ئاکۆ برایم : یقولون مالا بفعلون .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەریش ئەوەى مەلا عەول دەیکات و ئەسڵى راستى و پوختەى ئیسلامە ئەوا من لەسەر ئەو دینەى مەلا نیم و نابم

جاران مەلاو مامۆستاى ئاینى ، پێشەنگ و پێشڕەو چاوساغى خەڵک و میللەت بوون ، وانە بێژ بوو ، رابەرى ئاینى بوو ، کەسایەتى کۆمەڵایەتى بوو ، نموونەو سیمبولى هەموو کارێکى باش و جوان بوو . بەجۆرێک پێگەو ناوبانگبان هێندە گەورە و کاریگەر بوو ، مرۆڤەکان بەبێ پرسى ئەوان پەنجەیان بەئاودا نەدەکرد . زاتە گەورە و نەمرەکانى وەک کاک ئەحمەدى شێخ و شێخ مارفى نۆدێ و مەلاى گەورەو .. نموونەى دیار و بەرچاو بوون ، لەسەر دەستى ئەوان کۆمەلگە بووبوە شوێن و مەنزڵگایەکى ئارام گورگ و مەڕێکەوە دەژیان .
هەر بەهۆى ئەو پایەو ناوبانگەشەیان حکومەت و دەسەڵات هەمیشە و بەردەوام حسابى تایبەتى بۆدەکردن ، لەزۆر شتدا سڵى لێدەکردنەوە ، نەیدەخۆاست خۆى لەقەرەیان بدات ، چونکە لاى مەعلوم بوو کە پیاوانى ئاینى و هەڵگرانى رێبازى بەرزى ئیسلام ، چ رۆڵ و کاریگەرییەکان لەسەر میللەت و خەڵک هەیە و ، ئەتوانن بە یەک خوتبە یان فتوایەک تەواوى میللەت بێنە سەر جادە و شۆرشِێکى سەرتاسەرى بەرپا بکەن و حکومەت و دەسەڵات رابماڵن .. هەربۆیە زۆرجار لەبارودۆخە هەستیار و ناسکەکاندا دەسەڵات هاناى بۆ ئەوان بردووە ، داوالێکردون کە لەرێگەى مینبەرەوە رەوشەکە ئاسایى بکەنەوە ، یان بۆ کاتى گفتوگۆو وتووێژ لەگەڵ نەیارانیدا ئەوانى راسپاردووە بۆ ئەو کارە . جا بەحەقەت ئەوانیش نموونەى پاکى و بوێرى و متمانەى میللەت بوون ، بەردەوام بەبێ پسانیش هەر لەبەرەى گەلدا بوون ، لەرێگەى وتارە دینییەکانیانەوە گەلیان هۆشیارکردۆتەوە . لەمەترسى و درندەیى دەسەڵات یەئاگایان هێناونەتەوە .
لەوانەش زیاتر بەشى زۆرى شۆڕشەکانى کورد لەهەر چوارپارچەى کوردستان ، لەلایەن مەلا و کەسایەتى ئاینیەوە هەڵگیرساون هەر بۆخۆشیان رابەرایەتیان کردون ، شۆڕشى شێخ مەحمود ، حکومەتەکەى قازى محەمەد ، شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران ، شۆڕشى سەید رەزاى دێرسیم ، شۆڕشى شێخ عوبەیدولڵاى نەهرى و…… هتد ، ئەوەمان پێدەڵێن کە مامۆستای ئاینی و کەسیایەتى ئاینى هەمیشە و بەردەوام لەریزى پێشەوە دابوون و ، سەنگەریان لە دوژمن گرتووە . لەو پێناوەشدا گیانیان بەخت کردووە . ئەبوایە ئێمەی کوردیش ، پەرەیەکمان لەوان دادڕیایەو هەمان رێچکەو رێبازى ئەوانمان بگرتایاتە بەر ، لەدژى ستەم و ناعەدالەتى و زوڵم زۆر ، درێژەمان بە ئەرک و کارى ئەوان بدایە ، کەچى بەداخەوە جگە لەوەى ناتوانین وەک ئەوان هەنگاو بهاوین ، خەریکە تەسلیم بەویست و ئیرادەى زوڵم و ناحەقى دەبین ، ئەوەى لەشارى هەولێر بینیمان ، کە بەنوێژى نیوەڕۆ بە بەرچاوى ئەو هەموو خەڵکەوە بێ رێزى بەماڵى خوا و بەکەسایەتى ئاینى کرا ، کەچى یەک کەس زاتى نەکرد دەم بکاتەوە . لەسەروو هەمووشیانەوە مامۆستایانى ئاینى بەهەر هەموویان نەیانتوانى دە دانەکەس کۆبکەنەوە لەبەرامبەر ئەوتاوانەدا هەڵوێست وەربگرن ! باشە من تێناگەم ئەوە ماناى چى یە و چى پێدەڵێن ؟ مەلایەک بەدرێژایى چەندین ساڵ لەخوتبەو ئامۆژگارى خەڵک ، نەتوانێت قەناعەت بە دە دوانزە کەس بکات ، کە ببنە لایەنگرى و هەوادارى یان دۆستى ، یاخود لەژێر فەرمایشت و خوتبەکانیدا ئەو باوەڕەى لا بچەسپێنێت ، کە دەسەڵات ناعادیلە و ئەبێت لەهەمبەرى هەڵوێستمان هەبێت (من راى منکم منکرا فلیغیرە بیدە ، فان لم یستطیع فبلسانە ، فان لم یستطع فبقلبە ، وذلک اضعف الایمان )
ئەى گوایە ئەو مامۆستایانە ئەو چەند ساڵە چیانکردوە ؟ لەو مزگەوتەدا بەچى یەوە خەریک بوون ؟ ئەگەر کاریگەری لەسەرئەوە دروست نەکردوە کە نوێژخوێنانى لەبەرامبەر بچوکترین زوڵمدا دەنگ بەرزبکەنەوە ، کەواتە نەک ئێستا بگرە ئەبوایە چەندین ساڵ لەوەو پێش بۆخۆى وازى لەو کارە بهێنایە .. بەدەر لەوەش جوداى لەهەموو دید و ئایدیا سیاسیەکان ،، تەواوى مامۆستایان لەتەواوى جیهان لەسەر ئەوە کۆکن مامۆستاى ئاینى و ماڵى خودا ( مزگەوت ) رێز و حورمەتێکى تایەتیان هەیە ، سوکایەتى و بێڕێزى بەرامبەر هەر کامێکیان هێڵى سوورە . کەچى زۆر چاوەڕێمکرد هیچ لەگۆڕێ نەبوو ! جگە لەگردبوونەوەى شەش حەوت مامۆستا بەساردو سڕى و بۆ خۆدەرخستن ئەویش لەسلێمانى . دڵنیام ئەگەر ئەو ناڕەزاییە و گردبونەوەیە بۆ موچەو ئیمتیاز بوایە دڵنیام بەسەدان و هەزارانیان تیایدا بەشدار دەبوون ، بەڵام چونکە گردبونەوەکە مەترسى لەسەر موچەو پلەیان هەبوو ، جگە لەچەند مامۆستایەک کەس خۆى لەقەرەیان نەدا . بەئەزعەفول ئیمانیش ناڕەزاییان دەرنەبڕى .

ئەمە لەلایەک ، ەلایەکى تر زەواجە سەیر و سەمەرەکەى مەلا عەول لەتیفى سەلەفى ، ئەویش بۆخۆى سوکایەتى کردن و بێ رێزییە بە ئیسلام و بەمامۆستاى ئاینى و ئەهلى شەریعە . لاى من هێندە ناشیرین و قێزەونە کە ئەگەر ئەبو جەهلیش بیکردایە لام ئاسایتر بوو ، چونکە ئەو لەژێر ناو پەردەى ئیسلام و سەلەفدا تاوانى کردووە . ئاخر مەلا ئەوە چ ناوێکى لێ دەنێت ، هەستیت خێزانێک لێک هەڵوەشێنیت کە ئەوە بۆخۆى تاوانێکى گەورەیە ، لەوەش زیاتر خوشەویست و غەرامیات بکەیت ، کە لەسەرەتاوە تا ئەخیرى ئیسلام نەهى لێکردوە بەحەرامى داناوە ، لەوەش ناخۆشتر تۆ خۆت مامۆستا بیت ، وەک دەڵێن مامۆستا باوکە ، ئاخر کام ئاین و مەزهەب رێگە دەدات کە باوک کچى خۆى بخوازێت ؟ لەوانەش ناخۆشتر گرانتر ئەوەیە ، کە بەپێ شەریعەتى ئیسلام هەموو ژنیک پاش جیابوونەوە لەمێردى یەکەمى ئەبێت 3مانگ چاوەڕێ بکات تا پاک دەبێتەوە ، ئەوجا بۆى هەیە زەواجى دوەم بکاتەوە .

ئەى کوا ئەو هەموو خوتبەو ئامۆژگاریەى مەلاى سەلەفى ؟

کوا ئەحکام شەریعەتى زەواج و  ؟

کوا رێز تەقدیرى خوێندکار ؟

کوا ئەو حەدیس و ئامۆژگاریانەى کە پێدەگوتین چاو نەبڕینە ماڵى خەڵک ؟

سەیرى کچى نامەحرەم نەکەین ؟
جا ئێستا تیاماوم ، ئایا ئیسلامى راستەقینە ئەوەیە کە مەلا عەول جێ بەجێدەکات ، بۆ فریودان قورئان و حەدیس دەکات قەڵغان وە ئێمەى پێ فریو دەدات . نیەت و مەرامى خۆى پێ مەیسەر دەکات ؟

یان بەشێوەیەکى ترە وەک چەندین کەس باسیدەکەن ، کە ئەوەى ئەو پیاوە دەیکات دەرچونە لەئاین و هیچ مافى بەئیسلامەوە نییە ، پێچەوانەى ئیسلامەو بۆ ناشیرن کردن و ناوزڕاندنى دەیکات ، دەى با دەسەڵات و یەکێتى زانایان و لیژنەى باڵایان بێنە گۆ و راستى و نیەتى ئەو پیاوەمان بۆدەرخەن ؟ ئەگەریش ئەوەى مەلا عەول دەیکات و ئەسڵى راستى و پوختەى ئیسلامە ئەوا من لەسەر ئەو دینەى مەلا نیم و نابم و پێم خۆشە هەرچى یەک بم بەڵام ئیسلامەکەى عەول لەتیف نەبم .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت