perlemani-kurdistan

ئاکۆ برایم : پەرلەمانتاران نیوە مووچە بەشیان ناکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئەندامانى پەرلەمان سڵاو
سەرەتا ئەوەتان بیر دێنمەوە تا بزانن ، ماوەى چەندین مانگ نە پەرلەمانمان هەبوو ، نەکۆبونەوەشتان کرد ، کەچى هیچ بۆشاییەک لەژیانماندا دروست نەبوو ، ئیشو کارى حکومەت و دەزگاکانى زۆر ئاسایى و بێ کێشە بەڕیوە دەچوون ، بەڵام سێ رۆژ برادەرانى ژینگە پارێز نەهاتن بۆ کۆڵانەکەمان ، هەستمان بەزەرورى و گرنگى و بایەخیان کرد ، کە غیابى ئەوان چەندە کاریگەرە ، گەر رۆژێک لەکار و ئەرکیان دواکەون یان ئامادە نەبن چیمان بەسەر دێت ؟!
شتێکى بەڵگە نەویستە ، هەمو کەسێک لەبرى ئەو کارو بەرهەم و پرۆژەیەى کە پێشکەشى دەکات و دەیبەخشێت ، بڕێک پارە یان مووچەیەک وەردەگرێت ، بەڵام دەکرێت بپرسم و بڵێم ئایا ئێوە ئەو موچەیە لەبرى چى وەردەگرن ؟ چ کارو پرۆژە و ئینجازێکتان بۆ کورد میللەتەکەى هەبووە ؟ جگەلە دەست بەرزرکردنەوە ، کەمن لاى خۆم حسابمکردوە ، کوللى دەست هەڵبڕینیێکتان ئەویش بۆ یاساى قەدەغەکردنى جگێرە یان خەتەنەکردنى مێینە یان شتەگەلى لەو چەشنە ، نزیکەى چەند ملیۆن دۆلار لەسەر ئێمە دەکەوێت و ، ،رۆژانەى هەر کەسێکتان لانى کەم لە 200 هەزار بەرەو ژوورترە ، ! ئەوەتانێ بۆخۆتان باش دەبینن و هەستى پێدەکەن ، لەقەیرانەوە باز دەدەینە سەر قەیرانێکى دیکە ، ئێوەش ئاگااتان لەمەحموى بێ زەوا نى یە ، ئادەى بەڕێزان کوا پرۆژە ورێگا چارە و چارەسەرى بەپەلە ؟ کوا چیتان بۆکردین ؟؟ جگەلەگرانکردنى بەنزین وسنوردارکردنى خۆپشاندان و زیادکردنى کۆت و بەند و قەیران بەرهەمتان چى بووە ؟ گەر پەرلەمانتارى وابێت و تەنها هەرلەبیر و خەمى گیرفان و موچەدا بن ، ئەوا هەموو پێمان خۆشە ئەو شەرەفەش بەئێمە بدرێت و ، ئێمەش چەند ساڵێک لەناز ونیعمەتدا بین و پاشەرۆژیش بە موچەیەکى باش خانە نشین بکرێین .
بەڕێزان .. زۆرى بەسەردا نەرۆیشتوە هەمووى چەند مانگێکە بانگەشەى هەڵبژاردن کۆتایى هاتووە ، بیرتان ماوە چیتان دەوت ؟ چۆن لەبیرى کەسانى هەژار و کەمدەست و مەزڵومدا بوون ؟ چەن بەڵێن و قسەى باق و بریق و خەیاڵیتان پێدەوتین ؟ کە گوایە بچنە ئەو شوێنە ، کوردستان دەکەنە شامى شەریف وعەدالەتى عەیارە بیست و چوارمان بۆ دەکەنە دیارى تەواو کەیف خۆش و خەنیمان دەکەن ؟!
باشە بەڕیزان من دەزانم بەشى زۆرتان پێشتر فەرمانبەر بوون ، مەعلومیشە کە فەرمانبەران موچەکەیان چەندە ؟ ئەى بۆ ئەو سا بەشى دەکردن ، بۆ ئێستا پێى ناقایلن و بەشتان ناکات ؟ یان مەسەلەکە زۆرى یە و رۆن رژاوە ونازانن چى لێبکەن ؟ ئەى باشە نەنکى من چى بڵێت ؟ دادوسکاڵا لاى کێ بکات کە بە 3 مانگ جارێک موچەیەکى بێوەژنانە وەردەگرێت و ، رەشە خێزانێکى پێ رایى دەکات و، شوکر و حەمدو سەناش دەکات؟ بەخوا خێر و خێرات و سەرفترە وشتیشى لێدەدات .
ببرتان نەچێت و بزانن … جەنابتان کەچوونەتە ئەو شوێنە بە دەنگى ئێمەى هەژاران و برسیەکانى وڵات ئەو پۆستەتان وەرگرتوە ، خۆلەیادتانە لەشاشەى تیڤیەکانەوە بۆ ئەوەى سۆزو رەحمان بجوڵێت و دەنگتان پێبدەین ، خۆتان بەکوڕى هەژار و نەدار رۆڵەى گەڕەگە میللیەکان ئەناساند ، پێتان ئەوتین بۆیە ئەچینە پەرلەمان تا لەپێناوى سەندنەوەى ماف و داواکاریەکانتان پەنجە بەچاوى زالًماندا بکەن و ، شەڕى گفتوگۆو دیالۆکتان بۆ ئەکەین لە میحنەت و نەدارى و بەشمەینەتى قوتارتان ئەکەین ، یان بەشێکتان ئەتان وت : ئەگەر دەربچین نیوەى موچەکەمان بۆ خزمەتى هەژارو نەخۆشان تەرخان دەکەین . شوکر ئەوە خواکردى ئەمجارەش بەهۆى ساویلکەیى و نەفامى و خۆشباوەڕى ئێمەوە چوونە ئەو شوێنە ، لەبرى ئەوەى ئاگاتان لە گیرفانى خاڵى وسکى برسى و نەخۆشیەکانمان بێت ، سنوقى کۆمەک و هاوکارى و پرۆژەى خێرخوازى بکەنەوە، ئەو جوملەیە فڕێ دەدەن ، ( پەرلەمانتاران دەڵێن نیوە مووچە بەشمان ناکات ) کەمن بەخویندنەوەى تەواو تەواو پەست و نیگەران بووم . بەتایبەت بۆ ئەم کات و قەیران و بارگرژى یە ، من وەهام دانابوو کە سەرجەمتان هەڵوێستێکى نەمر وبەرز و مێژوویى تۆماردەکەن ، بەتێکراى دەنگ بڕیار دەدەن تەواوى مووچە و نەسریەى ئەم مانگەتان بکەنە دیارى بۆ پێشمەرگە و خانەوادەى ، کەچى نەک هەر ئەوەتان نەکرد ، بگرە ئێمەشتان نیگەران کرد ، ئێمەیەک بەسێ مانگ جارێک چاوەڕوانى موچەیەکى چەند سەد هەزارین ، کەنازانین بیدەین بە کرێ ، بە مەسرەفى جەژن ، بەئاو و کارەبا ، بەبەنزین ، بە گرانى ناوبازاڕ بەچى ؟
خەجاڵەتین وئێمەتان نیگەران کرد ، بەراستى مەحجوبتان کردین ، ئێستا هەست دەکەم کە ئەو دەنگەى بەئێوەمان داوە ، بەزایە رۆیشتۆوە ، ئێستا دەزانم کە سیاسەت و ئۆپۆزسیۆن و کوردایەتى هەمووى بۆ بەرژەوەندى تایبەت ولەخشتە بردنى هەژاران وچەوساوەکانە .. بەهەرحاڵ تازە ئەمجارەش وەکو جارەکانى دیکە گورگان خواردو بوین ، ئەمجارەش بوینە پەیژەو بەردەباز بەسەرماندا سەرکەوتن وگەیشتنە فیردەوسى پەرلەمان و ، دەستێکى تەڕتان بەهینماندا هێنا ، پیرۆزتان بێ بەهۆى نەفامى وهەرزەى و گەمژەیى ئێمەوە بیخۆن و نۆشى گیانتان بێت ، ئێمەلەسەر ترسنۆکى وبێ هەڵوێستى و ورتە نەکردن راهاتوین ، ئێمە بوینەتە کۆیلەى حزب و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ، وەک هین لێمان دەخوڕن و ناوێرین زار هەڵبێنین ، هیچم نى یەو ناوێرم هیچ بڵێم ئەوەندە نەبێت ، ئەگەر جارێکى دیکە خۆم و یان بنەماڵەم بەشدارى هەر هەڵبژاردێنک بکەم ، ئەوا زۆر زۆر زۆر…… م . ئەوپەنجەیەشى کە مۆریدەکەم دەیبڕمەو ، ئەو زمانەشى کە بەچاک و باش ناوى هەریەکەتان بێنێت دەیقرتێنم ، گەر مناڵەکەشم کە هیچ نازانێت جگە لەراوەشاندنى پەڕوۆى ئاڵو والا ،ئەویش بەلائیرادى و رەفتار و ئاکارى مناڵانە بانگەشە بۆ هەر قەوارە ولایەنێک بکات ،سەرى لەبنا ئەبڕم . کام رێکخراوى پارێزەرى مناڵانیشە بوێرە با ورتە بکات و ئەوەم لێ مەنع بکات .. وەلڵاهى بە بیلاهى ، ئەگەر وام نەکرد من زادەى بەریەک کەوتنێکى ناشەرعى و زۆڵم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت