ئیسماعیل تەنیا: ڕۆستەم باجەلان و پڕۆژەی ئەدەبی منداڵان و هەندێک شتی تر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مانگی حوزەیرانی ساڵی 1982، چوار ساڵ بەسەر شیعر نووسینم تێپەڕیبوو. چەند شیعرو بابەتێکیشم، بڵاوکردبۆوە. ئەو کات، مانگ نەبوو، چەند کتێب و نامیلکەیەکی کوردی تێدا بڵاو نەکرێتەوە، بە تایبەتیش شیعر. شیعرەکانی خۆم لە دەفتەرێکدا، نووسیبۆوە. لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی، بە تایبەتیش لە پۆلی دووەم و سێیەم، هاوڕێی هەرە نزیکم (دلێر ئیسماعیل ڕەزا) بوو. ناوبراو، کوڕە خەزوری (مەدحەت بێخەو)ی شاعیر بوو. پێشنیاری کرد کە شیعرەکانم بە (مەدحەت)ی زاوای پیشان بدەم. هاوینی ساڵی 1981، ئێوارەیەک لەگەڵ دلێر، چووینە ماڵیان لە گەڕەکی ڕووناکی. لە باخچەکەی دانیشتین، هەندێک لە شیعرەکانمی خوێندەوە، بەشێکی کەمی بە دڵ بوو… ڕێنوێنی زۆری کردم، هانیدام زێتر شیعر بخوێنمەوە. هەروەها لەم سەردەمە سەخت و دژوارەدا، گەلێک باسی کورد بوون و کوردایەتی، بۆ کردین. ئەوەشی پرسی:
– کۆمەڵە شیعرەکانی منت خوێندۆتەوە؟
– نەخێر، لەبەر ئەوەی لە بازاڕدا دەست ناکەون.
دوای دوو هەفتە، دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکراوەی خۆی، (ڕابەری ژیان- 1968)، (ورشەی ئاوات- 1973)، بە دلێردا، بۆ ناردم. دیار بوو لە کتێبخانەی (ئامادەیی ڕزگاری کوڕان)، خواستبوونی، چونکە مۆری ئەوێی بەسەرەوە بوو. دوای خوێندنەوەیان، بەهەمان ڕێگا، کتێبەکانم ناردنەوە. ئەوەندەی نەبرد، دلێر بە ماڵەوە چوونە بەغدا. چەند ساڵیک دوای ئەمەش، لە ڕێگای نامەوە، پەیوەندیمان هەر هەبوو… ماوەیەک بێدەنگ بوو، پاش سۆراغ کردن، بۆم دەرکەوت کە سەفەری (لەندەن)ی کردووە. زۆر پێش مەدحەت بێخەو، پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا (عەزیزی مەلای ڕەش)، هەبوو. ئەو، دوو نامیلکەی بۆ منداڵان، بڵاوکردبۆوە، (پشیلۆکە، شیعر، چاپخانەی کاکەی فەلاح،سلێمانی، 1979 ،40 لاپەڕە)، (قولەمەیتەر، چیڕۆک، چاپخانەی ڕاپەڕین، سلێمانی، 1980 ، 30، لاپەڕە). شازدە پارچە شیعری خۆم هەڵبژاردو لە دەفتەرێکی شەست لاپەڕەیی هێلداری قەبارە (ئەی پێنج)، نووسییەوە. کەوتمە خولیای چاپکردنیان. لەبەر ئەوەی مامۆستا عەزیز ئەزموونی کتێب چاپکردنی هەبوو، ڕێو شوێنی چاپکردنم، لێپرسی. ناوبراو گوتی:
– دەبێت شیعرەکان، بە دەست خەتێکی درشتی خۆش و ڕوون، بنووسییەوە. بینێریە بەغدا بۆ دائیرەی (ڕیقابەی گشتی)، تاوەکو ئەوان شیعرەکان بدەنە پسپۆڕ (خەبیر)ێک، لەوێ مۆڵەتی چاپکردنی پێبدەن. وا باشتریشە، شیعرەکان بە قەڵەم ڕەنگ، کەرت (تەقتیع) بکەی، چونکە گەر مۆڵەتی چاپکردنت وەرگرت و بۆ چاپخانە ناردتە بەغدا، کارمەندانی چاپخانە عەرەبن و کوردی نازانن… دەبێت وشەکان بە قەڵەمی سوور لەیەکتر، جودا بکرێنەوە، تاوەکو دوو وشە تێکەڵ بە یەکتر نەکرێن. ئەوکات، دەبوو وا بکرێت، بەم پرۆسەیە دەگوترا: (تەقتیع). پرسیم: من ناچمە بەغدا، چۆن بینێرم؟
– ڕۆستەم باجەلان (ڕۆستەم سەلام محەمەد ئەمین)، زوو زوو دەچێتە بەغدا، بەویدا بینێرە… ماڵیشیان لە بەرامبەر مزگەوتی (ئازادی)یە، سەلامی منیشی پێبگەیەنە.
هەفتەیەک دواتر، لەگەڵ (نەجات هەمزە حوسێن)ی هاوڕێم، دەستنووسەکە (پەردەی شەرم)م، هەڵگرت و کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی، بە سۆراغ کردن، ماڵی (ڕۆستەم)مان دۆزیەوە. لە دەرگاماندا، دەرگای کردەوە، خۆمم پێناساند. هەر خەواڵوو بوو، دیار بوو تازە لەخەو هەستابوو. ناوبراو، یەک دوو مانگ دەبوو کۆمەڵە شیعری: ( لەپێناوی تۆدا دەژیم)ی، چاپ و بڵاوکردبۆوە. لەمەوبەریش، ( ژان و دڵداری- 1977)، (شاعیرێکی تینوو لە پەڕاوی بیرەوەریدا- 1978)، (سۆلین، شیعری منداڵان- 1980)، (دەریا- 1981)ی، بڵاوکردبۆوە. ئەوانەم خوێندبۆوە، لە دوورەوە، بە ناو، دەمناسی…. بە خەندەو ڕویەکی خۆشەوە، وەک ئەوەی لەمێژ بێت من بناسی، پێشوازی لێکردم. سەربردەی گیرانی خۆی لەلایەن دائیرەی ئەمنی هەولێرەوە، بۆ گێڕاینەوە… ئەو ڕۆژە، یەک دوو ڕۆژ دەبوو، ئازاد کرابوو.
ڕۆستەم، شەو لە یەکێک لە یانەکانی (مامۆستایان)، یان (ئازادی)، دوای خواردنەوەو مەست بوون و، گەڕانەوە بۆ دونیای لێوانێو لە ئازادی، هەقیقەت دەدۆزێتەوە، هیچ بەربەست و سانسۆرێک لەبەردەم خەیاڵ و ئازادی دەربڕین، نابینێت…. لەم دونیا ئازادەوە، لەناو حەشاماتی خەڵکەوە، ئەوەی لە هزرو دەروونیدا هەیە، دێتە سەر زمانی و، نایانگێڕێتەوە… ئەوەندە جوێن بە ڕژێم و دارو دەستەکانی دەدات، تا سفت و سۆی دڵی خۆی دادەمرکێنێت. مەفرەزەیەکی دائیرەی ئەمن دێن و، دەستگیری دەکەن. پاش دوو سێ ڕۆژ زیندانی کردن لە دائیرەی ئەمن، بۆیان دەردەکەوێت ئەو کاتە خەیاڵ بووە، ئازادی دەکەن. ئەوەی من بیزانم، ناوبراو لەم کاتە سەختانەدا، هەڵوێستێکی تریشی هەبوو، حەز دەکەم هەر لێرەدا باسی بکەم: لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری بەیان، لەسەروبەندی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی (تازە دامەزراو)، بۆ سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (ڕۆستەم)، شیعرێکی بۆ ئەم گۆڤارە ناردبوو. دیار بوو شیعرەکە نیشتیمانی و کەوتبووە خانەی شیعری بەرگرییەوە. سەرپەرشتکارانی ئەوکاتی گۆڤاری (بەیان)، بێ گەڕانەوە بۆ شاعیرو، ڕوخسەت لێوەرگرتنی، لەژێر ناوونیشانی شیعرەکەدا، نووسیبوویان: ( پێشکەشە بە شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران). ئەم پێشکەش کردنە هەرچەندە خەوش نەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی لێکدانەوەی جیاوازو هەڵەی بۆ نەکرێت و شاعیر بە پاڵپشتیکاری ئەوکاتی سیاسەتەکانی ڕژێم لێک نەدرێتەوە، رۆستەم بێبەری خۆی لەم پێشکەش کردنە ڕاگەیاندو، گەر هەڵە نەبم، ڕوونکردنەوەیەکی لە گۆڤاری ( نووسەری کورد)، بڵاوکردەوە.
دەستنووسی ( پەردەی شەرم )ی لێوەرگرتم و بردییە بەغداو تەسلیمی (لیژنەی ڕیقابەی گشتی)، لە بەغدا، کردبوو. لە کۆتایی ئەیلولی 1982، لەگەڵ ( نەجات هەمزە)، بە کاروباری دامەزراندن، چووینە بەغدا. سۆراغی دەستنووسەکەشم کرد. تەنها یەک شیعریان سانسۆر کردبوو، مۆڵەتی چاپکردنیان دابوو. دەستنووسەکەم وەرگرتەوە، ناردمە چاپخانەی ڕاپەڕین، لە سلێمانی. ئەوکات، (ئەبوبەکر عەلی ئەحمەد)ی خزمم، لە شاری سلێمانی سەرباز بوو، ئەو سەرپەرشتی و سۆراغی چاپکردنی دەکرد… بۆ وێنەی بەرگەکەش، هاوڕێی خوێندنم، هونەرمەندی شێوەکار، مامۆستا (جەوهەر عومەر محەمەد)، وێنەیەکی جوانی کێشاو، دیزاینی بەرگەکەی کرد. لەدوا جاردا، بەرگەکەی ئەو، چاپ نەکرا… نامیلکەکە لە دوا قۆناغی تەواو بووندا بوو، کارمەندانی چاپخانەی ڕاپەڕین گوتبوویان: دەبێت بەرگەکە بنێرینە یەکێک لە چاپخانەکانی بەغدا، چونکە پێویستی بە (زەنگۆغراف) هەیە کە ئێمە نیمانە.ئەگەر ڕازین، ئێمە بەرگێکی خاکەڕایی بۆ دەکەین و زوو تەواو دەبێت… منیش پەلەی چاپکردنم بوو، بە پێشنیارەکەی ئەوان ڕازی بووم… بە هیمەتی هەموو لایەک: ( عەزیزی مەلای ڕەش، ڕۆستەم باجەلان، ئەبوبەکر عەلی ئەحمەد)، (پەردەی شەرم)، وەک نۆبەرە چاپکراوم، بە تیراژی دوو هەزار دانە، لە دووتوێی کتێبۆلکەیەکی (32) لاپەڕەی قەبارە زەنگیانە کتێب (ئەی شەش)، لە مانگی کانوونی یەکەمی 1982، لە چاپخانە دەرچوو و کەوتە بازاڕەوە. بە بڵاوکردنەوەی، زۆر دڵخۆش و کەیفساز بووم. دوای ماوەیەکی زۆر، (غازی حەسەن)، بابەتێکی بە ناوونیشانی: ( با ڕازی پەردەی شەرم بپشکنین!!)، لەسەر نووسی و لە ژمارە (158)ی مانگی ئابی ساڵی 1989ی گۆڤاری (بەیان)دا، بڵاوکردەوە. زێتر لایەنە باشەکانی خستبووە ڕوو. فوئاد سەدیق ( فوئاد خۆگر)ی ئەوسا، ئەویش شتێکی لەسەر نووسیبوو، بەڵام ئەوەی ئەو، زۆرتر لایەنە نێگەتیفەکانی دەستنیشان کردبوو. پێش ئەوەی بۆ گۆڤاری (بەیان)ی بنێرێت، لە دوکانی (جەعفەر هاشم خەیات)، کە ئەوکات شوێنی بەیەک گەیشتنی دۆست و ڕێکخستنەکانی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان) بوو، بۆی خوێندمەوە. بەڕاستی سەرنج و بۆچوونی جوان و دروستی، دەربڕیبوو. بابەتەکەی نارد، بەڵام بەداخەوە، بڵاونەکرایەوە.
دوای ئەوە، ڕۆستەم بووە یەکێک لە هاوڕێکانم. جارێکیان لە گازینۆی (مەچکۆ)، دانیشتبووین، پرسی: بە ئەسڵ خەڵکی کوێندەری؟
– خەڵکی گوندی (گۆمەگڕو)ی سەر بە ناحیەی (قوشتەپە)م.
– ئەها… من لە کۆتایی مایسی ساڵی (1969)، (گۆمەگڕو)م بینیوە… ئەوکات، من کادیرێکی باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی)، بووم. بیرت دێت، (چاڵاک)ی هاوڕێمان ، نیوەڕۆکەی تفەنگی بردو، پەیوەندی بە پێشمەرگەو پارتییەوە، کرد؟
(ڕۆستەم)، هەرچەندە تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچوو، بەڵام هێشتا ژیانی هاوسەرگیری پێکەوە نەنابوو. تەواو خۆی بۆ شیعرو ئەدەب و فەنتازیا، تەرخان کردبوو. لەپاڵ ئەوەشدا، مامۆستا بوو و شیعری منداڵانیشی دەنووسی. کۆنتاکی ڕۆژانەی لەگەڵ منداڵاندا، هەبوو. ناوە ناوە کۆڕی بۆ منداڵە بەهرەمەندەکان، سازدەکرد. هانیدەدان کتێب بخوێننەوەو شیعر بنووسن. کتێبی منداڵانی بەسەردا دابەش دەکردن. هەوڵیدەدا لە دونیای خوێندنەوەو ئەدەب، نزیکیان بکاتەوە. فێری چوونە سەر مینبەرو مایکرۆفۆن گرتنە دەست و وتاربێژی و شەرم شکاندنی دەکردن. ئەوکات، لەم بوارەدا، ڕۆستەم باجەلان، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە پەروەردەییە ناوبەدەرانەی هەولێر. یەکێک بوو لە هاندەرو پشتیوانە دیارەکانی منداڵان و نزیککردنەوەیان لە جیهانی خوێندنەوە.
لە کۆتایی ساڵی (1984)، لەبەرئەوەی ئەوکات گۆڤارێکی کوردی تایبەت بە منداڵان نەبوو، پێشنیاری پڕۆژەی (ئەدەبی منداڵان)ی کرد. هەر خۆی داینەمۆی سەرەکی پڕۆژەکە بوو. کۆمەڵێک شیعرو چیڕۆکی منداڵانی کۆکردەوە، بردییە بەغداو مۆڵەتی چاپکردنی لە (ڕیقابەی گشتی)، وەرگرت. بەرگ، یان ژمارە (١)ی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (1985)، بە تیراژی دوو هەزار دانە لە چاپخانەی هەولێر (کوردستان)ی جارانی گیو موکریانی، چاپ و بڵاوکرایەوە. بەشدارانی یەکەم ژمارە بریتی بوون لە: (ڕۆستەم باجەلان، نەجات ڕەفیق حیلمی، پیرباڵ مەحمود، ئیسماعیل تەنیا، سەلاح سەلیم سەیدۆک، خالید شەیدا، فەیسەڵ دێهاتی). ئەم ژمارەیە لەسەر ئەرکی ئەوان چاپکرا. (عەبدولغەنی عەلی یەحیا)، لەیەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی (ألعراق)ی عەرەبی، لاپەڕەی ( ألثقافة ألکردیة)، لەسەری نووسیبوو، ئەو بەشدارانەی بە دامەزرێنەری پڕۆژەکە وەسف کردبوو. دوای ئەویش،( سەعید زەنگەنە)، لە بەرنامەی (ئەدەب و هونەر)، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک، نمایشێکی باشی بۆ کردبوو.
لە نەورۆزی ساڵی (1990)دا، ویستم ژمارە دوو، ئامادە بکەم. بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە نووسەران کرد، بەتایبەتیش ئەوانەی زێتر بۆ منداڵان دەنووسن. دوای ماوەیەکی کەم، نۆزدە بابەتم لەهەموو ناوچەکانی کوردستانەوە، بۆ هات. هەمووم دووبارە بە خەتێکی جوان نووسییەوە، بە (56) لاپەڕەی قەبارە فۆلسکاب، ناردمە (کۆڕی زانیاری عێراق- دەستەی کورد)، بە مەبەستی پیاچوونەوە لەڕووی زمانەوە، کە پێیان دەگوت: (سەلامە لوغەوی). دوای ئەمە، ناردمانە (ریقابەی گشتی). پاش دوو مانگ چاوەڕوانی، لەوێش دەرچوو. (سەعدوڵلا شێخانی )، ئەوکات، پڕۆژەیەکی هەبوو، کتێبی بۆ خەڵکی چاپ دەکرد. نازانم قازانجی دەکرد یان نا؟! دەستنووسی ژمارە دوومان دایە ناوبراو بە نیازی چاپکردن. لەسەر بەرگەکەی نووسیبووم: ئەدەبی منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی ئەدەبییە بۆ منداڵان، بەسەرپەرشتی: ئیسماعیل تەنیا، ژمارە (2)، نیسانی 1990، هەولێر.
ناوەڕۆکی ژمارە دوو بریتیبوون لەم بابەتانە:
– بەردەوام بوون، چیڕۆک، هیوا عەوڵا غەفور، ( بەداخەوە لە کاتی هاتنەوەی ڕژێم بۆ هەولێر لە 31- 3 1991، شەهید بوو… پێشتر لە ڕۆژنامەی هاوکاری چەند شیعرێکی بۆ منداڵان، بڵاوکردبۆوە)، خەڵکی گەڕەکی (کوران)، بوو.
– هونەرو پەپولە ڕەنگینەکە، چیڕۆک، خالید عوسمان تەها.
– سوود وەرگرتن ، چیڕۆک، دایکی ڤیان.
– مەریوان و دار پڕتەقاڵ، چیڕۆک، غازی حەسەن.
– چونا ڕوڤی بۆ حەجێ، چیڕۆک، حەسەن کوخی.
– مام هۆمەر، چیڕۆکی فۆلکلۆری، ئاواز دزەیی.
– گرنگترین کارێک کە دەبێ ئەنجامی بدەیت، چیڕۆک، وەرگێڕان لە فارسی: هیمداد حوسێن.
– مام کەروێشک و مام گورگ، چیڕۆک، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: بەیان محەمەد کەریم.
– بۆق و مار، چیڕۆک، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ئیسماعیل تەنیا.
– هەورۆکەو مناڵ، شیعر، ڕۆستەم باجەلان.
– ئاواتی من، قەڵەم، شیعر، جەزا عەلی ئەمین.
– ساڵی نوێی خوێندن، شیعر، ئیسماعیل تەنیا.
– جەژنی نەورۆز، سمۆرە، شیعر، عەبدوڵا سالح شارباژێڕی.
– چرای زانست، شیعر، نەجم خالید نەجمەدین ( نەجم ئەڵوەنی).
– پێنووس ، شیعر، شۆڕش محەمەد عەلی.
– گوڵە جوان، شیعر، مەحمود خەسرەو کاوانی.
– ڕاوە کەو، شیعر، ساڵح محەمەد کلێسەیی.
– پشیلە زەردە، شیعر، لەتیف عوسمان ئاسۆ.
پێشەکییەکیشم بۆ نووسیبوو، کە ژمارە دوو چاپکرا، سەعدوڵلا شێخانی، بە ئارەزوی خۆی، دەستکاری کردبوو: پێشەکییەکەی لادابوو. ناوی منی وەک سەرپەرشتیار لەسەر بەرگەکەی هەڵگرتبوو. هەندێک بابەتی دەرهێنابوو، لەجیاتی ئەوە هەندێک بابەتی تری دانابوو، کە پەیوەندی بە پڕۆژەکەی ئێمەوە نەبوو، زێتر لێکۆڵینەوە بوون. لەبەر ئەوەی ئەهلی کارەکە نەبوو، بە نەشارەزایی ئەم بابەتانەی دانابوو. دوای تێپەڕبوونی (27) ساڵ بەسەر ئەم پڕۆژەیە، بۆ مێژوو، پێشەکییە لادراوەکە، بڵاو دەکەمەوە:
وتەیەکی پێویست
خوێنەرانی هێژا…
* ئەم کۆمەڵە شیعرو چیڕۆکەی دەیخوێنیتەوە، زادەی بیری چەند نووسەرێکن، هەڵبەتە هەموویان لەیەک ئاستی ڕۆشنبیریدا نین، هەندێکیان دیارن و خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراون. هەشیانە لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا، چەند بەرهەمێکیان بڵاوکردۆتەوە. هەر بەو پێودانگەش، هەموو بابەتەکان، لەیەک ئاستدا نین. هەر نووسەرێکیش بەرپرسیارە لە بابەتەکەی خۆی.
* هەقتانە بپرسن و بڵێن: ئەم پڕۆژەیە چۆن هاتە ئاراوە؟ لەوەڵامی ئێوەدا دەڵێین: لەسەرەتای ساڵی ( 1985)دا، چەند نووسەرێک لەشاری هەولێر پێشنیاریان کرد کە کۆمەڵە شیعرو چیڕۆکێک بۆ منداڵان بەناوی (ئەدەبی منداڵان)، چاپ بکەن. پێشنیارەکە جێبەجێ بوو. یەکەم ژمارە چاپکرا.
* بەشدارانی یەکەم ژمارە، نووسەران: ( ڕۆستەم باجەلان، نەجات ڕەفیق حیلمی، پیرباڵ مەحمود، ئیسماعیل تەنیا، سەلاح سەلیم سەیدۆک، خالید شەیدا، فەیسەڵ دێهاتی)، بە دامەزرێنەری بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە دادەنرێن و کاک ( ڕۆستەم باجەلان)یش ڕۆڵێکی تەواو دیاری هەبوو لە پێشنیار کردن و ئەنجامدانی ئەم کارە هەر لە قۆناغی ئاوڵەمەییەوە تاوەکو کامل بوون.
* ئەم کارەی ئێمە، یەکەم هەوڵی کۆمەکییە، لە بواری (ئەدەبی منداڵان)داو، پێش ئێمە، هیچ کەسێک ئەم کارەی وا بە فراوانی لەڕووی چەندایەتی نووسەرەوە، ئەنجام نەداوە.
* دوو سێ مانگ پاش دەرچوونی ژمارە یەک، گەنجێکی تولاز، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەکە، ویستی ژمارە دوو دەربکات. بۆ ئەم مەبەستە، نووسەران بە دەنگییەوە هاتن و بابەتیان بۆ ئامادە کرد. هەر خۆشم پڕۆژەکەم بۆ نووسییەوەو هەر بەشدارێکیش بەپێی تواناو ویستی چاپخانە، پارەیان کۆکردەوەو دایانە دەست برای نووسەرو ئەو هەقەشیان پێ ڕەوا دیت کە لەسەر بەرگی یەکەمی ژمارەکە وشەی ( بە سەرپەرشتی: …………)، بنووسێت. بەڵام هەوڵەکە پاش دابینکردنی بەشێکی زۆری پێویستییەکانی چاپخانە، لەبار چوو، بە دیداری ئێوەی بەڕێز شاد نەبوو.
* پاش تێپەڕبوونی زێتر لە پێنج ساڵ و چەند مانگێک بەسەر چاپ بوونی یەکەم ژمارە، بیرم لە دەرکردنی ژمارە دوو، کردەوە. لە ڕۆژی 09- 03 -1990، لە گازینۆی (مەچکۆ)، پێشنیارەکەی خۆم بە کاک (ڕۆستەم باجەلان) گەیاند. بە سیفەتی ئەوەی کە لە ژمارە یەکدا، ڕۆڵێکی باشی هەبوو، سەرەدەریش لە ئەدەبی منداڵان، دەردەکات. ئەویش زۆر بە پەسەندی زانی و، ئیدی پاش ئەوە نووسەرانی ترمان تێگەیاند کە نیازی پڕۆژەیەکی وامان بە دەستەوەیە. پاش مانگ و نیوێک، کۆمەڵێک بابەتمان لە نووسەرانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و کۆیە، بۆ هات و، بە ژمارە (2)، ڕاگەیشتن.
* نەبوونی گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵانی کورد، یەکەم هاندەرمان بووە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە. لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، پڕۆژەی هاوبەش لە بوارەکانی شیعرو چیڕۆک و لێکۆڵینەوەو فۆلکلۆر، کراوەو بە چاپیش گەیەنراوە، بەڵام لەم بوارەدا- وا بە فراوانی-، ئەمە یەکەمین هەوڵەو، نیازی بەردەوام بوونیشمان هەیە. بۆ مەسەلەی چاپکردنیش، هەر نووسەرەو بە پێی توانای خۆی، ئەرکی چاپکردنی داوە. ئەوەی کە ماوەش، کە لە نیوەی زێترە، برای فۆلکلۆر پەروەر، کاک ( سەعدوڵلا شێخانی)، تەواوی کردو ، خۆشی سەرپەرشتی چاپی کردووە. ئێمەش ئەم هەقەمان پێدا کە لەسەر بەرگەکەی بنوسێت: ( لە بڵاوکراوەکانی سەعدوڵلا شێخانی )یە.
* ئەم ژمارەیە، شیعرە، چیڕۆکی خۆماڵی و فۆلکلۆرییە… چیڕۆکی وەرگێڕدراوە لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبی. لە کۆتاییدا، داوا لە خوێنەرو نووسەران دەکەین هاریکاریمان لەگەڵدا بکەن و، بە ڕەخنەو بۆچوون و پێشنیاری بەجێ، پڕۆژەکە دەوڵەمەند بکەن، لە پێناوی بەردەوام بوون و بەرەو پێش چوونی زێتر.

هەولێر- 05- 05- 1990
دوای بڵاوبوونەوەی ژمارە دوو، بابەتێکی ڕەخنە ئامێزم لەسەر نووسی، بەڵام بارودۆخ گۆڕاو، بڵاونەکرایەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت