ئەبوبەکر جاف : ئیشکالێتی نێوان سوژەو حەقیقەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

LA PROBLEMALTIQUE ENTRE SUJET ET VERITE
سەبارەت بە دواهەمین فوکۆ و دواهەمین دەسگوتارەکانی لە کۆلیژ دو فرانس
” ئەوە دەسەڵات نییە ، بەڵکو سوژەیە ، کە تێمی گشتی توێژینەوەکانم پێک دێنێت ” میشێل فوکۆ.
” دەکرێت کۆی کارەکانی میشێل فوکۆ بەو شێوەیە وەربگیرێت کە ( هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی بە چ شێوازێک سوژە خۆی فۆرمیلە دەکات ، نەک لە پەردەهەڵماڵینی لە سەر جەوهەری خۆی ، بەڵکوئەو میکانیزمانەی کە دروستی دەکەن و پێکیدێنن “. فریدیریک گرۆ ، گەورە فوکۆناسی فەرەنسی .
لە پاش ساڵانی هەشتاکان ، میشێل فوکۆ کۆی کارەکانی چڕکردبووەوە لە ئیشکالێتی مێژووییانەی پەیوەندیییەکانی نێوان سوژە و حەقیقەت La problematique historique des relation entre sujet et verite ) . بەکارهێنان و بەکارخستنی کۆمەڵێک چەمک لەوانە ( حوکومداری ” هونەری حکومەتداریکردنی زیندووان )، ” گرنگی و بە تەنگەوە هاتنی خۆ “، ” حوکمکردنی خۆ و ئەوانی دیکە “، ئازایەتی و دلێری حەقیقەت “، پاریزیا و ڕاشکاوی “، وەک ئیتیکێکی حەقیقەت ، بەرگریییە نوێیەکانی سوژە “، تەکنیکەکانی خۆ ” سوژە “…. وە چەندین چەمکی تر کە لە میانەی گەڕانەوەی بۆ گرێک و میراتی پێش کریستیانیزم وەک میراتێک بۆ بەتەنگەوەهاتنی خۆو خەڵکی و ئەوانی تریش . بەم مانایە لەپاش ساڵی 1980 بە یەکلاکراوەیی ، ئێمە مێژویەکی دیکەمان هەیە لە پەیوەندی نێوان سوبژێکتیڤیتێ و حەقیقەت : ئەمەش لەلایەکەوە تەریککردن و دەستبەرداربونی بوو لەو ئیدیایەی کە سوژە بەرهەمهاتو و ملکەچە بۆ دیسپۆزیتیڤەکانی ” کۆ دەزگاکانی مەعریفەو -دەسەڵات.dispositifs de savoir-pouvoir). ئا لێرە بە دواوە بۆ فوکۆ کارکردن زیاتر چڕبونەوە بوو لە شیکارو شیکردنەوەی کردەو ئەکتەکانی حەقیقەت ، دەرکەوتن و مانێڤستبونەکانی بەو شێوازو فۆرمەی کە سوژە دەتوانێت خۆی بخولقێنێت ، خۆی دامەزرێنێت لەنێوان و سەبارەت بەم ئەکتانەی حەقیقەت لە بارەی خۆیەوە.Sur soi) . ئا لێرەوەو لەمەولا حەقیقەت وەک تێرمێکی ئیپیستیمۆلۆژی وەرنەگیراوە ، وەک چۆن وەک مەعریفەش وەرنەگیراوە connaissance) ، بەڵکو وەک تێرمێکی گۆڕین و خۆگۆڕین و گۆڕدراو : شیکارو شیکردنەوەکان لێرەوە وەستان و هەڵوەستەکردن بوو لەبارەی ئەو شێواز و فۆرمانەی کە لە ڕێگەیانەوە سوژە خۆی دروست دەکات ، سوژە خۆی دەخولقێنێت و خۆی دادەمەزرێنێت لە پاش ، یان لەو دەرچون و لەو پەیوەندییانەی کە لە گەڵ حەقیقەت دروستی کردبون ، وە ئەو شێوازەی کە ئەم حەقیقەتە دەبێت بە کارتێکەرو کاریگەرییەک لەسەر سوبژێکتیڤاسیۆنەکەی . ئەم جێگۆرکێیە یان ئەم شوێنگۆڕکێیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بنەمایی جەختکردنەوەو پێداگیری بوونە لە تێگەیشتن لەو پێشەکییە ئێشکالێتێ ڕۆحییەی لە هێرمێنیوتیکی سوژەدا هەیە ،L’hermenutique du sujet ) .
کۆرسەکانی ساڵی 1982 ی میشێل فوکۆ لە کۆلێژ دو فرانس بەم مانایە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە بوو لە فکرو بیرکردنەوەی فوکۆدا : لەپاش ئەم کۆرسانە شوێن و جیگەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی تایبەت کرد بە ئەزمون و ئەزمونکردنێک کە گرێدان و پێکەوە بەستنى گوڕینەکانی سوژەو و خۆ گۆڕینەکانی سوژە بوو ، لەگەڵ ئەوەی دەروازەیەک بوو بۆ حەقیقەت . لەم پەیپێبردن و دەرککردنەدا حەقیقەت فاسد و ساختەو وێرانبووە ، حەقیقەت لە کارکەوتو و بەسەرچووە،La verite est alteration ، .ئەو ئەزمون و ئەزمونکردنەیە کە تێیدا ئێمە پێویستە کۆی بونمان بگۆڕین بۆ گەیشتن بە ڕاست و دروست ، ئەوەی کە لەم گۆڕان و خۆگۆڕینەماندا مۆڵەتمان پێ دەدات بە شێوەیەکی دیکە بیر بکەینەوە . هەموو ئەمەش پرۆبلیماتیک و ئیشکالێتی ڕۆحیانێتی و پەیوەندیبوونییەتی بە فەلسەفەوە کە کراوەو وازە . سەرلەنوێ دیاریکردنەوەو پێناسەکردنەوەی وەک ئەزمونێکی خۆ گۆڕین ، گۆڕانکاری لە خۆدا بەرانبەر ئەزمون و تاقیکردنەوەی حەقیقەت.
ئەگەر کۆرسی ساڵی 1982 لە ناو دڵی وەرچەرخانێکی بنچینەییدا خۆی ببینێتەوە ، ئەمەش لە میانەی پێشچاوخستن و پێشنیازکردنی پرس و پرسیاری پەیوەندییەکانی نێوان سوژەو حەقیقەت ، ئەمە لە هەمان کاتدا ئەو شتەیە کە وا لە فوکۆ دەکات و هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخستێنێت ، یان مۆڵەتی ئەوەی پێدەدات بە شێوازێکی نوێ و تازە قسەوباس لە دۆخ و ئەتمۆسفێری پرسی بەرگری بکات.La question de la resistance). بە پشتبەستن و چونەوە نێو ئەو لێکۆڵینەوەو توێژینەوە لە سەر پراتیکە کلاسیک و کۆنەکانی خۆ ” سوژە “، وە پەیوەندی پێکەوە لکێنراو و پێکەوە پەیوەست بوو لە ناوەوەی ئەم پراتیکانە لە نێوان سوژەو حەقیقەتدا. وا دەکەوتەوە بۆ فوکۆ کە ئەلتێرناتیڤێکی دیکەتیڤاسیۆن بەرچاو بخات و بیهێنێتە کایەوە ، جیاواز لەوەی لە سەردەمی مەسیحیەت و کریسیتانیزمەوە سوژەی مۆدێرنی لێ پێکهاتووەو خولقاندویەتی . لەمیانەی لێکۆڵینەوە و لە سەروبەندی سەرقاڵبون و توێژینەوەی ئەم پراتیکانەی سوژە و خۆ ، فوکۆ ئەوەی بە هەند گرتبوو ، ئەوەی بەلاوە گرنگ بوو کە سوژە دەتوانێت خۆی پێکبهێنێت و خۆی بخولقێنێت لە رێگەی ئەو تەکنیکانەوە کە سوژە ئەزمونی تایبەتی خۆی دادەڕێژێتەوە ، داڕشتنەوەیەکی سوژە لە ناو ئەو بنەماو بنچینانەی حەقیقەت کە ژیانی پێکەوە ئاوێزان کردووە ، لکاندویەتی پێوەی. لەم ڕێگەیەوە ، فوکۆ گەڕاوە بۆ جیاکردنەوەو لێککردنەوەی بەرگرییەکی خولخواردو و خولگە بەستوو بەرانبەر ڕەخنەکردن و ڕەخنەگرتن لە پراتیکەکانی ملکەچبون ، لەگەڵ بەرگرییەکی خولخواردو وچەقبەستوو لەسەر کاریگەرییە پۆزەتیڤ و بەرهەمهێنەرەکانی سوبژێکتیڤاسیۆن ” بە خود بون ” وەک کێشەو خودپێکهێنەرییەک، پێکهاتنێکی خۆ بەخۆی سوژە “خۆ،Souci et autoconstitution du soi”.
وردە وردە ، فوکۆ لە لایەکەوە ئەم شێوازەی بیرکردنەوەی لە بەرگری و بەرەنگاربونەوەیە لە تێرمە پەتیی پەرچەکردارییەکانیدا بەلاوە نا و دەستبەرداری بوو ، زیاتر هەوڵدان و خۆ ماندوکردن لە پێناو جیاکردنەوەی پرسی سوبژێکتیڤاسیۆن لە ملکەچبون و ملکەچی . ئەمەش لە پێناو چڕبونەوەو و خۆ یەکلاکردنەوە سەەبارەت بە شیمانەو ئیمکانی پراتیکێکی داهێنەرانەی خود” خۆ ” . ئەم شێوازە نوێیەی بیرکردنەوە لە بەرگری بە تێرم تێگەی سوبژێکتیڤاسیۆن ، وە لە هەمان کاتدا ڕاهێنان و ڕاکێشانی ڕیفۆرمیولەکردن : سەرلەنوێ فۆرمیولەکردنەوەی ، داڕشتنەوەی ئەو پرس و پرسیارە پێشوییانەی کە دەکەوتنە پیش کۆرسەکانی ساڵانی هەشتاوە کاتێک فۆرمیلەکرابون لە ناو تێرمەکانی ” سیاسەتی حەقیقەت ” دا . بەم مانایە کۆرسی ساڵی 1982 دەبێت بە ڕەگ و ڕیشەی دوو شێوازی بە ئیشکالیکردنی پراتیکەکانی خود : لەلایەکەوە لەناو پەیبردن و هەستکردن بە مێژوی حکومەتداریکردن ، هونەری بەڕێوەبردن ” La gouvernementalite ، لە لایەکی ترەوە پەیبردن و دەرککردن بە مێوی حەقیقەتی چەقبەستوو و دامەزارو لەمەولا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فەلسەفەو ڕۆحیانەت.
لە میانەی تێهەڵکێشکردنی کۆی پرسی پەیوەندییەکانی نێوان سوژەو حەقیقەت لە ناو پرۆژەکەیدا ، وەک ئەو کارە ڕون و رشونکراوەو ئاشکرایەی لە سەرەتای هێرمێنوتیکای سوژەدا “L’hermeneutique du sujet ” کردبوی . فوکۆ لە هەمان نەخشەو پلاندا دوو ئیشکالێتی گرێدابوو ، دوو ئێشکالێت کە زۆر بە وردی و دیاریکراوی وای لێدەکرد و ئەو هەولومەرجەی بۆ دەڕەخساند سەبارەت بە بیرکردنەوە لە بەرگری Resistance، لە تێرمی سوبڤێکتیڤاسیۆندا . وە هەروەها لە لایەکەوە لە ڕێگەی شیکردنەوەی پراتیکەکانی خود لە کلاسیک و فەلسەفەی کلاسیکدا.پێویست بوو لە سەری کایەیەکی نوێی بە ئیشکالیکردن بکاتەوە بۆ بیرکردنەوە لە پرسی بەرگری لە فۆرمەکانی ملکەچبوندا و لە گەڵ ” خواست و ویستی بۆ هونەرێک بۆ نا ملکەچی ئارەزومەندانە و خۆ ویستانە Quete d’un art de l’inservitude volontaire”. ئەمەش لە میانەی دەرخستن و پێشچاوخستنی شیمانەو ئەگەری پەیوەندییەکی لکێنراو و پەیوەندیدار بە خۆو ” خودێکی لێهاتو بە تواناو شیاو بە بەردەوامیدان و بەخشین و پێبەخشینی بەردەوامیبونێکی ئیتیکی پۆزەتیڤ بۆ ملکەچبونەکانی . لە لایەکی ترەوە خۆکردنەوەو خۆ فراوانکردن بەرانبەر شیمانەو ئەگەری پراتیکێکی فەلسەفی کە ” پێش بە دۆکترینبونێک ، یان بە تێۆربونێک ، ببێت بە شێوازی ژیان و ژیانکردن و ئەزمون و ئەزمونکردنێکی رۆحی . ئەمەش زۆر بە وردی ئیشکالێتی ” پاریزیا La parresia” ڕاشکاوییە کە دەکەوێتە نێوان چوار ڕێیانی ئەم دوو ئیشکالێتێوە.
تێگەو زاراوەی پاریزیا ” ڕاشکاوی و قسە لەڕویی “، وای لە فوکۆ کرد سەرلەنوێ و جارێکی تر حەقیقەت بلکێنێتەوە بە ئیتیکەوە ، وە لە هەمان کاتدا ئیتیکیش ببەستێتەوە بە سیاسەتەوە . لە ڕێگەی پاریزیاوە لە ڕاستیدا شێوازێکی نوێی بە ئیشکالیکردنی پەیوەندی نێوان گوتاری ڕاست و گۆڕین و گۆڕانکارییەکانی سوژەی پێشنیازکرد . کاتێک ” پێویستە ڕاستی بوترێت لە گەڵ ئازادیدا ، وە ڕاشکاوی و قسە لەڕویی بۆ گرنگیدانێکی ڕاستەقینە و بە تەنگەوەهاتنێکی ڕاستەقینەی خودی خۆی ، وە بە پێچەوانەو ئاڵوگۆڕەوە کارکردن سەبارەت بە سوژە و خودی خۆمان لە پێناو بە توانابون و لێهاتویمان لە خۆدەرخستن و بەرکەوتنمان بە حەقیقەت “. ئا لێرە بە دواوە ناکرێت و ناخوازرێت خۆمان دابهێنین و خۆمان بخولقێنین بە وەڵامدانەوەمان لە بەرانبەر ملکەچبون ، بەڵام ئەوەی کە ڕاستی دەڵێت لە سەروبەندی پەیوەندیگرتن لەگەڵ حەقیقەتدا ، ئەو حەقیقەتەی کە گۆی دەکات ، پێویستە لە هەمان کاتدا ببێت بە کەسێکی تر و شیمانەو ئیمکان و ئەگەری ژیانێکی تر بکاتەوە.
ئەوەی کە گرنگە لە میانەی قسەوباسمان لە بارەی پرسی پاریزیاوە ، وە ئەو شتە گرنگەی کە پاریزیا ” ڕاشکاوی ” لە خۆی دەگرێت لای دواهەمین فوکۆ ، لە بەدوانەکردن و بە دوانەیکردنی کێشەو گرفتی بەرگری، یاخود زیاتر بڵێین کێشەو گرفتی سوبژێکتیڤاسیۆنە لە تێرمەکانی گۆڕان و گۆڕانکاری خوددا ، لە گۆڕینی سوژەدا لە ڕێگەی حەقیقەتەوە ، بەڵام گۆڕین و گۆڕانکاری خود و سوژە کە پێویستە لە هەمان کاتدا گۆڕین و گۆڕاکاری بێت لە دونیا . ئەم دوانەییە ، ئەم دوو ئیشکالێتەی کە دەبێت بە زەمینەو بنەماو بنچینەی بە ئیشکالیکردنی پاریزیا ” ڕاشاکاوی و قسە لە ڕویی”، هیچی تر نییە جگە لە ڕەخنەو ڕەخنەگرتن نەبێت لە ” ڕۆشنگەری “، ئەوەی کە فوکۆ لە ساڵانی 1978-1984 زنجیرەیەک تێکستی پێوە تایبەت کردبوو . لەو شێوازو ڕێگەیەی کە فوکۆ بۆ هەر یەکێک لەو دوو چرکەساتەی کێشەی ڕەخنەو ڕەخنەگرتن دیارییکردبوو ، دەتوانین ئەو لاربونەوەو سەرەو لێژبونەوەیە ببینین کە دەبێت بە بنەماو بنچینەیەکی سەرەکی بەراوردکردن و پێودانگی فرەیی و گرنگی و بە ئەرزشگرتنی چەمکی ” پاریزیا parresia ” ڕاشکاوی .
فوکۆ لە یەکێک لە کۆرسەکانیدا لە ساڵی 1982 لە کۆلێژ دو فرانس خۆی ڕادەوەستێنێت ، خۆی بە پرسیار دێنێت سەبارەت بە مێژوییبونی پێکهاتن و دروستبونی فەلسەفیانەی سوژە لە میانەی پەیوەندییەکانیدا بە گەمەکانی حەقیقەتەوە ، ئەمەش بە هاویشتنی مێژوویی پەیوەندییەکان بە خودی جوڵاوەوە ، بە دەرخستن و بەرچاوخستنی ئەوەی کە لە ناو مێژووەکانیاندا بەرهەم هاتون و دامەزراون ئەمەش لە ڕێگەی ملکەچبون و هەڵگرتنی باری گۆڕین و گۆڕانکارییەکان . فوکۆ دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییەمان نیشان بدات کە سوژە پەیوەست و پەیوەند نەکراوە بە حەقیقەتەوە لە بەرانبەر ، یان لە سایەی ناچاری و پێویستییەکی ترانسیندێنتاڵی ، بەڵکو بەو پێودانگەی ئەم پەیوەندییانە لە ڕوی مێژوییەوە خولقێنراو و دروستکراون ، جەوهەرێک بونی نییە ، بەڵکو کۆمەڵێک فۆرمی مێوژوییانەی خود و سوژە . بەمشێوەیە ئیتر بیر لە سوژە ناکەینەوە لە ناو کۆمەڵێک تێرمی جەوهەری و ئەبەدیدا ، بەڵکو لە ناو کۆمەڵێک تێرمی سوژەو خودێکی گۆڕاو و فۆرمیولەبوو d’un soi variable et formel ،). وە کارکردن بۆ دەرخستن و بەیانکردنی ( کاتیبون و زمەنیبونی مێژووییانەی سوژە کە دەبێت بۆ ئەمە ئاگامان لە فیگوری سوژە بێت لە ناو فۆرمی قەزایی – مۆراڵیانەیدا ، ئەم فۆرمەش لە ڕێگەی ملکەچبوونییەوەوە بۆ یاسا دروستبووە ، ئەم پرۆسیسیووەش لە رێگەی ئۆبژێکتڤاسیۆنی سوژەی مەعریفییەوە خولقاوە،لە پێناو دەرخستن و بەیانکردنی شیمانە و گریمانەی دیکەی خولقاندن و پێکهێنانی سوژە وەک سوژەیەکی دیاریکراو.
لە واقعدا ، ئەو کاتەی پێش دەسپێکردنی بە هەر کۆرسێک،فوکۆ کورتەو پوختەیەکی کورتکراوەی تیۆری لە بارەی شیکارییەکانییەوە دەدا بە گوێگران و ئامادەبوان ، لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەو هەمیشە پێداگیریی و جەختکەرەوە بوو ە بۆ لە جێگەی خۆی دانانی لە ناوەوەی ئیشکالێتی مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان سوژەو حەقیقەت . وردتر لە پێشەوە خستنی لە ناو ژینالۆژیایەکی پراتیک و چۆنێتی پێکهاتن و دروستبونی ، واتە ئەو ڕێگاو شێوازو میکانیزمانەی کە سوژە خۆی بەرهەمهێناوە هەم لە ناو و هەم لە ڕێگەی حەقیقەتەوە ، فوکۆ لە سەرەتای دواهەمین کۆرسیدا ” ئازایەتی و دلێریی حەقیقەت ،le courage de la verite گوزارشتی لێدەکرد ، ئەمەش سەروبەندی ئەو چرکەساتانە بوو کە فوکۆ خەریکی دۆزینەوەی ئەو ڕەوەندە بوو کەلە ڕێگەیەوە کاری لە سەر زاراوەو چەمک و پراتیکی پاریزیا دەکرد.
لە پاش ئیشکالێتی پەیوەندییەکانی نێوان سوژەو حەقیقەت کە فوکۆ کاری لە سەر دەکرد ، شێوەو ئاستێکی یەکێتی دا بە کارەکەی . لە لایەکی تریشەوە ئێمە ئەوە دەبینین کە چۆن فوکۆ زیاتر و زیاتر لە دواهەمین کۆرسەکانی لە کۆلیژ دو فرانس و چاوپێکەوتنەکانی ئارەزوی ئەوەی هەبوو لە ناو دڵ و سێنتەری توێژینەوەکانیدا مێژوییبونی حەقیقەت جێگیر بکات وەک پنتێکی جێگیرو بەردەوام لە ناو تەواوی بیرکردنەوەیدا. سەرباری ئەم یەکێتییە ڕاگەیەنراوە ، ئێمە دەتوانین لەو ڕێڕەوەدا تێبینیی ئەوە بکەین ئەو زۆر بە ئاگاییەوە دوو چرکەساتی جودا و جیاوازی بیرکردنەوەی دیاری بکات : چرکەساتی یەکەمی جەمسەرگیرییەکەی لە بارەی ئەو فۆرمانەوە کە لە ڕێگەیانەوە سوژەدەتوانێت ببێت بە بونێکی ئۆبژێکتیڤی ، بونێکی بە ئۆبژێکتیڤیکراو لە ناو گوتارێکدا کە خۆی حەقیقەت لە بارەی خۆیەوە دەڵێت ، وە چرکەساتی دووەمی بە جەمسەربوو ئەو کاتەی شکڵ و جوڵە گۆڕاو شوێنگۆڕکییان کردووە بەرەو ، یان بە ئاراستەی ئەو کاریگەرییانەی کە بەرهەمهێنانی گوتارێکی حەقیقەت ، لای بەشێکی تاکەکان ، دەتوانێت سەبارەت بە سوبژێکتیڤاسیۆنەکەی هەیبێت . ئەم ئاڵوگۆر و شوێنگۆڕکێیە لە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەو بڕیاردەردا وەرگیرا لە ناو فکری فوکۆدا ، جوڵەو بزاوتێک کە لە ڕێگەیەوە شکڵ و شێوازەکە لێرە بەدواوە ناتوانێت لە ناو کۆمەڵێک فۆرمی پاسیڤی ملکەچبودا خۆی ببینێتەوە ، بەڵکو لە بارەی کۆمەڵێک پراتیکی داهێنەرانەو خولقێنەری سوبژێکتیڤاسیۆن . ئا لێرەوە سوژە بیرلێکراوە نییە وەک بەرهەم و کاریگەری کۆ دەزگاکانی حەقیقەت ، ئەمەش لە ناوەوەی کۆمەڵێک گەمەی دیاریکراوی مەعریفە – دەسەڵات ،Certains jeux de savoir-pouvoir ، دروستکردنی کۆمەڵێک تاک ” بە پێودانگی ” ، بەڵکو وای لێدێت بیرلێکراوە و بێت لە پاش کۆمەڵێک پراتکیک کە سوژە خودی خۆی هەوڵی بۆ دەدات ، وە هەر لە ڕێگەی ئەم پراتیکانەوە خۆی دەگۆڕێت و خودی خۆی بەرهەمدێنێت لەناو پەیوەندییەکی دیاریکراو و تایبەت و یەکلاکراوە بەرانبەر حەقیقەت . بە ڕێیەکی تردا فوکۆ لەناو هەمان بەرهەمهێناندا و لە ناو کۆرسی 1984 دوو دڵ نەبوو لە هێڵکاری و نەخشە بۆ جێگۆڕکێیەکی گرنگی دیکە بکێشێت ، کە پەیوەندیی بەوەی یەکەمەوە نەبێت. ئەوکاتەی خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە سەر کێشەو گرفتی ” پاریزیا ” لە ناوەوەی ئەوەی کە ناوی نابوو ” شیکردنەوەی فۆرمەکانی ئەلیتوریک “،Formes alethugique، ئەوەی کە بوو بە پێشنیازکردنی شیکردنەوەیەکی ئیپیستیمۆلۆژییانە . ئەگەر ئەمەی دواتر چڕبونەوەو بێت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی ستراکتیور تایبەت و دیاریکراوەکانی ئەو گوتارانەی وەرگیراو و پێدراو و پێبەخشراون بۆ ڕاستی ” Vrais .شیکردنەوەی یەکەم یاخود وردتر بڵێن ” تایپێکی ئەکت و کردارنواندن کە لە ڕێگەیەوە سوژە لە میانەی ڕاستی وتندا ، خۆی مانێڤست دەکات “. واتە ئەو فۆرمانەی ڕاستی- وتن Dire-vrai تاکەکان خۆیان بەرهەمدێن و خۆیان دروست دەکەن ، وە تاکەکان دروستکراون لە ڕێگەی ئەوانی دیکەوە وەک سوژە لە چنگکەوتن و بە دەستهێنانی گوتارێکی حەقیقەت ، فۆرمێک کە لە ڕێگەیەوە خۆی بە حوزور دێنێت و خۆی ئامادە دەکات لە چاوانی خۆیی و چاوانی ئەوانی دیکەدا. ئەوەی ڕاستی دەڵێت فۆرمێکی سوژە حەقیقەت دەڵێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت