ئاکۆ برایم : کەناڵى ئێن ئاڕتى بەمەبەست یان نەزانانە وێستگەى تاکسى پەخش دەکات ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکاتى شکستى تورکیا بۆداگیرکردنى یۆنان ، هۆکارى سەرەکى ئەو شکستەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پێش داگیرکردنەکە ، نەتوانراوە کولتور و فەرهەنگ و داب و نەریتیان داگیر بکەن . پاش 80 ساڵ لەو پلان و بەرنامەیە ، رژێمى قاشیستى تورکیا هەر سوورە لەسەر پیادەکردنى سیاسەتى شۆفینى و کەمالیستى خۆى . گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى کە بۆسەرخستنى بیرى تەتریک ، ئەبێت بەچڕى و فراوانى برەو بەو سیاسەتە بدەن . گەر سەرنج بدەن تورکیا ساڵانە بەملیۆنان دۆلار بۆ ئەو مەبەستە خەرجدەکات لەرێگەى دراما و زنجیرە تورکیەکان . گەر مرۆڤ تەنها تەماشاى یەک زنجیرە بکات تێدەگات کە مەبەست و مەرامى تورکیا لەو پارە بەفیڕۆدانە چى یە ؟ بەتایبەت زنجیرە کۆمیدیەکان کە جەماوەرێکى زۆرى هەیەو لەبەر پێکەنین و رووداوە سەیرەکان خەڵکانێکى زۆر دەبنە بینەرى . کە بەداخەوە جگە لەقاقاو پێکەنین و دووبارەکردنەوەى حیوار و جولەکان هیچى دیکەى لێ هەڵناهێنجین . دیوە شارەوەکەى ترى نا بینین و هەستى پێ ناکەین ، کەچ کاریگەرى و ئاسەوارێکى خراپى بەسەر کۆمەڵگاو خێزانى کورددا هێناوە . وەک ئەو درامایەى کە ئێستا لە کەناڵى ئێن ئاڕتى بەناوى ( ویستگەى تاکسى ) شەوانە نمایش دەکرێت . پێم خۆشە لێرەدا چەند سەرنج و تێبینیەکى خۆم لەسەر ئەو زنجیرەیە بخەمە روو :

1 – لەو درامایە خێزانێک هەیە ، کە بەجل و بەرگ و هەڵسوکەوت و رەفتار رۆڵى کورد ئەبینین ، ئەویش خێزانى سەید و زەینۆ و فەتۆ یە . گوایە لە ئورفەوە هاتوون . ئاشکراشە کە ئورفە شارێکى کوردى و شۆڕشگێڕە ،، زێد و شوێنى لەدایکبونى ئۆجەلان و دەیان شۆڕشگێڕى دیکەیە . کەچى لەم درامایە بەوپەڕى ناشیرینى و نەقامى و دواکەوتوى پیشان ئەدرێن . بەناراستەو خۆ پێمان دەڵێن کورد ، لەگەڵ شارستانیەتدا ناگونجێت . نازانێت بەشێوازى هاوچەرخیانە بژى ، هەمیشە بیر لەکوشتن و دوژمندارى ئەکاتەوە ، ئافرەت و ژن لایان زۆر سوک و بێنرخە . بەکوردى و بەکورتى ئەمە نمونەى خەڵکى کورد و ئورفەیە .
2 – لەودرامایەدا سینان پاڵەوانى زنجیرەکەیە ، کەبەردەوام لەپێناوى پارەو داهاتدا ، فێڵ لەسەر فێڵ ئەنجامى ئەدات . بۆ گەیشتن بەسەروەت هەموو کارێک ئەکات ، دزى قۆڵبڕین خەسوو بەشوودان ، تەنانەت بەکرێدانى ژنەکەشى . تێناگەم ئەم کارودیاردانە کەبەکۆمیدى نیشان دەدرێن چ خزمەتێک بە بینەر دەکات و ، چ رۆشنبیرى و هۆشیاریەکى پێدەدات ؟ گرنتى چى یە لەم قەیران و نەهامەتیەو بێ پارەیەدا دەیان و سەدان سینانى حەقیقى دروست نەبن ؟ یان ئەو بێ رێزى و بێ حورمەتیەى کە بەرامبەر بەخەسووى دەیکات ، نابێتە مایەى ئەوەى کە بەشى زۆرمان لەچاوى سینانە تەماشاى خەسوو بکەین ، ژێر بەژێر بیر لەناپاکى هاوسەرى و کارى دیکە بکەینەوە ؟
3 – خۆشەویستى قەدەرێکى پیرۆزەو مافى هەموو کوڕو کچێکە لەسنورێکى دیاریکراو و ، بۆمەبەستێکى رەوا ودڵدارى و عیشق بازى بکەن . بەڵام لەو درامایەدا خۆشەویستى بۆتە گاڵتە جارى و کارى ناشایستە ، کچە ( دیلیک ) لەیەک کاتدا دوو کەسى خۆش دەوێت . کەئەمەش بۆخۆى سوکایەتى و بێ رێزیە بە خۆشەویستى و کچان . و پایەى ژنان ، بۆخۆشى ئەبێتە هاندەرێکى باش کە کچان بۆ کات بەسەر بردن و چاولەو کردن نەک دوو کەس بگرە سییان و چوار بکەن بەیار وخۆشەویست ، رێگە خۆشەکەرێکە بۆ کچانى هەرزە و کوِرانى لاو هەمان کار وکردەو پەیڕەو بکەن ، لەغیابى دایک و باوکیاندا کوڕ بەرنەوە بۆماڵەوە
4 – بى رێزیکردن بەیپران و بەساڵاچوان و نیشان دانیان وەک هەرزە و برسى سێکس ، کەوامان لێدەکات بەچاوى گومان و خراپەو تەماشاى باپیر و نەنکمان بکەین . وەها لێکبدەینەوە هەرچى بێوەژن و بێوە پیاوە وەک ( مەزهەر و شازیمانت ، رەمەزان ، قەتۆ ) بۆ زەواج خەریکە شێت دەبن . لەکاتێکدا هەموو دەزانین کە مرۆڤ لەو تەمەنانەدا ئارەزوى نەک سیکس بگرە خواردن و جوڵەو قسەشى نامێنیت. ئیدى چ رەواى هەقە بۆ خاترى خەندە وپێَکەنینێک، گەورەترین سوکایەتى بە بەسالاچوان و بەتەمەنان دەکات ، کە وەک پیاوانى ئاینى باسیدەکەن دەڵێن خوداى گەورە دەفەرموێت ( من شەرم لەمووى سپى بەساڵا چووان دەکەم )
5 – بەکارهێنانى مناڵ لەدرامایەکى وا پێدانى رۆڵى ساختەچى و قوڵبڕ کارێکى زۆر ترسناکەو ، دەرئەنجامێکى زۆر خراپى هەیە . لەبەر ئەوەى مناڵ ئەوە ئەکات کە ئەیبینێت نەک ئەیبیستێ . راستیەکەى لەکوێدایە مناڵێکى 10ساڵان بیر لە فێڵ و تەڵەکە بکاتەوە ، پیاوانى گەورە و بەتەمەن هەڵخەڵەتێنێ . یان کچ و کورێکى 10 ساڵان خۆشەویستى لەنێوانیان هەبێت ، بۆ بەیەکتر گەیشتن بیر لەماڵ بەجێهێشتن بکەنەوە ، ئایا گرنتى چى یە کەمناڵانى ئێمە بەهەمان رێگەدا نەڕۆن و هەمان تەمسیل دووبارە نەکەنەوە ؟ . بەدەر لەوانەش بەشى زۆرى حیوار و هەڵسوکەوتى کەسایەتیەکان لەلاى مناڵان بۆتە چاولێکەرى و گەرسەردانى قوتابخانەیەک بکەیت یان ، بە کۆڵان و گەڕەکێکدا گوزەر بکەیت ، بەئاشکرا و روونى ئەو شتانەت بەرچاو دەکەوێت . لەوەش سەرسوڕهێنەرتر لە کاتى چوونى ژنان بۆ گەشت و کەنار دەریا ، کوڕەکەى سینان ، دێتەوە ئەڵێت ( دووانمان رازیکردوە ، ئەڵێى فستقن ) ئایا ئەو بەڕێزەى کە ئەو درامایەى کورداندوە ، ئەزانێت ئەوە ماناى چى یە ؟ فستق بۆچى بەکاردێت ؟
6 – ئافرەتى بەرەڵا ، اتلیاک ، مەلها و یانەى شەوانە ، رابواردن ، بەزەقى و روونى لە درامایەدا رەنگى داوەتەو ، کە لەتورکیا ئەو شتانە ئازادە و رێگە پێدراوە ، ئەمەش بۆخۆى لەلایەکەوە بانگەشەیە بۆ ئەوەى گەنجانى تینوو والێبکات بەزوترین کات روو بکەنە تورکیا و ، لەوێ پارەو پوولیان سەرفبکەن ، لەلایەکى تریشەوە ئاوەڵاکردنى دەرگایە بۆ ئەوکارانە ، تا لە شوێنەکانى دیکەى وەک لاى خۆمان برەوى پێبدەن و ، هەمان بەرەڵاخانە بکەینەوە . میللەتەکەمان ببێت بە مەڵیەندى فەساد و پڕ لەئایدز ، لاوان لەبرى بیرى شۆرشِگێرى و خەبات و خۆشەویستى نیشتمان و خزمەتکردنى ،بەو کارانە مەست و حەیران ببن . گەورەترین هێز و بازوى ئایندە کە لاواننن بێ کاریگەر بکەن
7 – قسەو حیوار سێکسەکان و باسى سەرجێى و دەستبازى خێزانەکان زیاتر و زۆرتر ئارەزوو هەوەسى خەڵک دەبزوێنێت ، بەجۆرێک ئەو قسانە بۆتە وێردى سەرزمانى خەڵکى و 60-30-6- کە ئاماژەیە بۆ لەشى کچان لەزانکۆ و پەیمانگاکانیشدا ئەوە بەکچان ئەوترێت . چەندین دەستەواژە و حیوارى سوک بێ بەها کە باسى زۆرانبازى ( جوت بوون ) . کە مرۆڤ بەبیستنى عارەقى خەجاڵەتى دەڕێژێت .
8 – لەهەموو خێزانێکدا شتێک هەیە پێى دەوترێت گەورە و بچوک و رێز و حورمەت ، هەرچەنێک کێشەو گرفت لەئارادا بێت ، بەڵام رێزگرتن لەگەورە هەیە ، کەچى لەو درامایەدا ئەوشتە وجودى نى یە ، ژن بەموناسەبە و بێ موناسەبە قسەى ناشیرین بەمێرد ئەڵێت ، تف ئەکاتە سەروچاوى مێردى ، مێردیش بەهەمان شێوە جنێوى بازاڕى و قسەى زبر و رەق دەرهەق بەمێرد ئەکات ، باشە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە خێزانێکمان هەبێت لێوان لێو بێت لە رێز و خۆشەویستى پەروەردەى دروست ، یان غەرق و نغرۆى تف و بێ تەربەتى بێت ؟
هەموو ئەمانە و زۆرێکى تریش بەکلتور ناسنامەى ئێمە نامۆن و جێگەیان نابێتەوە ، کەچى دەوڵەتى فاشیستى تورک ئەخوازێت لەرێى ئەو دراما و زنجیرانەوە سوک و بێ نرخمان بکەن ، خێزان لێک هەڵوشێننەوە ، رەواى بە سێکس و تلیاک و بێ حورمەتى بدات ، هەوڵ و خەمى گەورەمان تەنها و تەنها پارەو سێکس و مەشروب وتلیاک بێت ، ژیان لەو سنورە بەرتەسکەدا ببین ، ئەوانیش بۆخۆیان کە بەو شتانە مەست و مودمینیان کردین ، بەکەماڵى ئیسراحەت بێنە سەرمان ، وەک چۆن ئێستا لە زۆر ناوچەى کوردستان بارەگاو بنکەو پێگەیان هەیە ، کە لەرۆژگارى ئەمڕۆ ناتوانن بەهێزى سەربازى و زەبر و زەنگ کوردایەتى و خەبات و خۆشەویستیمان بۆکورد ودۆزەکەى بیر بەرنەوە ، دڵنیاشن هەر جوڵەو کردارێکیان بەزیان بۆخۆیان کۆتایى دێت ، بۆیە ئەو رێگەیەى کەپیادەى دەکەن ، لاى وان باشترین وکاریگەرترین چەکە ، بۆ ئایندە و پاشەڕۆژ و ، کاریگەرى زۆرخراپى دەبێت . من تێناگەم وەزارەتى رۆشنبیرى و بەرێوەبەرایەتیەکانى راگەیاندن کاریان چى یە ؟ تۆبڵێى تەماشاى ئەو زنجیرەو درامایانە نەکەن ؟ یان ئەوانیش هەر قاقاو پێکەنیان لەسەرە و هەست بە مەترسى و ئاسەوارە خراپەکانى ناکەن . تۆ بڵێى دوو کەسى شارەزا و بەئەزموون لەو شوێنە بوونى نەبێت ،. درک بەو مەترسى و دیوە شارەوەکەى نەکات ؟ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت