barzaniInIsrael

ئەبوبەکر جاف : شۆڕشی ئـەیلول .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوداوێک لە ناو مۆدێرنیتێی دونیای سیاسی ئـێمەدا

1

مێژووی سیاسی ئـێمە ئـەگەر چەند ڕوداوێکی کەمی دانسقەو تاقانەو کاراو خاوەن کاریگەری تێدا بێت ، ئـەوا شۆڕشی ئـەیلول یەکێکە لەو ڕاوداوانە . ئـارەزووی کوردبوون لە ناو فۆرمێکی ” ناسیۆنالیستانەی مۆشێرندا ” یەکەمین مانێڤستبوونی لە شۆڕشی ئـەیلولدا بوو . شۆڕشێکی سەرانسەری و جەماوەری و میللی و ھەڵگری شوناسێکی ناسیۆنالیستانە . شۆڕشی ئـەیلول لەو سەروبەندەدا خەیاڵێکی دەستەجەمع و خەیاڵکراوێکی دەستەجەمعیانەی بوونی کوردییانە بوو لەو دیو بزوتنەوەو جوڵانەوە لۆکاڵیی و ناوچەیی و خێڵەکییەکانەوە .

2

پێش شۆڕشی ئـەیلول بەدەر لە حزبی کۆمۆنیستی عێراقی ، ڕێکخستنێکی دیکەی مۆدێرن و پارتێکی دیکەی ئـیدۆلۆژی و سەراپاگیر بوونی نییە . ھەرچی دونیای سیاسی ئـێمەو دونیای مۆدێرنی سیاسی ئـێمەیە ژێرەو لەوێ جوڵانەوەو یاخیبوون و بەرھەڵستکاری و بەرگرییەکان نەیانتوانیبوو لە شوناس و ناسنامەیەکی لۆکاڵی ” پێش مۆدێرنانە ” دەرچن . شۆڕشی شێخ مەحمودو یاخیبوونەکانی برایم خان و جوڵانەوەو یاخیبوونەکانی ناوچەی بارزانیش ، ئـەو سروشتە مۆدێرن و جەماوەرییەی شۆڕشی ئـەیلولیان نییە . خەیاڵ و خواست و بەرگری خەیاڵکراوی جوڵانەوەو بەھەڵستکارییەکانی پێش ئـەیلول ، ئـەکسیۆن و کردەیەک نین لە ناو کردەو بکەرە سیاسییەکانی دونیای مۆدێرنی ئـێمەدا . ھردەیەک نەبوون لە ناو سەرمایەو شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی و ناسیۆنالیستانەی ئـێمەدا .

3

پێش شۆڕشی ئـەیلول و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، خەون و یۆتۆپیای ناسیۆنالیستانەو مۆدێرنێتێی سیاسی ئـێمە ، لە ئـەکتەری دانسقەو دەگمەن و دەستەبژێر زیاتر ، جوڵانەوەو شۆڕش نەبوون . پێش دامەزراندنی پارتی و شۆڕشی ئـەیلول ئـێمە مونەوری فکری و ئـەدەبیمان ھەبوو . خەیاڵی تەنویرو خەیاڵی شاعیرانەو کوردبوونێکی خەیاڵکراو لە ناو گوتاری ئـەدەبیدا بوونیان ھەبوو . واتە بوونێک ھەم وەک شوناس و ھەمیش وەک ئـەکتێکی شۆڕشگێڕانەی پارتێکی بە مۆدێرنکراو ، بوونیان نەبوو . ئـەدەب و شعر باشترینی ئـەو پانتایی و ھەرێمانەبوون کوردبوون و پەیوەندی کوردبوون و مۆدێرنیتێ پێکەوە کۆکرابوونەوە . بوونێکی شۆڕشگێڕی و یاخیبوون و بەرگریی و بەرھەڵستکاری و خەون بینین لە ناو کردەو ئـەکسیۆنی زمان و گوتاری ئـەدەبیدا بوون . ڕاستە بەرکەوتنی دونیای ئـێمەو مۆدێرنیتێ لە ناو خەیاڵ و زمانی شاعیران و ئـەدیبانماندایە ، بەڵام ڕوداوێکی سیاسی دەستەجەمعەی خەیاڵکراوی بەرجەستەبوو نەبوو لە کردەیەکی پێکەوەبووی نەتەوە و نەتەوایەتی لە جوڵەو ئـەکتێکی شۆڕشگێڕانەی میللی و جەماوەری . پارتی و شۆڕشی ئـەیلول چوارچێوەو زمانێکی ھاوبەشی پێکەبوونی خەیاڵ و خەیاڵکراوە مۆدێرنەکانی ئـێمەبوون لە ئـەکتێکی شۆڕشگێڕانەی دەستەجمعیدا .

4

شۆڕشی ئـەیلول شوناسێکی ئـەودیو خێڵایەتی و خێڵەکی و ناوچەگەری ھەبوو . ڕاستە بارزانی سەربە ناوچەیەکی خێڵەکی بوو ، بەڵام ئـەو شوێن و جوگرافییایەی کە بارزانی و سەرکردایەتی شۆڕش تێیدا نیشتەجێبوون ، شوێنگەل و جوگرافییایەک بوو کە گوزارشتی لە سەرو خێڵەکی و سەرو لۆکالیبوونی کردە شۆڕشگێڕێکە دەکرد . تواجودی بڕێکی زۆری ئـەکتەرە شۆڕشگێڕو نونەورەکانی تەواوی ناوچەکانی باشور لە ناو ئـەو شۆرشەدا مانێڤستکردنی خەیاڵێکی ناسیۆنالیستانەی فراوان و گشتگیر دەکرد . لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان و بۆ بادینان و تەنانەت بۆ بەغداو ناوەڕاستی عێراقیش . ئـەیلول تەنیا کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی سەرو خێڵەکی و سەرو جوگرافیا بوو ، کە خەیاڵێکی گەورەی مسنێڤست دەکرێت .

5

ئـێستای ئـێمە و ھێزەکان و پەیوەندی کورد و نا کوردو پەیوەندی کوردو ئـەویترو ھاوکێشەی ھێزەکان و ھاوسەنگی ھێزەکان دراوێکی نوێی ھێناوەتە کایەوە . نە ئـێمە سەر بە کۆنتێکستی شۆرشی ئـەیلول و بڕێکی زۆر لە خەیالەکانی شۆڕشی ئـەیولین و نە شۆڕشی ئـەیلولیش مونتەمییە بۆ ئـێستای ئـێمە . با لێگەڕێین ڕوداوێکی ناوازەو دانسقەو تاقانە لە جێگەی خۆیدا بێت . پەیوەندی ئـێمە بە شۆڕشی ئـەیلولەوە دەبێت لەو سۆنگەوە بێت کە کۆنتێکستێکی گرنگی کۆمینێتێی کوردی توانی کردەیەک بنوێنێت و خەیاڵێک تەجەللا کە جیاواز بوو بە پێش و پاش خۆی نەک ھەوڵێکی نەزۆک و بێ ئـەنجامی ئـێستای ئـێمە بێت بە مەبەستی ھەمیشە خەیاڵکردن بەو کاتەو بە سەرمایەو شەرعییەت و ئـەکتەرەکانی ئـەو کاتە . کەرگیز ڕوداوێک لە ڕابووردودا ناتوانرێت وەکو خۆی بە ئـێستایی بکرێت و ڕاکێشرێتە ناو ئـێستاو ئـێستای خەیالی نەوەگەلێکی نوێ کە بە تەمەن و بە خەیاڵ و بە خنان و بە سەرمایەش ناچێتەوە سەر ئـەو کۆنتێکستە . ڕاکێشان و پەلکێشکەدنی ڕوداوێک چ لە رابوورداو چ لە داھاتوودا بۆ ئـێستە ، ستەمێکە لە خۆمان و لەو ڕووداوەش کە بە ستەمکاریی بۆ ئـێستامان دەکەوێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت