنە لەسەربەخۆى ئەو حکومەتە ، ناوم نەچێتە ناوانەوە ، نەبمە یەکەم زیندانى کراوى ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە ، بۆیە لێرەیا ستۆپێک ئەکەم و لەکورتى ئەیبڕێنمەوە . تۆش ئەگەر ئازایت یەک دوو سەرنج بنووسە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت