ئاکۆ برایم: یەکگرتوو ، بڕیارێکى بێ کاریگەر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى تۆزێک شارەزایى لە سیاسەت و دەوڵەتدارى و بەڕێوەبردنى دامەزراوە حکومییەکان هەبێت، لەمێژە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى کە ئەم حکومەتەى 26 ساڵە فەرمانڕەوایى دەکات، هیچ کات و ساتێک لەخەمى خەڵکیدا نەبووە. هیچ کار و بەرنامەو پڕۆژەیەکى سوودمەندانەى بۆخەڵکى فەراهەم نەکردووە. بەدرێژایى ئەو تەمەنەى نەیتوانیوە نموونەیەکى جوان و درەوشاوەى فەرمانڕەوایى پیشان بدات، کە دڵخۆشمان بکات و ، بۆخۆشى ببێتە پاشخانێکى باش بۆ ئایندە شانازى پێوەبکات.
شکست، نەهامەتى، قەیران، گەندەڵى، پاوانخوازى، برسیکردن، رەتاندنەوە، باج و سەرانەى زۆرەملێ، پشتگوێ خستنى داواى خەڵک، بێ بەریکردنى میللەت لەخزمەتگوزاریى سەرەتایى، نەدانى مووچە، نائارامى و پشێوى، گرتنى خەڵک لەسەربیروراى ئازاد، راوەدونان و شاربەدەرکردن، خزمخزمێنە…. و دەیان کارى ناشایستەى دیکە لە سیمادیار و بەرچاوەکانى ئەم حکومەتەن.
یەکگرتوو کە حزبێکى ئیسلامیە و پەیرەوى شەریعەت و ئەحکامى قورئان دەکات (کە ئەوانەش دەقاو دەقن و قابیلى هیچ گۆران کارى لەبڕێ لادان نین) کەم تا زۆر پشکدار بووە بەردەوام شان بەشانى حکومەت لەپۆست و دەسەڵاتدا بووە، گەلێ جاران لەهەمووان زیاتر پەى بەهەندێک ناهەقى بردووە کە حکومەت دەرهەق بەمیللەت و خەڵک دەیکات، بەڵام بۆخاترى دەسەڵات و پاراستنى پێگەو شوێنى وەک (شەیتانى کەڕ) قڕِو قەپى لێکردووە. گوێى لێ خەواندوە. زۆرجارانیش پشتیوان و پشتگیرى زۆردارى و ناهەقیەکانى کردووە.

تۆ تەماشا لەسەرسووتاندنى بارەگاکانى لەدهۆک بێ هەڵوێست بوو، لەسەرکوشتنى کەسانى وەک مەلا هۆشیار کە چاوەڕوانمان ئەکرد تێزاب بکات بەقورگى بکەراندا، کەچى هیچى نەگوت. لەکاتى دەنگدان بۆ سەندنەوەى متمانە لە سەرۆکى هەرێم، لەسەر ئەو هەموو ناهەقى و کارانەى کە میللەتى گەیاندۆتە خراپترین ئاست. سیاسەتى نیوە بەنیوەى پیادەکرد، ئەمەش بوە هۆى ئەوەى.کەئەو کارە زۆر لق و چڵى لێ ببێتەوە پارتى زیاتر وزۆرتر دەستى کراوەتربێت. ئادەى یەکگرتوو، لەسەر کام تاوان و کام ناهەقى، کام زوڵم و زۆرەى لەخەڵک دەکرێت، لەسەر کام کوشتنى بەناهەق جورئەتت کردوە زار هەڵبێنێت؟!، تەنانەت یەکگرتوو هێندە وابەستە و خۆخزێنراوى دەسەڵات بووە، کە ئەنجامى کۆنگرە و دانانى کاندیدەکانی بەخواست و مەیلى دەسەڵات بووە. یەکگرتوو دەیزانى کە دەسەڵات چ ماڵ و حاڵێکە؟ ئەوانەى حوکمدارى دەکەن کێن و چین و بەرنامە ئامانجیان چى یە؟ بەڵام چونکە بۆخۆیان سوود مەندبوون، ئەو رۆژگارە خۆریان لەگەشانەوەدا بوو، بەرژەوەندیان باش بوو، بۆ ئەو هەموو زوڵم وناهەقییە. نە وتەیەک نە بەیاننامەیەک، نە هەڵوێستێکمان لێیان نەدى! کەئەمەش ئەگەر لەم دونیاش بێ لێپێچینەوە رزگاریان بێت، ئەى لەو دونیا چى دەکەن؟ کاتێک لەژێر دروشمى ئاین و قورئانى پیرۆزدا رەواى دەدەن بە زاڵمان و پشتگیریان دەکەن؟ لەوەش زیاتر سەروەختى ریفراندۆم، سەلاحەدینى سکرتێر وتى: بڕواناکەم لەکەرکوک هیچ گرژى و ئاڵۆزییەک دروست ببێت. بەڵام هەموو بینیمان کە رەوشەکە چى لێهات و چەند پێشمەرگە کوژران. چەند هەزار خەڵک ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ و خانە خراپ بوون، دڵنیام ئەو تاوانەش بەشێکى لەئەستۆى سەلاحەدین دایە.
ئەوەندەى تێبینیمان کردوە، یەکگرتوو هیچ کات و ساتێک خاوەنى بەرنامە و سیاسەتى دروست و روونى خۆى نەبووە، هەمیشە پاشکۆ و پەراوێزخراوى دەسەڵات بووە. زۆر شەرمنانەو ترسنۆکانە مامەڵەى کردووە. چیان لێ خواستبێت ئەوەى ئەنجامداوە. ئێستاش کە بڕِیارى کشانەوەى لەحکومەت داوە. و لایەنگرانى بە بڕیارێکى ئازا و بوێرى دەزانن من گاڵتەو پێکەنیم پێ دێت. لەبەر ئەوەى

یەکەم: کورد واتەنى ئەوەى بەبێوەژنى ئەیکرد بەکچى بتکردایە. ئەوە دەبینین ئێستا وا حکومەت بەرەو کۆتایى و تەواوبونى ماوەى دەسەڵاتى دەڕوات و، هەمووى یەک دومانگى ماوە. وازهێنان یان نەهێنان چ کاریگەریى دەبێت لەسەر حکومەت؟ تا چەند خزمەتى پرس و رەوشەکە دەکات؟ بێگومان هیچ. لەبەر ئەوەى یەکگرتوو هەرلەسەرەتاوە هیچ سەنگ قورسایى و پێگەیەکى وا هەستیاروکاریگەریان نەبووە،تا بڵێین بەکشانەویان بۆشایى دروست دەبێت. حکومەت پەکى دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت. باخۆمان هەڵە نەکەین بمانەوێت یان نا حکومەت حکومەتى پارتى یە. وازهێنان و کشانەوە لاى زۆر ئاسایى یە و هیچ دەربەست نایات. لەبەر ئەوەى سبەینێ بە یەک بڕیار هەموو پۆستەکانى ئەوان پڕدەکاتەوە، تۆ ببینە وا ساڵێکە پشتیوان سادق دوو وەزارەت دەبات بەڕێوە. وەک بڵێى لەم وڵاتەدا لەناو حزبەکاندا کەسێکى لەو شیاوترى تیانەبێت تا ئێستاش هەر ئەو وەزیرى ئەوقافە. بێجگە لەوەش تەواوى وەزیرەکانى گۆڕان لەحکومەت دەرکران، کەپارتى ئیزنى دان، سەرۆکى پەرلەمانى لابرد ورێگەى نەدا بێتەوە هەولێر. پارتى بەتەنها بێ هیچ پرس و راوێژێک ئەو کارەى کرد وبۆ خۆى کوێخاو گەورە بڕیاردەربوو. ئایا هیچ لەمەسەلەکە گۆڕدرا؟ تا چەند ئیش وکارەکان پەکیان کەوت؟ کەدڵنیام بۆ یەکگرتوو، وە تەواوى لایەنەکانى دیکەش ئەو شتە راستە. ئەى بۆ ئەوکاتە هەڵوێستتان نەبوو؟ بۆ هیچتان نەکرد؟وەک ئەرکێکى ئەخلاقى و کوردانە، دەنگتان بهاتایە؟
دووەم:یەکگرتووکە تازەبەتازە بیرى کەوتۆتەوە و عەقڵى پێى شکاوە کە حکومەت هەنگاو نانێت بۆچاکسازى بۆیە بڕیارى کشانەوەى داوە. مەسەلەکە ئەوە نى یە و نەیکاتە منەت و هەڵوێست فرۆشتن پێمان. راستییەکەى ئەوەیە کە یەکگرتوو بەهۆى هەڵە وسیاسەتى تەم ومژاوى خۆیەوە تەنگەتاو بووە، ترسى لەئایندەى خۆى هەیە کە ساڵانێکە بۆتە غولام و پێڕى ئەشمابیلاى دەسەڵات، ئەمەش تەواوى لایەنگران و دۆستانى نیگەران و پەست کردوە. کە حیزبێک قورئان و شەریعەتى دیسلام پەیڕەوى بێت، کەچى بۆخاترى چەند کورسى و پۆستێک سازش دەکات. ئامادەشە بۆ زیاتر شەرعیەت دان بەحکومەت و دەسەڵات، تەفسیر و تەئویلى قورئان و حەدیس یش لەبەرژەوەندى ئەوان دەستکارى بکات. کەئەو رەفتارەشى بۆى بۆتە مۆتەکەو بارێکى گران، سەرو دڵیانى گرتووە. کەبەم گەڵ و گیپاڵ و شەق و شڕییەوەناتوانێت تاسەر لەو گۆمە لیخنەدا مەلە بکات. بەدڵنیایشەوە لەسەر ئەوکارانەشى درەنگ یان زوو باجى خۆى دەدات. بەتایبەت بۆ ئێستا کە وادەى هەڵبژاردن نزیکبۆتەوە. ئەخوازێت بەو سێ مانگەى کەماوێتى بۆ ئەو پرۆسەیە. بەم هەڵوێستەو هەنێک رەفتارى دیکەى وەک (نوێژە بارانە و مەولود خوێندنەوە ) و هەنێک شتى دیکە. ئەو کارانەى لەبیر خەڵک بەرێتەوە. کەدڵنیاشم جگە لە هۆشمەند و خاوەن هزرەکان، کەس نى یە رابردوى لەبیر بچێتەوە. مەگەر کەسانێک هێندە ساویلکە و خۆش باوەڕبن کە کارى شەرم ئامێز و ناڕەواى یەکگرتوو لەبیر بکات. بڵێت ئیدى ئەوە بەخۆیدا هاتۆتەوە و تۆببەى یەکجارى کردووە.جارێکى دیکە دەستى ناچێتەوە بەزاخا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت