بەیان ئیبراهیم: هاندانی ژنان لە هەڵبژاردن نەک پاشە کشێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم پرسیارە زۆر ڕەهەندی قوڵ و قورس لە خۆی دەگرێت، پرسیارێکی گشتگیر و پرسێکی هەنوکەی و بگرە لە پرسەوە بوەتە حاڵەت، نابێت بەس تایتڵ یان ڕوکەشیانە بیخوێنینەوە، نابێت خلیسکێن بەسەر دیوی دەرەوەیدا بکەین. بەڵکو دەبێت هەڵکۆڵینی لەسەر بکرێت و بچێنە قوڵاییەوە، کە دەکرێت بۆ چەند ستێپ و لیڤڵێک دابەشی بکەین، بەم شێوەیە.

‏ژن و ڕۆڵ
بە درێژایی مێژوو بیرمەندان گرفتی سەرەکیان ڕۆڵ بوە، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، ڕۆڵ بە پێی چی دیاری دەکرێت، کەواتە دەبێت نوسراوێک هەبێت کە بتوانێت ڕۆڵ دابەش بکات و جۆرێک لە دادوەری تێدا بێت، ئەمەش برتیە لە یاساکان، کەواتە یاسایەک هەیە بە پێی ماددە ڕۆل دیاری دەکات، یان عورفێک و نەرێتێک هەیە لەودیو یاساوە ڕۆڵ دیاری دەکات، بەهەردو دیوەکەدا دەبێت هەر کەسە و ڕۆڵێکی خۆی هەبێت، لەم نێوەندەدا ژن دەبێت ڕۆڵی چی بێت و چۆن بتوانێت هەمو لایەنە گشتیەکانی پەیوەندی خۆی بە چواردەوریەوە بخۆێنێتەوە تا ئەو ڕۆڵە ببینێت کە پێوستی ژیانیەتی، ئێستە لە باشور و لە سایەی ژینگەیەکی پەروەردەیی و سیاسی و ئابوری خێڵەکیانە نەتوانراوە ئەم زەمینەیە خۆش بکرێت تا ژن ئەو ڕۆڵە ببینێت و جۆرێک لە هاندان هەبێت تا ژن بەرێتە ئەو شوێنەی کە دەبێت وجودی هەبێت و ڕۆڵی کارئەکتەری خۆی ببینێت، خۆ ئێمە پەرلەمانمان هەبو یاسای دەردەکرد، هەتا گەشتە ئەوەی دەستکاری یاسای باری کەسێتی بکات، بەڵام حوکمی دووەم کە عورفە یان بڵێین نەریتە نەیدەهێشت ژن ڕۆڵی خۆی ببینێت، بگرە بە پێچەوانەوە ژنان زیاتر توشی توندو تیژی دەبونەوە، وە ژن خۆشی نەیتوانیوە لە پاشکۆیەتی حیزبی پیاوانە دەربچێت و ببێت بە خۆی، هەمو ڕێکخراوە ژنانیەکان پاشکۆیەکی کارتۆنی حیزبەکانن و حیزەکانیش حیزبی نێرینە و پیاون و خاڵین لە بونی ژن بە پێی پێویست.

ژن و هەڵبژاردن
ئەگەر هەڵبژاردن بە پێی بنەماکانی دیموکراسی بە پێی پێوەری ڕائیدی بیری دیموکراسی و لیبراڵی سیاسی ( جۆن لۆک ) مافی هەر تاکێکی دیاری کرد بێت، ئەوا هەر تاکێک کە نەیتوانی بچێتە ناو ململانێکان و هەڵبژاردنەکانەوە دەبێتە کائینێکی بێ ڕۆڵ و بگرە ناودەبرێت بە بێ هێز، مرۆڤی بەهێز( بە مانای هێزی بازو نا ) ئەوانەن کە دەتوانن لە ناو مل ملانێکاندا بن، کە دەکرێت ئەم ململانێیانە گشتگیرتر بکەینەوە بۆ ناو یەکەی خێزان و سیاسەت و ئابوری دواجار ئۆگستکۆنیانە ئەوە ملاملانێ یە هێزی جوڵە و بزاوت دەدات بە کۆمەڵگا، کەواتە دەبێت ژن لە کویای ئەم هاوكێشە و ململانێیەدانەدا بێت، لە دۆسیەی هەڵبژاردندا ئەوە کوفرێکی گەورەیە کە تۆ بێیت و وەک جێندەر و فمێنیست مخاتەبەی کۆی گەمەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بکەی، بە داخەوە ئەم دۆسیەیە خراپ نقڵ کراوە بۆ لای ئێمە، بۆیە ژنان دەبێت وەک مرۆڤ و بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردن بکات نەک مەسەلەیەکی ڕوتی وەک جێندەر و فمێنیست، بەڵام بۆ باشور نەک هەر ژن وەک جیاوازی جێندەری کێشەمان هەیە بگرە کۆی بەشەری ئێمە کێشەی هەیە لەگەڵ کۆی سیستەمەکدا، کە نەک هەر بە نوسراو سەرۆکایەتیە و دەستەڵاتی موتڵەق دەدرێت بە کەسێک، بگرە یاساش بەرگی خێلەکی بەبەردا کراوە و زیاتر نەریتی خێڵ حکوم دەکات، بۆیە بێ جیاوازی بەشەری ئێمە ئەم شەڕە هاتوەتە بەردەرگای ماڵی دەبێت پیاو ژن بیکەن، پرسیارەکە دیوی دوەمی نوقسانە، گریمان ژن هاندرا وە چوە پڕۆسەی ململانێ ی هەڵبژاردنەوە و وە حاشای لە پاشەکشێ کرد و پاشەکشێ ی لە ئەرشیفی خۆی دەرهێنا، بەڵام ئایا ئامانجەکە چی یە، خۆ مەرج نیە تۆ ژن لەوەدا ببینیت کە نابێت پاشەکشێ بکات و دەبێت ڕۆڵ ببینێت، ئامانجەکە کە بەیسکە و دەبێت پێش هەمو شتێ ئەمە مناقەشە بکرێت.

‏ژن و هاندان
ئەم دەستەواژەیە ڕەهەندی قوڵتری هەیە، کە دەکرێت بچینە سەر پلێت، ئەویش دۆسیەی پەروەردەیە، کە پەروەردە غایب بو هاندان سفر دەبێتەوە، مادام ئێمە کێشەیەکمان هەیە ناوی کێشەی خێلگەرایە و تاکی کوردی کۆیلە کردوە و لە ناو ئەم دۆسیەیەدا فایلێک هەیە ناوی کێشەی ژنە و پێویستی بە هاندان هەیە، کەواتە دەبێت دەست بخەینە سەر مەسەلەی پەروەردە بە مانا گشتیەکەی نەک پرۆسەی خوێندن، کە دەوترێت پەروەردە و فێرکردن بۆچی ئەم ناوە نراوە، کەواتە با بپرسین ئەمە لە ئاستی کرداریدا گەیشتوەتە کوێ.؟ وە گەێشتوتە کوێی هێڵی کێرڤی و ئەم مەسەلەیە لە چی ئاستێکدایە، کە بە بۆچونی من هەمو شتەکان زۆر پیاوانەیە و ژن غائیبە لەم پرۆسەیەدا، خۆ ئەگەر ژن وەک یەکەم کائینی پەروەردە سەیر بکرێت لەسەر ئاستی خێزان و دایکایەتی ئەوا بۆ خۆی پەروەردە و فێرکردن تەواو سفرە لەسەردەستی ئەم کائینەدا کە ناو نراوە ژن، کەواتە كێشەیەك ھەیە لە ژندا دەبێت تە سنیعی بۆ بکەین و هاندانی لە قوڕ بۆ دروست بکەین یان لە کارتۆن شتێکی بۆ دروست بکەین، ئەی بۆ نەڵێین ژن مادام پەروەردە و فێرکردن لە دەستی خۆیدایە بە حوکمی دایکایەتی و مەلیکەی خێزان کە یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگایە بۆ لەسەر ئاستەکان ڕۆڵی نی یە، ئەمە بە پلەی یەکەم ژن خۆی لێ ی بەرپرسە و هەر خۆشی لە یەکەی پێکهاتەی خێزانەوە جارێکی تر ڕۆڵ دابەش دەکات، ڕۆڵ دەدات بە نێرینەکانی ماڵەوە و مێینەکان دەکات بە پاشکۆ، تۆ لە ماڵی خۆتان و دایکتەوە سەیر بکە من هەروەها، کەواتە کاتێک دەڵێن با هانیان بدەین بەو واتایە دێت کە بەشەرێک خۆی نیە و دەبێت هاندانی لە کارتۆن بۆ دروست بکەین، کە ئەمە دواجار جگە لە کوفرێک و ماکیاجێک ناکاتە هیچی تر، بۆیە دەکرێت پرسیارەکە بگۆڕین بڵێین بۆ ژنان ناتوانن ڕێکخراوێکی ژنان دروست بکەن و لەو ڕێکخراوە ژنانیانە بێنە دەر کە پاشکۆی حیزبی پیاوانن و خۆیان ببن بە خۆیان وەک کانت دەڵێ ( من بیر دەکەوە کەواتە هەم )، وە دەبێت گەورەتر بیر بکەنەوە، دروستکردنی ڕێکخراوێک تەنها کورت نەکرێتەوە لە مەسەلەی جێندەردا، بەڵکو هەمو ئاستەکان بگرێتەوە، واتا ئەگەر کێشەیەکی ژینگەیی یان ئابوری و یان سیاسی ببێت، ڕۆڵیان هەبێت وەک بەشەرێکی ئەم کۆمەڵگایە، کە مایەی ئەسەفێکی قوڵە ژنانی ناو ڕێکخراوەکان نەک نەیان توانیوە لە پرسە گشتیەکاندا وجودیان هەبێت بگرە دۆسیەی ژنانیشیان لە چوارچێوەی مەسەلەی جێندەردا تەواو کارتۆنی کردوەتەوە، دوا جار دەبو کارگەی بەرهەم هێنانی هاندان بۆ کۆی کۆمەڵگا ژن بوایە وەک مانیجەری خێزان، بەداخەوە ژنان ناتوانن لە چوار چێوەی پرۆسەیەکی وا گەورەدا کۆ ببنەوە، ئەمەش گەورەترین کێشەیە کە ڕێخراوەکانی ژنان نەک ناتوانن کێشەی ژنان چارەسەر بکەن دوا جار وەک ئەو ئەنتی ڤایرۆسە وان کە خۆیان دەبنەوە بە ڤایرۆش بۆ کێشەی ژنان.

‏ژن و پاشەکشێ
کێشەکە لەودایە ئەم وشەیە (پاشەکشێ) زۆر کۆمیدیانە دەردەکەوێت، زیاتر لە دو ئاست بەکار دێت، سەربازی و ژنان، چونکە ئێمە لەم باشورە خێڵەکیە، هەر شکاوین و پاشەکشێمان کردوە، لە ڕوی سایکۆلۆژیەوە لەم وشەیە دەترسین، کە ئەمە بەڕای من هێندەی کێشەیەکی زمانەوانیە هێندە کێشەیەکی ژنانە نیە، خۆ ئەگەر وەک ناوەرۆکیش سەیری بکەین ئەوا کورد لەم باشورەی خۆماندا لەسەر هەمو ئاستەکان لە پاشەکشەدایە نەک تەنها ژنان و پێیان بڵێن نابێت پاشەکشە بکەین، دوا جار هەموی بەستراوە بە پەروەردە و فێرکردنەوە، تۆ بڕاونە بزانە کورد لە ڕۆژئاوا چی دەکات لەسەر هەمو ئاستەکاندا، خۆ ئەگەر ژن لەم نێوەندەدا وەر بگرین ئەوا یەپەژە توانی ژن بەرێتە شوێنێک کە بە درێژایی میژوو نەبوە دەبێت مێژووی بەشەریەت شانازی پێوە بکات، پەروەردە و فێرکردن دەتوانێت زۆر کاری گەورە بکات، بەداخەوە لای ئێمە ئەم پەروەدە و فێرکردنە ئیفلج بوە تا ڕادەی کەوتن، لە کۆتایدا نەک هەر دەبێت ژن بەشداری بکات لە هەڵبژاردن بەڵکو دەبێت لە سەر ئاستی گشتی لە کوێ ی کایەکاندا وجودێکی کارای هەبێت، من بۆ خۆم چی وەک دایک چی وەک نوسەر چی وەک شاعیر کارم لەسەر کردوە، بەڵام دوا جار ئەم توانایانە گەر نچێتە ناو چوارچێوەی ڕێکخراوێکی هەقیقیەوە دور لە تەعەسوبی جێندەری و سفرکردنەوەی تەواوی بەرامبەر هیچ کاریگەرێکی ئەوتۆی نابێت، هەر کات توانرا ڕێکخراوێکی ژنانی سەربەخۆ نەک کارتۆنی دوست بکرێت، ئەوا دەتوانرێت زۆر کاری گەورە ئەنجام بدرێت، چونکە وەک وتمان ژن لە بونیادی پەروەردە و فێرکردندایە، دوا قسەم ( ژن و هەڵبژاردن و ژن و هاندان، ژن و ڕۆڵ، ژن و پاشەکشە ) ئەمانە کۆمەڵێک دەستەواژەن دەکرێت وەک ڕیسێرچێکی زانستی قسەی لەسەر بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت