ئیبراهیم عەباس: بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە بەڵێنەکانی بارزانی هەیە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوا دیمانەیدا بۆ ماڵپەری فۆرین پۆلیسی ئەمریکیدا مەسعود بازرانی رایگەیاندووە: کە دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، ئەگەرچی ئەم لێدوانە زیاتر پەیامە بۆ ئەمریکا و خۆرئاوا، چونکە خۆسەپێنی بارزانی بەکورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ناوبانگی کوردی لکەدارکردووە، بەڵام شیکارییەکمان پێویستە بۆ ئەوی بزانین بەراست بارزانی ئامادیە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستبەرداری کورسییەکەی دەبێت؟.
گەڕانەوە بۆ مێژووی شۆڕشی ئەیلول بەسە کە بزانین بارزانی چۆن پێگەی لە ناو پارتی پەیداکرد؟ ئاخر چونکە کورەکانی تری بارزانی بێ دایک بوون و مەسعود بارزانی خاوەنی دایکێکی وەکو حەمایل خان بوو، کە کچە ئاغایەکی زێباری لێزان بوو بۆ منداڵەکانی، توانی نەک مەسعود بارزانی بەسەر بارەگای بارزانی بسەپێنێت، بەڵکو کورە نازدارەکەی خۆی کردە سەرۆکی پارتی لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ئیدریس بارزانی بوون.
کاتێک بارزانی لە 1979 و لەگەڵ وەفاتی مەلا مستەفا بووە سەرۆکی پارتی، کێشەیەکی قوڵ کەوتە نێوان ماڵی بارزانی، کە ئەوکات تەنها ئیدریس و مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانەکە بوون، چونکە عوبەیدوڵڵاو لوقمان و خانەوادەکانیان پشتان لە شۆڕش و کورد کردبوو، بەهۆی گرنگی دانی مەلا مستەفا بە ئیدریس و مەسعود بارزانی، ئەو کوڕانەی مەلا مستەفا خزمەتی بەعس و سەدامیان پێ لە پارتی و باوکیان باشتر بوو.
رەنگە ئەم قۆناغە بەیەکەم ویستگەی مەسعود بارزانی بۆ کورسی دەسەلات بناسرێت، کە سەرئەنجام لەسەر ئەو پۆستە خیلافەکەیان لەگەڵ ئیدریسی برای گەیشتە گیان سپاردنی ئیدریس بارزانی لە رووداوێکی تەمومژاویدا! کە هێشتا دیار نییە چۆن لە پڕ زستانی 1987 گیانی سپارد.
ناچینە سەر ئەو قۆناغانەی لەسایەی بارزانی و مانەوەی خۆی و بنەماڵەکەی، چۆن پابەندنی هەموو فەرمانێکی حەمە رەزا شابوون، باسی ئەوەش ناکەین کە چۆن ساڵی 1981 لە سیناریۆیەکدا تەرمی باوکی خۆیان لە گۆرهێنایەوە دەرەوە و بەم هۆیەوە بۆ مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەناو برد. باسی رووداوەکانی 1991 و 1996 یش ناکەین کە چۆن بۆ مانەوەیان چۆن تەسلیمی بەعس و سەدام بوون، لەوەش هەر بگەرێ لە 1992ەوە تا ئێستا لە بیست شوێنی کوردستان بارەگەو بنەی سەربازیان بۆ تورکەکان دانەوە. بەڵکو تەنها دەگەڕێنەوە بۆ رووداوەکانی ئابی 2014 کە مەبەستەکە کورسییەکەی بارزانی بوو، کەسەر ئەنجام ئێزیدییەکان تەفروتونا بوون.
لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی ئەو وادە دوو ساڵییەی بۆ بارزانی لەپەرلەمانی کوردستان درێژکرابووە، کاتێک مەترسی جێهێشتنی کورسییەکەی خۆی کرد، بارزانی شەنگال و ئێزدییەکانی جێهێشت، ئەگەرچی ئەو رووداوە هۆکاری تر وەک دەنگنەدانی ئێزیدییەکان بە کاندیدەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی 2013 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لەپشت بوو، هەروەک هۆکاری تریش هەبوون کە مەترسی ئەوە لە ئارادابوو، یەکێتی لەناوچەکە بەهێزبێت، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکە مانەوەی بارزانی بوو، تا بە دونیا بڵێت، گەر ئەو لە کورسییەکەی نەبێت، هەموو کوردستان دەکەوێتەوە دەست داعش و ژیان و کەرامەتی کەس پارێزراونابێت!.
ئەو ریفراندۆمەی بارزانی بەنیازە ئەنجامی بدات، هەمان یاری مانەوەیەتی لە کورسییەکەی و گەر وا نەکات بارزانی دەتوانێت، چۆن و بەچ ناوێک مانەوەی لە کورسییەکی مسۆگەر بکات؟ با گریمانە بکەین دوای ئەنجامی ریفراندۆم، بارزانی دەوڵەتێکی لەرزۆکی تەنها لە هەولێر دهۆک، بێ پشتیوانی تەواوەتی سلێمانی و کەرکوک راگەیاند، ئایا وەفاداری بەڵێنەکەی دەبیت یان چ شێوازێک دەبینێتەوە بۆ نووسینەوەی دەستوور تا مافی خۆ هەڵبژاردن بۆخۆی دەستەبەر بکاتەوە.
لەوەتەی بارزانی، مام جەلال و یەکێتییەکەی جارانی لەدەستداوە، زیاد لە سێ جار داوای کردووە کێ دەچێتە جێگاکەی بابچێت؟ بەڵام ئەوانە تەنها قسەی بێ کرداربوون و بەراستیش سەلمێنرا، کەوابێت، ئایا ج گرنتییەک هەیە، هاوشێوەی جارەکانی پێشوو، بەڵێنی ئەم جارەش بێ کردار نابێت؟ پرسیارێکیش کە هەقە پرسیاری هەموومان بێت، ئەوەیە گەر کەسێک بەو شێوازە دەستەبەری دەسەڵات و کورسی لەناو بنەماڵەکەی خۆی و هەرێمی کوردستان کردبێت، دەتوانێت، وەفاداری بەلینەکەی بێت؟ و واز لەکورسی بهێنێت؟ با چاوەروانی زەمەن و رۆژگار بکەین، کە زۆر دوورنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت